شرۆڤە

ئاڵنگاریەکانی بەردەم کازمی کەی مانگی هەنگوینی موستەفا کازمی لەگەڵ پارت ومیلیشیا شیعیەکان لە عێراقدا کۆتایی دێت؟

24-05-2020


 

RRC |

د.عوسمان عەلی

راوێژکار ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو|

زۆرێک لە چاودێران دەستبەکاربوونی موستەفا کازمی لە حوکمی عراقدا بە سەرەتای کۆماری چوارەم و کۆتایی ئەو سەردەمە سیاسیە دادەنێن کە لە ٢٠٠٣ وە دەستی پێکرد. راسپاردنی کازمی زیاتر بە هاندانی سەرۆککۆمار بوو بۆ ئەوەی بکرێتە سەرۆکوەزیران و لە بەدەستهێنانی رەزامەندی سەرکابینەکەیدا لە پەرلەمان شێوە ئیجماعێکی گرووپە سیاسیە شیعەکانی لەسەر بوو. لە روواڵەتدا، ئێستا مانگی هەنگوینی نێوان کازمی و هێزە شیعییەکانە. هەموو مانگێکی هەنگوینی کۆتایی هەیە و پرسیار ئەوەیە کە چ كات ئەمەی كازمی و لایەنە شیعییە چەکدارەکان تەواودەبێت؟

لەدوای دەست بەکاربوونی، کازمی جەختی لە پاراستنی سەروەری عێراق ورێکخستنی چەکی بڵابووەو لێپرسینەوە لە بکوژانی خۆپیشاندەران کرد، هەروەها ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و دووبارە داڕشتنەوەی ئەو رێکكەوتنانەی کە پەیوەستە بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ئەولەویەتەكانی خۆی دانا. پارتە شیعییە بەهێزەکانیش دژی زۆرێک لەم ئیجرائاتانەن. قبوڵکردنی کازمی لەلایەن ئێران و هێزەهاوپەیمانەکانی لە عێراقدا ئارەزوومەندانە نەبووە بەڵکوو، وەکو وتەی نۆشینی “جامی ژەهر”ی “ئیمام خومەینی” بۆ وەستانی شەڕی ئێران-عێراقدا لەساڵی ١٩٨٨ بوو. هەروەها بەپێی گوتاری سیاسی شیعی کارەکە لە سوڵحی ئیمام حەسەن لەگەڵ مەعاویە دەچێت لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەت. ئەمە ئەنجامی لاوازبوونی بەرەی ئێرانی بوو لە عێراقدا لەگەڵ لەدەستدانی ئەندازیاری جێبەجێکاری سیاسەتی ئێران لە عێراقدا قاسم سولەیمانی ، دابەشبوونی ماڵی شیعی، هەروەها گەمارۆی ئابووری کاریگەر وئازاردەر لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە بۆ سەرئێران و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیاتر بوو.

لەگەڵ ئەوەشدا کازمی لە خاڵی لاوازی نەیارەکانی لە بەرەی ئێرانی تێدەگات کە پێشتر چەندینجار کاندیبوونیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لەساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ رەتکردۆتەوە، هەروەها لە سروشتی ئەوئاڵنگاریانە تێدەگات کە رووبەڕوی بەرنامەکەی دەبنەوە، چوونكە کوتلەیەکی پەرلەمانی بەهێز نییە کە پشتگیری لە کابینەکەی بکات و ترەمپیش كە پاڵپشتێکی سەرەکییەتی لەبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڵبژاردن سەری قاڵە. بەرەی سوونی عەرەبی لەسەرەتاوە پشتگیریان کردووەو نوێنەرایەتی هێزێکی هاوپەیمانی دەکەن کە بۆ دوو گرووپ دابەشبوون: گروپێک کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت بەسەرکردایەتی خەمیس خەنجەر وگروپەکەی دیكە ئەمریکا پشتگیری دەکات بە سەرکردایەتی محەمەد حەلبوسی. کوتلەی کوردی تاکە کوتلەی پەرلەمانیە کە لەئێستادا پشتگیری دەکات و تاڕادەیەک وەلائی بۆی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئاڵنگاری ئابووری گەورە هەیە و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە عێراق و دەرکەوتنەوەی داعشیش ئاڵنگاری نوێن. بۆیە دەبێت کازمی هەوڵ بدات رووبەڕوبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ گرووپەکانی سەر بەئێران لە خۆی دووربخاتەوە کە بوونێکی بەهێزیان لەهەموو بوارەکانی بڕیار لە عێراقدا هەیە.

ئەمەش بەمانای ئەوە نایەت کە کازمی  تەسلیمی نەیارەکانی بێت، بەڵکو کازمی پیاوێکی بەهێزەو خاوەنی ئیرادەو تموحە وە ئەزموونێکی پیشەیی نوێی لە ئیدارەدانی پێکدادان و دانووستاندنەکان هەیە و لەچەندین مەلەفی سیاسی زۆربەی هێزە سیاسیەکان ئاگادارە. ئەدائی لاوازی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی وەکو شەبەحێک بەدوایەوەیە و ئەویش سوورە لەسەر ئەوەی کە دووبارەی نەکاتەوە.

وادەردەکەوێت کە رەفتاری ئێستای کازمی لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەیارەکانی، گفتوگۆکردن و پارچەکردنی ریزەکانیان و پاشان هەوڵدان بۆ ئیحتیواکردنیانە. لەگەڵ ئەوەشدا بەنهێنی هانی گرووپەکانی حەشد دەدات کە واز لە هەیئەی حەشدی شەعبی بێنن کە لە واقیعدا لەژێر کاریگەری نفوزی ئێرانیدایە و بێنە ناو ئەو حەشدەی كە ملکەچی نفوزی مەکتەبی سیستانیە، بەڵام بە شێوەی ئاشکرا وا دەردەکەوێت کە پشتگیری رەسمیان دەکات وستایشی قوربانیدانەکانیان دەکات و سەردانی بارەگایاکانیان دەكات و جلوبەرگی سەربازی تایبەت بە حەشد لەبەردەکات و دەیەوێت جەخت لەوەبکاتەوە کە فەرماندەی گشتی هەموو هێزە چەکدارەکانە لەناویشیاندا حەشد. سڵیشی نەکردۆتەوە كە رێوشوێنی تووند لە دژی گروپی سەربەحەشد ناسراو بە ساروڵڵا بگرێتەبەر، کاتێک ئەندامەکانی تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی بەسرە كرد. هەرەوها داوای دەستگیرکردنی بەرپرسی سەربازی کەتائیبی خۆراسانی لایەنگیری ئێران کرد لە شاری مەدائینی باکووری بەغدا كە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارەی لەسەرە. هەروەها لیژنەیەکی لە دادگای عێراقی بۆ بەدواداچوونی کوشتنی خۆپیشاندەران درووستکرد.

واش دەردەکەوێت کە پلانەکەی بۆ رووبەڕوبونەوەی پێشبینیکراو لەگەڵ میلیشیاکان بەندە بە بەهێزکردنی سوپای عێراق لە رووبەڕوبوونەوەی نفوزی گەشەکردووی حەشد بەتایبەت لە رووی تەمویل و چەکدارکردنەوە. لەم چوارچێوەیەشدا هەندێک رێوشوێنی گرتۆتەبەر. لە هەنگاوی یەکەمیدا دوو کەسی سەربازی بۆ ئیدارەدانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری دیاریكرد کە ئەوانیش عوسمان غانمی و جومعە عینادن کە هەردووکیان لە ئەفسەرە باڵاکانن لە قۆناغی شەڕی دژی بەداعش. لە ٢٠٠٣شەوە حاڵەتی وانەبووە کە دوو کەسی سەربازی هەردوو وەزارەتی ئەمنی كابینەیەك وەربگرن. هەروەها کازمی لیوا روکن قاسم موحەمەدی بە فەرماندەی هێزەکانی وشکانی دانا. پێشتریش عەمید یەحیا رەسوڵی بە وتەبێژی رەسمی فەرماندی گشتی هێزە چەکدارەکان دانا.

لەهەنگاوەکانی دواتریشدا کازمی فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی گێڕایەوە بۆ دەزگای رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر و بە سەرۆکی دەزگاکە داینا. ئەمە پاش ئەوەی کە ساعیدی پێشتر لەلایەن عادل مەهدی گوازرایەوە بۆ ئیدارەو تەجمیدی کرا. کازمی ساعیدی بە”هاوڕێ” وەسفکرد و ئەمە هەمان شێوازە کە سەدام حزبیەکانی بە ”هاوەڵەکانی” بانگ دەکرد.

لەهەنگاوەکانی دواتردا کازمی گۆڕانکاری لە پۆست ولیواکانی حەشد و گواستنەوەی چەکە قورسەکانیان بۆ دامەزراوە سەربازیە رەسمیەکان و خانەنشیکردنی هەندێکی کەمیان بە مووچەی خانەنشینی و هەندێک لە کادرەکانیان لە دامەزراوەکانی وەزارەتی نێوخۆدا دەكات. کازمی سڵ لەوە ناکاتەوە کە مەلەفی گەندەڵی لەدژی هەندێک لەسەرکردەکانی ریزی دووەمی ئەم گروپانە بجوڵێنێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە دوای ئیحتیواکردنی داعش پەراوێزیان بخات. جێی باسە فەسائیلەکانی حەشد وەکو هێزە چەکدارەکانی دیكە لەچەندین گەندەڵیەوە تێوەگلاون.

وەکو زەنگی ئاگاداردنەوە بۆ ئەوانی دیكە کە بە حوتی گەندەڵی ناودەبرێن کازمی جدییە لەوەی کە سنورێکیان بۆ دابنێت و لەمەشدا تەقلیدی شێوەی سەدام دەکاتەوە. کاتێک چوو بۆ دەستەی خانەنشینان، بۆ ئاگاداربوون لە کارەکانیان، پێوەندیێکی تەلەفۆنی لەگەڵ برا گەورەکەیدا كرد کە لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە كە تێیدا هەڕەشە لە براکەی دەکات ئەگەر هەوڵ بدات ناوی ئەو لە دامەزرواەکانی دەوڵەتدا بەکاربێنێت.

تەحەدایەکی دیكە ئەوەیە کە ئێران لەداهاتوودا دەستبەرداری ئاڕاستەکردنی فەسائیلەکان نابێت کە خۆیان بە فەسائیلی مقاوەمە دەناسێنن لە عێراقدا بۆ لێدان لە بەرژەوەندییە سەربازی و ئابوورییەکانی ئەمریکا. رەنگە ئەو رووبەڕوبوونەوانە رووبدەن ئەگەر پێکدانی سەربازی نێوان ئەمریکاو ئیسرائیل و ئێران لە سوریا و ئاوەکانی کەنداو رووبدات. ئێران و ئەمریکا فشار دەکەنە سەر کازمی، کاتێک عێراق و ئەمریکا لە مانگی داهاتوودا دەست بە دانووستاندنی ستراتیژی دەکەن.

لەداهاتووی نزیکدا هەردوو ئێران و کازمی خۆپیشاندەران وەکو کارتی فشار بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی سیاسی بەکاردێنن و دەکرێت ئەمەش بۆ فەوزاو تەقاندنەوەی دۆخەکە سەربکێشێت کە رەنگە ئێران ناچاربکات پەنا بۆ بژاردەی مۆدێلی حوسی لەعێراق ببات. چاودێرانیش بەدووری نازانن کە ترەمپ پەنا بەرێتە بەر ئینقیلابی سەربازی لە عێراقدا لە حاڵەتی ئیستفزازی ئێران یان وەکو سەرنج لادانی جیهان لەسەر شکستەکانی لە رووبەڕووبونەوەی قەیرانی کۆرۆنادا کە دەکرێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر بردنەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا.

لەهەر حاڵەتێکدا بێت ئەم مانگە هەنگوینیەی نێوان میلیشیاکان و حکومەتەکەی کازمی درێژەناکێشێت وعێراق دەبێتە شانۆیەکی گرنگ لە ململانێی ئێرانی-ئەمریکیدا کە لێکەوتەی چاوەڕواننەکراوی لەسەر ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ دەبێت.

 

 

 

Share this Post

شرۆڤە