شرۆڤە

ئابووری عێراق 2015 بۆ 2025؛ چۆن خەرجی عێراق لە 2.8 تریلیۆن دینارەوە بووە 9.1 تریلیۆن دینار لە مانگێک دا ؟

29-01-2026


ژمارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق روانگەی حکومەت بۆ چونییەتی بەڕێوەبردنی ئابووری ئەم وڵاتە دەخەنەڕرو کە یەكێک لە تایبەتمەندیەەکانی زیادبوونی خێرای خەرجییەکانە. ئەم راپۆرتە بەشی یەکەمی زنجیرەیەکی سێ بەشییە لەسەر ئابووری عێراق کە بەپشتبەستن بەداشبۆردی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بۆ داهات و خەرجی مانگانە بۆ گشت دامەزراوەکان ( 2015 – 2025) ئامادەکراوە. لەم بەشە دا بەدوای وەڵامی دوو پرسیاری سەرەکییەوە دەبین، یەکەمیان: چۆن خەرجی عێراق زیادیکردووە و ئایا ئەو زیادکردنە بەردەوام دەبێت یان نا؟ دووەمیشیان ئەوەیە کە ئایا ئەم ئابوورییە لە 2026 دا بەردەوام دەبێت یان نا ؟

 ئەنجومەنی باڵای دارایی عێراق زیاتر لە چوار کۆبوونەوەی یەک لەدوای یەکی کردووە بە بڕیارەوە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهات، بەڵام ئەوەی راستییە و لەژمارەکانەوە تێبینی دەکرێت ساڵ بە ساڵ خەرجی زیاد دەکات و سەرچاوەی سەرەکی داهاتیش نەوت و نرخەکەیەتی.

 بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە 2015 دا کۆی خەرجییەکانی عێراق لە یەکەم مانگی سەرەتای ساڵ و  لەکانوونی دووەمی  2015 دا  تەنیا 2.8  تریلیۆن دینار بووە، لەهەمان مانگی ساڵی 2020دا بەرزبووەتەوە بۆ 5.1 تریلیۆن دینار و لە یەکەم مانگی 2025یشدا گەیشتووەتە سەروو 9 تریلیۆن دینار، واتە لەو ماوەیەدا خەرجییەکان بەرێژەی سەروو 200٪ زیادیانکردووە، کەهەمووشی بۆ بەکارخستن بووە. بۆ یەکەم مانگی 2026یش بە سێ سیناریۆی جیاواز پێشبینی کۆی خەرجییەکان لەسەر بنەمای  داتاکانی ساڵانی رابردوو دەخەینەڕوو.

نابێت ئەوەش پشتگوێ بخەین کە لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو جیاوازیی خەرجی و داهات گەیشتە ئاستێک کە حکومەت دامەزراندن، پلەبەرزکردنەوە و لێبڕینی بۆ پلەباڵاکان لە عێراق راگرت. لە هەمان کاتدا بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، خەرجیی مووچەخۆرانی پلەباڵا لە بەڕێوەبەری گشتییەوە تاوەکو سێ سەرۆکایەتییەکە لە عێراق، مانگانە ٥٠٠ ملیار دینار یان ٣٨٤ ملیۆن دۆلارە. لەکاتێکدا ئەوەی لە هەڵکشانی ژمارەی خەرجییەکان و پەیوەستبوونی ژمارەی داهاتەکان بە نەوتەوە دەبینرێت، بە رێکاری پلەبەرزنەکردنەوە و کەمکردنەوەی مووچەی پلەباڵاکان و دانەمەزراندن ناتوانرێت دەردەکە چارەسەر بکات، بەڵکو وەک کورد دەڵێ لەوانەیە تەنیا پینەی بکات؛ چونکە سەرچاوەی زیادبوونەکە گشتگیرە و بۆ بەکارخستن بووە و ئابووری وڵاتەکەی لەسەر بەندە.

سەرچاوەی زیادبوونی خەرجییەکان لە ژمارەکانی کانوونی دووەمی 2015، 2020 و 2025 دا

زیادبوونی خەرجییەکان، گەورەبوونی حکومڕانی، فرەچەشنکردنی دامەزراوەکان و دابەشکردنی پارەی بەدەستهاتووی نەوت، وایکردووە بۆ مانگێک لە ٢٠١٥دا خەرجییەکانی بەکارخستن لە ٢.٧٥ تریلیۆن دینارەوە، بگاتە ٥ تریلیۆن دینار لە ٢٠٢٠دا و بەرزبێتەوە بۆ ٨.٤٦ تریلیۆن دینار لە ٢٠٢٥دا. بە هەمان شێوەی کۆی ساڵەکە بەشێوەیەکە لە ١٨.٥ تریلیۆن دینارەوە، بۆ ٧٦ تریلیۆن دینار و تاوەکو نزیکەی ١٤٠ تریلیۆن دینار یەک بەدوای یەک بڕوات، واتە لەو ماوەیەدا کۆی خەرجییەکانی ساڵێک لە عێراق سەروو ٦٧٧٪ زیادی کردووە.

گرافیک 2: کۆی گشتی خەرجییەکان، خەرجی وەبەرهێنان و خەرجی بەکارخستن لەکانوونی دووەمی 2015 تاوەکو 2025

سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق، 25ی 12ی 2025، داشبۆردی مانگانەی داهات و خەرجییەکانی عێراق 2015-2025، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

راستییەکی دیکەش کە جێگەی سەرنجە لە ژمارە داراییەکانی عێراقەوە، جیاوازی هەم لە زیادبوونی خەرجی و هەم لە کەمبوونی خەرجیش دەبینرێت. لە هەموویشی سەرنجڕاکێشتر، توانای کەمکردنەوەی خەرجیی بەکارخستنە تەنانەت تاوەکو خەرجیی فەرمانبەرانیش.

هەروەها دەتوانین بڵێین ئەم هەموو زیادکردنەش بۆ وەبەرهێنان، بنیاتنان و پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵی، پیشەسازی و گەشتوگوزاری نەبووە، بەڵکو بۆ سێ جۆرە مووچەی فەرمانبەران، پاداشت، هاوکاری و خەرجی دیکە لەگەڵ خانەنشینی و چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ زۆربەی دامەزراوەکان بووە لە عێراق بەبێ بەشداریی هەرێمی کوردستان لەم زیادبوونەدا.

هەروەها، لە رووی سەرچاوەی زیادبوونەکەوە، ئەوەی لە ماوەی مانگەکانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٥ لە کۆی خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان دەردەکەوێت، گەورەترین زیادبوونی خەرجی بۆ وەزارەتی کارەبایە کە بە رێژەی ١٥.٢٨٩٪ زیادی کردووە. بە دوایدا وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە بە رێژەی ٥.٣٨٤٪ زیادی کردووە، ئینجا وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان بە رێژەی ١.٩٦٠٪. لە هەموویشیان سەرنجڕاکێشتر زیادبوونی خەرجیی ئەنجومەنی وەزیرانە بە رێژەی ٦٣٥٪، کە لە یەکەم مانگی ٢٠١٥دا خەرجییەکانی ئەنجومەنی وەزیران ٩٠.٢ ملیار دینار بووە، بەڵام دوای دەیەیەک و لە یەکەم مانگی ٢٠٢٥دا دەگاتە سەروو ٦١٦ ملیار دینار.

شتێکی دیکەش نابێت تەنیا رێژەی زیادبوونەکە لەبەرچاو بگرێت، بەڵکو بڕی زیادبوونەکەش یاخود فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی خەرجی؛ بۆ نموونە لە ٢٠١٥دا ژمارەی دامەزراوەکان کە خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنانیان بۆ کراوە لە عێراق ٣٢ دامەزراوە بووە، بەڵام لە ٢٠٢٠دا سەرەڕای هەڵوەشانەوە و تێکەڵکردنی چەند وەزارەتێک ژمارەکە دەگاتە ٤٤ دامەزراوە و شوێن، وە لە ٢٠٢٥دا زیاد دەبێت بۆ ٤٧ دامەزراوە. جگە لە دامەزراندنی دەستەی نوێ، هۆکاری سەرەکی زیادبوونی  خەرجیەکان لەعیراقدا پارێزگاکانە بەبێ هەرێمی کوردستان و کەرکوک. ئەم کەمبوون، تێکەڵکردن و زیادبوونە لە کابینەیەکەوە بۆ کابینەیەکی دیکە بەشێوەیەک روودەدات کە هێندەی دیکە ژمارەکان و خەرجییەکان ئاڵۆزتر دەکات. بۆنموونە؛ لە ٢٠١٥دا وەزارەتی شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە جیاواز بووە، بەڵام لە ٢٠٢٥ تێکەڵکراوە. لە ساڵی ٢٠١٥دا وەزارەتی مافی مرۆڤ و وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوار هەبووە، بەڵام لە ٢٠٢٥دا نەماون. لە بەرامبەردا لە ساڵی ٢٠٢٥دا دەستەکانی وەک دەستەی گشتیی چاودێریی داهاتی فیدراڵی و دەستەی پیشەسازیی سەربازی زیادیکردووە، کە ئەمانەش واتە خەرجیی بەکارخستن بووە تاوەکو وەبەرهێنان. بۆ نموونە؛ دەستەی پیشەسازیی سەربازی خەرجیی بەکارخستنی مانگانەی ١٢.٤٨ ملیار دینار بووە، کە ١٢.٣ ملیاری بۆ بەکارخستن بووە و لەناو ئەوبڕە خەرجیەیی بەکارخستندا نزیکەی سەروو  ١٢ی ملیار بۆ پاداشت، هاوکاری و خەرجی دیکە بووە و تەنیا ١٦١ ملیۆن بۆ وەبەرهێنان بووە لە مانگی یەکەمی ٢٠٢٥دا.

خاڵێکی دیکەی زۆر گرنگ لە زیادبوونی خەرجیی ساڵانەی هەندێک دامەزراوەیە کە هێندە گۆڕانکاریی تێدا رووینەداوە، بگرە بەپێی چاکسازییەکانی ئەو ماوەیە، دەبوو خەرجییەکانی کەمی بکردایە نەک زیاد بکات، چونکە باس لە کەمکردنەوەی پاداشت و نەسریە و پاسەوان دەکرێت. دیارترین نموونەش پەرلەمانی عێراقە کە لە مانگی یەکەمی ٢٠١٥دا کۆی خەرجییەکانی ٣٦.٩ ملیار دینار بووە، بەڵام لە ٢٠٢٥دا کۆی خەرجییەکانی گەیشتووەتە ٤٥.٣ ملیار دینار، واتە زیادبوونی خەرجیی بەکارخستنی پەرلەمان بە بڕی ١٠ ملیار دینار بۆ یەک مانگ و بۆ ساڵێک ١٢٠ ملیار دینار زیاد بووە تەنانەت ئەگەر  لەوە زۆرتریش نەبێت.

ئەوەی چاوەڕوان دەکرا دەبوو کشتوکاڵ پەرەی پێ بدرێت و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک رێگاوبانەکان، ئاوی خواردنەوە و پڕۆژەکانی ژێرخانی ئاوەڕۆ دابین بکرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لەو ماوەیەدا خەرجیی وەزارەتی کشتوکاڵ، شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە بە رێژەی جیاواز کەمیانکردووە؛ بۆ نموونە خەرجییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بە رێژەی ٢٥٪- و شارەوانییەکان بە رێژەی ٣.٨٪- کەمیان کردووە.هەروەها، لاوازی و بچووککردنەوەی خەرجی هەندێک لە دامەزراوەکانیش دەبینرێت، بۆ نموونە خەرجییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لە عێراق لە ماوەی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٥دا بە رێژەی ١٤٪- کەمیکردووە. واتە لە مانگی یەکەمی ٢٠١٥دا کۆی خەرجییەکانی ئەم دامەزراوەیە ٣.٩ ملیار دینار بووە، بەڵام لە ٢٠٢٥دا بۆ ٣.٣ ملیار دیناردابەزیوە.

ئەوەشی لەو ماوەیەدا سەبارەت بە خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان دەبینرێت ، لە بنی گرافیکەکەوە دێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی خەرجییەکانی سفر بووە یان نزیکەی ١ تریلیۆن دینار بووە کە تەنیا بۆ مووچە بووە. گرافیک 2: جیاوازی خەرجییەکانی دامەزراوەکان، سێ سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان لە عێراق 2015-2020-2025 لەکانوونی یەکەمی ساڵ دا.

سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق، 25ی 12ی 2025، داشبۆردی مانگانەی داهات و خەرجییەکانی عێراق 2015-2025، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

  ئایا عێراق لە 2026 دا دەتوانێت بەردەوامی بە خەرجییەکان بدات؟

بەپێی دوایین راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق کە بۆ تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە، خەرجییەکانی حکومەت لەو مانگەدا بڕی ٥٠٠ ملیار دیناری کەمیکردووە بەبێ هەژمارکردنی خەرجیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

بۆ نموونە، بەپێی ژمارەکان، کۆی خەرجیی مووچەی فەرمانبەران (نەک هاوکاری، خانەنشینی و چاودێریی کۆمەڵایەتی) تاوەکو ئەیلوولی ٢٠٢٥ گەیشتووەتە ٤٥.٥٦ تریلیۆن دینار؛ لە هەمان کاتدا لە کۆتایی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا بووەتە ٥١.٥ تریلیۆن دینار، بەڵام لە کۆتایی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا دەگاتە ٥٥.٩ تریلیۆن دینار. ئەمەش واتە خەرجیی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە مانگی ٩دا ٥.١٦ تریلیۆن دینار بووە، لە مانگی ١٠دا ٥.٩ تریلیۆن دینار، وە لە مانگی ١١دا بەبێ هەرێمی کوردستان ٤.٤ تریلیۆن دینار بووە. ئەگەر خەرجیی مانگانەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە نزیکەی ١ تریلیۆن دینار بخەمڵێندرێت، ئەوا لە مانگی ١١دا کۆی خەرجیی فەرمانبەرانی عێراق دەبێتە ٥.٤ تریلیۆن دینار؛ بەم شێوەیەش هێشتا لە مانگی ١١دا عێراق توانیویەتی خەرجیی فەرمانبەرانی خۆی بە بڕی ٥٠٠ ملیار دینار کەم بکاتەوە! هەربۆیە زیادبوون و کەمکردنەوەی خەرجی بۆ دەوڵەتی عێراق هێندە قورس نییە تاوەکو ئابوورییەکەی بخاتە مەترسییەوە.

هەروەها، ئەم جیاوازییە یاخود بەرز و نزمییەی خەرجی لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە لە کۆی ساڵەکاندا دەبینرێت، تەنیا پەیوەست نەبووە بە کەمکردنەوەی خەرجیی وەبەرهێنان یاخود خەرجییەکانی دیکەی نێو خەرجیی بەکارخستن؛ بەڵکو ئەگەر پێویست بکات، خەرجیی مووچەی فەرمانبەرانیش کەم دەکرێتەوە، وەک ئەوەی لە ساڵانی ٢٠١٦، ٢٠٢٠ و ٢٠٢٣دا دەبینرێت یان ئەوەی لە چەند مانگی رابردوو روویداوە.

ئێستا، ئەگەر لەسەر بنەمای خەرجیی یەکەم مانگی ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٥ خەمڵاندنێک بۆ کۆی خەرجییەکان لە یەکەم مانگی ساڵانی داهاتوودا بکەین، ئەوا سێ رێگا لەبەردەم عێراقدا دەبن بۆ خەرجییەکان: ١- ئەگەر خەرجییەکان کەم بکرێتەوە، ئەوا کۆی گشتیی خەرجییەکان ٧.٨ تریلیۆن دینار دەبێت. ٢- ئەگەر خەرجییەکان بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا هاوشێوە دەبێت و تۆزێک زیاد دەکات و دەبێتە ٩.١ تریلیۆن دینار. ٣- ئەگەر خەرجییەکان زیاد بکات، ئەوا دەگاتە ١٠.٣ تریلیۆن دینار.

کام لەم سێ سیناریۆیانەی لە گرافیکەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە بەدی دێت؟ ئەمە پەیوەستە بە نرخی نەوت و داهاتەوە؛ سەرەڕای ئەوەی لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی رابردوو دەردەکەوێت کە بژاردەی کەمکردنەوە لە ئارادایە، چونکە زیادکردنی داهات (چ بە بڕی بەرهەمهێنان یان هەناردەکردن، یاخود بەرزکردنەوەی نرخەکەی بێت) لە دەستی عێراقدا نییە تاوەکو بەرەو سیناریۆی دووەم و سێیەم بڕوات.

گرافیک 1: کۆی گشتی خەرجییەکانی مانگی کانوونی دووەمی 2015 بۆ 2025 لەگەڵ سێ سیناریۆی 2026 تا 2029

سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق، 25ی 12ی 2025، داشبۆردی مانگانەی داهات و خەرجییەکانی عێراق 2015-2025، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

کۆتایی

  ژمارە داراییەکانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٥ کە کۆکراوەی هەموو خەرجییەکانی وەزارەت و پارێزگاکان دەریدەخات، ئەوە نیشان دەدەن خەرجییەکان لە عێراقدا چۆنن و ئەم ئابوورییەی کە پەیوەستکراوە بە داهاتی نەوتەوە چۆن بەرێوەدەبرێت؛ چونکە زۆر بەسادەیی، دابەشکردنی پارەیە ئەگەر هەبێت، و بڕینیشە ئەگەر نەبێت. هەربۆیە گەشەکردنی بەرهەمی نێوخۆیی عێراق (GDP)، چ لە ئاستی وڵات یان تاک، گەشەکردنێکی راستەقینە نییە؛ چونکە خەرجییەکان بەرز و نزمییەکی گەورە دەکەن، و گەشەکردنەکە بەهەمان شێوە، چونکە لەسەر بنەمای بەرهەمی کارگە و پیشەسازییە جیاوازەکان نییە کە بەرهەمەکانی هەناردەی دەرەوە بکات و داهات بۆ عێراق بهێنێت، بەڵکو قەبەبوونی ئابوورییەکەی لە خەرجییەکانی دەوڵەتەوە (وەک مووچە و پێداویستیی مووچەخۆران) سەرچاوە دەگرێت.

هێشتا ئەوەش زۆر گرنگە کە زیادبوون و کەمبوونی خەرجییەکان لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە، لە سەرەتای ساڵەوە بۆ نێوەڕاست و کۆتایی ساڵ گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا دێت. هەمیشە خەرجییەکانی وەبەرهێنان دەکەوێتە مانگەکانی کۆتایی ساڵەوە، سەرەڕای هەبوونی بودجەی سێ ساڵە؛ چونکە بایەخمەندی بۆ مووچەیە نەک بۆ وەبەرهێنان، بوژاندنەوەی کەرتەکان و بنیاتنانی خزمەتگوزارییەکان. بۆ نموونە؛ لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا خەرجییەکان گەیشتووەتە سەروو ١٤ تریلیۆن دینار، کە سەروو 10 تریلیۆن بۆ بەکارخستن بووە و 4 بۆ وەبەرهێنان بووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی تادێت جیاوازیی داهات و خەرجی گەورەتر دەبێت.

هەروەها، خەرجیی یەک مانگ لە عێراقدا (بەبێ هەرێمی کوردستان و خەرجیی وەبەرهێنان و ئەو خەرجییانەی دیکە کە دەتوانن کەمی بکەنەوە) ئێستا گەیشتووەتە خوار ٨ تریلیۆن دینار (یان ٦.١ ملیار دۆلار). واتە ئەو بڕە نەوتەی هەناردە دەکرێت، ئەگەر نرخەکەی لە ٦٠ دۆلار بێت بۆ هەر بەرمیلێک، دەتوانێت ئەو خەرجییە پڕ بکاتەوە. بەڵام تاوەکو کەی بەم شێوەیە دەڕوات کە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێت و نەک بودجە، بەڵکو تەنانەت مووچەکەشی نەدرێت؟

لە کۆتاییدا، ئابوورییەک بتوانێت خەرجییەکانی زیاد و کەم بکات، دەشتوانێت لە کاتی کەمبوونەوەی داهاتدا بەردەوامی بە خۆی بدات. بەڵام چیرۆکی دیکەش لە پشت ئەم زیادبوون و کەمبوونەوەیەی خەرجیی بەکارخستن و وەبەرهێنان لە عێراقدا هەیە، کە ئەویش جیاکارییە لە نێوان پارێزگاکاندا بۆ خەرجیی بەکارخستن و وەبەرهێنان؛ نەک تەنیا بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو تەنانەت بۆ کەرکوکیش. لە بەشی داهاتوودا، تیشک دەخەینە سەر ئەم جیاوازییانەی خەرجیی پارێزگاکان لە ٢٠١٥وە بۆ ٢٠٢٥.

Share this Post

شرۆڤە