شرۆڤە

بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا، لە کۆتاییەوە دەست پێبکەن

01-03-2022


 

RRC |

ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو |

هێنری کیسنجەر*، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا،

و، هەوراز حسێن

هەواڵەكان لەسەر ئۆکرانیا بە گشتی باس لە پێکدادان دەکەن. بەڵام ئایا ئێمە دەزانین بەرەو کوێ هەنگاو دەنێین؟ لە ژیانمدا، چوار جەنگم بینیوە کە بە گوڕوتینێکی زۆر و پاڵپشتییەکی جەماوەریی گەورە دەستیان پێکردووە و، لە دواتریشدا نەمانزانیوە چۆن کۆتاییان پێبهێنین. لە سێ دانە لەو جەنگانەشدا تاک لایەنانە کشاوینەتەوە. شارەزایی لە سیاسەتدا بریتی نیە لەوەی کە چۆن شتێک دەست پێدەکەیت، بەڵکو شارەزایی ئەوەیە کە چۆن بارودۆخێک كۆتایی پێ دێنیت.

لە زۆربەی دیدگاکانەوە کێشەی ئۆکرانیا بەو گرژییە پێناسە دەکرێت کە ئایا ئۆکرانیا دەچێتە پاڵ رۆژهەڵات یان رۆژاوا. بەڵام ئەگەر ئۆکرانیا بیەوێت لەو قەیرانە دەربچێت و بارودۆخەکەی ئاسایی بێتەوە، نابێ ببێتە داردەسی هیچ لایەکیان لە دژی لایەکەی دیکە، بەڵکو دەبێ ببێتە پردێک لە نێوانیاندا.

دەبێت رووسیا لەوە تێبگات کە ئەگەر بیەوێت دەسەڵات بەسەر ئۆکرانیادا بسەپێنێ و،  سنوورەكەیشی بگۆڕێتەوە، ئەوا مۆسکۆ لە ناو هەمان گێژاودا نقومدەکات کە پێشتر تێیدا بوو. وەك کاتێک گوشاری بەردەوامی ئەمریکا و ئەوروپای لەسەر بوو.

لە لایەکی دیکەوە، دەبێت رۆژاوا لەوە تێبگات کە رووسیا هەرگیز ناتوانێ وەکوو وڵاتێکی تەواو بیانیی سەربەخۆ تەماشای ئوكرانیا بکات. مێژووی رووسیا لە سەردەمی یەکێتی “کیێڤی رووسی”ەوە دەست پێدەکات. ئاینی رووسیایی لەوێوە بڵاوبۆتەوە. ئۆکرانیا بۆ ماوەی چەندین سەدە بەشێک بووە لە رووسیا و مێژووەکەشیان هاوبەشە. هەندێک لەو جەنگانەی کە بۆ ئازادکردنی رووسیا کراون، کە یەکەمیان جەنگی باتلۆڤ بوو لە ساڵی ١٩٠٧، لەسەر خاکی ئۆکرانیا بەڕێوەچوون. کاروانی کەشتییە جەنگیەکانی دەریای رەش، کە ئامانج لێی دەرخستنی هەژموونی رووسیایە بەسەر گەلانی سەر دەریای ناوەڕاستدا، لەسەر بنەمای پشتبەستن بە رێکەوتنەکەی سیڤاستۆپۆل لە کریمیا’ی ئۆکرانیا دامەزراوە. ئەمە بەدەر لەوەی چەندین رۆشنبیری بەناوبانگ وەکو ئەلێکسادەر سۆلژێنیتسن و جۆزێف برۆدسکی جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئۆکرانیا بەشێکی بنچینەیی مێژووی رووسیا و رووسیا بۆخۆی پێکدهێنێت.

دەبێت یەکێتی ئەوروپاش درک بەوە بکات کە رۆتینی کارکردنیان لەسەر ستراتیژی سیاسەتی ناوخۆیی بۆ دانوستاندن لەبارەی پەیوەندی ئۆکرانیا بە ئەوروپاوە، وایکردوە کە دانوستاندن بە قەیران بگۆڕێت. هەر بۆیە هونەری سیاسەتکردنی دەرەوە بریتییە لەوەی ئەرکە لەپێشینەکان بە وریاییەوە دیاریبكرێت.

ئۆکرانیەکان گەلێکی بڕیاردەر و یەکلاییکەرەوەن. ئەوان لە وڵاتێکدا دەژین کە خاوەنی مێژوویەکی ئاڵۆزە و تێکەڵەیەک لە زمانی جۆراوجۆری تێدایە. بەشی رۆژاوای ئۆکرانیا، کەوتە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەت، ئەویش لە ساڵی ١٩٣٩ کاتێک کە ستالین و هیتلەر سنووری نێوانیان دابەشکرد. کریمیا، کە لە سەدا ٦٠ی دانیشتوانەکەی رووسین، لە ساڵی ١٩٥٤ەوە بووە بە بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا، ئەویش ئەو کاتە بوو، کە نیکیتا خروشچێڤ کە بە رەچەڵەک ئۆکرانییە، لە ئاهەنگی یادی ٣٠٠ ساڵەی رێکەوتننامەی رووسییەکان لەگەڵ (کرۆساک)ەکاندا وەکو دیاریێک پێشکێشی ئۆکرانیای کرد. بەشی رۆژاوای وڵاتەکە بە گشتی کاسۆلیکن، و بەشی رۆژهەڵاتەکەی بە گشتی ئۆرثۆدۆکسی رووسیین. دانیشتوانی رۆژاوا بە ئۆکرانی قسەدەکەن و، دانیشتوانی رۆژهەڵات بە گشتی بە رووسی قسەدەکەن. هەربۆیە هەروەک لە پێشتردا بینیومانە، هەر هەوڵێک لە لایەن باڵێکیانەوە بدرێت بۆ داگیرکردنی باڵەکەی دیکە، سەرەنجام شەڕی ناوخۆ یان لێکترازانی لێدەکەوێتەوە. خۆ ئەگەر لە ئۆکرانیا پێکدادان لە نێوان رۆژاوا و رۆژهەڵات رووبدات، ئەوا دەیان ساڵ ئامانجی یەکخستنی رووسیا و رۆژاوا، بە دیاریکراوی رووسیا و ئەوروپا، لە ناو سیستەمێکی هاوبەشی نێودەوڵەتیدا دوادەخات.

ئۆکرانیا تەنها ماوەی ٢٣ ساڵە سەربەخۆ بووە؛ پێش ئەوە، لە سەدەی ١٤ی زاینییەوە لە ژێر دەسەڵاتداریی بیانیدا بووە. شتێکی سەیر نیە کە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە فێری هونەری دانوستاندن نەبووبن. سیاسەتی دوای سەربەخۆیی ئۆکرانیا بە روونی ئەوە دەردەخات کە سەرچاوەی کێشەکان بۆ ئەو هەوڵانە دەگەڕێتەوە کە سیاسەتمەدارەکانی ئۆکرانیا ئەنجامیاندەدا بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر بەشە دابڕاوەکانی وڵاتەکەیان. ئەمە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ پێکدادانی نێوان ڤیکتۆر یانوکڤیچ و سەرەکیترین رکابەریی سیاسیی خۆی كە یولیا تیمۆشینکۆ بوو. ئەو دوو سیاسەتمەدارە دەسەڵاتداری دوو باڵەکەی ئۆکرانیان و ئامادە نین هێز بەش بکەن. دەکرێت جێبەجێکردنی سیاسەتێکی ژیرانەی ئەمریکا لە ئۆکرانیا ببێت بە رێگەچارەیەک تاوەكو وابکات هەماهەنگی لە نێوان دوو بەشە جیاوازەکەی وڵاتەکە (رۆژاوا و رۆژهەڵات) پێکبهێنرێت. ئێمە پێویستە نێوانگیری بکەین لەو نێوانەدا، نەوەک لایەنێکیان زاڵ بکەین بەسەر ئەویتردا.

رووسیا و رۆژاوا، هەروەها زۆربەی لایەنە جیاوازەکانی ئۆکرانیا، لەسەر ئەم پرەنسیپە کاریان نەکردووە. هەر یەکێکیان بارودۆخەکەیان بەرەو خراپتر بردووە. رووسیا ناتوانێ بە گوشاری سەربازی کێشەکە چارەسەر بکات هەتا خۆی کۆنەکاتەوە، چونکە زۆربەی سنوورەکانی لە ئێستاوە لە مەترسیدان. هەڕەشەکانی ڤلادیمێر پووتین بە لای رۆاژاواوە سیاسەتکردن نییە، بەڵکو دەرخەری نەبوونی توانای سیاسەتکردنە.

پووتین بیانوەکانی هەرچیەک بن، دەبێ لەوە تێبگات کە سیاسەتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی وەکو کارتی گوشار، دەبێتە هۆی درووستبوونی جەنگێکی ساردی دیکە. ئەمریکا دەبێت چیدی چاوەڕێی ئەوە نەکات کە رووسیا هەموو ئەو یاسایانە رەچاو بکات کە لە واشنتنەوە دەردەچن. پووتین بە سوود وەرگرتن لە مێژووی رووسیا ستراتیژیەتەکانی خۆی زۆر باش دەزانێت، بەڵام تێگەشتنێکی باش لە بەها و سایکۆلۆژیای ئەمریکا یەکێک نییە لە لێهاتووییەکانی. لەملاشەوە، بەهەمانشێوە تێگەشتن لە مێژوو –و سایکۆلۆژیای رووسیا یەکێک نییە لە خاڵە بە‌هێزەکانی سیاسەتمەدارانی ئەمریکا نییە.

دەبێت سەرکردەی هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ تاوتوێکردنی دەرەنجامەکان، نەک پەلەکردن لە بڕیاردانی نادروست. ئەم چەند خاڵەی خوارەوە پێکدێت لە بۆچوونی خۆم لەسەر دەرەنجامێک کە بگونجێت لەگەڵ بەها و بەرژەوەندیی ئەمنی هەریەک لە لایەنەکاندا:

1.                       ئۆکرانیا پێویستە مافی ئەوەی هەبێت کە بە ئازادانە دانوستاندنە سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ هەر لایەنێک بێت، بە ئەوروپاشەوە ئەنجام بدات.

2.                       ئۆکرانیا نابێت بەشداری ناتۆ بێت. حەوت ساڵ لەمەوپێش کە بۆ یەکەم جار ئەو پرسە سەری هەڵدا ، ئەم تێڕوانینەم دەربڕی.

3.                       ئۆکرانیا پێویستە ئازاد بێت لە درووستکردنی حکومەتێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ داخوازی خەڵکەکەی. لە دواتردا ئەگەر سەرکردەکانی ئۆکرانیا ژیر بن، هەوڵی ئاشتکردنەوە و یەکخستنەوەی بەشە جیاوازەکانی وڵاتەکەیان دەدەن. پێگەی نێودەوڵەتیی ئۆکرانیا پێویستە هاوتای پێگەی فینلەندا بێت. ئۆکرانیا هیچ گومانێکی لە سەربەخۆیی خۆی نەماوە و هاوئاهەنگیش لەگەڵ رۆژاوا پێکدەهێنێت، بەڵام بە ووریاییەوە خۆی لە دژایەتییکردنی رووسیا دووربگرێت.

4.                       بەڕاستی داگیرکردنی کریمیا لە لایەن رووسیاوە لەگەڵ یاساکانی سەر ئەم زەویە یەکناگرێتەوە. بەڵام دەکرێت پەیوەندی نێوان کریمیا و ئۆکرانیا لەسەر بناغەیەکی پتەوتر بنیادبنرێن. هەتا ئەو کاتە رووسیاش دان بە دەسەڵاتداری ئۆکرانیادا بەسەر کریمیادا دەنێت. ئۆکرانیا دەبێت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک کە چاودێری نێودەوڵەتی ئامادەییان تێیدا هەبێت، یاسای ئۆتۆنۆمی کریمیا بەهێزتر بکات. پرۆسەکە دەبێت هەموو ناڕوونیەکانی سەر پێگە و چۆنێتی و شێوازی جوڵەپێکردنی کاروانی کەشتیەکان لە کەناراوەکانی سیڤاتۆپۆل لە دەریای رەش لابەرێت.

ئەمانە راستیەکانن، نەوەک پێشنیار. ئەو کەسانەی کە شارەزاییان هەیە لەسەر ئەو ناوچەیە، دەزانن کە هەموو خاڵەکان پڕ بە دڵی هەموو لایەنەکان نابن. ئەمە هەوڵێک نییە بۆ رازیکردنی هەموو لایەک، بەڵکو بۆ هاوسەنگکردنی ناڕەزاییەتیەکانە. خۆ ئەگەر چارەسەر بۆ کێشەکان نەکرێت لەسەر هەمان رێگا یاخود رێگای دیکەی هاوشێوەی ئەو چارەسەرانەی کە باسکران، ئەوا ئەگەرەکانی پێکدادان یاخود جەنگ زۆر زیاتر دەبێت و کاتی هەڵگیرسانەکەشی زۆر بە زوویی دێتە پێشەوە.

 

* هێنری کیسینجەر،  وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە لە نێوان ساڵانی (1973 بۆ 1977)

تێبینی، لە بەرواری 5ی ئادار، ٢٠١٤ لە  واشنتن پۆست بڵاو كراوەتەوە، بەڵام لەبەر گرنگییەكەی لە ئەمڕۆدا وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی کوردی بۆ کراوە.

 

Share this Post

شرۆڤە