شرۆڤە

جفرەی پەیوەندییەكانی توركیا و عێراق لە سەردەمی كازمی

17-12-2020


 

RRC |

زریان رۆژهەڵاتی|

بەرایی

سەردانی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ توركیا كە بڕیارە ئەمڕۆ17/12/2020 بۆ توركیا بكرێ بایەخدارە، بەڵام ئەستەمە بتوانێ وەرچەرخانێكی گەورە لە پەیوەندییەكانی هەردوولا و هاوسەنگییە سیاسییەكانی ناوچەكە درووستبكات.

ئەگەر تەماشای لیستی سەردانەكانی سەرۆكوەزیران بۆ دەرەوەی وڵات بكەین، وادەردەكەوێت كە مستەفا كازمی لانیكەم دوای سەردانی 4 پایتەختی جیاوازی دیكەی ناوچەیی – نیودەوڵەتی، ئەویش دوای چەندین مانگ و لانیكەمیش پاش دوو پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ سەركۆماری توركیا، تازە بەتازە بڕیاری داوە سەردانی ئەنقەرە بكات. بێگومان ئەمە لەبەر ئەوە نییە كە توركیا بۆعێراق كەمبایەخە، بەڵام دەشێ لەبەر ئەوە بێت كە دۆسییەی پەیوەندییەكانی هەردوولا هەم ئاڵۆزە، هەم لەژێر كاریگەریی گەلێك فاكتەری نێوخۆیی و دەرەكیدایە و كازمی بە تەنیا دەرەقەتی نایەت.

پاڵنەرەكانی سەردانەكەی كازمی

لەچاو چەند مانگ بەرلە ئێستا، مستەفا كازمی لە ئاستی نێوخۆییدا لاوازتر دەردەكەوێت و لەوانەیە بە تەمابێت لەڕێی پەیوەندییە دەرەكییەكانەوە تۆزیك پێگەی ناوخۆیی خۆی بەهێزتر بكات. توركیا دەتوانێت رۆڵێكی هاوسەنگیكەری لەسەر پێگەی كازمی لەنێوخۆی عێراق هەبێت كە لەبەر هێزەكانی نزیك لە ئێران، ناتوانێ بە دڵی خۆی بجوڵێتەوە.

مستەفا كازمی بۆ بەهێزبوون لە نێوخۆ پێویستی بە توركیا هەیە. ئەگەر بتوانیت هاوشێوەی ئەوەی كە لە شەنگال كردی- هەرچەند تا ئێستا بەتەواوی سەرینەگرتووە- رێككەوتنێك لەبارەی كەركووكیش بكات، ئەوسا دەتوانێت وەك سەرۆكوەزیرێك خۆی وێنا بكات كە توانیویەتی بەشێوەی رێژەیی پرسێكی گرنگی خاك لە وڵاتەكەی چارەسەربكات. هەرێمی كوردستان بەهۆی گرفتە داراییەكانەوە ناتوانێ زۆر لە قسەی  كازمی دەربچێت و ئەوەی دەتوانێ گرفتی بۆ درووستبكات توركیا و توركمانەكان ولانیكەم بەشێك لە حەشدی شەعبییە. هەواڵ و زانیاری زۆر هەن لەبارەی ئەگەری رێككەوتنی كەركوك، ئەگەر بۆ ئەوەش بتوانێ توركیا رازی بكات، ئەوسا دەتوانێت ئاسانتر رووبەڕووی تەگەرەكانی دیكە ببێتەوە. هەندێك لە زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق كە وەك یەكێك لە ئەندازیارانی ریككەوتنی شەنگال سەیردەكرێت، دوو رۆژە لە توركیایە و ئەگەر ئەوەش راست بێت، لەوانەیە گریمانەی هەوڵدانی ئیدارەی كازمی بۆ رازیكردنی توركیا بە رێككەوتنێكی هاوشێوەی شەنگال بۆ كەركووك بەهێزتر بێت.

لەلایەكی دیكەوە، كردنەوەی رێگای وشكانی توركیا بۆ بەندەری فاو لە باشووری عێراق لەگەڵ درووستكردنەوەی هێڵی شەمەندۆفێری توركیا- بەغدا و لەوێشەوە بۆ بەسرە، لە چوارچێوەی پرۆژەی بەندەری گەورەی فاودا- هەرچەندە هێشتا كێشەی زۆری لەسەرە- خەونی بەرپرسانی عێراقی بۆ ئەوەی وڵاتەكەیان ببێتە رێڕەویكی دەریایی – وشكانی بۆ بازرگانیی جیهانی بەهێزتر كردووە.  باسی پرۆژەی بەندەری فاو لە 2010وە لە ئارادایە و ئەگەر سەربگرێت، دەتوانێ عێراق بكاتە ناوچەیەكی گرنگی ترانزیتی بە تایبەتی بەرەو ئەورووپا. ئەمە هەم پێگەی ئێران خراپتر دەكات ئەگەر خۆی كاریگەریی لەسەر نەبێت، هەم وەكوو لەوانەیە لە بەرژەوەندی هەندێك لە وڵاتانی دیكەی عەرەبی وەكوو میسر( كەناڵی سوێز) و كوەیت( بەندەری موبارەك) و ئیماراتیش نەبێت. بێجگە لەوەش، ئاستەنگی نێوخۆیی بۆ ئەو پرۆژەیە هیشتا لانەدراون بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا لەمساڵدا زیاتر لە جاران باس لەو پرۆژەیە دەكرێت و بە پێی هەندێك لەهەواڵەكانیش، بڕیارە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانیش باسی لێ بكرێت. بێجگە لەوانەش بابەتەكان ئەمن و ئاو، لەگەڵ بازرگانیش جێگەی سەرەنجی بەرپرسانی بەغدان.

 توركیا و پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق

توركیا لە دۆخیكی ئابووری سەختدایە. بێكاری و گرانی و گرفتی كەمیی نەختینە رووی تێكردووە و لە سیاسەتی دەرەوەشدا تووشی گێچەڵی گەورە بووە. ئەمەش لەگەڵ دەركەوتنی حزبی نوێ و قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی سیاسەتی نێوخۆ هاوتەریبە. بۆیە بە خێرایی پێویستی بە كرانەوەیەك لەنێوخۆ و دەرەوە هەیە. پێویستی بە زیادكردنی بازرگانی و دەرفەتەكانی سەرمایەگوزاری لە عێراق هەیە. ئەگەر سەرنجی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا لەسەر سەردانەكەی كازمی  بدەین، ئەو6 بابەتی گرنگی ریز كرد كە زۆربەیان ئابووری یان ئابووری سیاسی بوون: سەرمایەگوزاری، بازرگانی، وزە، گۆڕانكاریی ناوچەیی، بابەتی ئەمن، ڤیزا.

پێچەوانەی ئەو شرۆڤانەی كە هەموو شتێك بە پرسی پەكەكەوە دەبەستنەوە، پاڵنەری ئیستای توركیا بۆ باشكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق زیاتر ئابوورییە. خۆی لە خۆیدا سێ بابەتە سەرەتاییەكەی كە لە زاری وەزیری دەرەوەی توركیاوە دەرچوو ئابووری- سیاسی بوون و ئەوی دیكەشیان سیاسی و ئینجا نۆرەی ئەمن و ئاسایش هات كە تێیدا باسی هاوكاری كردنی عێراق بۆ شەڕی داعش و دواتریش باسی پەكەكەی تێدا كرا. بابەتی ڤیزاش بەجۆرێك بە پرسە ئەمنییەكانەوە گرێدراوە . واتا ئەمن لە دوایین تەوەرەكانە و ئەولەویەت بۆ ئابووری و بازرگانییە.

توركیا پێی باشە لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە سوننەنشینەكاندا بە تایبەتی لە موسڵ سەرمایەگوزاری بكات و وادیارە لەوەشدا گرفتی هەیە. هەندیك لە زانیارییەكان باس لە هەبوونی رێگری لەبەردەم بەشداری ژمارەیەك لە كۆمپانیاكانی توركیا لە تەندەری پرۆژەكانی موسڵ دەكەن. وەك نموونە باس لە رێگری لەبەشداریكردنی كومپانیاكانی توركیا لە تەندەری دوو پردی شاری موسڵ دەكرێت. هەڵبەت ئەمە تا ئێستا بە رەسمی پشتڕاست نەكراوەتەوە بەڵام، چاوشئوغڵو گوتی لیستێكی كۆمپانیاكانی توركیامان داوەتە لایەنی عێراق كە كیشەیان بۆ درووستبووە و ئەمەش ئەگەری درووستبوونی ئەو زانیارییانە زیاتر دەكات.

توركیا بۆ زیادكردنی بازرگانی و بۆ ئامانجی سیاسیش، دەمێكە داوای كردنەوەی دەروازەی ئۆڤاكوێی دەكات و وەزیری دەرەوەی توركیاش لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا گوتی باسی ئەوەشمان كردووە. خاڵی زۆر سەرنجڕاكێش لە قسەكانی چاوشئوغڵوودا ئەوەبوو كە گوتی ئەوان دەیانەوێ بە هاوكاری توركیا و عێراق و هەرێمی كوردستان ئەوە بكەن ونایانەوێ هیچ لایەنێك پشتگوێ نەخرێت. ئەمەش لە چاو هەوڵەكانی جارانی توركیا بە تایبەت لە دوای گشتپرسی بۆ كردنەوەی دەروازەی ئۆڤاكوێی بە بێ هەرێمی كوردستان، بە گؤرانكارییەكی گرنگ هەژمار دەكرێت. بە پێی هەندێك لە زانیارییەكان هەرێمی كوردستانیش بە كردنەوەی ئەو دەروازەیە رازی دەبێت ئەگەر بێت و رێڕەوی جادەی پێویست بۆ ئەو دەروازەیە بێتەوە ناو خاكی هەرێمی كوردستان ئینجا بەرەو تەلەعفەر و شوێنەكانی دیكە بڕوات.

لەبارەی وەزەوە كێشەی هەر گەورە لە بەینی هەردوولا ئەو سكاڵایەی عێراقە لەسەر توركیا لە دادگایەكی بازرگانی لە پاریس. عێراق داوای زیاتر لە 26 میلیار دۆلار دەكات و توركیاش دەیەوێت نەك بە دادگا، بەڵكوو بەڕێی “پەیوەندی دۆستانە”وە ئەو پرسە یەكلابكاتەوە. هەندێك لە زانیارییەكان باس لەوە دەكەن بەشێك لەپارەی نەوت لەلایەن توركیاوە گلدراوەتەوە و نەدراوەتەوە عێراق و هەرێمی كوردستان هەتا ئەوكاتەی كێشەكانی نێوانیان لەسەر نەوت یەكلادەكەنەوە.

لەبارەی بابەتی ئەمنیشەوە كە دوایین تەوەری قسەكانی چاوشئوغڵوو بوو، وادیارە كێشەیەكی ئەوتۆ لە بەینی عێراق و توركیادا نییە. ئەو گوتی كە ئەوان لەگەڵ عێراق هاوڕان و دەشێ ئەمەش بە واتای رەزامەندیی بابەتییانەی عێراق بێت بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەنجام

بە ئەگەری زۆر سەردانەكەی كازمی وەرچەخانیكی گەورە درووستناكات. بەڵام لەوانەیە لە دۆسییەی، رێككەوتنی گریمانەیی كەركووك- كردنەوەی دروازەیەكی سنووریی نوێ، بابەتەكانی ئەمن و ئاودا هاوڕایی و رێككەوتنێك درووستبكات.

مستەفا كازمی دەیەوێت كارنامەی سەرۆكوەزیرێك لەدوای خۆی جێبهێڵێت كە بە تەمابووە رۆڵی بێلایەنی و درووستكردنی هاوسەنگی لە كێشمەكێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندا بۆ وڵاتەكەی دەستەبەر بكات. ئەو باس لە میحوەری “شامی نوێ” دەكات كە جۆرێكە لە پێدانی رۆڵی هاوسەنگی و بێلایەنی بە وڵاتەكەی. هەرچەند هەلومەرجی نێوخۆیی عێراق بۆ ئەمە لەبار نییە و تا ئێستاش وڵاتە كاریگەرەكانی دنیا لە عێراق دانیان بەو رۆڵە گریمانەییەدا نەناوە كە كازمی لە زەینی خۆیدا بۆ عێراقی وێنا كردووە، بەڵام دەشێ هەر ئەو دیدگایە پاڵنەرێكی سەردانەكەی ئەو بۆ توركیا بێت.

باسكردنی چاوشئوغڵوو لەوەی كە پێویستە هەرێمی كوردستان و عێراق و توركیا پێكەوە دەروازەی ئۆڤاكوێی بكەنەوە، نیشانەی گۆڕانێكی تازەیە لە سیاسەتی توركیا بەرامبەرهەرێمی كوردستان كە پێدەچێت بەرەو سەردەمێكی دیكەی بەهێزبوونەوەی پەیوەندییەكان بچێت. ئەمە لەگەڵ زیادبوونی هەواڵەكانی ئەگەری كرانەوەی دووەم سەبارەت بە پرسی كورد لە ناوخۆی ئەو وڵاتەشدا هاوتەریبە. بە ئەگەری زۆر ئەردۆغان خۆی بۆ سەردەمی بایدن ئامادە دەكات و ئەمەش ناچاری دەكات كە لە ناوخۆ نەرمتر بێت و لە سیاسەتی دەرەوەشدا تۆزێك سوكانەكەی بشكێنێتەوەوە و بەرەو نەرمبوونەوەیەك لەگەڵ خەلیج، ئەورووپا و تەنانەت ئەمریكا بچێت و تۆزێكیش مەودای نێوانی خۆی لەگەڵ رووسیا و ئێران زیاتر بكات.

 

 

 

Share this Post

شرۆڤە