شرۆڤە

بەهارات؛ تامی تاڵی رێگەیەک بۆ عێراق!

13-09-2023


بەرایی

راگەیاندنی کۆریدۆری بەهارات، دەتوانێت گورزێکی کاریگەر بێت لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی عێراق کە سوودانی خەونی بەستنەوەی ئاسیا و ئەوروپای لەسەر هەڵچنی بوو. راستییەکەی، پڕۆژە گەورە ژێرخانییەکانی جیهان چەندێک ئابووری بن، ئەوەندەش سیاسین و، رەنگە ئەمەش هۆکارێک بووبێت کە وایکردبێ، عێراق لە دەرەوەی بازنەی پڕۆژە نوێیەکەی بەستنەوەی ئاسیا بە ئەوروپاوە بێت کە لە دوایین کۆبوونەوەی G20دا راگەیێندرا.

رێگەی بەهارات

هەریەک لە وڵاتانی هیندستان، سعودیە، ئیمارات، ئوردن، ئیسرائیل، ئیتاڵیا و فەرەنسا بە پاڵپشتیی ئەمریکا رێککەوتوون تاوەکو نزیکەی دوو مانگی دیکە بە کردەوە پلانی کارکردن لەسەر رێگەی بەهارات دابنێن کە لە دوو بەش پێکدێت. کۆریدۆری ئابووریی هیندستان- رۆژهەڵاتی نێوەڕاست- ئەوروپا(بەهارات) لە سەرەتا هیندستان و وڵاتانی خەلیج بە یەک دەبەستێتەوە کە ئەمە بەشی رۆژهەڵاتەکەیەتی و دواتریش، لە بەشی دووەمدا کە بەشی باکوورە، بە سعودیە و ئوردندا دەڕواتە بەندەری حەیفا لە ئیسرائیل و لەوێشەوە، لە رێگەی ئاوییەوە بەرەو ئەوروپا مل دەنێت.

بە بەراورد بە دەستپێشخەرییەکەی چین بۆ رێگەی ئاوریشمی نوێ- Belt and Road Initiative - کە تائێستا 149 وڵات تێیدا بەشدارن، ژمارەی وڵاتانی بەشدار لە رێگەی بەهارات کەمن، بەڵام ئابووری و ئاسایشەکەیان بەهێزترە. کۆی ئابووریی 8 وڵاتەکەی رێگەی بەهارات بە ئەمریکاشەوە، سەرووی 42 تریلیۆن دۆلارە لە 105 تریلیۆن دۆلارەکەی ئابووریی هەموو جیهان. ئەمە بێجگە لەوەی کە لەڕووی سەربازییەوە هەندێکیان ئەندامی ناتۆن یان هاوبەشی ئەو رێکخراوەن و ئەمریکاش وەک گەورە هێزدارەکەی جیهان لەپشتیانە. هەرچەندە هەریەک لە سعودیە، ئیمارات و ئیتاڵیا لە پڕۆژەکەی چینیشدا بەشدارن، بەڵام بە ناوەندبوونی هیندستان لە پڕۆژەی بەهارات کە رکابەرێکی چینە، هەروەها پاڵپشتیی ئەمریکاش لە پڕۆژەکە، لەگەڵ ئەگەری کشانەوەی ئیتاڵیا لە پڕۆژەکەی چین، وایانکردووە کە هەندێک، رێگەی بەهارات وەک ئەڵتەرناتیڤێکی دەستپێشخەرییەکەی چین لە 2013 سەیر بکەن. بە تایبەت کاتێک کە ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ رێککەوتنی ئابراهام لە 2020 و دامەزراندنی گرووپی I2U2 لە 2021 پێکەوە سەیر بکەین کە گرووپێکی هاوکاریی نێوان هیندستان، ئەمریکا، ئیمارات و ئیسرائیلە. راستییەکەی بەهۆی تێکەڵاویی ئابووریی جیهان بە یەکتری و رۆڵی چین لەوەدا، ئەستەمە لانیکەم جارێ، ئەو پڕۆژەیە بتوانێت چین لە ئابووریی جیهان وەدەر بنێت، بەڵام دەتوانێت وەک فاکتەرێکی گرنگ لە باڵانسی جیۆپۆلەتیکی جیهاندا دەوری هەبێت.

خەونی رێگەکان لە عێراق

عێراق لە دیسێمبەری 2015دا بووەتە وڵاتێکی ئەندام لە دەستپێشخەرییەکەی چین (BRI). لە سەردەمی مستەفا کازمیشدا پڕۆژەی شامی نوێ زیاتر لە گۆڕێ بوو کە خوازیاری تێکەڵاوییەکی زیاتری عێراق، ئوردن و میسر و گەیشتن بە ئەوروپا بوو. هەڵبەت ناسەقامگیریی نێوخۆیی و بە دیاریکراوی گرژییەکانی نێوان لایەنە شیعییەکان، باڵادەستیی دیدگای پان ئیسلامیستی شیعی بەسەر بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسسیەکانەوە، وایکرد کە بەخشکەیی پڕۆژەکەی مستەفا کازمی لەسەر شامی نوێ لەبیربکرێت یان لانیکەم وەک جاران گرنگی پێنەدرێت.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دوای هاتنە سەرکار، کۆنگرەیەکی بۆ رێگەی گەشەپێدان رێکخست و نوێنەرانی چەند وڵاتێکی درواسێی بۆ بانگکرد و دواتریش چەندین جار جەختی لەوە کردووە کە ئەو پڕۆژەیە عێراق بەڕووی جیهان دەکاتەوە و رۆژهەڵات و رۆژئاواش بە یەک دەبەستێتەوە. بێگومان جێگرتن لە پڕۆژەیەکی گەورەی ژێرخانی کە رۆژهەڵات و رۆژئاوا بە یەک ببەستێتەوە دەستکەوتی گەورەی ئابووری و سیاسیشی بۆ عێراق دەبێت، بەڵام دەشێ راگەیاندنی کۆریدۆری بەهارات ئەو خەونەی تێکدابێت.

بەرلەوەی کۆریدۆری بەهارات رابگەیێندرێت، ئەمریکا، هیندستان، ئیسرائیل و ئیمارات لە ساڵی 2021دا گرووپی I2U2 یان دروستکرد کە لە چەندین بواری جیاجیادا هاوکاریی یەک دەکەن. لە 2020ـەوە بە رێککەوتنی ئابراهام کار لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییکانی عەرەب – ئیسرائیل دەکرێت. بێجگە لەوە، هەریەک لە فەرەنسا و ئەمریکا ئامادەیی سەربازیی خۆیان لە کەنداو بەهێزتر کردووە، بەڵام عێراق لە کاتێکدا باسی رێگەی گەشەپێدان دەکرا کە دەیان گرووپی چەکداریی جیا جیا لەسەر وێستگەکانی ئەو رێگایە بڵاون و تەنانەت نەیتوانیوە رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکات کە هاوشانی ئاسایشی دەشتی نەینەوا، پێداویستییەکی هەرە لەپێشی دروستکردنی ئەو رێگەیەن. بێجگە لەوە، نەک تەنیا هەوڵدرا بۆئەوەی بە پاساوی تەکنیکی هەرێمی کوردستان لەو پڕۆژەیە دووربخرێتەوە، بەڵکو ئەو ئایدیایەش بەهێزبوو کە عێراق دەتوانێت بەهۆی پڕۆژەی وەهاوە هەرێمی کوردستان لاوازتر بکات کە بێشک ئەوەش واتای ناسەقامگیری لە ماوەی درێژخایەن دەدات. بەگشتی ناسەقامگیرییەکانی سیستمی سیاسی کە وادەکات لەنێوان فیدراڵیی و ناوەندیبووندا بێت و بڕوا، مەترسیی گەورە بۆ ئەو جۆرە پڕۆژەیە دروست دەکەن. ئەمە بێجگە لەوەی کە ئەگەری ململانێی وڵاتانی ناوچەکەش دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ئەم پڕۆژەیەی عێراق دابنێت.

کۆتایی

بێگومان تەنیا هەبوونی رێگە و شوێن بۆ گواستنەوە بەس نییە بۆ ئەوەی وڵاتێک لە کۆریدۆرێکی نێودەوڵەتیدا جێ بگرێت، بەڵکو توانستی دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری شەرتێکی دیکەی ئەم کارەیە. پێدەچێت عێراقیش بە هەبوونی دیمەنی موشەکە وەخت و ناوەختەکانی گرووپە چەکدارەکان، گرژی نێوخۆیی شیعی، ناکۆکیی قووڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ناڕوونیی داهاتووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، هەروەها بەهەبوونی کۆمەڵێک پرسی چارەسەرنەکراوی سوننەکانەوە، نەبووبێتە جێگەی سەرنج بۆ زۆرێک لە لایەنەکانی کۆریدۆری بەهارات.

Share this Post

شرۆڤە