شرۆڤە

چیرۆکی دە ساڵەی قەیرانی مووچە؛ دیوی دووەمی ژمارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان!

09-06-2025


بەرایی

وەزارەتی دارایی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق لە رۆژەکانی کۆتایی ئایاری 2025دا بە نوسراوێکی فەرمی رایگەیاندوە کە کۆی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان لەنێویشیاندا مووچە، بۆ ئەمساڵ کۆتایی هاتووە، ئەویش لە کاتێکدا کە تەنیا بۆ چوار مانگی دابینی کردووە. لێکدانەوەکەشی لەسەربنەمای کۆکردنەوە و لێدەرکردنی سێ ساڵەی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان و هەژمارکردنی کۆی قەرزی عێراق لە ٢٠١٥وە تاوەکو ئێستا بووە وەک ئەوەی کە تەنیا گونجاندنێکی ژمارەیی بۆ بڕینی بودجەکە بکات.

لەراستیدا، قەیرانەکە بەو راپۆرتەی وەزارەتی دارایی و روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەسەر نوسراوەکە کۆتایی نایەت، چونکە دە ساڵە ئەم کێشەیە سەریهەڵداوە، هەربۆیەش دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای کێشەکە و تەماشایەکی ژمارەکان بکەین. بۆ نموونە دەساڵە کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە وانەبێژ و بەمدواییەش مامۆستای گرێبەست، و کەرتی تەندرووستیەکەشی بەخۆبەخشی بێ هیچ پاداشتێکی رۆژانە بەڕێدەکات، لە بەرامبەردا لەو ماوەیەدا کەرتی پەروەردەی عێراق بەدیاریکراوی 2013 بۆ 2023 سەروو  319 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری دامەزراندووە و لە کەرتی تەندروستیشدا 261 هەزار پزیشک و کارمەندی نوێ دامەزراوە؛ واتە سەرووی نیو ملیۆن فەرمانبەری نوێ. هەروەها، لەو دەیەیەدا ژمارەی فەرمانبەری دامەزراوی نوێ لە عێراق سەرووی یەک ملیۆن بووە و ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 20 هەزار کەمی کردووە.

ئێستا، جەژنی قوربان تێپەڕی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار نەدرا و مووچەی خانەنشینانی عێراق بۆ  مانگی حوزەیران خەرجکرا. کۆی ئەو پارەیەی لە چوار مانگی ئەمساڵدا بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکراوە و بەگوێرەی نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی بۆ سالێ ٢٠٢٥ بووە، نزیکەی نیوەی ئەو پارەیەیە کە لە ماوەی ٤ مانگدا بۆ دەستەی حەشدی شەعبی خەرجکراوە. 

ئەم قەیرانە جاریکی دیکە قووڵبووەتەوە و بەیاننامەکانی هەولێر و بەغدا گەیشتووەتە ئاستی تۆمەتبارکردنی یەکتر کە لە ئێستا و داهاتوودا لێکەوتەی دەبێت چ بە ئاراستەی دووبارەکردنەوەی جارەسەرە کاتییەکان بێت یان دەسپێکیکی جیاوازتر، بەڵام ناکرێت ئەم قەیرانەی نێوان هەولێر و بەغدا بە بڕیاریکی دادگەی فیدراڵی تێپەڕێت و چارەنووسی کۆی کێشەکان بسپیردرێت بە دوای هەڵبژاردنی نۆڤمبەری پەرلەمانی عێراق 2025 ، بەڵکوو دەبێت لەبەر رۆشنایی ژمارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کۆی پرسە داراییەکان یەکلابکرێتەوە و لەم راپۆرتەدا هەم ژمارەکان و هەم دوو بژارەی بنەڕەتی بۆ چارەسەری ئەم پرسەش دەخەینەڕوو.

جیاکاریی هێزی کار لە کەرتی گشتی و خەرجی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان

بەپێی یاسای بودجەی پەسەندکراوی عێراق لە 2013 دا کۆی ژمارە هێزی کار لە کەرتی گشتی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو فەرمانگەکان دا 2 ملیۆن و 907 هەزار و 776 کارمەند بووە، کە کۆی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 677 هەزار و 528 کەس بووە. ئەگەر بەڕێژەش لێکدانەوەی بۆ بکەین ئەوا رێژەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە عێراق دا 23% بووە. 

دوای دە ساڵ و لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی 2023- 2025دا کۆی هێزی کاری کەرتی گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان گەشتووەتە 4 ملیۆن و 74 هەزار و 697کەس ، کە تێیدا ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ 658 هەزار و 189 کەمبووەتەوە. بەڕێژەش 7% کەمیکردووە و کۆی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ رێژەی 16.15% لە کۆی هەموو فەرمانبەرانی عێراق دابەزیووە.

هەروەها، لەماوەی دەیەیەکدا لە عێراق 1 ملیۆن و 182 هەزار و 260 فەرمانبەری نوێ دامەزراون بۆ فەرمانگەکانی دەوڵەتە فیدراڵیەکە و پارێزگاکانی، بەڵام لە هەمان ماوەدا ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 19 هەزار و 339  کەس کەمی کردووە.

گرافیک 01:  دەیەیەک جیاوازی هێزی کاری گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان

سەرچاوە: بودجەی پەسەندکراوی 2013ی عێراق، لاپەڕە 40 و بودجەی پەسەندکراوی 2023-2025ی عێراق، لاپەڕە 65

ئێستا، ئەگەر دوو کەرتی خزمەتگوزاری گشتی وەک تەندروستی و پەروەردە لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەک نموونە وەربگرین، جیاوازییکە زیاتر روون دەبێتەوە. دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان دانامەزرێن و خولی زانستییان بۆبوون بە پزیشک دوادەکەوێت و کەرتی تەندرووستی هەرێمی کوردستانیش بە شێوەی "خۆبەخشیی پابەندکراو بەدەوامەوە"بەڕێوەدەچێت و ژمارەی خۆبەخشەکانیشی گەیشتووەتە 11 هەزار کەس. لە بەرامبەردا کۆی کارمەندانی ئەم کەرتە لە عێراق دا لە 2013 دا  227 هەزار و 166 فەرمانبەر و پزیشک بووە، بەڵام لە 2023 دا گەیشتووەتە 488 هەزار و 550 فەرمانبەر و پزیشک، واتە 261 هەزار و 384 فەرمانبەر و پزیشکی نوێی بۆ دامەزراوە کە رۆژێکیش مووچەیان دوانەکەوتووە.

لەماوەی یەک دەیەدا بەتەنیا ژمارەی ئەوانەی وەک وانەبێژ کار لە کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن گەیشتووەتە 37 هەزار و 930 مامۆستای وانەبێژ کە لە 2024دا کراون بە گرێبەست و مووچەکانیان ئێستا لەنێوان 400 هەزار بۆ 500 هەزارە کە ئەوەش لە داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دەدرێت. لەبەرامبەردا کەرتی پەروەردە لە عێراق لە 2013دا 614 هەزار و 613 کەسی هەبووە، بەڵام لە 2023 دا کۆی ژمارەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی عێراق لەو کەرتەدا بەبێ هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 963 هەزار و  949 کەس، واتە 319 هەزار و 336 مامۆستا و فەرمانبەری نوێ بۆ دامەزاوە. رەنگشە تاکە جیاوازی نێوان ئەم کەرتانەش خوێندنەکەیان بێت کە لە هەرێمی کوردستان بەزمانی کوردی و لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق بە  عەرەبییە.

لەڕووی ئەمنیشەوە لە 2013دا  کۆی فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق 661 هەزار و 914 بووە، بەڵام لە 2023دا بۆ 701 هەزار و 446 کەس بەرز بووتەوە. هەروەها، وەزارەتی بەرگری عێراق لە 2013 دا 322 هەزار و 297 فەرمانبەری بووە، بەڵام لە 2023 دا ئەوە گەیشتووەتە 453 هەزار و 951 کەس، واتە بۆ ئەم دوو کەرتەش لەو ماوەیەدا 171 هەزار و 186 فەرمانبەری نوێ دامەزراوە. 

بەگشتیش لە عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەرانی لە 2013 دا بەوەی هەرێمی کوردستانیشەوە 42 تریلیۆن و 587 ملیار و 798 ملیۆن دینار  بووە، بەڵام دوای دەیەیەک، لە 2023 دا کۆی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەبێ دینارێک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 47 تریلیۆن و 216 ملیار و 759 ملیۆن دینار، واتە 4 تریلیۆن و 626 ملیار و 961 ملیۆن دینار زیادیکردووە بۆ مووچە کە دینارێکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا تێدا نەبووە.

هەروەها، پێشبینی دەکرێت لەساڵانی داهاتوودا داهاتی عێراق تەنیا خەرجی مووچە پڕ بکاتەوە، چونکە بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی لە 2012دا کۆی مووچە خۆران لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڕی 35 تریلیۆن و 848 ملیار و 747 ملیۆن دینارییان بۆ خەرجکراوە، کەچی ساڵی رابردوو (2024) کۆی خەرجی مووچە بۆ فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 60 تریلیۆن و 53 ملیار و 380 ملیۆن دینار، لەکاتێکدا لەو ماوەیەدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ژمارەیان کەمیکردووە و مووچەیەکی 2024یشیان وەرنەگرتووە.

زیادبوونی  خەرجی 24 تریلیۆن و 204 ملیار و 633 ملیۆن دینار بەتەنیا بۆ مووچە بەچی قەرەبوو دەکرێتەوە؟ ئێستا، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هەرێمی کوردستان دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ژمارانەدا بکات؟ چیدی پێویستە لیستی مووچە ئامادەبکات و باس لە قۆناخەکانی ئامادەکردنی لیستی مووچە بکات و چاوەڕێی پێداچوونەوە و واژۆی وەزیری دارایی عێراق و رەزامەندی سەرۆکوەزیران و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێت یان بژاردەی دیکەی هەیە؟

گرافیک 02: خەرجی مووچە لەعێراق لەساڵانی 2012، 2013، 2023 و 2024

سەرچاوە: راپۆرتی کۆتاییداهات و خەرجییەکانی حکومەتی عێراق وەزارەتی دارایی، 08-06-2025

بژاردەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان بۆ کۆتایهێنان بەقەیرانی دەیەک مووچە لەگەڵ بەغدا

هەرێمی کوردستان لە ماوەی دەیەی رابردوودا سێ قۆناخی جیاوازی بڕیوە لە دابینکردنی خەرجی مووچە لەگەڵ بەغدا، قۆناخی یەکەمی بە پاشکەوت، قۆناخی دووەمی بە لێبڕین و خۆگونجاندن و  قۆناخی سێیەمیشی بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا. بۆ تێگەیشتن لەهەر قۆناخێکیش پێویستە لە مووچە خۆرێکی کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان بپرسرێت کە بارودۆخی گوزەرانی چۆن بووە جا چ مامۆستایەکی خانەنشین یان باخەوانێکی وەزارەتی شارەوانی یان فەرمانبەرێکی وەزارەتی کشتووکاڵ بێت کە هیچ بژیوییەکی دیکەیان لە دەرەوەی کەرتی گشتی نەبووە! ئەوکات دەزانرێت کە چۆن ژیاون و پێداویستی منداڵەکانیان  چۆن دابینکردووە.  

هەروەها، بەپێی دوایین روونکردنەوەی وەزارەتی دارایی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی 2025 دا کۆی خەرجی مووچە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە، کە وای داناوە بەپێی بودجە سێ ساڵییەکە پشکی هەرێمی کوردستان رێژەی 12.67%  لە کۆی گشتی بودجەی عێراق بووە و تاوەکو کۆتایی نیسانی 2025 هیچ خەرجیەکی پەرەپێدان و وەبەرهێنانیشی تێدا نییە و ئەوەش دەکاتە 3 تریلیۆن و 664 ملیار و 213 ملیۆن دینار. ئەمەش دوای کۆکردنەوەی هەموو قەرزەکانی عێراق لە 2015شەوە کە دینارێکی بۆ هەرێمی کوردستان خەرجنەکراوە، بەڵام لە کۆکردنەوە و لیدەرکردنەکاندا لەسەری هەژمار کراوە.

لەکاتێکدا، بەپێی دوایین سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کۆی دانیشتوانەکەی 6 ملیۆن و 370 هەزار و 688 کەسن، کەچی رێژەی ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکراوە رێژەی 59%ی کۆی  خەرجییەکانە بۆ دەستەی حەشدی شەعبی کە تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان 1 تریلیۆن و 502 ملیار و 559 ملیۆن دیناری بۆ خەرجکراوە

ئێستا دوو بژارەی بنەڕەتی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەئارادایە، یەکەمیان رێکخستنەوەی کەرتی گشتی بە خەرجی و داهاتەوە لە هەرێمی کوردستان.  دووەمیشیان دانوستاندنی یەکلاکەرەوە لەگەڵ بەغدا بە بەکارهێنانی ژمارەکان لە دوو دەیەی رابردوودا و لەماوەیەکی دیاریکراودا لەگەڵ بڕیاربەدەستانی راستەقینەی بەغدا نەوەک تەنیا حکومەت! 

ئەگەر بژاردەی یەکەم دەگرێتەبەر ئەوا هەنگاوی یەکەم دەبێت بە بڵاوکردنەوەی مانگانەی وردەکاری کۆی داهات و خەرجییەکان دەستپێبکات و بە بودجەی ساڵانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت.

ئەگەریش، هەنگاوەکان بۆ بژاردەی دووەم بێت ئەوا دەبێت بە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی نەوت و گاز و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بە هەردوو شێوەی بەکارخستن و وەبەرهێنان لەسەر بنەمای بودجەی ئامادەکراوی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی ساڵانەی عێراق بێت.

کۆتایی

عێراق و هەرێمی کوردستان نەک تەنیا لەم پرسی ئابوورییەدا پێویستە خۆیان یەکلابکەنەوە، بگرە دەبێت خۆیان بۆ قەیرانە گەورەکە کە گۆڕانی کەشوهەوایە خۆیان ئامادە بکەن، ئەگینا بەو شێوازەی ئێستا عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن نەک چارەسەر نابێت بگرە کێشەکان قوڵتر دەبنەوە. لە راستیدا وەزارەتی دارایی عێراق دەیەوێ بە تێچوویەکی کەمەوە پابەندییە داراییەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان رایی بکات و سەرچاوەکانی داهات و خەرجیەکانیشی کۆنترۆڵ بکات و هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت بە ناردنی تەنیا 50 بۆ 80 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی، نزیکەی نیوەی پشکی بودجەکەی خۆی لە بەغدا وەربگرێت کە تەنیا بۆ موچەیە. بەمجۆرەش کیئشەکە چارەسەر نابێت.

ئێستا، دوای دوو دەیە کاتییەتی بۆ یەکلاکردنەوەی کۆی پرسەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا بەماوەی دیاریکراو، هەر لە پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە، کێشەی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ماددەی 140 و پرسی نەوت و گاز و یاساکەی و دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی و پرسی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی بەعس لە هەرێمی کوردستان و روونکردنەوەی ماددەکانی دەستووری عێراقی فیدراڵ بۆ دەسەڵاتەکانی دەوڵەتە فیدراڵییەکە و تاکە هەرێمەکەی، هەنگاوی کردەنی بنرێت، ئەگینا هەڵبژاردنێکی دیکەش و رێککەوتنێکی نوێی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراقدا بە بەشداری هەرێمی کوردستان، تەنیا دەتوانێت رێگا بۆ چارەسەرێکی دیکەی کاتی خۆش بکات وەک ئەو رێککەوتنەی کە بڕیاربوو یاسای نەوت و گاز لە ماوەی 6 مانگی یەکەمی ئەم کابینەیەدا دەربچێت، کەچی تەنانەت رەشنووسەکەشی لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ئامادە نەکرا. 

لەراستیدا، هەڵەیە دەوڵەتی فیدراڵ وابزانێت بە بچووککردنوەی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بە ناقس و زایدی خەرجی و داهاتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناردنی بەتەنیا مووچە پابەندییەکانی بردووەتەسەر. لە بەرامبەریشدا نابێت داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگدا و لە 2023دا 2.07 تریلیۆن دینار[1] واتە مانگانەی 345 ملیار دینار بووبێت و نیوەی بۆ نیسانی 2025 نزیکەی 50.5 ملیار دینار بێت.  

ئێستا، هەمووان دەزانن و ژمارەکانیش بەردەستە ئەگەر هەرێمی کوردستان بەشێکە لەم دەوڵەتە، ئەوا دەبێت لەو 49 تریلیۆن دینارەی بۆ وەبەرهێنان خەرجکراوە، بەشی هەرێمی کوردستانیش خەرجبکرێت، باشترین نموونەش پرسی وەبەرهێنانە لە نەوت و گاز دا کە دەکرا لە دوو ساڵی رابردوودا لەو نیوەیەی خەرجی وەبەرهێنان کە بڕەکەی 23 تریلیۆن دینار بووە بۆ وەزارەتی نەوت، عێراق دەستپێشخەری بکردایە وەک بەشێک لە دەوڵەتە فیدڕاڵییەکە یان بەقەرزیش بوایە کۆمپانیایەکی نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان دانایە و 3 تریلیۆن لەو 23 تریلیۆن خەرجبکردایە بۆ پەرەپێدانی کیڵگە گازییەکانی میران و تۆپخانە و بەرهەمەکەشی بۆ کارەبا دەبوو کە عێراق پێویستییەتی.

ئێستا، لەبەر ئاڵنگارییەکانی داهاتوو چ لەڕووی گۆڕانکارییە سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکانەوە بێت یان قەیرانی کەشوهەوا و کارەساتی کەمبوونەوەی ئاو و زیادبوونی خەرجی و کەمبوونی داهاتەوە بێ، دەبوایە زیاتر بەرەو رێککەوتن و سازان بچن نەوەکو دابەشبوون و قوڵکردنەوەی کێشەکان. ئەوەش راستە هێندەی رێکخستنەوەی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە ئەوا دە هێندە بۆ عێراقیش پێویستە و ناشکرێت بە کەمبوونی داهات لە نەوتەوە یەکسەر مووچەی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت و ژمارەکانی سێ ساڵ لێکبدەێت و بڵێت پابەند نەبووە، ئەگەر پابەند نەبوو، بۆچی یانزە مانگی 2024 و چوار مانگی 2025 مووچەکەت ناردووە؟

لەکۆتاییدا، عێراق ساڵانێکی زۆر سەختی لەپێشە، ئەگەر ئەزموونی فیدراڵی لە عێراق هەیە و دەیەوێت بەردەوام بێت ئەوا بژاردەی دووەم کاری لەسەر بکرێت و کێشەکان لەماوەیەکی کوردتدا یەکلابکرێتەوە، ئەگەریش بنەماکانی دەستووری نوێ کۆتاییهاتووە کە عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانی لەسەر بنیاتنراوە، ئەوا پێویستە هەرێمی کوردستان هەنگاوی یەکەم بگرێتەبەر و لەنیوخۆدا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی بدات.


[1] راپۆرتی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق بەناونیشانی "توضیحات وزیر المالیة والاقتصاد في حکومة إقلیم کوردستان-العراق إلى اللجنة المالیة النیابیة فیما یخص الوضع المالي للإقلیم 1-1-2023 بۆ 31-6-2023، لە 18ی تشرینی یەکەمی 2023، بەغداد.

Share this Post

شرۆڤە