شرۆڤە

بودجەی 2025ی عێراق؛ بۆچی پێویستە زۆربەی بڕگەکان هەمواربکرێنەوە نەک تەنیا ماددەی 12؟

28-11-2024


بەرایی

بودجە سێ ساڵییەکەی عێراق بنەمایەکی گشتگیری بۆ داهات و خەرجییەکانی وڵات لەسەر بنەمای خەمڵاندن دانابوو، بەڵام ئەنجامدانی سەرژمێری کۆی ژمارە خەمڵینراوەکانی گۆڕی بۆ ژمارەی درووست و ئێستاش کە کاتی هەموارکردنەوە و پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2025 هاتووەتە ئاراوە پێویستە خەرجییەکان و پشکی پارێزگاکان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و تەنانەت داهاتیش پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. 

ساڵی رابردوو لەکاتی پەسەندکردنی بودجەی 2024دا لە پەرلەمان هەموو خشتەکانی داهات و خەرجی وەک ئەوەی ساڵی 2023 پەسەندکرا. ئەمە، دەستی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی واڵاکرد بۆ خەرجکردنی دوو تریلیۆن دینار بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، واتە هیچ گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە بڕگەکانی بودجەکەدا نەکرا سەرەڕای جیاوازی گەورەی ژمارەکان لە بودجە و لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی دا.

ئێستا کە پەسەندکردنی بودجەی 2025 لە پەرلەمانە، نابێت تەنیا هەموو چاوەکان لەسەر هەمواری یەک بڕگە بێت، چونکە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا دەرکەوتووە ئەوەی وەک خەرجی و داهات لە خشتەکان دادەنرێت بەدی نایەت. بۆ نموونە لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی 2024دا کۆی خەرجییەکان 94.8 تریلیۆن دینار بووە و کۆی داهاتیش 114.3 تریلیۆن دینار، واتا سەرڕێژی داهات بەسەر خەرجیدا هەیە نەوەکو کورتهێنان و قەرزکردن بۆ پڕکردنەوەی وەک ئەوەی لە خشتەکانی بودجە پەسەند کراوە.

لە رۆژانی رابردوودا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارکردنەوەی بودجەی 2025 و بەتایبەتیش بڕگەی ماددەی 12ی تایبەت بە بەرهەمهێنان و رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان بە سۆمۆ کرد و لەچاوەڕوانی خوێندنەوەی دووەم و پەسەندکردن دایە.

پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا حکومەت و پەرلەمان تەنیا ئەو بڕگەیەی ماددەی 12 هەمواردەکاتەوە وەک ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق داوایکردووە یان لەبەر رۆشنایی سەرژمێری، هەڵوەستەیەک لەسەر خشتەی خەرجییەکانی بەکارخستن، وەبەرهێنان و  پشکی پارێزگاکان دەکات و لەبەر رۆشنایی بازاڕی نەوت و بڕیارەکانی ئۆپێک پێداچوونەوە بە بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو و نرخەکەشی دەکات؟ چونکە بودجەی 2025 دەبێت رەنگدانەوەی سەرژمێری و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوە بێت لە بازاڕی نەوت  و توانای دەوڵەت لە کۆکردنەوەی داهاتی نانەوتی نەوەکو خەمڵاندنەکانی ساڵانی رابردوو.

وەبەرهێنانی ژینگەیی سفر و 126 هەزار دینار بۆ پەرلەمانی عێراق!

بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی لە نۆ مانگی یەکەمی 2024دا خەرجی بەکارخستن 85.3 تریلیۆن دینار و خەرجی وەبەرهێنان 9.5 تریلیۆن دینارە، بەڵام لە هەمان ماوەی 2023دا خەرجی بەکارخستن 69.8 تریلیۆن دینار و خەرجی وەبەرهێنان 8.4 تریلیۆن دینارە، کە ئەمەش نیشانەیەکی دڵخۆشکەر نییە چونکە ئەوەی لە بەکارخستن زیادبووە خەرجی مووچەیە بە بڕی 10.3 تریلیۆن دینار و ئەوەی زۆر گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە خەرجی وەبەرهێنان کە لە 8.4 تریلیۆن بووەتە 9.5 تریلیۆن دینار.

خاڵیکی سەرنجڕاکیش لەماوەی نۆ مانگی رابردوو لەڕووی خەرجییەوە، بڕی خەرجییەکانی وەبەرهێنان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران کە بڕی 126 هەزار دینار بووە، بەم پارەیە لە پەرلەمان وەبەرهێنان لەچیدا کراوە، لەکاتێکدا بڕی 375 ملیار دینار وەک مووچە بۆ پەرلەمانتاران و کارمەندەکانی خەرجکراوە.

لەڕووی ژینگەییەوە لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا، خەرجی وەبەرهێنان بۆ وەزارەتی ژینگە سفر دینار و خەرجی بەکارخستن 42.9 ملیار دینار بووە، چونکە عێراق پێنجەم وڵاتی لاوازی جیهانە بۆ بەرگەگرتنی گۆڕانی کەشوهەوا، قۆناخی کەمبوونەوەی ئاو و بەبیابانبوونی تێنەپەڕاندووە و لەڕووی پاکی هەوای شارەکانیدا هەشت هێندەی ستانداردی جیهانی پیسترە و  بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماشی سێ هێندەی ئاستە جیهانییەکەیە .  

ئەوەی پەیوەستە بە هەرێمی کوردستانەوە لە خەرجییەکانی حکومەتی فیدراڵی لەو ماوەیەدا، ئەوەیە بۆ ئەمساڵ وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا بۆ مووچە بڕی 8.8 تریلیۆن دیناری لە بودجەی بەکارخستنی خەرجکردووە  و  هیچ بڕیکی وەک وەبەرهێنان خەرجنەکردوو و لەساڵی رابردووشدا ئەو بڕە بۆ بەکارخستن و وەبەرهێنان سفر بووە.

خشتەی 1: خەرجییەکانی عێراق لە نۆ مانگی یەکەمی 2024 و 2023دا

سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق، 26ی تشرینی دووەمی 2024

تێبینی، خەرجی مووچە و خەرجی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی لەنیو خەرجی بەکارخستن، وەزارەت و شوێنەکانی دیکەش وەک نموونە وەرگیراوە

زیادبوونی داهات لە عێراق؛ هێشتا داهاتی نانەوتی نیوەی ئەوە نییە لە بودجەدا دادەنرێت

هەرچەندە داهاتی نانەوتی لە ئەمساڵدا چاوەڕواندەکرێت نەگاتە نیوەی ئەوەی لە خشتەکانی بودجەی 2024دا پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام لەڕووی بڕیشەوە لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا سێ هێندە زیادیکردووە، بەشێوەیەک لە 4.3 تریلیۆن دینارەوە گەشتووەتە 12.4 تریلیۆن دینار.

کۆی گشتی داهاتی عێراق لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 114.3 تریلیۆن دینار بووە، لەکاتێکدا لە نۆ مانگی یەکەمی 2023دا 95.8 تریلیۆن دینار بووە، کە بەرزی نرخی نەوت و زیادەی بڕی بەرهەمهێنراوی نەوت لە نۆ مانگی رابردوودا وایکرد داهاتی نەوتی و سەرچاوە سرووشتییەکان 91.4 تریلیۆن دینارەوە بگاتە 100.3 تریلیۆن دینار وەکو لە خشتەی خوارەوەدا هاتووە.

خاڵیکی دیکەش لەڕووی داهاتەوە لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کەمبوونەوەی زیانەکانی ئاڵۆگۆڕی دراوە وەک لە خشتەی داهاتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق هاتووە، بەشێوەیەک لە نۆ مانگی یەکەمی 2023دا عێراق 1.8 تریلیۆن دینار زیان کردووە یان قەرەبووی هەبووە، بەڵام لە ئەمساڵدا داهاتی ئاڵۆگۆڕی دراو 737 ملیار دینار بووە. هەروەها، باجی داخڵکردنی کاڵا و باج و رسوماتی بەرهەمی نێوخۆیش زیادیکردووە وەکو لە خشتەی خوارەوەدا هاتووە.

لەڕووی داهاتەوە بۆ بودجەی 2025 ئەوا پەرلەمانی عێراق دەبێت پێداچوونەوە بە بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو و هەناردەکراو و نرخەکەشی وەکو لە بودجە سێ ساڵییەکەدا دانراوە بکات، چونکە ئۆپێک عێراق پابەندکردووە بە کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنراو لەسەرەتای سێ مانگی یەکەمدا بە بڕی 95 هەزار و لە نۆ مانگیی دوای ئەوەشدا بە بڕی 70 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە. هەروەها چاوەڕواندەکرێت نرخی نەوت ئاڕاستەکەی روو لەدابەزین بێت بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە کە یەک لەسەر سێ نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ چین دەڕوات. بێجگە لەوە گەرەنتی کۆکردنەوەی ئەو بڕە نییە وەکو لە بودجە سێ ساڵییەکەدا هاتووە، چونکە ئەوە دوو ساڵە ناگاتە نیوەی ئەو بڕەی دانراوە.   

خشتەی 2: داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان لە نۆ مانگی یەکەمی 2023 و 2024دا

سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق، 26ی تشرینی دووەمی 2024

تێبینی، لێرەدا جۆری دیکەی داهاتی نانەوتی وەک گۆڕینەوەی دراو، رسومات، داهاتی دیکەی وەک هاوکاری و هتد هەیە نەهاتووە لەم خشتەیەدا.

ئەنجامەکانی سەرژمێری 2024؛ ئایا دەبێتە بنەمای هەمواری بودجەی 2025ی عێراق؟

بەپێی ئامارەکانی سەرژمێری کۆی دانیشتوانی عێراق 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 کەسە و هەرێمی کوردستان 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەس، واتە رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە عێراق 14.03% واتە ئەگەر بودجە لەسەر بنەمای دانیشتوان بێت، ئەوا دەبێت پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان لە 12.63%وە بگۆڕدرێت بۆ 14.03%، زۆربەی بڕگەکانی بودجە و خشتەی خەرجییەکان هەمواردەکرێتەوە باچاوەڕوان بین بزانین درێژە دەدرێت بە خەمڵاندنەکان یان سەرژمێری کە تێچووەکەی ملیاران دینار بووە بەبنەما وەردەگرێت بۆ هەموارەکەی بودجەی 2025.

خاڵیکی دیکە لەسەرژمێرییەوە دەرکەوتنی ژمارەی راستی دیمۆگرافیای دانیشتوانی عێراق بەشێوەیەک رێژەی 70% خەڵکەکەی لە شارەکان دەژین و رێژەی دەستی هێزی کار (15-60 ساڵ) کە 60.2% دانیشتوانەکەی پێکدەهێنێت، چ دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و رێژەی هەژاری کە ئێستا 17.6% کۆی دانیشتوان.

هەروەها، هەر پەیوەست بە رێژەی هەژاری لە عێراق سەرۆکوەزیران لەیادی دوو ساڵەی کابینەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد کەوا رێژەی هەژاری لە 10 ملیۆن کەسەوە کەمکردووەتەوە بۆ 7.9 ملیۆن کەس، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی لە پشت کەمبوونەوەی ئەم ژمارەوەیە زیادکردنی خەرجییەکان بە بڕی 2 تریلیۆن دینار وەک پاڵپشتی داراییە نەوەکو پرۆژەی ستراتیژی، دۆزینەوەی هەلی کار لە دەرەوەی کەرتی گشتی و بنیاتنانی کارامەیی و پاڵپشتی کردنەوەی بازرگانی بچووک بۆ گەنجان و هتد.

کۆتایی

سەرەڕای سەرڕێژی داهات بەسەر خەرجییەکاندا لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بەڵام رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ پێداچوونەوەی خشتەکان و هەموارکردنەوەی بودجەی 2025 پێویستە:

یەکەم، ئێستا عێراق رزگارکراوە لە خەمڵاندنەکان و داتای درووستی دانیشتوان بەگوێرەی پاریزگاکان و هەرێمی کوردستانیش بەردەستە و رۆژانی داهاتووش داتای رەوشی ئابووری و گوزەرانی دانیشتوانیش لەسەرتاسەری عێراق بەردەست دەبێت، ئەگەر داتاکانی ئەم سەرژمێرییە لە بودجەی وڵاتدا رەنگنەداتەوە، ئەوا بۆچی ملیاران دینار بۆ کۆکردنەوەی خەرجکرا؟

دووەم: گفتوگۆکانی پەرلەمان نابێت تەنیا لەچوارچیوەی پرسی هەموارکردنەوەی ئەو ماددەیە بێت کە تێجووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و رادەستکردنی بە سۆمۆ لەخۆ بگرێت، چونکە ئێستا عێراق لەنێو ئۆپێک و هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس رووبەڕووی راستییەکی دیکەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بووەتەوە، هەربۆیەش رۆژانی رابردوو وەزیری نەوتی سعودیە و جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا بۆ کارووباری وزە خۆیان گەیاندە بەغدا و لەگەڵ سوودانی وەک دووەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوت لە نێو رێکخراوەکە کۆبوونەوە پێش کۆبوونەوەی 1ی کانوونی دووەمی 2024 لەبارەی داهاتووی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت و جێگیرکردنی نرخەکەی لە 2025دا. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی داهاتی نانەوتی نیوەی ئەوە نەبووە کە لە بودجەدا دادەنرێت.

سێیەم و کۆتایی، پێویستە پلانی کرداری لە بودجەی وڵاتەوە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری و رەخساندنی هەلی کار و زیادکردنی خەرجی وەبەرهێنانی ژینگەیی، کشتوکاڵی و پیشەسازی هەبێت تاوەکو زیادکردنی خەرجی بەکارخستن، چونکە ئەگەر کەمکردنەوەی رێژەی 5.4٪ هەژاری پێویستی بە زیادکردنی 2 تریلیۆن دیناری پاڵپشتی دارایی و خەرجی 10 تریلیۆن دیناری مووچە لە نۆ مانگی ساڵ هەبووبێت، ئەوا یەک لەسەر سێ بودجەی داهاتووی وڵات پێویستە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری بۆ یەک ژمارەیی لە عێراق، ئەمەش ئەگەر نرخی نەوت نەیگەیەنێتەوە رێژەکەی پێشووتر و بگرە خراپتریش لە داهاتوودا.

Share this Post

شرۆڤە