بودجەی ساڵانەی عێراق؛ دابەشبوونی خەرجییەکانی یاسای بودجە لەئێستا و دوو دەیەی رابردوو
05-06-2024
بەرایی
رۆژی 3ی حوزەیرانی 2024 پەرلەمانتارانی عێراق بەکەمترین ماوە، سەرەڕای زیادکردنی ژمارەکان بە بەراورد بەساڵی رابردوو، خشتەکانی داهات و خەرجییەکانی یاسای بودجەی 2024ی پەسەندکرد.
دابەشبوونی خەرجییەکان لە یاسای بودجەی 2024دا رەنگدانەوەی دوو دەیەی رابردووی خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی بۆ دامەزراوەکان و وەزارەتەکان و هەرێمی کوردستان نییە. بەڵکو ئەوەی لە بودجەکەدا هاتووە و ئەوەی خەرجکراوە تەواو جیاوازە، دیارترینیان پشکی هەرێمی کوردستانە کە بەردەوام لە رابردوودا باس لە رێژەی 17% و 12.64% و هتد دەکرا، بەڵام ئەوەی لە داتاکانی دوو دەیەی رابردوودا دەردەکەوێت، نیوەی ئەو رێژەیەش نییە و ئەوەی وەزارەتی دارایی رەزامەندی لەسەر داوە و ناردوویەتی بۆ هەرێمی کوردستان رێژەی 5.76% کۆی خەرجییەکانی عێراق بووە.
هەروەها، لەماوەی ئەم دوو دەیەدا خەرجییەکانی کەرتی ئەمنی، بەتایبەتیش هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری، لەدوای وەزارەتی داراییەوە پلەی دووەمی گرتووە. لەماوەی ئەو 20 ساڵەدا خەرجییەکانی ئەو دوو وەزارەتە 244 تریلیۆن دینار بووە و رێژەی 17.09% کۆی رێژەی خەرجییەکانی پێکهێناوە لە عێراق. بەپلەی سێیەم لەعێراق خەرجییەکان لەو ماوەیەدا بۆ وزە (وەزارەتی نەوت و کارەبا) رۆیشتووە، کەوا رێژەی 14.05% کۆی خەرجییەکان بە بڕی 201 تریلیۆن دینار بووە، لە بودجە پەسەندکراوەکەی ئەمساڵدا رێژەی بەشداری ئەو دوو کەرتە بۆ 17.97% بەرزکراوەتەوە، واتە خەرجییەکان بۆ کەرتە نزیکەی 4% زیاتر دەبێت لە دوو دەیەی رابردوو، کە ئەمەش بەدڵنیاییەوە لەسەر حسابی کەرتەکانی دیکە دەبێت.
ئەوەی شۆکینەرە خەرجی بنیاتنانی ژێرخانی تەندرووستی و پەروەردە، کشووکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان و ژینگە، تەنانەت وەرزش و گەنجان لە عێراق، بەشێوەیەک لە دوو دەیەی رابردوو هەر سێ وەزارەتی کشتووکاڵ، پیشەسازی و سەرچاوەکانی ئاو رێژەی 2% کۆی خەرجییەکانی ئەم وڵاتەیان بۆ دابینکراوە، کە کۆی بڕەکەی 28.8 تریلیۆن دینار بووە. لە یاسا پەسەندکراوەشدا رێژەی 1.57%ی لەکۆی گشتی بۆ دانراوە، ئەویش ئەگەر خەرجبکرێت.
دابەشبوونی خەرجییەکان لە دوو دەیەی رابردوو ئەوە دەردەخات کەوا ژمارە پەسەندکراوەکانی نێو بودجە تەواو جیاواز دەبێت لەوەی لە وەزارەتی داراییەوە خەرجدەکرێت، هەربۆیەش بەراوردێکی رێژەی بەشداری 7 کەرت و سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی دوو دەیەی رابردوو بە یاسای بودجەی 2024شەوە دەکەین.
رێژەی بەشداریی خەرجییەکان لە دوو دەی رابردوو و یاسای بودجەی 2024دا
لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا (2003-2023) لە حەوت کەرت، سێ سەرۆکایەتیە و هەرێمی کوردستان رێژەی 81.35% کۆی خەرجییەکانی لە دەوڵەتی عێراق فیدراڵ پێکهێناوە و لە یاسای بودجەی پەسەندکراوی 2024یشدا رێژەی 79.25% پێکدەهینێت، بەڵام بەڕێژەی تەواو جیاوازەوە.
لەماوەی ئەو دوو دەیەدا بەرزترین رێژەی خەرجی بۆ وەزارەتی دارایی کەوا 25.18% خەرجییەکان بووە، بەڵام لەم بودجەیەدا رێژەکەی کەمبووەتەوە بۆ 20.3%، کە ئەمەش بەدڵنیاییەوە دەبێت بۆ کەرتێکی دیکەی رۆشتبێت. بەپلەی دووەم لە دوو دەیەی رابردوو و لەم یاسا پەسەندکراوەشدا خەرجییەکانی کەرتی ئەمنی بەتایبەت هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری دێت، کەوا لە دوو دەیەی رابردوو رێژەی 17% پێکهێناوە، بەڵام لەم پرۆژەیاسایەدا 10.69% پێکدەهێنێت.
بەپلەی سێیەم خەرجییەکان لە عێراق بۆ کەرتی وزە، وەزارەتی نەوت و کارەبا رۆشتووە، لە دوو دەیەی رابردوو خەرجییەکانی ئەم کەرتە رێژەی 14.05% پێکهێناوە، بەڵام لە پرۆژەیاسا پەسەندکراوەکەدا بەرزبووەتەوە بۆ رێژەی 17.97%، واتە کەمبوونەوەکەی وەزارەتی دارایی و ناوخۆ بەشێکی بۆ ئەم دوو وەزارەتە رۆشتووە.
لەماوەی دوو دەیەی رابردوو دا بەردەوام باس لەرێژەی جیاواز بۆ پشکی هەرێمی کوردستان کراوە، لەسەرەتاکان پرسەکە گەیشتە سەروو 17% و بەدوایدا هاتە 12.64%، بەڵام لە دوو دەیەی رابردوو هەرێمی کوردستان بەرێژەی 5.76% خەرجی بۆ کراوە ، لەم یاسا پەسەندکراوەی 3ی حوزەیران 2024دا رێژەی 9.87% بۆ دانراوە ئەگەر خەرجبکرێت.
لەسەروو هەموو ئەوانەی خرانەڕوو، ئەوەی زیاتر جێگەی تێڕامانە رێژەی خەرجییەکانی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بە بەراورد بە کەرتە ژێرخانییەکانی وەک تەندرووستی و پەروەردە و ژینگە و سەرچاوە ئاوییەکان و تەنانەت پیشەسازی لە عێراق. لەماوەی دوو دەیەی رابردوو سێ سەرۆکایەتییەکە رێژەی 4.87% کۆی خەرجییەکانی بردووە، لە بەرامبەردا پشکی هەر سێ وەزارەتی کشتووکاڵ، سەرچاوە ئاوییەکان و پیشەسازی تەنیا رێژەی 2.02% پێکهیناوە و بۆ خەرجکراوە. ئەوەی زیاتر جێگەی تێڕامانە بەرزبوونەوە رێژەی خەرجی ئەم سێ دامەزراوەیە لە یاسای بودجەی 2024 بۆ رێژەی 5.26% ، لە بەرامبەردا کەمبوونەوەی رێژەی بەشداریی ئەو سێ وەزارەتەکەی سەرەوە بۆ رێژەی 1.57% بڕوانە گرافیک 1لە خوارەوە.
هەروەها، لەماوەی دوو دەیەی رابردوو پشکی کەرتە ژێرخانییەکانی وەک تەندروستی و ژینگە رێژەی 4.02% لە خەرجییەکانی پێکهێناوە، هەردوو وەزارەتی وەرزش و لاوان رێژەی 0.37% پێکهێناوە، لەکاتێکدا عێراق ئێستا بە خەڵاتی دیمۆگرافیا بۆ هەبوونی کۆمەڵگەیەکی گەنج تێدەپەرێت و گەنج یەک لەسەر سێ کۆمەڵگەکەی پێکدەهێنێت، بەڵام لە یاسای بودجەی 2024دا خەرجییەکان کەمکراوەتەوە بۆ رێژەی 0.22%.
لەکاتێکدا خەرجییەکانی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دامەزراوەکانی دیکە لەماوەی دوو دەیەی رابردوو بەوشێوەیە بووە، بەڵام لەدوای درووستبوونی حەشدی شەعبی لە عێراق، لە 2015وە ساڵانە سەروو 1 تریلیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، بەڵام چەندی بۆ خەرجکراوە لە راپۆرتەکانی وەزارەتی داراییدا نەهاتووە. بەپێی یاسای بودجەی 2024دا دەستەی حەشدی شەعبی 4.3 تریلیۆنی دینار بۆ تەرخانکراوە، کەوا بەس بۆ مووچە بڕی تەرخانکراو لە ئەمساڵدا گەیشتووەتە 3.9 تریلیۆن، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو 3.5 تریلیۆن دینار بووە. بڕوانە خشتەی 1 لەخوارەوە لەبارەی داتا و ژمارەکان لەسەر حەشدی شەعبی لە 2015وە بۆ 2024.
گرافیک 1: دابەشوونی رێژەی خەرجییەکان بۆ حەوت کەرتو سێ سەرۆکایەتییەکە و هەرێمی کوردستان لە 2003 بۆ 2023 و لە یاسای بودجەی 2024ی عێراق
سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق. بەشی ژمێریاری لەماوەی نێوان 15-2024 بۆ 2-6-2024
تێبینی 1: ئەم دوو دەیە خەرجییەکانی ساڵی 2014 بۆ هەموو کەرتەکان و سێ سەرۆکایەتییەکە و هەرێمی کوردستان تێدا نییە.
تێبینی 2: رێژەی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆی خەرجییەکان بۆ هەموو عێراق کەمتر دەبێت ئەگەر داتاکان 2014 بەردەست بوایە، چونکە لەو ساڵەدا خەرجییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان لە مانگی دووەوە بڕا.
تێبینی 3: ئەم خەرجییانەی حەوت کەرت و سێ سەرۆکایەتی و هەرێمی کوردستان لە کۆی خەرجییەکانی هەموو کەرتەکان دەرهێنراوە، واتە لە کۆی گشتی پارەی خەرجکراو لە عێراق بۆ ئەو دوو دەیە بەبێ ساڵی 2014
تێبینی 4: کەرتی ئەمنی لەم راپۆرتەدا وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری دەگرێتەوە، رێژەی بەشداریی ئەم دوانەش لە یاسای بودجەی 2024 وەرگیراوە، خەرجی دامەزراوەکانی دیکەی وەک ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، حەشدی شەعبی، ئاژانسی مخابەرات و دەستەی ناوەچە سنوورییەکان تێدا نییە.
خشتەی 1: بودجەی بەکارخستن و وەبەرهێنانی تەرخانکراو بۆ حەشدی شەعبی لە 2015وە بۆ 2024 لە عێراق
سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق، بەشی بودجە 18-1-2023
تێبینی1، ساڵی 2020 و 2022 عێراق بودجەی گشتی ساڵانەی نەبووە، لەم شیکارییەدا وادانراوە کە ژمارەی هێزەکان و بڕی پارەی تەرخانکراو وەک ساڵی پێش خۆی بووبێت.
تێبینی2: یەک دۆلار بە 1500 دینار دانراوە
بڕی خەرجییەکان لە دوو دەی رابردوودا
لە دوو دەیەی رابردوودا خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی بۆ هەموو دامەزراوەکان و وەزارەتەکان لە عێراق گەیشتووەتە 1432 تریلیۆن دینار، واتە بەنرخی بانکی ناوەندی 1.1 تریلیۆن دۆلار، کە ئەمەش رەنگدانەوەی بڕی داهاتی نەوتی هەناردەکراو بووە لە عێراق کەوا سەروو 1 تریلیۆن دۆلار داهاتی هەبووە.
لەماوەی ساڵانی (2003-2023)دا کۆی خەرجییەکان ئەو 7 کەرت و سێ سەرۆکایەتییە، بە بێ هەرێمی کوردستان 1082 تریلیۆن دینار بووە، کە بەرزترینیان وەزارەتی دارایی بە بڕی 360 تریلیۆن بووە، بەدوایدا وەزارەتی ناوخۆ بەبڕی 150 تریلیۆن و کەمترینیان وەزارەتی ژینگە بە بڕی 383 ملیار دینار.
گرافیک 2: دابەشوونی بڕی خەرجییەکان بۆ حەوت کەرت، سێ سەرۆکایەتییەکە و هەرێمی کوردستان لە 2003 بۆ 2023
سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق. بەشی ژمێریاری لەماوەی نێوان 15-2024 بۆ 2-6-2024
کۆتایی
پرۆژەیاسای بودجەی 2024ی عێراق پەسەندکرا، بەڵام بەبڕی کورتهێنانی زیاتر و واڵاکردنی دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ خەرجکردنی 2 تریلیۆن دیناری دیکە بۆ پارێزگاکانی عێراق بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. بەمشێوەیەش بێت ئەوا کۆی گشتی خەرجییەکان لە عێراق لە پرۆژەیاساکەدا دەگاتە سەروو 213 تریلیۆن دینار، نەوکو لە راپۆرتی کۆتایی خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق.
گرافیک 3: دابەشوونی بڕی خەرجییەکان بۆ حەوت کەرت، سێ سەرۆکایەتییەکە و هەرێمی کوردستان لەیاسای بودجەی 2024دا.
سەرچاوە: پەرلەمانی عێراق، 03-06-2024 و وەزارەتی دارایی عێراق.
لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا لەسەرەتای ساڵانی خەرجییەکان جگە لە زیادبوونی ساڵ بە ساڵی خەرجییەکان بەتایبەتیش بۆ کەرتی ئەمنی و سەربازی، خاڵێکی جێگەی سەرنج خەرجییەکانی سێ سەرۆکایەتی لە عێراق لە 2006دا خەرجییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار 70 ملیار، ئەنجومەنی نوێنەران 69 ملیار و ئەنجومەنی وەزیران 66 ملیار بووە، بەڵام لە 2023دا خەرجییەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەگاتە 10.2 تریلیۆن، خەرجییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەگاتە 582 ملیار و خەرجییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار کەمدەبێتەوە بۆ 71 ملیار، بۆ ئەمساڵیش وادانراوە خەرجییەکانی پەرلەمان 485 ملیار، سەرۆکایەتی کۆمار 84 ملیار و ئەنجومەنی وەزیران 10.5 تریلیۆن بێت.
لە کۆتاییدا، خەرجییەکانی عێراق وەک ئەوەی لە بودجەدا دادەنرێت لە وەزارەتی داراییەوە پەسەند ناکرێت، چونکە جگەلەوەی نیوەی ساڵ دەڕوات ئینجا بودجەکە پەسەند دەکرێت، بەڵکو خەرجییەکان لەسەر داهاتی بەدەستهاتووە لە نەوتەوەیە.
سەرچاوەکان
وزارة المالية, جمهورية العراق،” Mof.gov.iq, mof.gov.iq/pages/MOFPublicReports.aspx. Accessed1 June 2024.
وزارة المالية, جمهورية العراق التقارير المالية العامة .” Mof.gov.iq, وزارة المالية mof.gov.iq/pages/ar/FinalAccounting.aspx. Accessed 03 May 2024