شرۆڤە

چارەنووسی رێککەوتنە سێقۆڵییەکەی هەولێر و بەغدا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە 2026 دا

28-12-2025


زیاتر لە سێ مانگە رێککەوتنی سێقۆڵی بۆ هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە بۆری و فرۆشتنی بە بازاڕەکانی جیهان کراوەو بەپێی خاڵی پێش کۆتایی رێککەوتنەکە ، " رێککەوتنەکە بۆ ماوەی 30 رۆژ لە کاتی واژۆکردنیەوە کاری پێدەکرێت و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2025 درێژ دەکرێتەوە. لایەنەکان دەتوانن رێکبکەون لەسەر درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە بۆ کاتێکی زیاتر یان پێشوەختە کۆتایی پێبهێنن". 

 رۆژی 21ی کانوونی یەکەمی 2025 کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ روونکردنەوەیەکی لەبارەی راپۆرتێکی رۆیتەرز لەسەر فرۆشتنی نەوتی بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای دی ئین ئۆ لە کێڵگەی تاوکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد " کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، "پابەندن" بە رادەستکردنی نەوتی خاو بە حکومەتی فیدراڵی بۆ مەبەستی هەناردەکردن یان بەکارهێنانی ناوخۆیی". هەروەها لە روونکردنەوەکەدا هاتووە " دەبێت سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەشدار لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو رادەستی سۆمۆ بکەن، جگە لەو نەوتەی بە مەبەستی بەکارهێنانی نێوخۆ گلدەدرێتەوە".

بەپێی رێککەوتنە سێقۆڵییەکە کۆمپانیایەکی راوێژکار رادەسپێرێت بۆ پێداچوونەوە بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و خەرجی کۆمپانیاکان و شایستەی دارایی وەبەرهێنراو لە کێڵگەکان و قازانجی کۆمپانیاکان کە باس لە گەورە کۆمپانیای وەک وود ماکینزی دەکرا، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستبەکارنەبووە و بەپێی زانیارییەکان کۆمپانیا راوێژکارەکە بڕیارە لەساڵی نوێیەوە دەستبەکاربێت چ وودماکینزی بێت یان کۆمپانیایەکی دیکە.

هەروەها، بەپێی بەندەکانی رێککەوتنەکە نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان بە نەوتی کەرکوک هەژماردەکرێت و فرۆشتنی لەلایەن سۆمۆوە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا بە نرخی رۆژی برێنت و بۆ بازاڕەکانی ئاسیا بە بۆرسەی عوممان و بۆ ئەمریکا بە نرخی رۆژئاوای تەکساس WTI دەبێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکان بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2026 سۆمۆ جۆری نەوتی کەرکوک لەو بەرهەمانەی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات دانەناوە.

ئێستا، پرسیارەکە ئەوەیە چارەنووسی رێککەوتنە سێقۆڵییەکە لە 2026دا چی دەبێت و ئاڵینگارییەکانی بەردەم رێککەوتنەکە چین، بۆچی پێویستە  ئەگەربەم شێوازەی ئێستاش بێت بەردەوامبوونی باشە؟   

ئاڵینگارییەکانی بەردەم رێککەوتنی سێقۆڵی لە 2026 دا

یەکەمیان: پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەولێر و بەغدا، کە ئەوەی ئێستا دەبینرێت بەردەوامیدانە بەقۆناخی پێش هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن سۆمۆوە. بۆ نموونە بەپێی نوێترین راپۆرتی سۆمۆ بۆ هەناردەکردنی هەر سێ جۆرەکەی نەوتی عێراق لە تشرینی دووەمی 2025 دا بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک " کە نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان" دەگرێتەوە و لەرێککەوتنە سێقۆڵییەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە لە بەندەری جەیهان رۆژانە گەیشتووەتە سەروو 252 هەزار بەرمیل نەوت و، لە مانگی تشرینی یەکەمیشدا رۆژانە 188 هەزار بەرمیل بووە، واتە  لەو دوومانگەدا 13 ملیۆن و 418 هەزار و 597 بەرمیل نەوت هەناردەکراوە، ئەگەر ئەم مانگەشی بخەینەسەر ئەوا سەروو 20 ملیۆن بەرمیل نەوت دەکات کە سۆمۆ هەناردەی کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان ئەو بڕەی بۆ مووچەی فەرمانبەرەکانی وەردەگرێت نەوەکو بودجەی مانگانە بۆ خەرجی و وەبەرهێنان و دابینکردنی پێداویستییەکانی هێشتا بۆ مانگی تشرینی یەکەمی 2025ی نەنێردراوە و فەرمانبەران مووچەکانیان وەرنەگرتووە.

ئێستا، عێراق لەقۆناخی هەڵبژاردنەوەی دامەزراوەکانی دایە و شاندەکان گفتوگۆ دەکەن، پرسیارەکە لە پەیوەندی هەولێر و بەغدا ئەوەیە: ئایا مەرجی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دوای فرۆشتنی نەوت لەلایەن سۆمۆوە بۆ زیاتر لە سێ مانگ چ دەبێت:

یەک: تەنیا مووچە دەبێت و ئەویش بەمشیوەیە؟ ئەگەر یاسای بودجەش بێت هەر ژمارەکانی نیو یاساکە دەبێت؟  

دوو: کۆتایهێنان بە پرسی ئابووری وەک چەکێکی سیاسی و هاتنەئارای قۆناخێکی نوێی ئابووری کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان وەک سەرەتای 2005  دابینبکرێت؟

سێ: ئەنجامدانی رێککەوتنی کاتی و چارەسەرکردنی کێشەکان بەکاتی و باشبوونی پەیوەندییەکان بۆ ماوەیەکی کاتی و دواتر دووبارە سەرهەڵدانەوەی راسپاردنی لیژنەکان و ئامادەکردنی راپۆرتی لیژنەکان بۆ گفتوگۆ لە 2026 دا؟

 دووەمیان: کێشەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی کۆمپانیاکانی نێودەوڵەتییەکانی نەوت کەوا لەماوەی نیوان ئەیلوولی 2022 بۆ ئادار 2023 نەوتیان بەرهەمهێنا و نەوەکو قازانجیان وەرنەگرتووە، بەڵکوو حەقدەستەکانیشیان بووە بە قەرز، کە  نزیکەی یەک ملیار دۆلارە و زۆرترینی هێ کۆمپانیای دی ئین ئۆیە. لەکاتی رێککەوتنی سێقۆڵی بڕیاربوو لەماوەی مانگێکدا کۆبوونەوەکان دەستپێبکات و میکانیزمی چۆنیەتی دانەوەی قەرزەکان بێتەئاراوە و هەر لەبەرئەوەش بوو لەوکاتەدا دی ئین ئۆ بڕیاری بەردەوامیدانی پشکی خۆی بەشێوازی فرۆشتنی نەوتەکە بەنیوخۆ دا و مەرجی میکانیزمی دانەوەی قەرزەکانی کردە بەشداریی لە رێککەوتنی سێقۆڵی دا.

هەروەها، بۆ کۆمپانیا نیودەوڵەتییەکانی نەوت کەوا لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کار دەکەن ئەمشێوازەی ئێستا کە سۆمۆ پەیڕەوی دەکات بۆ پیدانی شایستە داراییەکانیان شتێکی ئەوتۆی لە فرۆشتن بەنیوخۆ نەگۆڕیوە، چونکە بنەمای پێدانی شایستەکانیان بە نەوت و بە هاوکێشەی " ژمارەی ئەو بەرمیلانەی کە دەدرێتە کۆمپانیاکان وەکو قەرەبوو =  ژمارەی ئەو بەرمیلانەی لە مانگی پێشوودا لە جەیهان رادەستکراون × 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک ÷ نرخی پێشوەختەی هەناردەکردن (بەپێی تێکڕای نرخی خەمڵێندراوی نەوتی کەرکووک لەلایەن کۆمپانیای پلاتس)"، کە ئەم میکانیزمە ئەو بڕەیە کە کۆمپانیاکان لەماوەی ئادار 2023 بۆ ئەیلوول 2025 نەوتیان بەنیوخۆ فرۆشتووە و بەکاشیش بووە.

ئایا قەرزەکان لە 2026 دا دەبنە رێگری جیدی بۆ کشانەوەی کۆمپانیاکان یاخود بەردەوامی دەدەن بە میکانیزمێک درێژخایەن کەوا قەرەبووییان بکرێتەوە ئەگەر بەنەوتیش بووبێت یاخود هەرێمی کوردستان میکانیزمێکی نوێ دەگرێتەبەر بۆ دانەوەی قەرزەکانیان.

 سێیەمیان:  کوالیتی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش چڕییەکەی یان API نەگەیشتووەتە ئەو ژمارەیەی وەک بنەما لە رێککەوتنە سێقۆڵییەکەدا هاتووە، کە 36 پلەی API بێت، کەمتر یاخود زیاتر بەبڕی 0.04 دۆلار دیاریدەکرێت.

مێژووی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە بەندەری جەیهان بۆ بەرزی APIی کەی دەگەڕێتەوە کە سەروو 36 پلە بووە و هەربۆیەش باسدەکرا کە نەوتی کەرکوک بە دوو دۆلار سەروو برێنت دەفرۆشرێت لە بازاڕەکانی جیهان.

ئێستا، نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ جۆری API بەمشێوەیە بووە، کە 80 هەار بەرمیل نەوتی تاوکی APIکەی 28 پلە بووە، 40 هەزارەکەی کێڵگەی شێخان API کەی 18 پلە بووە، 30 هەزارەکەی ئەترووش APIکەی 24 پلە بووە، تاکە کێڵگەی نەوتی کەوا API کەی لە کەرکوک بەرزترە 27 هەزارەکەی کێڵگەی سەرسنگ کە 37 بۆ 39 پلە بووە.

هەرچەندە سۆمۆ بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2026 کوالیتی نەوتی کەرکوک "کە نەوتی هەرێمی کوردستان" هێناوەتە خوارەوە، کە ئەمەش بۆ جیاوازی زۆری ئەو بڕەی لەرێککەوتنەکەدا هاتووە و پێشووتر نەوتی کەرکوک پێی ناسراوە و هەناردەکراوە.

چوارەمیان: مانگی تەممووزی 2026 رێککەوتنی ئەنقەرە و بەغدا بۆ هەناردەکردنی بۆری نەوتی هەناردەکراوی عێراق و تورکیا کە بە ITP ناسراوە کۆتایی دێت و بڕگەکانی رێککەوتنێکی نوێ لەلایەن تورکیاوە رادەستی عێراق کراوە و لەماوەی ئەمساڵیشدا چەند جارێک گفتوگۆ و کۆبوونەوەی هاوبەش کراوە، ئەوەی دەبینرێت داواکاری ئەنقەرەیە لەرووی مافی بەکارهێنان و بڕی نەوتی هەناردەکراو بە بۆرییەکەدا، چونکە ئەگەر شێوازێکی وەکو ماوەی دوو ساڵ و نیوی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە بۆرییەکە خاڵییە و هەوا دەگوازێتەوە، بەڵام ئەمجارە ئەنقەرە دەیەوێت بەردەم نەوت لە بۆرییەکەدا بێت و بڕەکەشی زۆر بێت.

رەهەندێکی دیکەی نوێکردنەوەی ئەم گرێبەستی هەناردەکردنی نەوتەی نیوان عێراق و تورکیا پەیوەستە بەهاتنی کۆمپانیای بی پی BP بەریتانی و رێککەوتنە 25 ملیار دۆلارییەکەی بۆ چوار کێڵگەی نەوتی و گازی کەرکوک و زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە 320 هەزار بۆ نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.

دوایین کۆبوونەوەی شاندی عێراق و تورکیا لەسەر پرسی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە لە 17ی تشرینی دووەمی 2025 لە ئەنقەرە بوو کە ئاماژە بەوەکرا کە " کەشوهەوای دانوستانەکان ئەرێنی بووە، و ئەو تێگەیشتنانەی بەدیهاتووە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دانانی رێککەوتننامەیەکی نوێ کە هاوبەشی لە نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر دەکات و بەردەوامی کارەکانی گواستنەوە دەپارێزێت و بەرژەوەندییە ستراتیژییە هاوبەشەکان بەدی دەهێنێت".

خاڵیکی دیکەش، ئەوەی لەو دانوستاندنانەدا بەدیکرا نەوەکو نوێنەری هەرێمی کوردستان بەڵکوو ئەوانەشی لە وەزارەتی نەوت و سۆمۆ کار دەکەن بەشدارییان نەکردووە، لەکاتێکدا رێککەوتنەکە لەوانەی بۆ دەیەکانی داهاتوو بێت لەرووی گواستنەوەی نەوت و گازەوە، هەربۆیەش دەبێت هەرێمی کوردستان بەشدار بێت، چونکە لە ئێستا و داهاتوودا هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگ دەبێت لە گواستنەوەی وزە بۆ دەرەوەی عێراق. بۆ نموونە  سۆمۆ بۆ گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان تەنانەت نەوتی کەرکوکیش بۆ بەندەری جەیهان لە داهاتوودا بێتەئراوە ئەوا لەرێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە KPC ناسراوە بەکاردەهێنێت و لەساڵانی داهاتوودا بڕی گازی سرووشتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان کە پێداویستی نیوخۆ تەواو دەکات دەبێتەپرسێکی نوێ بۆ هەناردەکردن. 

کۆتایی

بەپێی زانیارییەکان ئەو کۆمپانیایانەی کە نەوت بە تانکەر بۆ بۆری هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەگوازنەوە رێککەوتنیان نوێ کردووەتەوە تاوەکو نیسانی 2026، واتە بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە و هیچ لایەنێکی نێو رێککەوتنە سێقۆڵییەکە تائێستا بڵاوکراوەی نەبووە بۆ درێژەنەدان بەرێککەوتنەکە، بگرە سۆمۆ لەدوایین راگەیاندراویدا ئاماژەی بە بەردەوامیدان بە هەناردەکردن کردووە، بەڵام ئەو ئاڵینگارییانەی ئاماژەی بۆکرا ئەگەر نەبێتەهۆی راگرتنی هەناردەکردن ئەوا دەتوانێت شێوازی هەناردەکردن لە 2026  و گۆڕانکاری لە خاڵەکانی نیو رێککەوتنی سێقۆڵی بهێنیتە ئاراوە.

هەروەها، نابێت ئەوەش نادیدە بگرین کە رێککەوتنەکە لە دەرەوەی داواکاری سێ لایەنەکە بووە بە لێخۆشبوون بێت یان دواخستنی کێشەکان چ پێش رێککەوتن و چ ئێستا لەکاتی جێبەجێکردنی دا، هەروەکو چۆن بڕیارەکەی دادگای نیوبژیوانی پاریس بۆ قەرەبووکردنەوەکەی عێراق لەلایەن تورکیاوە بە بڕی 1.4 ملیار دۆلار تائێستا باسنەکراوەتەوە کە بەیاسای نێودەوڵەتی ئەنقەرە پابەندکراوە بێ دات بە عێراق.

لەراستیدا، پرسەکانی وەک قەرزی کۆمپانیاکان و کوالیتی نەوتی هەناردەکراو و رێککەوتنی بۆری تورکیا و عێراق رەنگە زۆرئاسانتر بێت لەپرسی پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەولێر و بەغدا، چونکە دواجار دەتوانرێت میکانیزمێک بۆ دانەوەی قەرزەکان بگریتەبەر، کوالیتی نەوتەکە بە گازی کۆندینسەێتی کۆرمۆر بەرزبکرێتەوە و بڕیاریشە لە سەرەتای 2026وە بڕی گازی کۆندینسەێتی کۆرمۆر کە سەروو 15 هەزار بەرمیلە و  APIکەی لەنێوان55-63 دایە تێکەڵی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ هەناردەکردن و دواجار عێراق و تورکیاش بە بێ بەشداری هەرێمی کوردستان بێت یان بەجێبەجێکردنی داواکەی تورکیا دەگەنە رێککەوتن، بەڵام ئەوەی دەمینێتەوە بەغدا چۆن پرسی پەیوەندییە داراییەکانی لەگەڵ هەولێر یەکلادەکاتەوە؟

لەکۆتاییدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆری تەنانەت بەمشێوازەی ئێستاش بێت ئەوا کۆمەڵیک کاریگەری جیاوازی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت وەک: لە هەرێمی کوردستان گەڕانەوەی وەبەرهێنان و خەرجی CAPEX کۆمپانیاکان بۆ نموونە هەڵکۆڵینی هەشت بیری نوێ لەلایەن دی ئین ئۆ و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێاننی نەوت بۆ 100 هەزار لە گرێبەستی تاوکی، هەلکۆڵینی سێ بیری نوێ لەلایەن ئیچ کەی ئین و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی سەرسنگ بۆ سەروو 38 هەزار بەرمیل و هتد. هەروەها، بۆ عێراقیش ئەو سەروەرییەی بەدوایدا دەگەڕێت کە هەناردەکردن لەژێر دەسەڵاتیدا بێت و پابەندی بەبڕی بەرهەمهێنان لەرێکخراوی ئۆپیک.

Share this Post

شرۆڤە