بەرایی
رۆژانی رابردوو بانکی ناوەندی عێراق لەبەیاننامەیەکدا دڵنیایی لەبارەی قەرزەکانی سەر دەوڵەت بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە هیچ مەترسییەکی گەورە لەسەر ئابووری نییە و، قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی بەنزیکەیی دەگاتە سەرووی 81 ملیار دۆلارێک.
دڵنیاییەکەی بانکی ناوەندی لەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەپێی یاسای بودجە سێ ساڵییەکە، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان لەو سێ ساڵەدا دەبوایە 191 تریلیۆن دینار (146 ملیار دۆلار) قەرزی بکردایە، بەڵام توانراوە 35 تریلیۆن دینار (26.9 ملیار دۆلار) قەرز بکرێت. لەهەمانکاتیشدا سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە "دارایی و ئابووری عێراق لەباشترین دۆخدایە و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە بەردەوامە و مشتوومڕەکەی قەرزی دەرەکی لە کەشوهەوای هەڵبژاردن دا دێت و تەکنیکی نییە."
ئەم دڵنیایەی بانکی ناوەندی و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە دەیە و نیوێک پێش ئێستا، قەرزی دەرەکی عێراق 60.9 ملیار دۆلار و قەرزی نێوخۆیی 9.9 ملیار دۆلار بووە، بەڵام تاوەکو 31ی حوزەێرانی 2025 قەرزی نیوخۆ 67.2 ملیار دۆلار و قەرزی دەرەکی بووەتە 14.45 ملیار دۆلار. ئەم زیادبوون وپێچەوانەبوونەوەیە شایستەی هەڵوەستە لەسەرکردنە و دەرخەری چەند خاڵێکی سەرەکییە لەبارەی ئابووری عێراقەوە. پرسیارێکیش ئەوەیە کە ئایا بابەتی قەرزەکەی سەر دەوڵەتی عێراق بانگەشەی هەڵبژاردنە یان مەترسییەکی راستەقینەیە لەسەر دارایی و ئابووری ئەم وڵاتە لە داهاتوودا ؟
پێچەوانەبوونەوەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی لە عێراق
بەگشتی نزیکەی پانزە ساڵە 10 ملیار دۆلار لەکۆی گشتی قەرزی سەر عێراق زیادیکردووە، بەشێوەیەک لە 2010 کۆی گشتی قەرزەکان 70.8 ملیار دۆلار بووە، بەڵام تاوەکو کۆتایی حوزەێرانی 2025 گەشتووەتە 81.65 ملیار دۆلار .
لەڕاستیدا، بەپێی ژمارەکانی پانزە ساڵی رابردوو، سەرەڕای بەرز و نزمییەکی گەورە لە قەرزەکان دا دوو شتی گرنگ روویداوە: یەکەمیان زیادبوونی قەرز و دووەمیان پێچەوانەبوونەوەی قەرزەکانی دەرەوە و نێوخۆیە.
ساڵی 2010 کۆی گشتی قەرزە دەرەکییەکان 60.9 ملیار دۆلار بووە، بەڵام لە حوزەێرانی 2025 دا 14.45 ملیار دۆلار بووە و 1.5 ملیاری لەژمارەکەی سەرۆکوەزیران زیاترە. لە بەرامبەردا قەرزی نیوخۆیی لە 2015دا 9.9 ملیار دۆلار بووە و لە حوزەێرانی 2025 دا 67.2 ملیار دۆلار بووە.
لەڕاستیدا، دانەوەی قەرزە دەرەکییەکان هێندەی پەیوەندی بە پرۆسەی دوای 2003وە هەیە، هێندەی پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی عێراق و بانکی ناوەندییەوە نییە. بۆ نموونە لە پێدانەوەی قەرزی کوەیت دا، ئەو بانکەی لە ئەمریکا داهاتی عێراقی تێدا دادەنرێت، پێش ئەوەی پارەکە بە وەزارەتی نەوت بداتەوە، بڕی قەرزی کوەیتی بۆ هەر بەرمیلێک لێدەرکردووە و تاوەکو ساڵی 2022، عێراق بڕی 52.4 ملیار دۆلاری وەک قەرەبوو بە کوەیت داوە. ئەمەش خاڵیکی گرنگە لە کەمبوونەوەی قەرزی دەرەکیی دا.
هەروەها، لە ساڵانی 2016-2018دا گۆڕانکاری گەورە لە قەرز، و داهاتی عێراق بەهۆی داهاتی نەوتەوە روودەدات، وەک نیوە بوونی قەرزەکان و دوو هێندە بوونی داهاتی نەوت، لەساڵی 2016 دا داهاتی نەوت 43 ملیار دۆلار بووە، بەڵام لە 2018دا دەبێتە دوو هێندە و بەرز بووەتەوە بۆ 83.9 ملیار دۆلار. ئەم بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەیەی داهاتی نەوتە کەوا دیاریی دەکات ژمارەی قەرزەکان زیاد دەکات یان کەم، کورتهێنان یاخود زیادە لەژمێرەی کۆتایی ساڵی دارایی عێراق هەبێت تاوەکو سیاسەتی ئابووری و خەرجی دەوڵەت.
گرافیک 01 : کورتهێنان و زیادەی پارە لەنێوان داهات و خەرجی ساڵانەدا لە عێراق و لەساڵانی 2015 بۆ 2024

سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق، بودجەی عێراق، راپۆرتی مانگانەی داهات و خەرجییەکان، 24ی 10ی 2025
لەڕاستیدا، لەماوەی ئەم کابینەی حکومەتی عێراق دا کۆی گشتی قەرزەکان بە بڕی 14.26 ملیار دۆلار زیادیکردووە، بەڵام دیسانەوە پێچەوانەبوونەیەک لەنێوان قەرزی ناوخۆ و دەرەکی هەیە، بەشێوەیەک قەرزی نیوخۆی 18 ملیار دۆلار زیادیکردووە و قەرزی دەرەکی 4 ملیار دۆلار کەمیکردووە کە ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر گرنگ دەردەخات: وەک نەبوونی متمانەی دەرەکییە بەپێدانی قەرز بە عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ئابوورییەکەی و، نیشاندەری زیاتر لاوازبوونی لەرووی هێنانی قەرزی دەرەکی بۆ سەرمایەگوزاری و بوژاندنەوەی کەرتە جیاوازەکان.
گرافیک02 : قەرزی نیوخۆی، قەرزی دەرەکی و کۆی گشتی قەرزەکان 2010 بۆ حوزەێرانی 2025 / ملیار دۆلار
سەرچاوە، وەزارەتی دارایی عێراق، بودجەی عێراق، داشبۆردی قەرزەکان، 21ی 10ی 2025
چ کاتێک قەرز مەترسییە و بۆچی؟
رۆژانی 8 بۆ 13ی ئۆکتۆبەر 2025 لە کۆبوونەوەی ساڵانەی سندوقی نێودەوڵەتی دراو و گرووپی بانکی جیهانی یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان هەڵكشانی قەرزەکانی کەرتی گشتی و دەوڵەتان بوو لە جیهان، بەشێوەیەک کۆی گشتی قەرزی وڵاتان لەجیهان گەشتووەتە 115 تریلیۆن دینار و ئەمریکا و چین نیوەی پێکدەهێنن.
بەپێی سندوقی نێودەوڵەتی دراو زیادبوونی قەرزی کەرتی گشتی و تێپەڕاندنی رێژەی 100٪ کۆی گەشەی بەرهەمی نیوخۆ وادەکات نادڵنیاییەکی گەورە و ئاسۆییەکی نادیار لە ئابووری وڵاتان بهینێتە ئاراوە، هەربۆیەش ئێستا لەهەموو کات گرنگترە کەوا وڵاتان ریفۆرمێکی گەورە لە بودجەکەیاندا بهیننە ئاراوە، چونکە پێویستیان بە پاشکەوتی دارایی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن وەڵامی خێرای رووداوە ئابوورییە گەورەکانی داهاتوودا بدەنەوە.
عێراق لەم رووەوە نموونەیەکی جیاوازە، چونکە لە بودجەی سێ ساڵییەکەیدا پلانی خەرجکردنی ساڵانەی نزیکەی 200 تریلیۆن دینار یان 153 ملیار دۆلار داناوە، لەبەرامبەردا کۆی داهاتەکەی بە نەوتی و نانەوتییەوە 134 تریلیۆن دینار یان 103 ملیار دۆلارە، واتە بودجە سێ ساڵییەکە دەستی حکومەتی عێراقی واڵاکردووە بۆ کورتهێنان یان قەرزی ساڵانەی 50 ملیار دۆلار. هەرچەندە ئێستا حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی بانگەشەی سەرکەوتن دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی قەرزەکان لەوماوەیەدا بە بڕی 26 ملیار دۆلارێک، بەڵام لاوازییە گەورەکەی عێراق لەپشتبەستن بە نەوتەوە دێت چ نرخەکەی بگۆرێت و دابەزێت یان رووداوێکی وەکو 26 و 27ی ئۆکتۆبەر ی 2025 لە بەسرە رووبدات و هەناردەکردن رابگرێت.
هەروەها، زیادبوونی قەرز و هەڵکشانی سوودی سەر قەرزەکان وایکردوو وڵات نەتوانێت بیداتەوە و بگرە بەردەوامیش روو لەزیادبوون بێت، کەئەمەش ئەو مەترسییە بەدریژایی رۆژانی کۆبوونەوەی ساڵانەی هەردوو دامەزراوە گەورەکەی جیهانی بەخۆییەوە سەرقاڵکرد و عێراق نموونەیەکەی دیارە بەرێژەی سوودی بانکی 10٪ وە.
لەراستیدا، مەترسییەکەی ئەم قەرزە کاتێک زیاتر و گەورە دەبێت کە قەرزەکە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان و گواستنەوەی ئابووری کرێخۆری و خەرجکردنی بێت بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی کەرتی گشتی لەسەروو هەموویانەوە پێدانی مووچە و خانەنشینی و هاوکاری دارایی، کە عێراق لەم رووەوەشەوە لەماوەی ساڵانی رابردوودا نیشانیداوە کە زیادبوونی قەرزەکان بۆ بەکارخستن بووە نەک بۆ وەبەرهێنان.
بۆ نموونە لاوازی گەشەکردنی خەرجی وەبەرهێنان لەچاو خەرجی بەکارخستن، لەماوەی نێوان ساڵانی 2015-2024دا خەرجی وەبەرهێنان بەرێژەی 27٪ گەشەی کردووە لەکاتێکدا کۆی هەموو خەرجییەکان بەرێژەی 54٪ گەشەی کردووە، کاتێک لەساڵی 2015دا کۆی گشتی خەرجییەکان 70 تریلیۆن دینار بووە، خەرجی وەبەرهێنان لەو بڕەیە 18.5 تریلیۆن دینارە، دواتر لە 2024دا کاتێک خەرجی گشتی دەبێتە 150 تریلیۆن دینار، ئەوا خەرجی وەبەرهێنان دوو هێندە زیاد ناکات و دەبێتە 25 تریلیۆن دینار.
مەترسییەکی دیکە ئەم قەرزانەی نێوخۆ ئەوەیە کە رێژەی سوودەکەیان زۆر بەرزە کە لەنێوان رێژەی 7٪ بۆ 10٪ دایە کە حکومەتی عێراق لە بانکەکانی قەرز کردووە و ماوەکەشی زۆر نییە. هەربۆیەش کەڵەکەبوونی قەرزەکان وادەکات لە شۆکێکی دابەزینی نرخی نەوتدا، نەتوانریت بدرێتەوە بەڵکوو قەیرانی گەورە بۆ مایەپووچبوونی بانکەکان و بانکە تایبەتەکانیش لە عێراق بهینێتە ئاراوە.
پێچەوانەبوونەوەی قەرزەکان دەرخەری لاوازی سیستەمی ئابووری عێراقە لەدەرەوە بەتایبەت لەلایەن بانکە گەورەکانەوە بۆ پێدانی قەرز، چونکە ئەگەر ئەم قەرزانە لەنیوخۆدا نەبوایە و قەرزی بانکە گەورەکان بووایە ئەوا مەرجی یەکەمی پێدانی قەرزەکان دەبوایە بۆ وەبەرهێنان و میکانیزمی پێدانەوەی قەرزەکان لەماوەی دیاریکراودا لەجیاتی کەڵەکەبوونی هەبوایە، دیارترین نموونەش ساڵی 2016 کاتێک عێراق تووشی داڕمانی ئەمنی و دابەزینی نرخی نەوت بوویەوە، سندوقی نیودەوڵەتی دراو بە مەرجەوە بڕی 5 ملیار دۆلاری وەک قەرز دایە تاوەکو ئابوورییەکەی نەکەوێت و، مەرجەکانیش رێکخستنەوەی خەرجی دەوڵەت و کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی ساڵانە و زیادکردنی خەرجییەک بۆ وەبەرهێنانی تێدابوو.
کۆتایی
راستە عێراق خاوەنی یەدەگێکی 162 تۆن زێرە و بڕی 150 ملیار بەرمیل نەوتی سەلمێنراوی هەیە، بەڵام بەڕێوەبردنی ئابوورییەکەی بەشێوەیەکە بەردەوام قەرزارە و شۆکێکی نیوخۆی یان دەرەکی لاوازییەکەی دەردەخات بەهۆی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
یەکەمیان: رێژەی قەرزەکان بۆ کۆی گەشەی بەرهەمی نیوخۆی GDP یە، کە لێکدانەوەی وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی بۆ قەرزەکان بۆ کۆی گەشەی بەرهەمی نێوخۆی عێراق باس لە رێژەی 42٪ دەکات، لەکاتێکدا لەبەرئەوەی عێراق پشت بە نەوت دەبەستیت و داهاتی نەوتی رێژەی 90٪ی داهاتی مانگانەی پێکدەهینێت ئەوا دەبێت لێکدانەوەی قەرزەکان بۆ نەوت بێت نەک کۆی گەشەی بەرهەمی نیوخۆیی. بەمشێوەیەش رێژەکە دەگاتە سەروو 120٪ کە رێژەی 20٪ ی زیاترە لەوەی دوو دامەزراوە گەورەکەی ئابووری جیهان هۆشدارییان لەبارەوە داوە.
دووەمیان: ئەم قەرزانە لە بانکە نیوخۆییەکانەوە وەرگیراون و نەبووەتەهۆی هێنانی سەرمایەگوزاری بۆ عێراق و زیادکردنی کۆی گەشەی بەرهەمی نیوخۆی عێراق بەڵکوو لەکاتی کەمبوونەوەی داهاتی نیوخۆ و دابەزینی نرخی نەوت دا پەنای بۆ براوە بۆ پڕکردنەوەی خەرجی بەکارخستن لە وڵاتدا، ئێستاش کەباس لە کەمبوونەوەی نەختینە و کەمبوونەوەی توانای دەوڵەت بۆ پێدانی شایستە داراییەکان دەکرێت لەمەوە سەرچاوە دەگرێت.
سێیەمیان، ئەم پێچەوانە بوونەوەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی لەرووی بڕەکەیەوە ئاماژەیە بۆ کشانەوە و لاوازبوونی ئابووری عێراق چونکە دەریدەخات بانکە گەورەکانی جیهان ئامادە نین قەرز بە وڵاتێک بدەن کە خەرجی بەکارخستنی چوار هێندەی وەبەرهێنان بێت و تاکە وەبەرهێنانیشی لە نەوت و گازدا بێت.
چوارەم، راستە قەرزی نێوخۆی هێندەی دەرەکی مەترسی لەسەر دەوڵەتەکان درووست ناکات، بەڵام ئەوەش نابێت نادیدە بگرێت کەوا قەرزی نێوخۆیی ناتوانیت ئابوورییەکەت بگۆڕێت بۆ ژاپۆن بەڵکوو دەتکات بە لوبنان.
پێنجەم، قەرز دەبێت بۆ وەبەرهێنان و زیادکردنی بەرهەم و قازانج بێت تاوەکو ئەوەی کەڵەکە بێت، بۆ نموونە کاتێک کۆمپانیای کرێسنت پترۆڵیوم و داناگاز لەرێگەی ئەمریکاوە بڕی 250 ملیۆن دۆلاری قەرز وەردەگرن بۆ فراوانکردنی پرۆژەی گازی کۆرمۆر، ئەوا ئەم قەرزە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دووهێندەکردنی بڕی بەرهەمهێنانی گاز کە دەبێتەهۆی زیادکردنی داهاتی کۆمپانیاکەش. بۆ نموونە کۆمپانیاکە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا قازانجی سافی 73 ملیۆن دۆلار بووە، ئەوا بەدڵنیاییەوە کاتێک بەرهەمەکەی دەبێتە دوو هێندە قازانجەکەشی دەبێتە سەروو دوو هێندە و وادەکات لەماوەیەکی کورتدا قەرزی وەبەرهێنانەکەش بداتەوە. ئەمجۆرەیە لە قەرز نابێتە کێشە و مەترسی دروستناکات نەوەکو ئەوەی دەوڵەتی عێراق کە چاوەڕواندەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵ 81 ملیار تێپەڕێنیت، چونکە نرخی نەوت ئەو بڕە نییە بتوانێت خەرجییەکان پڕبکاتەوە.
شەشەم و کۆتایی، قەرزەکەی عێراق مەترسیدارە و بانگەشەی هەڵبژاردن و تەکنیکی نییە و ئاڕاستەیەکی هەڵەی گرتووە ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئابووری و دەوڵەتەکەش بەرەو کارەسات دەبات.
