شرۆڤە

چارەنووسی کۆبانێ؛ مەتەڵێک بۆ تورکیا و دووڕێیانێکیش بۆ هەسەدە!

25-12-2024


دوای نزیکەی 10 ساڵ، جارێکی دیکە کۆبانی بووەتە خاڵێکی وەرچەرخانی سیاسی و سەربازی؛ ساڵی 2014 ئەمریکا، هێزی پێشمەرگە و تەنانەت تورکیاش هاوکاری یەپەگە بوون بۆ ئەوەی شارەکە نەکەوێتە دەستی داعش. ئێستاش لەم رۆژانەی کۆتایی 2024دا، کێشمەکێشێکی گەورە لە نێوان هەسەدە و تورکیا و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی لایەنگری ئەنکەرە لەسەر رووبەرە 7 کم -ی دووجاییەکەی ئەو شارە لە ئارادایە کە پێدەچێ کاریگەرییەکەی، پانتایی سنورەکانی تێپەڕێنێ. لەوانەیە ئەوەش ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ داهاتووی سووریا، پرسی کورد، سیاسەتی تورکیا و گەلێک دەوڵەتی کاریگەر لە مەیدانی نوێی سیاسەت لە شام. ئێستا نادڵنیاییەکی سیاسی و سەربازی لەئارادایە و دیمەنێکی دژیەک سەبارەت بە دۆخی مەیدانیی پێکدادانەکان لە ئارادایە. لەلایەک هەڵوێستی پراگماتیکی گرنگ لە هەردوولاوە بەدی دەکرێت و لەلایەکی دیکەش، هەردوولا چەندینجار ئەو ئاگربەستە لەرزۆکانەیان پێشێل کرد کە بە گوشاری ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی راگەیەندرابوو. دۆخی کۆبانی بۆ تورکیا وەک مەتەڵێكی سیاسی لێهاتووە، بەڵام هەسەدەشی هێناوەتە سەر دووڕێیانێکی مێژوویی. لەوانەیە ئەم ناڕوونییەش تاوەکو دەستبەکاربوونی ترەمپ و جێگیربوونی گریمانەیی بنەماکانی دەسەڵاتی جۆلانی لە دیمەشق بەردەوام بێت.

تورکیا و مەتەڵی کۆبانی

لەدوای رووخانی ئەسەد، کشانەوەی هەسەدە لە تل رەفعەت و مونبج و گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب ئەو هیوایەی لای تورکیا دروست کرد کە لەوانەیە بتوانێت بە هەڕەشە یان بە شەڕێکی سنووردار، هەسەدە بکاتە دەرەوەی کۆبانێ و تەنانەت هەڵیبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەوە سەرینەگرت و ئێستاش گرتنی کۆبانێ بەشەڕێکی گەورە، بۆ ئەنکەرە وەکوو شمشێرێکی دووسەری لێهاتووە. هەر لەبنەڕەتدا ناڕوونییەک لە خواستی راستەقینەی تورکیا لەبارەی هەسەدە و داهاتووی ئیدارەی خۆسەر لە ئارادایە. هاکان فیدان وەزیری دەوەری تورکیا رۆژی 8ی دیسەمبەر لە دەوحە لە وەڵامی رۆژنامەڤانێکی رووداودا گوتبووی ئەگەر هەسەدە خۆی نەگۆڕێ جێی نابێتەوە و بەوجۆرەش، دەرگایەکی بۆ هەسەدە بە کراوەیی هێشتبووەوە. لە رۆژانی دواتریشدا داوای هەڵوەشانەدنەوی هەسەدە و دەرکردنی سەرکردەکانی ئەو دامەزراوەیەی لە سووریا کردبوو. بەڵام دواتر کەمتر ناوی هەسەدەی بەکارهێنا و زیاتر باسی پەکەکە و یەپەگەی کرد و پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەیشی بە جۆرێک حەواڵەی جۆلانی کرد. ئەمەش لەچاو گوتارەکانی رابردوویدا، نەرمییەک لە هەڵوێستی تورکیا دەردەخات کە پێدەچیت ئاوەڵلا هێشتنەوەی دەرگایەک بۆ دانوستاندنێکی گریمانەییش بێت. چونکە هەسەدە لە کاتی ئەسەدیشدا دەیوەیست ببێتە بەشێک لە سوپای سووریا هەڵبەت بە هێشتنەوەی دۆخی تایبەتی خۆی. ئەمە بێجگە لەوەی کە رێکخراوەکانی نەریتی یەپەکە و پەکەکە ئەزمونێکی زۆریان لە گۆڕینی ناودا هەیە. بە ئەگەری زۆر تورکیا دواجار رازی دەبێت بە قبوڵ کردنی هەسەدە ئەگەر بێت و بە کردەوە لە قەندیل داببڕێ و چەکی قورسی لە دەستدا نەبێت. ئەمەش واتای ئەوەیە کە رەنگە تورکیا بیرۆکەی وەرگۆڕانی هەسەدە بۆ هێزێکی محەلی یان وەک بەشێک لە سوپای سووریا بە تەواوی رەتنەکاتەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ماوەی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووی تورکیا لە هێڵی جەرابلوس- باب، عەفرین و سەرێ کانی، کە یەکیان نزیکەی دوومانگ، یەکی دیکە هەشت رۆژ و ئەویتریان نزیکەی 7 مانگی خایاندووە، هەروەها لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە ئێستا سێ لای کۆبانی گیراوەو پانتاییەکەیشی سنووردارە، دەتوانین بڵێن کە ئەگەر تورکیا بیەوێت، دەتوانێت لەماوەیەکی کەمدا شارەکە بگرێت. لەوانەیە بەهۆی ئامادەکاری بەرگری هەسەدە وەکوو تونێل و رێکارەکانی دیکەی بەرگری و بەکارهێنانی درۆن، کاری تورکیا ئاسان نەبێت، بەڵام دواجار دەتوانێت بیگرێت. بەڵام وادیارە نایەوێ ئەو بکات چونکە:

1.بەرلە هەموو شتێک هێزە ئەوروپپیەکانی وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا دژی ئەوەن و ئەمریکاش شەڕی ناوێ. تورکیا بۆ لەسەر پێ هێشتنەوەی حکومەتی دیمەشق چەندەی پێویشی بە پارەی خەلیج بێت ئەوەندەش موحتاجی ئەمریکا و ئەورووپایە. رووسیا وەک یەکێک لە گەرەنتیکارانی ئاگربەستی تورکیا – هەسەدە، لە رۆژانی رابردوودا لە بنکەی ئاسمانی قامیشلۆش کشایەوەوەو بەوەش، ئێستا ئەمریکا وەک کلیلی سەرەکی داهاتووی رووداوەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریای لێهاتووە. بە ئەگەری زۆر، ئەمریکاش هەتا دڵنیا نەبێت لەوەی کە ئیدارەی جۆلانی لە سووریا بە چ لەونێک دەبێ، هەتا دڵنیا نەبێت کە ئایا شەڕێکی نێوخۆیی لە 2025دا روودەدات یان نا، نایەوێ هەسەدە هەڵبوەشێتەوە. لانیکەم وادیارە کە دەیەوێ ئەگەر ئەوەش رووبدات ئەوا بە رێککەوتن بێ و کاتیش بخایەنێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە دەیەوێ سەبارەت بە کاریگەری دۆخی سووریا لەسەر پرسەکانی شەڕی داعش و بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی ئیسرائیل و ئوردن دڵنیا بێت. هەڕەشەی ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس بۆ سزدانی تورکیا لەئەگەری هێرش بۆ کۆبانی، هەروەها راگەیاندنەکەی پنتاگۆن لەبارەی زیادبوونی ژمارەی سەربازەکانی لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە 900وە بۆ زیاتر لە 2000 سەرباز و رۆیشتنی ژمارەیەک لە سەربازەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ کۆبانی، گوشارێکی سیاسییە بۆ تورکیا. وادیارە تورکیا نەیتوانیوە ئیدارەی بایدن بە هێرشی کۆبانی و پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە قایل بکات. بۆیە بە ئەگەری زۆر چاوەڕوانە بزانێ کە ئایا دەتوانێ هاوشیوەی 2019، لە ساڵی داهاتوودا ترەمپ بۆ کشانەوە لە سووریا قایل بکات یان نا. بەڵام لەو ماوەیەشدا هەوڵدەدات تا بۆی بکرێت واقعی دۆخی مەیدانی بە قازانجی خۆی بگۆڕێت.

2. وەک وەزیری دەرەی ئەڵمانیاش باسی کردووە کۆبانی ناوێکی رەمزییە لە بابەتی شەڕی دژی داعش. هێرشێکی گریمانەیی تورکیا بۆ سەر کۆبانی کە چاوەڕواندەکرێت هەم خەڵکیكی زۆر ئاوارە بکات هەمیش قوربانییەکی زۆری لێبکەوێتەوە، دەتوانێت کاردانەوەی رای گشتی دنیای لێبکەوێتەوە. لەدوای لێداونەکانی مەزڵوم عەبدیش بۆ رەچاوکردنی نیگەرانییەکانی تورکیا و پێشنیارەکانی بۆ دروستکردنی ناوچەی ناسەربازی، رۆیششتنی شەڕڤانە بیانییەکانی ناو هەسەدە - دەکرێ وەک پەکەکە تەرجەمە بکرێتەوە - هەروەها هەوڵەکانی بۆ رێککەوتن لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی دیکە – ئەنەکەسە - شەڕی کۆبانی دەتوانێت لە ڕووی رەواییەوە بە زیانی تورکیا بشکێتەوە. لەوانەیە ئەمە لە رای گشتی ناوخۆی تورکیاشدا گرژییەکی لێبکەوێتەوە وەک ئەوەی کە 10 ساڵ بەرلە ئێستاش روویدابوو.

3.بەردەوامی شەڕ، دەتوانێت بە شێوەیەکی پاردۆکسیکاڵ هەم سەرنجی ئیسرائیل هەمیش سەرنجی ئێران و میسر و وڵاتی دیکەش بۆ پرسی کورد لە سووریا رابکێشێت کە سەرکەوتنی پرۆژەی تورکیا بە قازانجیان نییە. ئیسرائیل بە هۆی حەماسەوە گرفتی لەگەڵ تورکیا هەیە و وەزیری دەرەوەی ئەوە وڵاتەش تەنیا لەم مانگەدا دووجارە باسی پەیوەندی لەگەڵ کوردانی سووریا دەکات. عەلی خامنەیی رابەری ئێرانیش  دووجارە بەبێ ئەوەی ناوی بهێنی، رەخنە لە تورکیا دەگرێ و باسی دەرکەوتنی شۆڕشی گەنجانی سووری دژی ئەوانە دەکات کە خۆی بە "پیلانگێڕان" ناوی بردوون. هێشتا دیارنییە کەچی روودەدات، بەڵام لە ئەگەری دەرکەوتنی شەڕیکی فراواندا زەوینەیەکی گونجاو هەیە بۆ هەسەدە بۆ وەرگرتنی یارمەتی دەرەکی بۆ درێژەدان بە شەڕێکی پارتیزانی، تەنانەت ئەگەر ئیدارە خۆسەرەکەیشی لە دەست بدات. تورکیا ئاگای لە کاریگەری رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر پرسی کورد هەیە بۆیە هەر زوو، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە کرانەوە بەناوبانگەکەی بەڕووی ئۆجالاندا کرد و گوتی با بێت لە پەرلەمان قسە بکات. بێشک عەبدوڵلا ئۆجالان تەمەنی 76 ساڵە و ئەگەر لە زینداندا کۆچی دوایی بکات، ئەوسا تەگەرەیەکی ئەمنی نوێ بۆ تورکیا دروست دەبێت، دەوڵەتیش نایەوێ ئۆجالان جارێکی دیکە ببێتە پرسێکی ئەمنی. ئەمە بێجگە لەوەی کە حیسابی دیکەی پەیوەست بە سیاسەتی ناوخۆ لە پشت کرانەوەکەی باخچەلی دا هەبوون، بەڵام هۆکارە سەرەکییەکە، ئەو نیگەرانییانەیە کە تورکیا لە ئەگەری پێدانی یارمەتی بە پەکەکە لەلایەن هێزە رکابەرەکانی خۆیەوە هەیەتی. شەڕێکی درێژخایەنیش لە سووریاش دەتوانێت ئەو نیگەرانییەی تورکیا زیاتر بکات.

دووڕێیانی هەسەدە لە دۆخی نوێی سووریا

لەراستیدا بنەماکانی دامەزراندنی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان تەنیا گرێدراوی داینامیکی نێوخۆیی کوردی نەبوو، بەڵکوو دوو رووداوی گرنگ لەوەدا کاریگەربوون؛ رێککەوتنی ئەسەد - پەکەکە لە دوای رووداوەکانی بەهاری عەرەبی و کشانەوەی سوپای سووریا لە ناوچە کوردییەکان، ئەوی دیکەشیان شەڕی دژی داعش بوو. ئەسەد بۆ رێگرتن لە تەشەنەکردنی خۆپێشاندانەکان لە سەرتاسەری وڵات، هەروەها بۆ رێگرتن لە تورکیا کە پاڵپشتییەکی بەهێزی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووری دەکرد، سەرەتا داوای لە حیزبە کوردییەکان کرد بچنە شام و لەگەڵی رێکبکەون، بەڵام ئەو کات هەوا بە جۆرێک بوو کە وادەزانرا ئەسەد لە شەش مانگدا دەڕووخێ، بۆیە داواکەیان رەتکردەوە. لەونێوانەدا پەکەکە بەهۆی پەیوەندییە مێژووییەکەی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی ئەسەد، ئەوەی بە دەرفەت زانی بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی و بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ شام کە دوای دەرکردنی ئۆجالان لە 1999 گرفتی تێکەوتبوو. شەڕی دژی داعشیش دەرفەتێکی گەورەتری بۆ هەسەدە دروستکرد تاوەکوو  بە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێگەی خۆی بەهێزبکات و بەشیوەیەکی پراگماتیکانە لە یەک کاتدا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەسەد، ئێران، رووسیا و ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی درێژە پێبدات.

لە دوای رووخانی ئەسەد ئەو دوو بنەمایەش بەرەو گۆڕان دەڕۆن، بۆیە بەشێوەی سروشتی بارودۆخی هەسەدەش وەک قۆناخی پێش 27ی نۆڤەمبەر نامێنێتەوە؛ بەرلەهەمووشتێک مانەوەی پەکەکە لە شێوەی جاران لە سووریا کارێکی ئەستەم دەبێت. مادام کە دەوڵەتانی وەک ئێران و سووریا، ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەک حیزبوڵلا و گرووپە چەکدارەکانی عێراق نەیانتوانی خۆیان لە سووریای دوای ئەسەددا بگرن، بەبێ ریککەوتن لەگەڵ تورکیا، مانەوەی پەکەکەش لەوی کارێکی ئاسان نابێت مەگەر ئەوەی کە شەڕێکی فراوانی درێژخایەن رووبدات. تا چەند رۆژ بەرلە ئێستاش بەرپرسانی پەکەکە نکۆڵییان لە ئامادەیی شەڕڤانەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان دەکرد بەڵام دواجارخودی مەزڵووم عەبدی بۆخۆی دانی بەوەدا نا کە شەڕڤانی بیانی لەوێ هەن و ئەگەر ئاگربەستێکی پایەدار بکرێت، ئەوسا شەڕڤانە بیانییەکان سووریا جێ دەهێڵین. پشتپەردەی ئەم لێدوانەی عەبدی، درکێک بوو بەو مەترسییەی کە لە سەر ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە پەیدا بووە. هەروەها دەشی جوڵەیەکی پراگماتیکانە بێت بۆ قورتارکردنی ئەوەی کە لە دەستیدا ماوەتەوە. بێجگە لەوەش ئەنجامی گوشارێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەمریکایە بۆ نزیککردنەوەی کۆبانی و تورکیا لە یەکتر. بە گوێرەی سێ سەرچاوەی ئاگادار، لە رۆژانی رابردوودا ئەمریکییەکان زۆر "بە توندی" قسەیان کردووە و گوشاریان لە هەسەدە کردووە تا نەرماییەک بۆ رێککەوتن لەگەڵ تورکیا بنوێنێ.

دۆخی نوێی سووریا پێویستی ئەمریکای بە هەسەدە کەمتر کردوو بەڵام هێشتا لە ناوی نەبردووە. رەنگە هەر ئەوەش هۆکاری گوشارەکانی واشنتن لەسەر هەسەدە بێت. بە گوتەی چەند سیناتۆرێکی ئەمریکی بێت، تورکیا پێشنیاری ناوچەیەکی ناسەربازی بە درێژایی سنوور رەتکردۆتەوە و داواکاری دیکەی هەیە. مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هەسەدەش پێشنیاری کردبوو کە شارەکەی خۆی بکرێتە ناوچەیەکی ناسەربازی. لەمەشەوە دیاربوو کە لەلایەک روانگەی ئەمریکییەکان و هەسەدە لە سەر پانتایی ناوچە ناسەربازییەکە و لەلایەکی دیکەش لە نێوان هەسەدە - ئەمریکا و تورکیا لەسەر کۆی پرۆسەکە جیاوازی هەبووە و بەپێی زانیارییەکان، ئەمریکاش گوشارێکی زۆری کردووە تا هەسەدە، لەهەردوو خاڵە سەرەکییەکەی ناسەربازیکردنی ناوچەکانی سنوور بە درێژایی 30 کم کە سەرۆککوماری تورکیا لە 2019 وە داوای دەکات، و هەروەها نەمانی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان ئامادەیی هەنگاوی کردەنی پێسانبدات. مەزڵووم عەبدی بۆ ئاگربەستێکی پایەدار پێشنیاری ناسەربازی کردنی کۆبانێی کردبووە بەڵام سیناتۆرە ئەمریکییەکان زیاتر لە کۆبانێ، باسی ناسەربازی کردنی هەموو سنورەکە دەکەن. ئەمە بێجگە لەوەی کە ئەمریکا بەردەوام باسی لەوە کردووە کە تورکیا نیگەرانی ئەمنی هەیە کە دەشێ وەک ناڕەزایی ئەوانیش لە هەبوونی پەکەکە تەرجەمە بکرێتەوە.

خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە بەهۆی دۆخی نوێی سوریاوە ئەمریکا زیاتر لە جاران پێویستی بە تورکیا دەبێت بە تایبەتی بۆ ئاسایشی ئیسرائیل، ئەویش لە کاتێکدا کە دیمەشق چاوەڕێی سەقامگیربوونی دەوڵەتێکی ئیسلامی - سوننی دەکات لە لێواری سنوورەکانی ئیسرائیل. بێجگە لەوە، ئێستا ئەمریکا کاندیدی دیکەی هەیە بۆ ئەوەی بۆ کە لەسەر عەرز شەڕی داعشی بۆ بکات؛ تورکیا و هەتەشە! کە بنەمایێکی سەرەکی بوو بۆ هاوکاری نێوان هەسەدە و ئەمریکا. بیرۆکەی شەڕی داعش بە کۆنە جیهادییەکانی سووریا بابەتێک نییە کە بۆ ئەمریکا سەرنجڕاکێش نەبێت. لە ماوەی 15 رۆژی رابردوودا ئەمریکا لەگەڵ هێزە عەرەبەکانی ناو هەسەدە لانیکەم 2 هێرشی کردە سەر داعش لە دێرەزوور و رەنگە ئەمەش نمونەیەکی دەگمەنی هاوکاری راستەوخۆی ئەمریکا و گرووپە عەرەبەکانی ناو هەسەدە بێت کە لەماوەی رابردوودا هەندێکیشیان جیابوونەتەوە و خۆیان داوەتە پاڵ حکومەتی نوێ لە دیمەشق.

خاڵێکی دیەکی گرنگ کە هەسەدەی هێناوەتە دووڕێیانێکی تازە، هەوڵەکانی ئەمریکا و فەرەنسایە بۆ نزیککردنەوەی هەسەدە و باڵە سیاسییەکەی لەگەڵ ئەنەکەسە. ئەمە چەندەی لە درێژمەدوادا یارمەتی ئەمریکا و فەرەنسا و رۆژائاوا بە گشتی بدات کە فاکتەرێکی باڵانسی هێزیان لە دیمەشق هەبێت، ئەوەندەش بۆ لایەنەکانی دیکەش گرنگە. بۆ هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر ئەمە هەوڵدانێکە بۆ جێکردنەوەی خۆیان لە سیستەمی نوێی سووریا. چونکە ئەنەکەسە رەواییەکی زیاتری لای دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق هەیە. چانسێکیشە بۆ دوورکەوتنەوە لەشەڕ. رەنگە بۆ ئەنەکەسەش واتای ئەوە بێت کە بتوانێ بە دەستێکی پڕەوە لە دیمەشق دانوستاندن بکات چونکە ئەوەی هێزی لەسەر عەرز نەبیت لە دانوستاندنیشدا نایباتەوە. دواجار لەوانەیە تورکیا ئەگەر بە ناچاریش بێت زیادبووەنی رۆڵی ئەنەکەسەی بەدڵ بێت چونکە دواجار بە کەمکردنەوەی رۆڵی پەکەکە لە رۆژاوا تەرجەمە دەبێتەوە. 

چی روودەدات؟

لە گریمانەیەکدا، جۆلانی هەتا بەهاری ساڵی داهاتوو هەموو سووریا کۆنترۆڵ دەکات، گرووپە چەکدارەکان لە سایەی وەزارەتی بەرگری رێکدەخات و وڵاتەکەی بەرەو هەڵبژاردن دەبات و دەستورێکی نوێ ئامادە دەکات کە مافی کەمینەکانی وەکو کوردی تێدا پارێزرابێت، شەڕڤانانی بیانیش لە سوریا دەردەچن و ئەو وڵاتە دەکەوێتەوە سەر رێڕەوی خۆی! بەڵام لە راستیدا ئەوە خەیاڵێکە کە بە ئاسانی نایەتە دی. راستە ئێستا بە چەپ و بە ڕاست دەسەڵاتی دیفاکتۆی جۆلانییان قبوڵ کردووە، بەڵام کەس دڵنیا نییە لەوەی ئیدارەی نوێی سووریا بە چ لەونێک دەبیت. بێجەگە لەوە لە بەهاری 2025وە کە رژێمی نوێ وردە وردە  بنەماکانی دەسەڵاتی خۆی تۆکمە دەکات، ئەوسا ناکۆکییەکان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتیش زیاتر دەبن. بۆیە بە ئەگەری زۆر، شەڕێکی نێوخۆیی تەنانەت ئەگەر ماوەکەیشی کەم بێت لە چاوەڕوانی ئەو وڵاتەدایە. لە ئەفغانستانەوە بگرە هەتا عێراق و لیبیا، لەماوەی زیاتر لە دوو دەیەی رابردوودا هەمو گۆڕانەکانی رژێم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، شەڕێکی نێوخۆییان بەدوادا هاتووە و پێناچێت سووریاش لەوە بەدەربێت. بێجگە لە فاکتەرەکانی داینامیکی نێوخۆیی، گەلێک وڵاتی دیکەی ناوچەکەش هەن کە بە دۆخی نوێی سووریا رازی نین و ئەوەش دەتوانێت پڵیتەی گرژییە نێوخۆییەکانی سووریای ئەلشەرع  دابگیرسێنێت.

 هەسەدە و ئیدارەی خۆسەریش  دوو رێگەیان لەبەردەومدایە. یەکەمیان ئەوەیە کە خۆیان لەگەڵ دۆخی نوێی سووریا بگونجێنن و، بە یارمەتی ئەنەکەسە- هەولێر لەگەڵ جۆلانی دانوستاندن بکەن، هەروەها بە یارمەتی ئەمریکا، فەرەنسا، هەولێر و رەنگە ئۆجالانیش، دەرگایەک لەگەڵ تورکیا بکەنەوە. ئەوەش پێویستی بە لانیکەم دابڕانێکی نەرمی هەسەدە لە "شەڕڤانە بیانییەکان"یەتی. دووەمیشیان ئەوەیە کە هەروا بەردەوام بێت و چاوەڕێی دەرکەوتنی شەڕێک بێت کە درەنگ یان زوو فراونتر ببێ. لەم حاڵەتەشدا، بە ئەگەری زۆر ئیدارە و دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنی خۆی لە ماوەی 6 مانگدا لە دەست دەدات، بەڵام بە لەوانەیە پاڵپشتی دەرەکی بۆ شەڕێکی پارتیزانی درێژخایەن مسۆگەر بکات.

Share this Post

شرۆڤە