شرۆڤە

ئایا راستە عێراق کێشەی نەختینەی پارەی هەیە ؟

31-12-2024


بڕی ئەو پارەیەی بانکی ناوەندی عێراق وەک دۆلار لە ئەمساڵدا بە دەرەوە و نێوخۆی فرۆشتووە، گەیشتووەتە سەرووی 62 ملیار دۆلار، واتە بە قەبارەی ئەم بڕە، دیناری وەرگرتووەتەوە کە بەتێکڕاش بۆ ئەمساڵ دەکاتە نزیکەی 80.6 تریلیۆن دینار. لەلایەکی دیکەشەوە بڕی ئەو پارەیەی وەک داهاتی نانەوتی لە باج و رسومات و دەروازەکانەوە بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە تاوەکو کۆتایی تشرینی یەکەمی 2024 گەیشتووەتە 14.3 تریلیۆن دینار، کەواتە هەردووکیان پێکەوە نزیکەی 95 تریلیۆن دینار دەکات، بەڵام تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم کۆی خەرجییەکانی عێراق گەیشتووەتە 122 تریلیۆن دینار، واتە هێشتا دوو مانگی خەرجی ساڵ ماوە بەڵام دیناری بەدەستهاتوو لە داهاتی دۆلارەوە کە لە نەوتەوە دێت کۆتایی پێی هاتووە.

ئەمەش لەکاتێکدا روویداوە بەپێی راپۆرتەکانی بانکی ناوەندی لەماوەی حەوت ساڵی رابردوودا، هێندەی ئەمساڵ دۆلار بەکاش و حەواڵە نەخراوەتەڕوو، کە بڕەکەی بەرێژەی 34%  لە ساڵی رابردوو زیاترە و بەم رێژەیەش بڕی دینار بۆ قاسەکەی بانکی ناوەندی و دواتر وەزارەتی دارایی گەڕاوەتەوە،  ئەی بۆچی باس لە نەبوونی پارەی کاش دەکەن بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوانزەی هەندێک لە دامەزراوەکان لە بەغدا و پشکی مووچەی مانگی 11ی هەرێمی کوردستان؟

بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ داهات و خەرجییەکان لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کۆی خەرجییەکان 94.5 تریلیۆن دینار بووە کە 85 تریلیۆن دیناری خەرجی بەکارخستن و 9.5 تریلیۆن دیناریشی خەرجی وەبەرهێنان بووە، بەڵام بەپێی راپۆرتی مانگی 10ی وەزارەتی دارایی کۆی خەرجییەکان بەرزبووەتەوە بۆ 122.7 تریلیۆن دینار، کە خەرجی بەکارخستن گەیشتووەتە 100.6 تریلیۆن و خەرجی وەبەرهێنانیش گەیشتووەتە 22 تریلیۆن دینار.

ئەگەریش بگەڕێنەوە بۆ مانگەکانی پێشووتر ئەوا بەڕوونی دەردەکەوێت کەوا خەرجییەکان، مانگانە لەنێوان 10 بۆ 11 تریلیۆن دینار بووە. بۆ نموونە لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو مانگی تەممووز کۆی خەرجییەکان 73 تریلیۆن دینار بووە، لە مانگی ئابدا بووەتە 83 تریلیۆن دینار و لە ئەیلوولیشدا گەیشتووەتە 94 تریلیۆن دینار بووە، واتە مانگانە خەرجییەکان 10 بۆ 11 تریلیۆن دینار بووە بەڵام لە مانگی 10دا خەرجییەکان دەگاتە 28.2 تریلیۆن دینار و کۆی گشتیشی لە سەرەتای ساڵەوە تا تاکۆتایی مانگی تشرینی یەکەم 122 تریلیۆن دینار بووە. واتە لەو مانگەدا لەجیاتی 11 تریلیۆن دیناری مانگانە 28.2 تریلیۆن دینار خەرجکراوە، کە بەهۆی هەردوو جۆری خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنانیشەوە بووە. بەشێوەیەک خەرجی بەکارخستن کە مانگانە 9 بۆ 10 تریلیۆن دینار بووە، لە مانگی 10ی ئەمساڵدا دەگاتە 15.6 تریلیۆن و خەرجی وەبەرهێنان مانگانە 1 تریلیۆن بووە لەم مانگەدا دەگاتە 12.6 تریلیۆن دینار.

ئێستا بەهۆی خەرجییەکانی مانگی 10وەیە نەختینەی کاش لە بەردەست وەزارەتی دارایی نییە بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی کۆتایی ئەمساڵ، چونکە ئەو خەرجییە زۆرەی لە یەک مانگدا کراوە سێ هێندە بووە. هەروەها، لەڕووی داهاتەوە، لەو 10 مانگەدا کۆی داهاتەکان زیاتر بووە لە خەرجییەکان، بەڵام نەتوانراوە کۆی داهاتی نەوتی بەدەستهاتووە بکرێت بە دیناری عێراقی یان راییکردنی پێداویستییە نیوخۆییەکان بە دۆلار بێت بەهۆی بڕیارەکانی حکومەتەوە کە دەبێت لەنیوخۆدا هەموو مامەڵەکان بە دینار بێت و هەموو مامەڵە دەرەکییەکانیش بە دۆلار و لەرێگەی حەواڵەوە بێت.

وەکو لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق هاتووە خەرجییەکان لەمانگی 10دا بەشێوەیەک زیادیکردووە کۆی ئەو دینارەی بە خستنەڕووی دۆلار بۆ دەرەوە و نێوخۆ بەدەستهاتووە لەگەڵ داهاتینانەوتی نێوخۆدا لە قەرەی نەیەت کە 28 تریلیۆن دینار بووە و  نزیکەی 18 تریلیۆن دیناری زیاتر بووە لە خەرجی مانگەکانی پێشووتری.

هەروەها، دیاریش نییە وەزارەتی دارایی  چۆن خەرجییەکانی ئەم کۆتاییەی ساڵ پڕ دەکاتەوە، چونکە رێژەی 95% کۆی پارەی چاپکراوی عێراق لە دەرەوەی بانکەکان کە بڕەکەی 95.5 تریلیۆن دینارە لەکۆی 101.3 تریلیۆن دینار تاوەکو کۆتایی تشرینی دووەمی 2024.

لەڕاستیدا ئەوەی لیرەوە بەدیاردەکەوێت لاوازی سیستەمی دارایی و نەبوونی سیاسەتی خەرجی و داهات لە عێراق، چونکە هێشتا وەزارەتی دارایی رێژەی 60% بودجەکەی بۆی دانراوە خەرجنەکردووە ئاوا کێشەی بۆ درووست بووە، ئەگەر بودجەکە وەک خۆی جێبەجێکرایە ئەو کات لەنیوەی ساڵەوە کێشەی نەختینە درووست دەبوو نەوەکو کۆتایی ساڵ.

لەکۆتاییدا، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا راستە عێراق کێشەی نەختینەی هەیە؟ بەڵی راستە عێراق کێشەی نەختینەی هەیە، بەڵام بەهۆی کەمی داهاتی نەوت و کەمی نرخی نەوت یاخود نەبوونی پارە و نەخستنەڕووی دۆلارەوە نییە، بەڵکوو بەهۆی سیاسەتی ئابووری خەرجی دەوڵەتەوەیە کەوا لە یەک مانگدا خەرجییەکان بەڕیژەی نزیکەی 300% هێندە زیادی کردووە.

Share this Post

شرۆڤە