لەپاش كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان (15ی حوزەیرانی 2022)، لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە، هەر لێكدانەوەیەكیان بۆ بڕیارەكە هەبووبێت، بە كردەیی وەها مامەڵەیان كرد كە ركابەرە سەرەكییەكەیان چۆكی داداوە و گۆڕەپانی بۆ چۆڵ كردوون، هەر لەم میانەیەشدا بەخێرایی و لە دانیشتنێكی نائاساییدا 73 كورسییەكەی پەرلەمانتارەكانیان پڕكردەوە، بەدواشیدا محەممەد شیاع سودانی یان بەربژێركرد كە پێشتر و لەسەرووبەندی خۆپیشاندانەكانی تشرین، سەدر ڤیتۆی لەسەری دانابوو(2020)، ئەمەش ئۆقرەی لە سەدر بڕی و بەدوایدا لایەنگرەكانی ناردە سەر پەرلەمان.
بەلای سەدرەوە هەر بەرەوپێشچوونێكی چوارچێوەی شیعە لە پرۆسە سیاسییەكە، لە نائامادەیی رەوتەكەیدا، جگە لەوەی پەیامی بێزاركردن و هەراسانكردنە، مەترسییەكی گەورەشە لەسەر داهاتووی پرۆژە سیاسییەكەی. چونكە بەگوێرەی ئەزموونەكانی پێشوو، بەشی زۆری كاریگەریی لە عێراق لە سایەی بەشداریكردن لە دەسەڵات و پڕكردنەوەی جومگەكانی دەوڵەت بەدەست دێت نەك لەڕێی بوون بە ئۆپۆزسیۆن. هەروەها هێشتا لەژێر كاریگەری پەرچەكردار و شۆكی ئەو لەمپەرانەدا دەژی كە بۆ حكومەتی “زۆرینەی نیشتمانی” و كاندیدكردنی جەعفەر سەدر دروست كران و، ئێستاش بە پەكخستنی پرۆژەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە تۆڵەی خۆی دەكاتەوە.
بەئەگەری زۆر، حكومەتی نوێی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەست بۆ یاسای هەڵبژاردن دەبات كە پێشتر دادگای فیدراڵی راسپاردەی هەیە بۆ هەمواركردنەوەی، لەوانەیە ئەمەش رێگربێت لەوەی جارێكی دیكە سەدرییەكان بەم جۆرەی ئێستا ببنەوە یەكەم لە بازنە شیعەكان، ئەمەش بۆ سەدرییەكان مەسەلەیەكی زۆر جێگە بایەخ و گرنگە چونكە لە خولی پێشوودا (چوارەم) كاری زۆریان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و دابەشكردنی بازنەكانی و پێكهێنانی كۆمسیۆنەكەی كردووە. دەستكاریكردنیشیان لە نەبوونی ئەواندا بە دڵنیایی لە بەرژەوەندییان نابێت، ئەمەش یەكێكە لە ناكۆكییە هەرە شاراوەكانی نێوان سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
سەدرییەكان بەرگەی ئەوە ناگرن، ركابەرەكانیان حكومەت پێكبهێنن و تا ساڵی 2025 كە وادەی یاسایی هەڵبژاردنە، ئەمانیش لەسەر كورسی یەدەگ لە چاوەڕوانی و تەماشاكردندا بن، بۆیە چاری دیكەیان نییە جگە لە سەپاندنی قۆناغێكی راگوزەر كە چاوەڕوانییەكە كورت بكاتەوە بۆ دەورووبەری ساڵێك یان شتێك زیاتر، بۆ ئەوەی ئەمانیش بەهێز و گوتارێكی نوێوە بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان.
محەممەد شیاع سودانی بە دەستە گوڵی مالیكی دادەنرێت، بەڵام لە پاش پاڵاوتنەكەی لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پاش ئەوەی مالیكی تووشی لێكەوتەی تۆمارە دەنگییەكانی بوو، بە پلەی یەكەم عەسایب كەوتنە بانگەشەكردن بۆ حكومەتە چاوەڕوانكراوەكەی و مەرجی وەزیرەكانیشیان راگەیاند. هەر لەو بەینەشدا قەیس خەزعەلی گوتی “هەناسەی زەهرا لە كۆبوونەوەی بەربژێركردنی سودانی ئامادەبوو”، ئەمەش بۆ سەدرییەكان دووجار هەراسانكەرە، لەلایەك عەسایب باڵێكی جیابووەوەن. پێشتریش زۆرجار سەدر باسی لەوە كردووە ئەوانەی لەسەر شانی ئەو هەڵكشاون و دواتر بەجێیان هێشتوون، خەڵكانی سپڵەو بەد رەفتارن، هەروەها هەردوولایان لەسەر میراتی محەمەد سادق سەدر شەڕیانە، ئێستاش دەیانەوێت پیرۆزی و حیكایەتە مەزهەبی و ئاینییەكان ببەن. لە كاتێكدا سەدرییەكان عەسایبیان پێ ناشەرعییە و بە پاشكۆ و خیانەتكاریان دەزانن.
بە پڕكردنەوەی كورسییەكانی سەدر و دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیران، چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەنگاوێك چوونە پێش و چەند خاڵێكیان لەسەر سەدر تۆماركرد، بەڵام ئەویش لە بەرامبەردا بە داگیردنی ناوچەی سەوز و پەرلەمان یارییەكەی یەكسان كردەوە، ئێستاش قۆڵ بادانی هەردوولا لەسەر توانای درێژەدان بە ناڕەزایەتییەكان و بەكارهێنانی كارتەكانی گوشارە لە دژی یەكتر.
سەدر هەموو ئەو بۆچوونانەی سەلماند كە بەبێ ئەو هیچ یارییەكی سیاسی لە عێراق سەرناگرێت، بەڵام ناڕوونی زۆر لە داواكارییەكانی هەیە و ئاستەكەی هێندە بەرزكردووەتەوە كە ئەگەری لێكگەیشتنی دوور خستووەتەوە. لە بەرامبەریشدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵیان دا كارتی شەقام رابكێشن و ئەمەش دۆخی شیعەی خستە بەر مەترسی پێكدادان. بۆیە ناچار، بەزویی و بەشێوەیەك كۆتاییان پێ هێنا بۆ كاتی دیكە و ئاماژەیەكی بەهێزیان دا كە هەروا بەئاسانی تەسلیم نابن.
لە ئاسۆی نزیكدا چارەسەری مامناوەند بۆ كێشەی سەدر و لایەنە شیعە ڕكابەرەكانی دیار نییە، بەڵام ئەگەری خزانی دۆخەكەش بۆ شەڕی ناوخۆیی شیعە شیعە زۆر بەهێز نییە، چونكە ئەوە یەكسانە بە خەساری ئێران و شلبوونی مشتی شیعە بەسەر حوكمڕانی عێراق. جگە لەوەش، هەموولایەكیان لە خێر و بێری پەیكەری هیلاكی دەوڵەتی عێراقدا هاوبەشن، لەوەش تێدەگەن بەشەڕی ناوخۆیی تەڕ و وشك پێكەوە دەسووتێن، تا مەرجەعییەتی شیعەش هەبێ شتێكی چاوەڕوانكراوە كە لە ئەگەرێكی وەها رێگر بێت. ئەمە جگە لە كارتێكەرە دەرەكییەكانی پەیوەست بە دۆخی عێراق.
هەندێك چارەسەر لەبەردەستدان بۆ قەیرانی ئێستای شیعە لە بەغدا، سەرجەمیشیان پێداگرن لەسەر كورتكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەم بۆ ئەوەی سەدرییەكان لە پەراوێز نەمێننەوە، بەڵام سەرگرتنی داواكارییەكانی سەدریش بۆ قڵپكردنەوەی یارییەكە سەقفێكی بەرز و قورسە، كۆتا هەوڵیش بۆ كۆنترۆڵكردنی بڕیار لە عێراق لەسەردەستی مالیكی، بە كەوتنی سێیەكی عێراق و ماڵوێرانییەكانی پاش داعش كۆتایی هات، هەر كەسی دیكەش هەمان هەوڵ بدات رەنگە هەر كارەسات و تێكچوونی بارودۆخی بەدوادا بێت چونكە عێراق پاروویەكی گەورەترە لە سەرجەم ئەو كارەكتەرانەی ئێستا لە ناوخۆدا هەن، هیچ هێز و لایەنێكی شیعەكانیش ئەوەندە زۆرینە نین كە بتوانن باڵادەستی خۆیان بسەپێنن.