RRC |
ئاکۆ محەممەد|
خاڵێك كە لە چەند ساڵی رابردوودا لەلایەن سیاسەتكار و پەرلەمانتارانی شیعەی عێراقەوە لە كۆبوونەوەكاندا بە شاندە كوردستانییەكان دەگوترێت لە بەغدا، بەڵام بۆ خەڵكی باس ناكەن ئەوەیە: لە ترسی تووڕەیی شەقامی خۆمان ناتوانین بودجە و مووچە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرین، ئێمە دەمانەوێت خۆمان بەربژێر بكەینەوە و لە پەرلەمان و حكومەت دا لە شوێنی خۆمان بمینێینەوە، بۆیەش ناتوانین شەقام لە خۆمان تووڕە بكەین. بۆ ئەوەی دەنگەكانمان لە دەست نەدەین نابێ پارەتان بۆ بنێرین.
ئەو خاڵە جێگەی هەڵوەستە لەسەركردنێكی یەكجار زۆر قووڵە، پێویستی بە لێكۆلینەوەیەكی وردە، ئایا ئەوە راستە یان نا؟ ئەگەر راستە چۆن ئەو هەست و هەڵوێستە دژی كوردستان لە شەقامی شیعی عێراق دا دروستبووە، لەكاتێكدا هەردوولا هاوسۆزی یەكتربوون بۆ ماوەی 82 ساڵ؟
یەكێك لەو تایبەتمەندییانەی كە لەلایەن حیزبەكانی كوردستان و حیزبە شیعییە بەرهەڵستكارەكانی رژێمی سەدامەوە شانازی پێوە دەكرا ئەوەبوو، كە دەسەڵاتدارانی عێراق سەرەڕای هەموو هەوڵەكانیان نەیانتوانی شەڕی حكومەتەكانی عێراق لەگەڵ پێشمەرگەدا بكەنە شەڕی كورد و عەرەب، لەو رووەشەوە زۆر هەڵوێستی سەركردایەتی كورد و مەرجەعەكانی شیعە هەن لە مێژووی هاوچەرخ دا لەڕووی پشتگیریكردن لە یەكتر كە لە مێژووی پەیوەندی هەردوولادا ون نابن.
ئەگەر وادابنێین قسەی ئەو سیاسەتڤان و پەرلەمانتار و حیزبانە راستە كە وادەڵێن و شەقامی شیعی عێراق دژی بودجە و مووچەدانە بە هەرێمی كوردستان، واتە دژی كورد و كوردستانە. بەڵام دیسانەوەش ئەوە هەڵەی خەڵكی شیعەی عێراق نییە، بەڵكو تاوانی ئەو حیزبە شیعانەی عێراقە كە كورد و شیعەیان كردووەتە دووژمنی یەكتر، بۆ شاردنەوەی خراپ بەڕێوەبردنی عێراق كە سەرەڕای داهاتی یەك ترلیۆن و 300 ملیار دۆلار لە دوای رووخاندنی رژێمی سەدامەوە، كەچی خەڵكەكەی بەوشێوەیە هەژار و بێكار و بێ خزمەتگوزارییە.
عێراق بەپێی راپۆرتی ساڵی رابردووی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لەنێو وڵاتە هەرە گەندەڵەكانی جیهاندا ژمارە 18یە. ئەگەر ئێستا هەموو پەرلەمان و حكومەتی عێراق بخەیە بەر تاقیكردنەوە و ئاڵنگاری ئەوەی ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی عێراق (بەبێ هەرێمی كوردستان) رابگەیێنن، نایزانن. هەروەك وەزیری پلاندانانی عێراق خالد بەتال مانگی ئوكتۆبەری ئەمساڵ بە ئاشكرا رایگەیاند “ژمارەی وردمان نییە”، لە كاتێكدا زیاتر لە هەشت ملیۆن كەس وەك فەرمانبەر و مووچەخۆر مانگانە پارە لە حكومەتی عێراق وەردەگرن. دوو جارە هەندێك ئەندامی پەرلەمان داوا لە حكومەتی عێراق دەكەن بایۆمەتری بكات بۆ روونبوونەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی، كەچی حكومەت لە ترسی ئەوانەی لە حكومەت بەهێزترن، ناتوانێ بیكات.
دەوڵەتێك ژمارەی دانیشتووانی نەزانێت، چونكە ناتوانێ سەرژمێری بكات، ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆران و هێزە چەكدارەكانی نەزانێت بەپێی ژماردنێكی راستەقینە، دەوڵەتێك یەكێك لە گەورەترین فرۆشیارانی نەوت بێت و یەكێك لە بێ خزمەتگوزاریترین دەوڵەت بێت، دەوڵەتێك سیاسەتڤانەكانی بڵێن ناتوانین بودجە و مووچەی هەرێمێكی وڵاتەكە بدەین چونكە زۆرینەی گەلەكەی دژی ئەوەیە، ئەم دەوڵەتە بە دەست ئەو بەڕێوەبەرانەوە چاوەڕوانی چ دواڕۆژێكی لێدەكرێت؟
عێراق پارەیەكی زۆری تێڕژا، بەڵام چونكە جیاكاری و شەڕی مەزهەبی كردییە نائارامترین وڵاتی جیهان، پارەیەكی یەكجار زۆری بە گەندەڵی بەهەدەر چوو، بەبێ ئەوەی حكومەت و كەرتی تایبەت گەشە بكات. هەرێمی كوردستان بڕێكی زۆر كەم لەو بودجەیەی وەرگرتووەو لەنێوان 5- 12 ملیار دۆلار بووە، چونكە ئارام گەشەسەندنێكی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئێستا هەندێك سیاسەتڤانی عێراق بە خەڵكی عێراق دەڵێن كارگە و مۆڵەكانی كوردستان بە پارەی حكومەت بنیادنراوە، لەجیاتی ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە جیاكاری مەزهەبی و نەتەوەیی راگرن و ئارامی دروستبكەن، بۆ ئەوەی خەڵكی عێراق پێشكەوتن ببینێت.
تائێستا دانیشتوویەكی بەسرە و بەغدا سووكایەتی بە خەڵكی كوردستان نەكردووە، بەڵام هێزە چەكدارەكانی عێراق و سیاسەتڤان و گرووپە سیاسیەكان زۆر جار سووكایەتیان بە پیرۆزییەكانی و هەستی گەلی كوردستان كردووە، كەواتە راست نییە خراپییەكان بە بیانووی شەقامەوە پاساو بدرێن.