بەرایی
ساڵی رابردوو (2022)، هەرێمی کوردستان 144 ملیۆن و 655 هەزار و 614 بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. واتە رۆژانە 396 هەزار و 310 بەرمیل نەوت. لەکاتێکدا کۆی بەرهەمهێنان لە هەموو کێڵگە نەوتییەکان کە 13 کێڵگەیە، 158 ملیۆن و 310 هەزار و 152 بەرمیل نەوت بەرهەمهاتووە، رۆژانەش لە هەموو کێڵگەکانەوە 433 هەزار و 726 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، بەڵام بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس کە سەر بە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتییە، کە تاوەکو ئەم ساتەش وردەکارییەکانی یاخود نێوەڕۆکەکەی بەتەواوی دیار نییە و وردە وردە ئاشکرا دەبێت و، هەردوو لایەنی کێشەکە خۆیان بە براوە دەزانن و داوای قەرەبوو دەکەن.
لەلایەکی دیکەوەش هەرێمی کوردستانی بەرەو داخستنی زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان دەڕوات، بەوانەشەوە کە گازیان لێ بەرهەم دەهێنرێت، جگە لە چەند بیرێکی نەوتی و گازی نەبێت کە دەدرێتە پاڵاوگەکان و ویستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان.
کۆی گشتی زیانەکان لە لێکەوتەی بڕیارەکەوە، تەنیا لەسەر پرۆسەی نەوت*[1]، بەپێی داهاتی ساڵی رابردوو رۆژانە سەروو 34 ملیۆن دۆلارە، هەروەها ئەو زیانەی بە تەنیا بەر داهاتی هەرێمی کوردستان دەکەوێت کە لە نەوتەوە دێت سەروو 15 ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلارە!
هەروەها، پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە ئەو کێڵگە نەوتیانەی لە ماوەکانی رابردوودا بەرەو بەرهەمهێنانی گاز رۆیشتن بەهۆی بەرهەمهێنانی نەوتەوە، ئێستا بەرهەمهێنانی ئەو گازەش لەو کێڵگە نەوتیانەوە راگیراوە، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەو ویستگانەی کارەبا دەبێت کەوا لەو کێڵگە نەوتییانەوە گازیان بۆ دابین دەکرا، بەتایبەتیش لە دهۆک و گەرمیان.
لێرەدا و بەداتا هەڵوەستە لەسەر زیانەکانی داخستنی یان راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت و گازیش لەو کێڵگە نەوتیانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەن دەکەین، تیشکی زیاتریش دەخەینە سەر نزیکبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تەنیا بۆ پاڵاوتن لەنیوخۆدا و رۆڵی وڵاتانی وەک رووسیا و ئەمریکا لە نزیککردنەوەی هەولێر و بەغدا، بەهۆی ئەو رەوشەی لە ئەنجامی بڕیارەکەی ICC هاتووەتە پێشەوە کە هەردوو لایەنی داواکە داوای قەرەبوو دەکەن و خۆیان بە براوە دەزانن.
نزیکبوونەوە لە بەرهەمهێنانی نەوت تەنیا بۆ پاڵاوتن؟
کۆی گشتی بلۆکە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان، کە نەوتیان لێوە بەرهەم دەهێنرێت 13 بلۆک و کێڵگەی نەوتییە، لە هەموو سنووری هەرێمی کوردستان دا، کە بلۆکی نەوتی تاوکێ، پێشخاپوور، سەرسەنگ، ئەترۆش، شێخان، عەین سفن، سەرتا، هەولێر، کەڵەک، خورمەڵە دۆم، تەقتەق، کۆرمۆر، قەرەداخ و سەرقەڵا، هەروەها کێڵگە نەوتی بنەباوی.
وێنە: بۆری نەوتی و کێڵگە نەوتییەکان، کێڵگەی گازی و بۆری گاز، بلۆکی نەوتی، پاڵاوگە و ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی راگەیێندراوی کۆمپانیا نەوتییەکان و زانیارییەکان کۆی کێڵگە نەوتییەکان بەرەو راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت یاخود داخستنی کێڵگە نەوتییەکان هەنگاویان ناوە، دوای ئەوەی توانای کۆگاکردنیان سنوورداربووە، کە هەندێکیشیان لەگەڵیدا گاز بەرهەم دەهێنن، وەک لە بلۆکی تاوکێ، پێشخاپوور، ئەترۆش، شێخان، هەروەها لە کێڵگە نەوتییەکانی دیکەشدا راگرتن یاخود کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان رۆیشتوون بەهۆی کەمی توانای کۆگاکردنەوە. لەکاتێکدا، زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان راستەوخۆ بە بۆڕی یاخود بە تەنکەرەوە بەسترابوونەوە بە بۆڕی هەناردەکردن و بەکارهێنانەوە.
لەدوای بلۆکی نەوتی تاوکێ و پێشخاپوور، سەرەکیترین کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان خورمەڵەیە، کە ئێستا بەرهەمهێنانی لە چەند بیرێک راگرتووە و دایخستوون، ئاستی بەرهەمهێنانی تەنیا بۆ پاڵاوتن دابەزاندووە، ئەمەش دوای پڕبوونی ئەمبارەکان.
لە هەرێمی کوردستان چوار پاڵاوگەی گەورە و سەرەکی پاڵاوتنی نەوت هەیە، بەڵام لە هەموو شارەکانیش پاڵاوگەی بچووکی نافەرمی هەن. پاڵاوگە سەرەکییەکان بریتین لە کەڵەک، لاناز، بازیان و تاوکێ، کە بەپێی زانیارییەکان توانایان دەگاتە 265 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێک دا، بۆ نموونە نوێترین پاڵاوگەیان کە لانازە توانای پاڵاوتنی 75 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا. بازیان، کە لەسەرەتادا 34 هەزار و لەم دواییەش توانای پاڵاوتنی بۆ 85 هەزار بەرزکرایەوە، کەڵەک توانای 100 هەزار بەرمیلی هەیە و تاوکێ توانای پاڵاوتنی 5 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە.
بەڵام ئێستا پاڵاوگەکان بەم توانایەی کە هەیانە کار ناکەن، بۆ نموونە بەپێی زانیارییەکان پاڵاوگەی کەڵەک بە توانای 45 بۆ 60 هەزار رۆژانە کار دەکات.
لێرەوە دەردەکەوێت، ئەگەر هەموو توانای پاڵاوگەکانیش بۆ پاڵاوتنی نەوت بۆ نێوخۆ بخرێتەگەڕ ناتوانرێت نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانەوە وەربگرێت، هەربۆیەش دوای پێنج رۆژ لە چاوەڕوانی بۆ گەیشتنە رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا، هەنگاوەکان بەرەو داخستنی کێڵگە نەوتییەکان رۆیشتوون.
زیانە رۆژانەکانی داخستنی بیرە نەوتییەکان لە داتاکانی 2022ەوە
ساڵی 2022، کۆی نەوتی هەناردەکراو و بەکاربراو (بەرهەمهێنراو) لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە سەروو 158 ملیۆن بەرمیل نەوت، کە رۆژانە لە هەموو کێڵگەکانەوە 433 هەزار و 726 بەرمیل نەوت بەرهەمهاتووە.
زیانە داراییەکانی ئەم راگرتنەی بەرهەمهێنانی نەوت، جگە لە زیانە رۆژانەییەکانی بە هەرێمی کوردستان و بە کۆمپانیا نەوتییەکان، بووەتە هۆی دابەزینی بەهای پشکی کۆمپانیا نەوتییەکان لە بۆرسەی جیهانی، کە لەکاتی راگرتنی هەناردەکردن بەڕێژەی جیاواز دابەزیوە. رۆژی چوارشەممە 29-3-2023 بەهای پشکەکانی DNOی نەرویژی لە هەینییەوە کە 11.56 کرۆن بووە دابەزیوە بۆ 9.68 کرۆن، واتە بەرێژەی 2.63%. هەروەها، کاریگەری گەورەش لەسەر بەهای کێڵگە نەوتییەکان دادەنێت لە داهاتوودا.
ئەگەر ئەمساڵیش بەتێکڕا ئاستی بەرهەمهێنان و نرخی نەوت وەک ساڵی رابردوو لێکبدەینەوە، ئەوا رۆژانە زیانەکانی ئەم راگرتنە 33 ملیۆن و 784 هەزار و 706 دۆلارە لە پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان دا. داهاتی رۆژانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە نەوتەوە دێت 15 ملیۆن و 643 هەزار و 025 دۆلاری بەردەکەوێت وەک لە خشتەی یەکەم دا هاتووە.
لێکەوتەیەکی دیکەی بڕیارەکەی ICC تەنیا داخستنی کێڵگە نەوتییەکان و راگرتنی بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو کاریگەری گەورەشی کردووەتە سەر پلان و کاری کۆمپانیاکان، کە ئێستا زۆربەی کۆمپانیاکان پێداچوونەوە بە پلانەکانیان دەکەن لەڕووی بەرهەمهێنان، پەرەپێدان، هەڵکەندنی بیری نوێ، فراوانکردنی کێڵگە نەوتییەکان و تەنانەت کارکردنی کارمەندەکانیشیان.
هەروەها، زیانێکی دیکەی لە داهاتوودا بریتییە لەوەی کار دەکاتە سەر کارکردنی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر هەولێر و بەغدا نەگەنە ریكکەوتنێک بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە عێراق کۆتاییهێنان بەم چیرۆکەی نەک مانگانە و بگرە ئێستا رۆژانە دووبارە دەبێتەوە.
لەڕوویەکی دیکەوە، هێشتا ژمارەی کۆمپانیا گەورەکانی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن ماون، وەک ئیچ کەی ئین، تاقە، دی ئین ئۆ، هانت ئۆیڵ، رۆزنەفت، گازپرۆم نەفت، کریست پیترۆڵیۆم، پیتئۆیڵ، ویسترن زاگرۆس، گەنەل ئینرجی، گەڵف کی ستۆن، جەی شاماران. ئەمانە ماون و هاوبەشن لە خاوەندارێتی کێڵگە نەوتییەکان، جگە لەوەی کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری خزمەتگوزاری نەوتی وەک شڵمبەرگەر، ویزەفۆرد، هالبیرتۆن، نۆڤمێت، بیتلی، ئۆیڵسیرڤ، CNPC، TGT و CNL کار دەکەن، کە چاوەڕوانی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکەن.
خشتەی 1: کۆی پرۆسەی نەوتی بەرهەمهێنراو و فرۆشراو لە هەرێمی کوردستان لە 2022
بڕیاری دادگەی ICC چییە و رۆڵی ئەمریکا و رووسیا لە نزیککردنەوەی هەولێر و بەغدا بۆ گەشتنە رێککەوتن
خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکیش لە پێشهاتەکانی دوای بڕیاری دادگەی ICCەوە بەیاننامەکەی وەزارەتی وزەی تورکیایە، کە داوای قەرەبووی کردووە و، دوو سەرچاوەی بەرپرسی دیکەی تورکیا، کە ئاگاداری کەیسەکەن ئاماژەیان بەوەکردووە کەوا "دادگاکە هەرێمی کوردستانی وەک یەکەیەکی فەرمیی عێراق دان پێداناوە، کە لە سایەی گرێبەستی بۆڕی نەوتی عێراق - تورکیادا، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە مامەڵە لەگەڵ لایەنی تورکی بکات بۆ گواستنەوە، بەکارهێنان، دەستپێ گەیشتن و عەمبارکردنی نەوت."ئەمەش واتە تەنیا دەسەڵات کە هەرێمی کوردستان بەکاریهێناوە و دادگاکە بە پێشێلکاریی گرێبەستەکەی داناوە "بارکردن"ی نەوتەکەیە لە بەندەری جەیهانەوە بۆ نێو کەشتی کڕیارەکان.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەدا کە "قەربووکردنەوە زۆر لەوە زیاترە و دەبێت هەرێمی کوردستان بڕیارەکە جێبەجێ بکات ".
ئێستا، بڕیارەکەی دادگەی ICC روون نییە و لایەنەکانی کەیسەکە بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆیان بڕگەکانی بڵاودەکەنەوە و لێکدانەوەی بۆ دەکەن وەکو ئەوەی تورکیا بڵاویکردووە، هەروەها ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات بۆ پابەندبوون، هەر بۆیەش ئەم بڕیارە و نیوەڕۆکەکەی دەبێت بەتەواوی جێبەجێبکرێت، نەک ئەو بەندانەی بەغدا داوای دەکات.
لەکاتێکدا، بەپێی زانیارییەکان کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئەوانەی لە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کاردەکەن کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆنگرێسی ئەمریکا و لیژنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ئەوەی رۆڵیان هەبێت لە هاندانی بەغدا و هەولێر بۆ گەیشتنە رێککەوتن لەدوای بڕیارەکەوە.
بۆ نموونەش کۆمپانیای ئیچ کەی ئێن لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ئەم دۆخەی تووشی کۆمپانیاکەیان هاتووە ئاماژەی بەوەکردووە کەوا داوای لە بەرپرسانی ئەمریکا کردووە "هانی هەموو لایەنەکان بدەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی خێرا بڕیارێکی گونجاو بدەن، ئێمە بەچاکی سەیری هەر چارەسەرێک دەکەین کە رێز لە بەندی گرێبەستەکانمان بگرێ و دەستبەری پارەی فرۆشتنی نەوت بکات بەپێی رێککەوتنەکان، باوەڕمان بەخێرایی بڕیاردان و چارەسەرکردن هەیە لە بەرژەوەندی گەلی عێراق، بەهەرێمی کوردستانەوە".
لەڕاستیدا، دیوێکی دیکەش پەیوەستە بە کۆمپانیا رووسییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان، لەسەرووی هەموویانەوە کۆمپانیای رووسنەفت و گازپرۆم نەفت، کە ماوەکانی رابردوو بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە تووشی کێشە بوونەوە، ئێستاش بەهۆی ئەم بڕیارەوە بەتەنیا رووسنەفت کە خاوەنداری 60% گواستنەوەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، رۆژانە 451 هەزار و 756 دۆلار زیانی بەردەکەوێت.
کۆتایی
قۆناخێکی نوێیە هەرێمی کوردستان و سەرچاوەی داراییەکی تێکەوتووە، کە بەغدا هەوڵدەدات بەهۆی قوستنەوەی کات و رەوشەکەوە، هەرێمی کوردستان بە مەرجەکانی رازیبێ و مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕگانەدا بکات کە لە بەرژەوەندی خۆیەتی، بەڵام کۆی بڕیارەکە و نیوەڕۆکەکەی بەگوێرەی تورکیا لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لە کۆی پێنج پرۆسەی پەیوەست بەم کەیسەوە، هەرێمی کوردستان یاخود تورکیا پێشیلی یەکێکیان کردووە، کە بارکردنی نەوتەکە بووە.
زیانەکانی ئەم رۆژانە دەیان ملیۆن دۆلارە، کە لە داهاتوودا زۆر زیاتر و کاریگەری لەسەر کەرتەکانی دیکەش دادەنێت لەسەرووی هەموویانەوە خانووبەرە، ئەمە جگە لە زیانێکی یەکجار گەورە بەر پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و کارکردنی کۆمپانیاکان لە عێراق بەگشتی دەکەوێت، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان.
داخستنی کێڵگە نەوتییەکان و کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ ئاستی پاڵاوتن لە پاڵاوگەکان دوای پڕبوونی ئەمبارەکان زیان بە هەندێک لە کێڵگە نەوتییەکان دەگەیێنێت، ئەمە سەرەڕای راگرتنی بەرهەمهێنانی ئەو گازەی لەگەڵ نەوتدا بەرهەم دەهێنرێت.
هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی وەزیرانی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس لە رۆژی 3ی نیسان 2023 لە ڤییەننا بەڕێوەدەچێت، بەدڵنیاییەوە یەکێک لە تەوەرەکان ئەم پرسە دەبێت، چونکە ناجێگرییەکی لە بازاڕەکان دروستکردووە و نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە بەرێژەی 4.2% یاخود سەروو 3 دۆلار، رۆژانە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتیشی لە بازاڕەکاندا دابڕیوە، کە ئەم ناجێگرییەش بەدڵی ئەندامانی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس نییە.
لەڕاستیدا، ئەوەی نەدەبووایە رووبدات، روویداوە، کە داخستنی کێڵگە نەوتییەکان و لێکەوتەکانیەتی، بەڵام پێویستە هەرێمی کوردستان دەرفەتەکانی نێو بڕیارەکەی دادگەی ICC بەکاربێنێت وەک ئەو چوار مافەی "کۆگاکردن، گواستنەوە، بەکارهێنانی رەها، دەستگەیشتن" بە نەوتی بە هەرێمی کوردستان داوە، کە هەموویان لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانن، لە بڕیارەکەش دا دیار نییە کێ براوەیە، عێراق یان تورکیا، چونکە هەردوولا داوای قەرەبوو دەکەن.
لەکۆتاییدا، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن بەغدا و هەولێر بەرەو رێککەوتن بچن، کە دەبێت هەردوولا هەست بە براوەیی بکەن، نەوەک لایەک براوە و لایەکەی دیکە دۆڕاو، چونکە کێشەکە پەیوەستە بە چارەنووسی بەرهەمهێنانی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتەوە.
[1] * واتە کۆی داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو (هەناردەکراو و بەکاربراو)ی هەرێمی کوردستان