پاشەكشەی نوێنەرایەتی حەشدی شەعبی لە ناو پەرلەمان

 

 

RRC |

یاسین تەها

 

هەڵبژاردنی 2018 بەهاری راستەقینەی هێزە چەكدارەكانی ناو دەستەی حەشدی شەعبی و دەرەوەی ئەم دەزگا ئەمنییە بەفەرمی ناسێنراوە بوو، لەم پرۆسەیەدا و پاش چەند مانگێكی كەم لە كۆتاییهاتنی شەڕی داعش، ئەم گروپانە بەخێرایی پێگەو ناوبانگی جەنگاوەرانەی خۆیان لە ناو كۆمەڵگا شیعەكان گۆڕی بۆ كورسی لەناو پەرلەمان. لەم هەڵكشانەشدا، هاوپەیمانی فەتح كە لە بەدر و عەسایب و وردە هێزی دیكەی راستڕەوی شیعە پێكدەهات، لەپاش هاوپەیمانییەكەی سەدر (54 كورسی) بە جیاوازی تەنها پێنج كورسی بوونە دووەم هێز لەناو پەرلەمانی عێراق (47 كورسی)، ئەمەش دەرفەتی ئەوەی رەخساند دواتر لەگەڵ سەدردا پێكەوە جومگە گرنگەكانی حكومەت كۆنترۆڵ بكەن. ئەمەش پاش ئەوەی فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشد دەرگای بۆ پەرتەوازەبوون و پەرتبوونی سێیەم لیستی شیعە كردەوە كە هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادی بوو (43 كورسی).

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی 2021دا هێزەكانی حەشد بەهەمان هیوای جاران و لەسەر خواستی پشتیوانەكانیان لە ئێران، بەهەمان هاوپەیمانی چوونە ناو هەڵبژاردن، بەڵام ئەنجامەكانی ئەمجارە هەڵگری شۆك و بێهیوایی زۆربوو چ بۆ فەتح یان لیستەكەی كەتیبەكانی حیزبوڵڵا (حقوق) كە بە هەردووكیان نەگەیشتنە 20 كورسی كە كەمتر لەنیوەی قەبارەی جارانی نوێنەرایەتی راستەوخۆی چەك لەناو ئەنجومەنی نوێنەران دەكات، ئەمەش یەكێك لە سوپرایزە گەورەكانی هەڵبژاردنەكەی 10ی تشرین بوو.

زۆر هۆكار گوتراون لەبارەی هۆكاری پاشەكشەی كورسییەكانی گروپە چەكدارەكان كە سەرجەمیان جێگەی گفتوگۆن، خۆیان باس لەوە دەكەن دەنگەكانیان دزراوە و كەوتووەتە بەر تەزویر و هاك لە ئیمارات، ركابەرەكانیشیان سوورن لەسەر ئەوەی جەماوەریان نەماوە و وەك جاران خەڵك متمانەیان پێ ناكات. بەتایبەت پاش ئەوەی دەستیان چووە خوێنی خۆپیشاندەرەكانی تشرین (2019)، لەم نێوانەشدا هەندێ بنكۆڵكاری و خوێندنەوەی ژمارەكان، هۆكارێكی سێیەمیان دیاری كردووە كە خراپ بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن و خراپ دابەشكردنی كاندیدەكان و زۆری ژمارەیانە لە بازنەكان بوو كە بووەتە هۆی ئەوەی بایی 20 كورسی دەنگی كاندیدە زۆرەكانیان بەفیڕۆ بڕوات و بۆسەدرییەكان و هەندێك لە لیستە لۆكاڵییەكانی دیكەی پارێزگاكانی باشوری عێراق بچێت. بەپێی ئەم شرۆڤەیە فەتح 444 هەزار دەنگی هەیە كە نیوەی 845 هەزار دەنگەكەی سەدر دەكات بەڵام كورسییەكانی كەمتر لە چارەكی كورسییەكانی لیستە ركابەرەكەیانە.

پاساوەكانی پاشەكشەی كورسییەكانی حەشد هەرچی بن بەپێی هاوكێشەی نوێی هەڵبژاردن نوێنەرایەتی فەتح و لەگەڵیاندا حیزبوڵڵا كەوتوونەتە دۆخی داكشان، بەم هۆیەشەوە دەرفەتی ئەوەیان رەخساندووە زۆر لە شیكارییەكان بەرەو ئاراستەیە بن كە چیتر گوتاری “مقاوەمە” و پشت بەستن بە بڵاوكردنەوەی تێورەكانی پلانگێڕی و دروشمەكانی بەرگری لە چارەنووسی حەشدی شەعبی، لە شەقامی عێراقی و لەبازاڕی هەڵبژاردندا دەنگ ناكات، لە پەرچەكرداری ئەم شیكارانەشدا سەركردەكانی حەشد پەنایان بۆ نكولی كردن لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و هاندانی لایەنگرەكانیان بۆ هاتنە سەر شەقام برد.

 

لەم قەیرانە سیاسییەی كە حەشد و چەكدارە وەلائییەكان تێی كەوتوون، چارەسەر و دەرچەی جۆراوجۆر باس دەكرێت، هەندێك داوای پێداچوونەوەی ناوخۆیی و لادانی عامری دەكەن لە سەرۆكایەتی فەتح، هەندێكی دیكە باس لەوە دەكەن كە دەبێت ئەوان بچنەوە بۆ ژێر سایەی مالیكی بۆ ئەوەی بتوانن پێكەوە لەگەڵ دەوڵەتی یاسا (35 كورسی) بەرەیەكی هاوبەش پێكبهێنن. بەڵام لادانی عامری كە “شیخ المجاهدین” و كەسی هەرە متمانە پێكراوی ئێرانە هەروا ئاسان نییە و گەڕانەوەش بۆ ژێر چەتری مالیكی هەر بژاردەیەكی پەسەندكراو نییە، چونكە حەشد لە 2018 دوو هێندەی مالیكی هەڵكشان، جگە لەوەش راستە مالیكی لەبەرەی حەشدە بەڵام ناوبەناو مقۆمقۆی ئەوە هەیە كە “وەلائییەكی پەتی” نییە و پیاوی سەوداو مامەڵە سیاسییەكانە، باوەڕیش وایە لاری ئەوتۆی نابێت ئەگەر پێویست بكات ببێتە هاوكاری ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو، ئەمانەش هێڵە سوورەكانی ناو گوتاری چەكدارە وەلائییەكانی بەرەی ئێرانن. جگە لەوەش لەم حاڵەتەدا گرێی رێبەرایەتی لە نێوان مالیكی و هادی عامری و قەیس خەزعەلیدا وەك گرێیەكی ئاڵۆز سەرهەڵدەدات.

سیناریۆی دووەمی بەردەم فەتح دۆزینەوەی هاوپەیمان و تەواوكەرە بۆ قەرەبووكردنەوەی پاشەكشەی ژمارەیان ئەویش پاش یەكلاییبونەوەی ئەنجامەكان. لەم میانەیەشدا هێزی دیكە هەن لەگەڵ ئەوان ببنە هاوپەیمان لە چەشنی لیستی بابلیونی رەیان كلدانی (4 كورسی) یان ئەو سەربەخۆیانەی لە بنەڕەتدا بژاردە و كاندیدی هێزی سیاسیی دیكە بوون و بۆ كەڵكوەرگرتن لە یاسای هەڵبژاردنی فرە بازنەیی بە لیستی “سەربەخۆ” دابەزین. ئەم سیناریۆیە كە رێتێچووترە كورسییەكانی فەتح و فالح فەیاز و تەواوكەرەكانیان بایی ئەوە بەرز دەكاتەوە ببنە ژمارەیەكی تاڕادەیەك گونجاو لەو هاوكێشە شیعییەی كە ئێستا بۆ سەدر و مالیكی كورت بووەتەوە.

لە دەرەوەی پێوەرە دیموكراسییەكانیش لە مێژووی كۆماری پاش 2003 رووینەداوەكە ژمارەی كورسی دیاریكەری راستەقینەی سەنگ و قورسایی هێزە سیاسییەكان بێت، بەڵكو عێراق ئەو وڵاتەیە كە بەبێ هەبوونی ژێرخان و كولتوری دیموكراسی بە هەڵبژاردن بەرێوە دەبرێت، لەبری حیزبی دەنگدەریش تۆڕێك فاكتەری دیكە سێبەریان بەسەرییەوە كردووە كە چەك و پارە و مەزهەب و نوێنەرایەتی تایفییە لە سایەی سیستمێكی مفتەخۆردا كە سەرەنجام كاریگەریی بۆ ئەوانەیە كە زۆرترین پشكیان لەم فاكتەرانەی هێز هەبێت بەتایبەت چەك. بەگوێرەی ئەم واقیعەش حەشدی شەعبی بەهێزی چەكەكانیان و بەخوێنی قوربانییەكانیان لە شەڕی داعش و بە پیرۆزی فەتوای “الجهاد الكفائي” بەشی خۆیان لە كێكی حكومەتی نوێ دەبچڕن و لەسیستمی بەش بەشێنەدا “المحاصصة” دابەشكاری بە پێی كورسی نییە، بەڵام ئەمە لەو راستییە كەم ناكاتەوە كە ئەو نسكۆیەی لە 10 تشرینی 2021 بەسەر نوێنەرایەتی پەرلەمانی حەشددا هات تا چوار ساڵی تر وەك سێبەر لەگەڵیاندا دەبێت و كارەكانیان لە جاران ئەستەتەر دەكات بەتایبەت لە دۆسییەی پێداگری لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و سەرجەم ئەو پرس و بابەتانەیتر كە فەتح و حەشد كردبوویان بەدروشم و بەرنامەی هەڵبژاردن بۆ خۆیان لە چەشنی گێڕانەوەی بەهای دۆلار بۆ ئاستی جارانی و لەمەولا پێوستیان بەدەنگ و كورسی هێزی دیكەیە بۆ ئەوەی بتوانن لەناو پەرلەمان هێزی گەورەی گوشاربن.

 

Leave a Reply

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *