بەرایی
نزیکەی ساڵیک لەمەوبەر پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس تووشی شۆکێک بوو کە تاوەکو ئێستا زیانەکانی بەردەوامی هەیە. بەشێوەیەک کۆی داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراوی لە هەرێمی کوردستان لە 2023دا کردە یەک لەسەر سێی ساڵی 2022.
بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانی پاریس لەکاتێکدا بوو کەوا ساڵی 2022 دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق تاڕادەیەک نادڵنیاییەک و مەترسییەکی یاسایی درێژخایەنی بۆ پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دروستکردن و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتی خستە دۆخێکی نوێوە، بەڵام شۆکە گەورەکە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس و گرتنەوەی قوفڵەکە لەلایەن تورکیاوە وایکرد بەرهەمهێنانی نەوت لە زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان رابگرێت.
ساڵی رابردوو بەپێی داتا کۆکراوەکان، کۆی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان ناگاتە 100 ملیۆن بەرمیل، لەکاتێکدا و لە 2022دا سەروو 158 ملیۆن بەرمیل نەوت لەهەموو کێڵگەکانەوە بەرهەمهاتبوو، واتە ساڵی رابردوو بە بەراورد بە 2022 بەرهەمهێنانی نەوت بەرێژەی 42% و داهاتەکەشی بەڕێژەی 67% کەمیکردووە.
ئێستا، بەپێی داتای کۆمپانیاکان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتووەتە سەروو نیوەی ئەو ئاستەی کە قوفڵی بۆرییەکە هێشتا نەگیرابووەوە. بەشێوەیەک لەمانگی کانوونی یەکەمی 2023 گەیشتووەتە 286 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەڵام فرۆشتنی بەنێوخۆ و بەنرخی 30 بۆ 40 دۆلار وایکردووە کۆمپانیاکان سەرجەم کارەکانی وەبەرهێنان رابگرن و کارمەندەکانیان رۆژ بە رۆژ کەمبکەنەوە.
بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023
ساڵی رابردوو بەرهەمهێنانی نەوت لەمانگی نیسانەوە گۆڕانێکی بەخۆوە بینی کەوایکرد کۆمپانیاکان سەروو نیوەی کارمەندەکانیان بنێرنەوە بۆ ماڵەوە، ئێستاش سەرەڕای بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان هێشتا ئەوانەی دەرکراون نەگەڕێنراونەتەوە بۆ سەر کارەکانیان، چونکە کۆمپانیاکان هەموو خەرجییەکانی وەبەرهێنانیان CAPEX بۆ کەمترین ئاست کەمکردووەتەوە و هەندێکیان بەتەواوی رایانگرتووە و تەنیا خەرجی ئۆپرەیشن OPEX کاری پێدەکرێت.
بەپێی داتا کۆکراوەکان ساڵی رابردوو کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەموو کێڵگەکان 93 ملیۆن و 776 هەزار بەرمیل نەوت بووە، کە کەمترینی لە مانگی حوزەیران و بەرزترینی لەمانگەکانی سەرەتای ساڵ بووە وەکو لە گرافیکی یەکەمدا دەردەکەوێت.
گرافیک 1: ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە 2023 بەگوێرەی مانگەکان / هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
چارەکی دووەمی 2023 لەڕووی بەرهەمهێنانی نەوتەوە لە هەرێمی کوردستان لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا لە نزمترین ئاستدا بووە. هەروەها، لەڕووی بەرهەمهێنانی نەوتی ساڵانەشەوە بەپێی داتاکانی دیلۆیت زۆرترین بڕی بەرهەمێنراوی نەوت لەساڵی 2019 بووە کە گەیشتووەتە 170 ملیۆن بەرمیل نەوت و کەمترینیشی لە 2023 بووە کە 93.7 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە وەکو لە خشتەی یەکەمدا هاتووە.
خشتەی 1: کۆی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان 2018-2023
سەرچاوە: داتای کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، 6-2-2024
تێبینی، داتاکانی 2018 تاوەکو چارەکی یەکەمی 2023 لە دیلۆیت وەرگیراوە، لە چارەکی دووەمی 2023وە بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی و راپۆرتی کۆمپانیاکانی نەوت IOC و میس ئامادەکراوە.
دوای دەیەیەک گەڕانەوە بۆ سفر هەناردەکردنی نەوت بە بۆری بۆ دەرەوە و زیانەکانی
زیانەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆری، چ بەنرخی برینت یان نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ دەرەوە لێکدانەوەی بۆ بکەین ئەوا ملیاران دۆلارە، چونکە جیاوازی ئەو نرخەی هەرێمی کوردستان لە چارەکی دووەمی 2023وە تاوەکو ئەم رۆژانەش نەوتی پێی فرۆشتووە کەمتر لەنیوەی نرخی نەوتی برێنت و نەوتی فرۆشراوی عێراقە.
لەکاتێکدا، پێش گرتنەوەی قوفڵی بۆری هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، تێکڕای نرخی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە برێنت 13.5 دۆلار کەتر دەفرۆشرا و بە بەراورد بە نەوتی هەناردەکراوی عێراق 7.9 دۆلار کەمتر فرۆشرابوو.
هێشتا بەهۆی نەگەشتنە رێککەوتن و فرۆشتنی بەنێوخۆ جیاوازییەکە لە چارەکی چوارەمی 2023 بەتێکڕا بۆ برێنت 38 دۆلار و بۆ نەوتی هەناردەکراوی عێراق 47 دۆلار بووە، بڕوانە گرافیکی خوارەوە لەبارەی تێکڕای نرخی نەوت لەچارەکەکانی 2023دا.
گرافیک 2: نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان بە نێوخۆ بە بەراورد بە برینت و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە 2023
سەرچاوە: EIA، وەزارەتی نەوتی عێراق و دیلۆیت.
تێبینی1: نرخی نەوتی هەناردەکراو بە تەواوی بەردەست نەبووە لە چارەکی دووەم، سێیەم و چوارەمی ساڵی رابردوو، بەڵام بەپێی راپۆرتەکانی دی ئین ئۆ بە 30 دۆلار و HKN بە 38 دۆلار، واتە لەنێوان 30 بۆ 40 دۆلار بووە، لێرەش بە 35 دۆلار دانراوە.
تێبینی 2: بەپێی راپۆرتی HKN لەچارەکی یەکەمی 2023، 14 دۆلار لەخوار برینت فرۆشراوە کە لێرەش جیاوازییەکە 13.54 دۆلارە.
خاڵیکی دیکەی سەرنجڕاکیش ئەوەیە دوای دەیەیەک هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان دەبێتەوە سفر وەکو لە گرافیکی 3دا هاتووە. ئەوەی لێرەشدا پێویستە ئاماژەی بۆ بکەین و هەڵوەستەی لەسەر بکەین ئەوەیە کەوا ئێستا هەموو جیهان نەوت بەرهەمدەهێنێت و دەفرۆشێت.
هەروەها، بازاڕەکانی جیهان و وزە هیچکات هێندەی ئەم رۆژانە پێویستی بە نەوت نییە، چونکە بازاڕی وزە لە هەموو رووەکانەوە هێندەی ئێستا ناسەقامگیر نەبووە، تەنانەت ئێران و وڵاتانی دیکەش کە ئابڵوقەی ئابووریان لەسەرە ئێستا رێگەیان بۆ کراوەتەوە بۆ فرۆشتنی نەوت و هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان ، بەڵام نەوتی هەرێمی کوردستان دوای نزیکەی 11 مانگ هێشتا دیار نییە کەی دەستدەکرێتەوە بە هەناردەکردنەوەی بۆ بازاڕەکانی جیهان لەرێگەی بەندەری جەیهان یاخود لانیکەم گواستنەوەی بە تەنکەر بۆ بەندەری بەسرە وەکو ئەوەی بۆ نەوتی کەرکوک دەکرێت.
گرافیک 3: هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە سفرەوە بۆ سفر 2013-2023
کێ قەرەبووی ملیاران دۆلاری لەدەستچووی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە ئەستۆ دەگرێت؟
ساڵی رابردوو (2023) بەپێی خەمڵاندنەکان بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو و فرۆشراو بە نێوخۆ لە هەرێمی کوردستان کۆی داهاتەکەی 4.06 ملیار دۆلار بووە، ئەگەر وەک چارەکی یەکەمی 2023 داهاتی نەوتی فرۆشراو لەنێوان کۆمپانیاکان و حکومەت خەمڵاندنی بۆ بکەێن ئەوا 1.8 ملیار داهاتی سافی بووە.
لەماوەی شەش ساڵی رابردوو و تەنانەت لە سەردەمی کۆرۆنا کە نرخی نەوت گەیشتە ژێر سفر و جیهان لە جوڵە کەوت هێندەی ساڵی رابردوو زیانی بە هەرێمی کوردستان و پیشەسازییەکەی نەگەیاندووە، ئەگەر ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنراوە بڕیاری دادگای پاریس نەبوایە بە نرخی نەوتی برێنت یان عێراق بفرۆشرایە کە بەتێکڕا نرخی نەوتی برێنت 80 دۆلار بووە، ئەوا داهاتی ئەو بڕەی بەرهەمهاتووە دوو هێندە دەبوو.
گرافیک 4: داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2023
سەرچاوە: داتای کراوە و راپۆرتەکانی دیلۆیت
تێبینی 1: ژمارەکان لە 2018وە تاوەکو چارەکی یەکەمی 2023 لە راپۆرتەکانی دیلۆیت وەرگیراوە.
تێبینی 2: داتای چارەکی دووەمی 2023 لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان و وەزارەتی دارایی عێراق وەرگیراوە.
تێبینی 3: داهاتی چارەکی سێیەم و چوارەم لە فرۆشتنی نەوتی خاوی کۆمپانیاکان بە نێوخۆ و بەتێکڕای 35 دۆلار دانراوە.
تێبینی 4: داهاتی سافی هەرێمی کوردستان بۆ چارەکی دووەم، سێیەم و چوارەمی 2023 لەسەر بنەمای چارەکی یەکەم دانراوە، هەرچەندە ئێستا کۆمپانیاکان نەوت بە نێوخۆ دەفرۆشن و پێشوەختە پارەکانیان وەردەگرن، بەڵام هیچ راپۆرتێکی فەرمی دیلۆیت لەبارەی داهاتی نەوت و سافی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەکەکانی 3,2و4ی ساڵی رابردوو نییە و لێرەدا داهاتەکە خەمڵینراوە کە وەکو چارەکی یەکەمی 2023 بێت لەنێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
کۆتایی
پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ساڵێکی سەختی بەڕێکرد و چاوەڕوانناکرێت لەم رۆژانەشدا گفتوگۆکان بگەنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، چونکە دوای نزیکەی 11 مانگ هێشتا گفتۆگۆکان بەردەوامییان هەیە.
بڕیارەکەی دادگای باڵای فیڕاڵی عێراق و نێوبژیوانی پاریس دۆخێکی وایان خوڵقاند کە کابینەکەی سوودانی دوای ساڵیک و چوار مانگ نەتوانێت یاسای نەوت و گازی عێراق رەوانەی پەرلەمان بکات، لەکاتێکدا لەکاتی راگەیاندنی کابینەکەیدا بەڵینیدابوو پاش 6 مانگ رەوانەی پەرلەمانی بکات و کۆتایی بەم پرسە بهێنێت.
زیانە ملیار دۆلارییەکانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان وایکردووە رۆژانێکی سەختی ئابووری بێتە ئاراوە.
لە کۆتاییدا، راگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانێکی ملیاران دۆلاری لە ئابووری و ژێرخانی هەرێمی کوردستان داوە، بەردەوامیشی جگە لە زیان قازانج بۆ هیچ لایەنێک تێدا نییە! ئەی بۆچی لایەنەکان ناگەنە رێککەوتن؟