شرۆڤە

جەنگی غەززە و داهاتووی پرۆژە ستراتیژییەكانی ئیسرائیل

03-12-2023


شەڕی غەزە بەدەر لە رەهەندە مرۆیی و سەربازییەکانی، سەرنجی بۆ سەر داهاتووی چەندین پرۆژەی ستراتیژی راکێشاوە  كە ئیسرائیل لە هەوڵی ئەوەدایە ئەنجامیان بدات یان تێیاندا بەشدار بێت. بەشیك لەو پرۆژانە ستراتیژین بۆ وڵاتە زلهێزەكانی جیهان و، ئیسرائیل پلانی داناوە بەهۆیانەوە ببێتە بەهێزترین  وڵات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێگەیەكی ستراتیژی زۆر بەهێزلە جیهان دا دەستبەر بکات بەڵام هێشتا دیار نییە کە جەنگەکە چارەنووسی ئەو پرۆژانە چی لێ دەکات.

نۆكەندی بن گۆریۆن

یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكان كە ئیسرائیل بەنیازە جێبەجێی بكات و، پلانی داناوە كە دەریای سوور بە دەریای سپی ببەستێتەوە، بەمەش ئەم نۆكەندە دەبێتە ركابەری نۆكەندی سویس كە زۆربەی كەشتیەكان كە لە ئەورپاوە كاڵاكانیان بۆ ئاسیا دەگوازنەوە بەو نۆكەندە تێپەر دەبن و یەكێكە لە شوێنە ستراتیژییەكان لە جیهان دا. نۆکەندی بن گۆریۆن کە ئێستا ئیسرائیلیەكان دەیانەوێ جێبەجێی بکەن، گرنگی زۆری بۆ ئیسرائیل هەیە و لە هەمانکاتیشدا، بۆ میسر و ئابوورییەکەی گورزێكی كوشندەیە.

نۆكەندی بین گۆریۆن  292.9 كیلۆمەترە و تێچووكەی لە نێوان 15-55 ملیار دۆلار دەبێت (2) وتایبەتمەندی ئەم نۆكەندە لەوەدایە كە دوو رێڕەوی دەبێت و پانترە لە نۆكەندی سویس. هەروەها، لە زەوییەكی بەردەڵان دروست دەكرێت كە پێویستی بە نۆژەنكردنەوەی بەردەوام نابێت، ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ نۆكەندی سوێس بۆ بەكارهێنان گونجاوتر دەبێت(3).

بەڵام گەورەترین لەمپەر لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە بوونی كەرتی غەزە و بزوتنەوەی حەماسە. چونكە خاڵی بەستنەوی نۆكەندەكە بە دەریای سپی دەكەوێتە باكووری كەرتی غەزە، ومانەوەی بزوتنەوەی حەماس هەڕەشەیەكی جدیە بۆ سەر پڕۆژەكە. جگە لەوەی میسر بەهەموو شێوەیەك دژی جێبەجێكردنی پرۆژەكەیە.

وێنەی 1: نەخشەی رێڕەوی نۆکەندی بن گۆریۆن

سەرچاوە: www.civilsdaily.com/news/ben-gurion-canal-project-joining-red-sea-with-mediterranean/   2-12-2023  

هێڵی ئابووری هیندستان- رۆژهەڵاتی نێوڕاست - ئەوروپا

لە میانی كۆبوونەوەی وڵاتان و ئەندامانی جی 20 ( 20 G) کە لە مانگی نۆی 2023 لە هیندستان بەڕێوەچوو، هەریەك لە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، ناریندرا مۆدی سەرۆكوەزیرانی هیندستان و محەمەد بن سەلمان، جێنشینی عەرەبستانی سعودی واژۆیان لەسەر پرۆژەی هێڵی ئابووری هیند – رۆژهەڵاتی نێوەڕاست – ئەوروپا كرد.  پرۆژەکە بە بە IMEEC ناسراوە کە کورتکراوەی (India – Middle East Europe Economic Corridor) وەکو لە وێنەی خوارەوە هاتووە.

ئەم پرۆژەیە وڵاتی هیندستان بە ئیمارات و عەرەبستانی سعودی و ئوردن و ئیسرائیل دەبەستێتەوە و، بەندەری حەیفای ئیسرائیلیش بە ئەوروپا دەبەستێتەوە  و مەبەستی لێی، ئالۆگۆڕی بازرگانیە لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا لە رێگای تۆڕێك لە هێڵی ئاسنین و بەندەر و هێڵی دەریاییەوە(4) . ئەمە ركابەری پرۆژەی ئاورێشمی نوێیە كە چین بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە، و ئامانجی سەرەكی لێدانە لە پڕۆژەكەی چین كە بە ئەوروپای دەبەستێتەوە و بە پاكستان و ئێران و سوریادا تێپەر دەبێت. هێرشەكانی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و سەر شاری حەیفا  گومان دەخاتە سەر جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە و مەترسیە لەسەر جێبەجێكردنی دروست دەكات.

وێنەی 2: نەخشەی نوێی بەستنەوەی هیندستان – رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەورووپا بەیەکەوە

سەرچاوە: www.impriindia.com/insights/path-leads-europe-imec-update/ 2-12-2023

كەرتی غەززە  و گازی سروشتی

هاوكات لەگەڵ گۆڕانكاری كەشوهەوا لە جیهان دا و كاریگەری نیگەتیڤەكانی لەسەر جیهان بە گشتی و هەوڵی دەوڵەتە پێشكەوتووەكان بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی سەرچاوەكانی وزەی وەكو خەڵوز و نەوتی خاو لە جیهان دا، هەوڵەكانیان بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی وزەی پاك لەجیهان دا بەردەوامە، و یەكێك لە بژاردەكانی بەردەم وڵاتە پێشكەوتووەكان گازی سروشتییە، ئەمەش بووەتەهۆی زیادبوونی بایەخ و بەهای گازی سروشتی لەجیهان دا .

هاوكات لەگەڵ زیادبوونی بایەخی گازی سروشتی لە جیهان، ئیسرائیل بەهاوبەشی لەگەڵ قوبرس گەورەترین كێڵگەی گازی سروشتیی لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەراست دۆزیەوە. بەنیازیشە بەهەماهەنگی لەگەڵ یۆنان، هێڵێكی گواستنەوەی گازی سروشتی لە دەریای نێوەڕاستەوە بەرەو ئەوروپا دروستبكات بەناوی مید ئیست. بەمەش ئیسرائیل دەبێتە یەكێك لە وڵاتە بەرهەمهێنەرەكانی گازی سروشتی لە جیهان و سەرچاوەی دابینكردنی گاز دەبێت بۆ ئەوروپا(5).

هەربۆیەش ئەوەی تایبەتە بە كەرتی غەززە و پرۆژەی گازی سرووشتی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەراست دوو لایەنە:

یەكەم - جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە مەترسی لەسەرە بەهۆی ئەوەی کە ئەو كێڵگە گازییانەی ئیسرائیل و قوبرس كەمتر لە 500 كیلۆمەتر لە كەرتی غەززەوە دوورن، بەمەش دابینکردنی ئاسایشی پرۆژەکە لە داهاتوودا وەکوو کێشەیەک دەردەکەوێت.

دووەم - كەرتی غەززە خاوەنی گێڵگەی (غەززە مارین)ە كە یەكێكە لە كێڵگە گازییە گەورەكانی لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی، و نزیكەی 30 كیلۆمەتر لە كەنارەكانی كەرتی غەززەوە دوورە،  و بڕی 1,1 تریلیۆن پێ سێجا گازی سروشتی تێدایە(6) و كۆنترۆڵكردنی لە لایەنی ئیسرائیلەوە واتا فراوانكردن و بەهێزكردنی پێگەی ئیسرائیل لە بواری گازی سروشتی .

پرۆژەی شاری نیۆم

لەڕوویەکی دیکەوە، هێرشەكانی حەماس و جەنگی غەززە هاوكات بوون لەگەڵ هەوڵەكانی ئیسرائیل بۆ كرانەوە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتە عەرەبیەكان، و گەیشتە ئاستی دروستكردنی پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین (7) و دروستبوونی پەیوەندی ئابووریی نافەرمی لەگەڵ چەندین وڵاتی دیكەی وەكو عەرەبستانی سعودی و قەتەر. ژمارەیەك بەرپرسی ئیسرائیل و سعودی بە ئاشكرا باسی هەوڵەكانی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لایان كردووە  (8).

پرۆژەی نیۆم یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییەكان كە عەرەبستانی سعودی بەنیازە جێبەجێیبكات و دەكەوێتە باكووری خۆرئاوای عەرەبستانی سعودی، لەسەر سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل و میسر و ئوردن لە باكووری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە لەسەر دەریای سوور. رووبەرەكەی 26,500 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و لە ساڵی 2030 تەواو دەبێت و تێچووكەی 500 ملیار دۆلارە (9).

سەرچاوەكان

1- arabic.cnn.com/middle-east/article/2023/11/23/netanyahu-says-israel-hopes-to-get-first-group-of-hostages

2- frontierindia.com/all-you-should-know-about-the-israeli-ben-gurion-canal-project/

3- www.reuters.com/world/africa/suez-canal-annual-revenue-hits-record-94-bln-chairman-2023-06-21/

4- المعهد الدولی للدراسات الایرانیە،الممر التجاری العالمی الهندی-الشرق أوسگی-اڵاوروبی.. الفرص والتحدیات، 2023،لاپەرە5

5- میران حسین ، جیوبولتیكی الگاقە والصراع علی الگاز الگبیعی فی العالم – كۆنفرانسی زانكۆی موستنەسریە ،2022، لاپەرە458

6- د. احمد السلگان ، “غزە مارین”.. هل یُصلح الگاز ما أفسده الاحتلال فی فلسگین؟ المركز المصری للفكر والدراسات الاستراتیجیە، https://ecss.com.eg/author/ahmed-saoltan/

7- www.reuters.com/article/us-israel-emirates-trump/with-trumps-help-israel-and-the-united-arab-emirates-reach-historic-deal-to-normalize-relations-idUSKCN25926W

8- https://www.bbc.com/arabic/articles/ce7wr7wl6xlo

9-NEOM_FAQS_ARABIC.pdf

Share this Post

شرۆڤە