شرۆڤە

چ جۆرە دەستورێکمان بوێت؟

17-05-2021


 

RRC |

د.هەڵمەت غەریب-

راوێژكار لە ‌ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو|

گفتوگۆکانی نوسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان دووبارە هاتنەوە سەرمێزی دانوستاندنە سیاسیەکانی کوردستان. هەڵبەت گفتوگۆكانی ئەمجارە، بەبەراورد بەوانی پێشتر جیاوازتر و جدیترن. هەردوو سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان مەبەستیانە لەم خولەی پەرلەماندا مشتومڕی دەستووری هەرێم نەهێڵن وهەرێمی کوردستان بکەن بەخاوەنی دەستوورێک .
ئێستا دوو سیناریۆ بۆ نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان هەیە كە، تاڕادەیەکی زۆر لێک دوورن و پێناچێت هیچیان بەتەنیا بتوانن هەرێمی کورستان بکەن بەخاوەنی دەستوور.
سیناریۆی یەکەم نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتی هەرێم پشتگیری دەکەن و بەوجۆرەیە کە هەرسێ سەرۆکایەتیەکە، هەریەکەو سێ یاساناس و راوێژکاری خۆی دیاری بکات و بەهاوکاریی سەرۆکایەتی هەرێم پرۆژەکە تەواو بکرێت. بەتایبەت ئەو بابەتانە چارەسەر بكەن کە لەنێوان هەرسێ هێزە سەرەکییەکەی هەرێمدا جێی ناکۆکین. بەواتایەكی دیكە پەرلەمان وحکومەت وسەرۆکایەتی هەرێمیش سێ کەس دیاریبکەن و پرۆژەکە ئامادەبکەنەوە و بیدەنەوە بە لیژنە کۆنەکەی نوسینەوەی دەستوور.
هەرچی سیناریۆی دووەمە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە پشتگیری دەکرێت و ئەویش بەوجۆرەیە کە، ئەو لێژنە راوێژکارییەی کە سەرۆکایەتی هەرێم داوای دەکات دروست بکرێت و هەرچوار بابەتی جێی ناکۆکی ( کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم، مەسەلەی دین و پێگەكەی لەدەستوور، سنوری کوردستان وناوچە کێشە لەسەرەکان، مافی پێکهاتەکان ) بکرێتە پرۆژەیەک و راوبۆچوونی هەموو هێزە سیاسییەکانی تێدا جێبکرێتەوە وبکرێت بە بناغەی کاری لیژنەیەکی نوێی دەستوری کە بەبڕیاری پەرلەمان دروستبکرێت، نەک پرۆژەکە بەسەر پەرلەماندا فەرزبکرێت.
ئەم دوو سیناریۆیە ئێستا جێی گفتوگۆی لایەنەکان و دامەزراوە سەرەکیەکانی هەرێمن.  ئێستا پەرلەمان چاوەڕێی هەڵوێستی لایەنەکان وتێبینیەکانیان دەکات تاوەکو، هەنگاوە پراکتیکییەکان بۆ دانانی لیژنەیەکی نوێی دەستووری دەستپێبکات. هەرچەندە هێزە سیاسییە گەورەكانی ناوپەرلەمانی کوردستان وەک پرەنسیپ لەگەڵ ئەوەن کە لەم خولەدا پەرلەمان دۆسیەی دەستوور یەکلایی بکاتەو، بەڵام ئەمە لەڕووی كردارییەوە، لە گوتارێكی سیاسی تێپەڕی نەکردووە.

ئەوەی من مەبەستمە لێرەدا بیخەمە ڕوو ئەوەیە کە ئایا ئێمە چ جۆرە دەستوورێکمان پێویستە ؟
بەر لە هەرشتێک پێویستە ئەوە بڵێین فەلسەفەی نوێی نوسینەوەی دەستوور کە ئەمڕۆ لەدنیادا پەیرەو دەکرێت، ئەوەیە کە دەستوور بۆ کەمینە دەنوسرێتەوە لە وڵاتدا نەک زۆرینە. چونکە زۆرینە دەسەڵاتدار و باڵادەستە و، هەرکات بەرژەوەندییەکانی بکەوێتە مەترسی، دەتوانێت پەنا بۆ هەموارکردنەوەی ببات. بەڵام ئەوە کەمینەیە کە ناتوانێت بە ئاسانی پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی بکات و بیپارێزێت، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستانیش بەو نەفەسە دەستوور بنوسێتەوە بەجۆرێک پالپشتێکی بەهێز بێت بۆ هەموو جۆرە کەمینەیەک لە کۆمەڵگای کوردستاندا.
ئەوەی پێویستە هەموومان بەدەنگی بەرز داوای بکەین و نەترسین ئەوەیە کە ئێمە دەستورێکی مەدەنیمان بوێ. دەستووری مەدەنی بەومانایەی لەچەپ تا راست لە دیندار بۆ بێ دین، لە کۆنزەرڤاتیڤێکەوە بۆ هاوڕەگەزخوازێک بە پاڵپشتی خۆی بزانێت وهەموان وەک یەک لەبەرامبەر یاساو دامەزراوەکاندا سەیربکات.

هێزە ئیسلامییەکان بەتایبەت کۆمەڵی دادگەری، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە هاوشێوەی دەستوری عێراق، دینی فەرمی لە هەرێم بەدەق دیاری بکرێت. من پێموایە كە نابێت هەرێمی کوردستان خۆی لە قەرەی دیاریکردنی دینی فەرمی  بدات، ئەویش لەبەردووهۆکار:

یەکەم: هیچ دەوڵەتێک لە دنیادا نابینین کە لەڕێگەی دەستوورێکی دینیەوە دەوڵەتێکی مەدەنی ودیموکراسیی دامەزراندبێت.
دووەم:دیاریکردنی دینی فەرمی بەواتای رەتکردنەوەی فرەیی کۆمەڵگا لەڕووی دینیەوە دێت و، ئەمەش لەگەڵ سروشتی کۆمەڵگای کوردستاندا ناگونجێت کە کۆمەڵگایەکی فرەییە لەڕووی ئاینی ومەزهەبی ونەتەوەییەوە.
دواتر هیچ ڕێگریەک وهیچ دژیەکیێک نیە لەوەی بە دەقێک جەخت لەسەر ناسنامەی زۆرینەی موسوڵمان بوونی کۆمەڵگای کوردستان بکاتەوە بەبێ دیاریکردنی دینی فەرمی بۆ وڵات. ئەمە بەهیچ شێوەیەک پێچەوانەی دەستووری عێراقی ٢٠٠٥ یش نیە.

Share this Post

شرۆڤە