شرۆڤە

بەئاسایشیكردنی پرسێكی نا-ئاسایشی: مەترسییە شاراوەكەی تەندروستیی هەرێمی كوردستان

29-03-2020


 

RRC |

 

د. پەروێز رەحیم قادر /دكتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی |

 

سەرەتا پێویستە بڵێم كە بەرگری لە دیسكۆرسی هەردوو بەرێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە لە وتاروگوتارەكانیاندا بەوپەڕی رێز و هەست بەبەرپرسیارێتی و تەنانەت دڵسۆزییەوە هەڵوێست و روانگەی خۆیان دەربڕیوە. لەوانەیە جێگەی پرسیار و سەرسووڕمان بێت كە ئەمە چ پێوەندییەكی بە ناونیشانی وتارەكەوە هەیە، بەڵام لەراستیدا ناوەڕۆك و گەهەری بابەتەكە هەر ئەم رەستەیەی پێشووە.

لەماوەی رابردوودا پەیام و وتەكانی بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سۆشیالمیدیا، رووبەڕووی رەخنەی توندی هەندێ كەس و لایەن بووەوە. كرۆكی رەخنەكەش بریتیبوو لەوەی كە بەڕێزیان بۆ “تكا” دەكات و لە وشەی “تكایە” كەڵك وەردەگرێت؟ لەكاتێكدا پێویستە بەتوندی و بەهێزەوە (تۆ بیخوێنەوە بە سەربازی یاخود توندوتیژییەوە!) رووبەڕووی هەڵگرانی نەخۆشییەكە و ئەم نەخۆشییە ببێتەوە. پێویستە لەبیرمان نەچێت ساكارترین و ساناترین كار بۆ حكومەت بەوپێیەی كە قۆرخی دەسەڵاتی بەكارهێنانی هێزی لایە(دادگا، سوپا و پۆلیس و ئاسایش و یاسا و راگەیاندن و پەروەردە و…)، بەكارهێنانی توندوتیژییە بە هەردووجۆری سیمبۆلی و كردەیی و رەقەوە. راستییەكەی ئەوەیە كە ئەو كەس و لایەنانە(بە مەبەست یاخود بەبێ مەبەست) خەریكە هانی دەسەڵاتداران دەدەن كە پرسێكی مرۆیی-تەندروستی “بە-ئاسایشی” بكەن.

راستە كە ئاسایشی كۆمەڵایەتی بەهۆی پەتای كۆڤید-19ەوە كەوتۆتە مەترسیی و پێویستی بە رێوشوێنی توندی تەندرووستی و تەنانەت سیاسی هەیە، بەڵام ئەوە بەم مانایە نییە كە خودی نەخۆش و نەخۆشییەكەش پرسێكی ئاسایشییە. چونكە ئەگەر ئەم تێڕوانین و روانگەیەمان هەبێت، بێگومان تیۆری پیلانگێری(conspiracy theory) دەبێتە چوارچێوەی شرۆڤە و تێگەیشتنمان و بەم پێیەش سیاسەت و رێوشوێنە تەندروستی و ئابووری و سیاسی و زانستە سرووشتی و پزشكییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییەوە دەكەوێتە ناو دۆخێكی ناڕوون، پشێوی و تەنانەت قەیراناوی و بێمتمانەییەوە.

ئەمەش كەمترین لێكەوتە و دەرهاوێشتەی ئەوەیە كە لەلایەك دەسەڵات هاندەدات بەتوندوتیژییەوە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیان بكات و لە داهاتوودا ئەگەری زۆرە كە ئەم سیاسەت و تێڕوانین و رێوشوێنە بۆ هەموو و پرسەكانی دیكەش جێگیر بێت، لەلایەكی تریشەوە وادەكات “نەخۆش و نەخۆشی” وەكوو “تاوانكار و تاوان” سەیر بكرێن. لێرەدا مەبەستی سەرەكی من بڕگەی دووەمی ئەرگیۆمێنتەكەیە.

بەشێوەیەكی گشتی، هەر بابەت و پرسێك بۆ ئەوەی بە-ئاسایشی بكرێت پێویستە سەرەتا بە گوتار یاخود لە دیسكۆرسی دەسەڵات/بەرپرساندا وەكوو هەڕەشە و مەترسییەكی هەنووكەیی بۆ هەموو تاكەكان/كۆمەڵگە/دەوڵەت بناسرێت و پێناسە بكرێت. هەر بابەت و پرسێكی ئاسایشیش دەكەوێتە سەرووی پرسە ئاسایی و یاسایی و تەنانەت سیاسییەكانەوە، بۆیە لێرەوە بكەر/خوڵقێنەری رووداو یاخود پرسە ئاسایشییەكە وەكوو تاوانكار و پرسە ئاسایشییەكەش وەكوو هەڕەشە/تاوان دەناسرێت كە سزای قورسی یاسایی و تەنانەت ئەخلاقی هەیە. بۆیە بۆ بەئاسایشیكردنی پرسێك چی هەڕەشە و مەترسییەكان راستەقینە بێت یاخود نا، هەروەها رەوا بێت یاخود ناڕەوا، دەبێت لەرووی دیسكۆرس/گوتارییەوە قەناعەت بە هاوڵاتیان بكرێت كە ئەو پرس و بابەتەی كە مەبەستە، هەڕەشەیەكی جدی و راستەقینە و هەنووكەییە بۆسەر ژیان و بەرژەوەندییە مادی و نامادییەكانیان و پێویستە بە توندوتیژی و بەم پێیەش بەهێزەوە رووبەرووی ببینەوە. بۆ نموونە كردەوە تیرۆریستییەكان و سزای یاسایی و ئەخلاقی دەوڵەت و كۆمەڵگەكان بۆ تیرۆریستان.

لە هەرێمی كوردستاندا دۆخەكە بەجۆرێكە كە هەڵگر و تووشبووی كۆڤید- 19 وەكوو تاوانبار سەیر بكرێت. هەر ئەمە رووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایەی لە كوردستان تووشی گرفتی جیددی و ئالنگاری كردۆتەوە. ئەم گوتارە وایكردووە كە كەسەكان هەوڵی بەنهێنی هێشتنەوەی نەخۆشییەكە و شاردنەوەی بدەن و خۆیان بە دەزگا پەیوەندیدارەكان نەناسێنن. تەنانەت كەرەنتینكراو وەكوو دەستبەسەركراو و كەرەنتین وەكوو بەندیخانە هەڵگری واتایەكی نەرێنییە. هەر بۆیە كارەساتەكە رێك لێرەدا بەرجەستە دەبێت و لێرەوە ئاسایشی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە مەترسی و ئەمەش كەرتی تەندروستی كوردستان رووبەرووی مەترسی و قەیران دەكاتەوە و بەرەو داهاتوویەكی نادیار و تۆقێنەرمان دەبات.

لە كۆتاییدا واباشترە هەموومان پێكەوە هەوڵبدەین نەخۆش و ئەم نەخۆشییە لە چوارچێوەی بەئاسایشیكردن(تاوان و تاونكار) بهێنینە دەرەوە و بیگەڕێنینەوە چوارچێوە سروشتی و زانستییەكەی خۆی بۆ ئەوەی هەڵەیەكی “گوتاری” تووشی كارەسات و قەیرانێكی مرۆیی و كۆمەڵایەتیمان نەكات. چونكە ئەگەر ئەم گوتارە بەم شێوەیە  بەردەوام بێت، لەوانەیە خودی منیش دوودڵ و دردۆنگ بم ئەگەر تووشی ئەم نەخۆشییە بم خۆم بناسێنم وەكوو نەخۆش و هەڵگری ڤایرۆسەكە!

 

Share this Post

شرۆڤە