شرۆڤە

بودجەی ساڵانەی عێراق؛ پێچەوانەی خەمڵاندنەکان بۆ داهاتی نەوتی و نانەوتی

06-06-2024


بەرایی

بودجە پەسەندکراوەکەی عێراق بۆ ئەمساڵ داهاتی نانەوتی بەڕێژەی 57% و داهاتی نەوتی بەڕێژەی 2.8%  بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتری خەمڵاندووە، لەکاتێکدا بەدرێژایی دوو دەیەی رابردوو بەردەوام خەمڵاندنەکانی وەزارەتی دارایی و پەرلەمانی عێراق راست دەرنەچووەو لە کۆتایی ساڵدا لەگەڵ داهاتی نەوتی و نانەوتیی بەدەستهاتوو یەکی نەگرتووەتەوە.

لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا، لەو ساڵانەدا کە عێراق بودجەی پەسەندکردووە و وەزارەتی دارایی راپۆرتی کۆتایی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی بڵاوکردووەتەوە، واتە لەماوەی 2003-2023[i] دا ، کۆی داهاتی نەوتی بەپێی بودجە 1114 تریلیۆن بووە، بەڵام لەراستیدا داهاتی نەوت لەو ماوەیەدا 1206 تریلیۆن بووە، بەڵام بۆ داهاتی نانەوتی لەو ماوەیەدا، پەرلەمان واداینابو کەوا 129.56 تریلیۆن دینار بێت، بەڵام تەنیا 97 تریلیۆن دینار کۆکراوەتەوە.

هەروەها، ئەم نادروستییە بۆ خەمڵاندنی داهاتەکان لە دوو دەیەی رابردوو کاریگەری تەواوی لەسەر خەرجییەکانیش هەبووە. بەشێوەیەک کە لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا خەرجییەکانی وەزارەتی نەوت چوار هێندەی هەر سێ وەزارەتی کشتووکاڵ، پیشەسازی و سەرچاوە ئاوییەکان بووە، چونکە داهات لە نەوتەوە هاتووە و  رێژەی  99% ی کاڵا هەناردەکراوەکانی عێراقی بۆ دەرەوە پێکهێناوە. 

لەکاتێکدا هەموو جیهان باس لە کێشەکانی عێراق لەرووی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاو و کشتووکاڵ و کەمی دەرفەتی کار و نەبوونی پیشەسازییەوە دەکەن، لەبودجەکەدا هەر چوار وەزارەتی کشتووکاڵ، پیشەسازی، ژینگە و سەرچاوە ئاوییەکان تەنیا 3.47 تریلیۆن دیناریان بۆ دانراوە و بەڕێژەی 1.64% بەشداری کۆی خەرجییەکانیان کردووە کە سەروو نیوەی ئەم پارەیەش بۆ مووچەیە. لە بەرامبەردا خەرجییەکان بۆ وەزارەتی نەوت گەیشتووەتە 19.3 تریلیۆن دینار یان رێژەی 9.11% کۆی خەرجییەکان.

لێرەدا بەخستنەڕووی داتای داهاتەکان چ خەمڵاندنەکانی پەرلەمان بێت یان راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی هەڵوەستەیەک لەسەر ژمارەکان و داهاتوو ئەم پشتبەستن بە نەوت و پشتکردنە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات لە عێراق دەکەین.

داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان لەیاسای بودجە و لەراپۆرتی وەزارەتی دارایی 

لە دوو دەیەی رابردوودا (2003-2023) بەرزی نرخی نەوت و ئاسان هاتنە دەستی داهاتە نەوتییەکان وایکردووە، کەوا داهاتە نەوتییەکان لە 15.7 تریلیۆن بگاتە 125 تریلیۆن، بەڵام داهاتە نانەوتییەکان لە 225 ملیارەوە بگاتە 9.7 تریلیۆن دینار، کە ئەمەش دەرخەری پشتبەستنی ئابووری عێراقە بە داهاتە نەوتییەکان. وەک بانکی جیهانی ئاماژەی بۆ کردووە داهاتی نەوت رێژەی 85% بودجەی گشتی و رێژەی 42% کۆی گەشەی بەرهەمی نێوخۆیGDP پێکدەهێنێت.

لەڕوویەکی دیکەوە لەماوەی ئەو دوو دەیەیەدا، داهاتەکان بەڕێژەی 700% زیادیکردووە، بەڵام خەرجییەکان بەڕێژەی 4000% زیادیکردووە، کە بەدڵنیاییەوە ئەم شێوازە لە خەرجکردن بەهۆی شیوازی کۆکردنەوەی داهاتەکەوە بووە. بەردەوامیدان بەمشێوازە نەک لە سەردەمی گواستنەوەی وزە و نیت زیرۆدا لێکەوتەکانی زیاتری دەبێت، بەڵکو ئەم ئاسان کۆکردنەوە و دابەشکردنە وایکردووە کەوا نەتوانرێت ژێرخانی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک ئاو، کارەبا و تەندرووستی و فیرکردن، لەسەروو هەمووشیانەوە دابینکردنی هەلی کار و فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بۆ عێراقییەکان بێتەئاراوە، دیارترینیشیان بەرزبوونەوەی رێژەی بێکارییە بۆ 15.6% لە 2023دا.

گرافیک 1: داهاتە نەوتی و نانەتییەکان بەپێی یاسای بودجە و راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق 2003-2024

سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق

تێبینی 1:ساڵانی 2003-2005 یاسای بودجە نەبووە و  ساڵانی 2014,  2020  و 2022 دەوڵەت بودجەی نەخستووەتەڕوو بۆ پەسەندکردن لە پەرلەمان.

کۆتایی

پەرلەمانی عێراق بە پەسەندکردنی خشتە نویێەکانی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی داهاتە نەوتی و نانەوتی لەئەمساڵدا دوو مەترسی بنەڕەتی خستووەتەسەر ئابووری عێراق: یەکەمیان بەرزکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان بۆ 27.3 تریلیۆن لەکاتێکدا لە 2023دا 17.3 تریلیۆن دینار دانابوو، بەڵام وەزارەتی دارایی تەنیا 9.7 تریلیۆنی کۆکردەوە. دووەمیان بەرزکردنەوەی خەرجییەکانی کەرتی وزە و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی هەر سێ کەرتی کشتووکاڵ، پیشەسازی و سەرچاوە ئاوییەکان.

ئاژانسەکانی وزە بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش بەهۆی بەردەوامی جەنگ و ناسەقامگیری لە جیهان چاوەڕوانی بەرزی نرخی نەوت دەکەن تەنانەت لەسەروو ئەو نرخەی کە لە یاسای بودجەی 2024ی عێراقدا هاتووە، بەڵام هەر ئەم بەرزیی نرخەی نەوت وایکردووە کەوا عێراق نەتوانێت چاکسازی و ریفۆرم بکات و سەرچاوەکانی داهات هەمەچەشن بکات و کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنەر لەجیاتی بەکارهێنەر بهینێتە ئاراوە. عێراق لەریزبەندی گەشەپێدانی Human development Index لە پلەی مامناوەندایەو لە گەندەڵیدا پلەی 154ی لە نێو لە 180 وڵاتدا هەیە.

خەمڵاندنەکانی پەرلەمان بۆ داهاتەکان لە عێراق، هەر ژمارەیە لەسەر کاخەزەکانی نێو یاسای بودجە، ئەگینا ئەوەی وەزارەتی نەوت وەک داهاتی نەوتی بۆ وەزارەتی دارایی دەنێریت و دەزگاکانی دەوڵەت وەک داهاتی نانەوتی بۆی رەوانە دەکەنەوە، دوو شتی تەواو جیاوازە.

هەروەها، ئەم پشتبەستنەی عێراق بە نەوت دووجار سیستەمی سیاسی و ئابووری عیراقی خستووەتە بەردەم مەترسی گەورەوە لەماوەی دوو دەیەی رابردوو، بەتایبەت لە ساڵانی 2014 و 2020دا کاتێک نرخی نەوت گۆڕانکاری بەسەردا هات، حکومەت ناچاربوو بۆ دابینکردنی خەرجییەکان پەنا بۆ بەکارهێنانی یەدەگی دراو و دابەزینی بەهای دراوەکەی لەبەرامبەر دۆلار ببات.

لەکۆتاییدا، بەردەوامی ئەم شێوازەش عێراق بەرەو دۆخێکی هاوشێوەی نەیجریا دەبات ، چونکە پشتبەستنی نەیجریا بە داهاتی نەوت بووەهۆی بڵاوبوونەوەی  گەندەڵی و دۆخێکی ئابووری کە نەخۆشی هۆڵەندی پێدەگوترێت. بەڵام نەرویژ توانی نەک داهاتی نەوت کۆبکاتەوە و ژێرخانی پێی بنیات، بنێت بەڵکو وەبەرهێنانی لە بانکە جیهانییەکان پێوەبکات و بیکاتە دوو هێندە و بگرە سێ هێندەی داهاتە بنەڕەتییەکەی نەوت.

سەرچاوەکان

وزارة المالية, جمهورية العراق. -. https://www.mof.gov.iq/pages/ar/FederalBudgetLaw.aspx

 https://mof.gov.iq/pages/ar/BalanceArchive.aspxوزارة المالية, جمهورية العراق، 


[i]  ساڵانی 2014، 2020 و 2022 عێراق بودجەی ساڵانەی پەسەند نەکردووە و نەبووە، بەڵام ساڵانی 2020 و 2022 وەزارەتی دارایی راپۆرتی کۆتایی داهات و خەرجییەکانیان هەبووە.

Share this Post

شرۆڤە