شرۆڤە

ئاماژەکانی چارەسەری سیاسی کێشەی سوریا

03-05-2020


 

RRC |

حوسێن عومەر |

لە چەند مانگ ورۆژی رابردوودا سێ دەستپێشخەری نوێ لەسەرشانۆی سوریا دەرکەوتوون کە لانی کەم ئاماژەی سەرەتایی بە چارەسەری سیاسی دەکەن کە هەردوو لایەنی سەرەکی نێودەوڵەتی لە قەیرانی سوریادا، ئەمریکاوروسیا کاربۆ پێگەیشتنی دەکەن.  ئەم دەستپێشخەریانەش لە پێشهاتەکانی مەلەفی ئیدلیب و رێکەوتنی ئەم دواییەی روسیا-تورکیا دەربارەی ئیدلیب لە (٥ ئاداری ٢٠٢٠)، وە لە هەڵمەتی رەخنەگرانەی ئاشکرای دامەزراوەکانی لێکۆڵینەوەوراگەیاندنی نزیک کرملین لە دژی ئیدارەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدو دواجاریش هەوڵە ئەمریکی وئەوروپیەکان بۆ لە سەرلەنوێ رێکخستنەوەی دۆخی سیاسی وئابووری وسەربازی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر بەگشتی وبەشەکوردیەکەی بەتایبەتی دەرکەوتوون.

مەلەفی ئیدلیب

 شەڕی ئەم دواییەی ئیدلیب و سەرکەوتنی سەربازی هێزەکانی سوریا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە پارێزگای ناوبراو و وەلە دەوروبەری باشوروخۆرئاوای شاری حەلەب، وەستانی دەعمی سەربازی روسی لە رووی مەیدانی وئاسمانیەوە، ئاراستەی روسی بۆ وەستاندنی شەڕو پێشڕەوی سوریا و رێککەوتن لەگەڵ تورکیا ( ٥ ئاداری ٢٠٢٠) هەموو ئەمانە قەبارەی رۆڵی ئەمریکای دەرخست لەکۆنترۆڵکردنی ئاراستەی پێشکەوتنەکان لەو ناوچانەدا، هەروەها رۆڵی تێگەیشتنی ئەمریکی-روسیش دەربارەی سوریا. کە دیداری ئەمنی سیانی ئەمریکی-روسی-ئیسرائیلی بووە بنەمای ستراتیژی تێگەیشتنەکە، واتە لوتکەی ئەمنی سیانی     کە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل مائیر بن شبات وراوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا (هی ئەوکاتە کە جۆن بۆڵتن بوو) لەگەڵ هاوتا رووسەیەکەی نیکۆلای باتروشیف لە ٢٤-٢٥ حوزەیرانی ٢٠١٩ لە قودس کۆبونەوە، داهاتووی سیاسی سوریایان تاوتوێکرد کە دەبێت هیچ هێزێکی بیانی تێدا نەمێنیت بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە ٢٢٥٤تایبەت بە سوریا کە لە ١٨ کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ دا دەرچووە.

وەزارەتی دەرەوەی روسیا پێشبینی بەستنی ئەم لوتکەیەی کرد بە راگەیاندنی ئەوەی کە ئامانجی ئەو رێککەوتنە لە سوریا ورۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. وادەردەکەوێ کە تێگەیشتنی ئەمریکی-روسی سەبارەت بە ئیدلیب لەسەر ئەساسی رێگریکردنە لە حکومەتی سوریا لەبەدەستهێنانی سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە بەسەر هاوپەیمانەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا ودەرکردنی بوون و نفوزی تورکیا، دواتریش ئەمە پێشکەشکردنی کارتی هێزە بە ئیران لە سوریادا. لەبەرامبەر ئەمەشدا، فشاری هاوبەشی ئەمریکی-روسی ئەم دواییە لەسەر تورکیا بۆ کۆتایهێنان بە بەرەی نوسرە (یان هەڵوەشاندنەوەی) بۆ کۆتایهێنانە بەوشەرمەزارییەی کە بەهۆی بوونی ئەم رێکخراوەیە کە لەلیستی ئیرهابدا دانراوە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی لە (٣١ ئایاری ٢٠١٣) ، پاشانیش چاوەڕێکردن تا بینینی ئەوەیدەکرێت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئیران وتورکیا ناوببرێت، وە دەرچوونیان بەشێوەیەکی یەکسان لە سوریادا لەچوارچێوەی ئەوچارەسەرە سیاسیەی  کە ئەمریکاو روسیا و لە پشتیشیانەوە ئیسرائیل رۆڵی سەرەکی تێدا دەبینن.

هەڵمەتی روسی بۆ سەر ئەسەد

دامەزراوەکانی توێژینەوە، راگەیاندن، ناوەندەکانی راپرسی و ئاژانسە هەواڵیەکانی روسیا بەتایبەت لە دوای واژۆکردنی رێکەوتنی روسی-ئەمریکی دەستیان کردووە بە هەڵمەت بۆ سەر کەسێتی ئەسەد وشێوازی حوکمڕانیەکەی. زۆربەی ئەم دامەزراوانە لە کرملین نزیکن ،لەناویشیاندا ” ئاژانسی هەواڵی فیدراڵی” کە لەلایەن ملیاردێری روسی یەڤگینی بریگۆجین خاوەندارێتی دەکرێت کە کەسێکی نزیکە لە سەرۆک پوتنەوە، لەناوەندەکانی دروستکردنی بڕیاری روسی نازناوی ”شێفی کرملین” یان پێداوە بەهۆی ئەو رۆڵە گەورەیەی کە لەدروستکردنی بڕیاری روسیدا هەیەتی. لە ناوەڕاستی نیساندا ئەم ئاژانسە لە راپۆرتێکدا ئەسەدی بە لاواز وەسف کرد لە ئیدارەدانی دۆخی ووڵاتدا. هەروەها لە راپرسی ئاژانسە رووسیەکاندا وا دەرکەوتووە کە ئەسەد متمانەی زۆرینەی سوریەکان بەدەست ناهێنێتەوە ئەگەر خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی داهاتووی سوریاکاندید بکات. ئەم هەڵمەتەی روسیا بۆ سەر کەسێتی ئەسەد دەچێتە دەرەوەی رەهەندەکانی فشاری سەری بۆ ئەوەی نەرمی زیاتر بنوێنێت لە وەڵامدانەوەی تەرحەکانی روسیا و دوورکەوتنەوەی لە ئیران، ئامانجەکە لە قوڵایدا بۆ لادانی ئەسەدە لە قۆناغی گواستنەوەدا کە ئەمریکاورسیا رێککەوتوون لەسەری لە چوارچێوەی چارەسەری سیاسیدا. بۆیە لەوانەیە دانانی لیوا عەلی مەملوک سەرۆکی ئۆفیسی ئاسایشی نیشتیمانی سوریا وەکو جێگری سەرۆک بۆ کاروباری ئەمنی، وەکو دزەیپێکراوە بە فشاری روسی بێت و هەنگاوێک بێت بەو ئاڕاستەیەدا، دانانی بێت لە بەردەم قۆناغی گواستنەوەدا. هەندێک پروپاگەندەی بەهێز لەسەر مەملوک هەبوون بەوەی لە ساڵی ٢٠١٥ هەوڵی ئینقیلابی بەسەر ئەسەددا داوە. لەم دواییەشدا مەملوک سەرۆکایەتی کۆبونەوە ئەمنیەکانی لەگەڵ تورکیادا کردووە، بەپێی هەندێک زانیاری دزەپێکراویش سەردانی میسری بەئاشکراو سعودیەشی بە نهێنی کردووە کەئەمەش خاڵی بەیەکگەیشتنی نێوان هێزە کاریگەرە نێودەوڵەتیەکانە لە مەسەلەی سوریادا.

هەوڵەکان بۆ یەکڕیزی کورد لە سوریا

لەم دواییانەدا هەوڵە ئەمریکی و ئەوروپیەکان بۆ یەکڕیزی لایەنەکوردیەکانی سوریا زیاتر بوون.  لە هەفتەی رابردوودا ولیام روباک نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری باکوری خۆرهەڵاتی سوریا بازنەی دیدارەکانی لەگەڵ پارتە کوردیەکان فراوانترکرد، لە ماوەی دوو رۆژدا لەگەڵ ٢٢ پارتی کوردی کۆبۆوە، لەگەڵ بەردەوامیدان بە کۆبونەوەکان لەگەڵ پارتی یەکێتی دیموکراتی و ئەنجومەنی نیشتیمانی کورددا، نوێنەری ئەمریکا  سەرکەوتوو بووە لە دروست کردنی کۆبونەوەی راستەوخۆ لەنێوانیاندا وە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە ئەم دیدارانە بەنهێنی بمێننەوە تا ئەوکاتەی رێککەوتنی جددی دێتەدی کە تائێستا بەدەست نەهاتووە.چونکە دیدارەکان لە پیشاندانی متمانە لە دەستپێکردنی تێگەیشتن و هەندێک هەڵوێستی سیاسی گشتی تێپەڕنەبووە کە پارتە کوردیەکان لەبنەڕەتدا لەسەر ئەم بابەتە گشتیانە زۆر جیاواز نین ، لە کاتێکدا دوو مەلەفە هەقیقیەکە، ئیدارەولایەنی سەربازین کە تائێستا گفتوگۆیان لەسەر نەکراوە، ئەم دوو مەلەفە زۆر ئاڵۆزن بەهۆی ناکۆکی لەسەریان  لەنێوان پارتی یەکێتی دیموکرات کە ئیدارەی خۆسەری بەدەستەوەیەو داوا لەئەنجومەنی نیشتیمانی دەکات بەشداری بکات، ئەنجومەنی نیشتیمانیش داوای دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ دەکات، واش دەردەکەوێت کە مەلەفی سەربازیان لەگەڵ روباک باس نەکردووە بەڵام لەگەڵ دامەزراوەی تری ئەمریکی باسیان کردووە، بەدەرلەوەی کە هەستیارێتی ئەم بابەتە (لایەنی سەربازی) لەدەرەوەی تواناوئیرادەی لایەنەکانی قامیشلۆو حەسەکەن سەبارەت بە بڕیاردان لەسەرچارەنووسی هێزە سەربازیەکانیان.

لە دیدارەکانی لەگەڵ لایەنە کوردیەکاندا، روباک بە ئامادەبووانی راگەیاندووە کە چارەسەری سیاسی لە سوریادا نزیکە، لێرەوە گرنگی یەکڕیزی ویەکهەڵوێستی کورد دەردەکەوێت تا هەوپەیمانەکانی کورد بیانخەنە بەرەی یەکگرتووو هەڵوێست و دیدگایان یەکخەن لە هەوڵەکانی چارەسەری سیاسیدا.

لەگەڵ ئەم هەوڵە بەردەوامانەی ئەمریکیەکان کە فشاری زیاتر لە لایەنەکوردیەکان دەکەن،فەرەنسا جارێکی تر دێتەوە مەیدان، دوای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر دەستپێشخەریەکی لەگەڵ لایەنەکوردیەکان، بە مەبەستی لەیەک نزیکردنەوەی لایەنە کوردیەکان، بڕیارە وەفدی فەرەنسی رۆژی (٤ ئایار) لە خۆرئاوای کوردستان لەگەڵ لایەنە کوردیەکان کۆببێتەوە.

 

Share this Post

شرۆڤە