شرۆڤە

چەند گۆڕانکارییەکی ریشەیی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی کوردستان

29-01-2023


بەرایی

ساڵی رابردوو پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی ئاڵینگاریی جیدی و هەمەچەشن بووە، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەم سێکتەرە گوڕانکاری ریشەیی تێدا ئەنجامدراوە. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان لەو ساڵەدا لەڕووی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان و چۆنیەتی ئیدارەدانی پرۆسەکانی بەرهەمهێنان، پەرەپێدان، خەرجییەکانی هەناردەکردن و پرسی زیانەکانی فرۆشتنی نەوت بە هەرزانتر لەنرخی برێنت و، تەنانەت بەڕێوەبردنی ئەم پیشەسازییەش لەنێوان هەولێر و بەغدا، گوڕانکاری ریشەیی كراوە.

بەپێی خەمڵاندنەکان و زانیارییە بەردەستەکان، داهاتی 2022 (بەبێ خەرجییەکان) دەگاتە سەروو 12 ملیار دۆلار، کە تەنیا لە چارەکی یەکەم و دووەمدا گەیشتووەتە 6.7 ملیار دۆلار. هەروەها، لە 2022دا بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان، وەکو لە چارەکی یەکەمی 2022دا بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی 2021 دەردەکەوێت، ئەوا چاوەڕواندەکرێت لە 2022دا بڕی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان بگاتە  12 ملیۆن بەرمیل نەوتی مانگانە، ئەمەش بەواتای کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانە بۆ خوار 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. 

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی داتا فەرمییەکانی چارەکی یەکەم و دووەمی 2022، جیاوازی نێوان نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان و نرخی برێنت بەتێکڕا تەنیا 12 دۆلار بووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە جیاوازییەکە بۆ فرۆشتنی نەوت بە ناوخۆ گەیشتووەتە سەروو 58 دۆلار! چاوەڕوانیشدەکرێت لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردوودا جیاوازییەکە زیاتر بووبێت (هێشتا ئامارە فەرمییەکان بڵاونەکراوەتەوە). بۆ نموونە ئەگەر بەتێکڕا،بە 2 دۆلاری دیکە کەمتر لە 2021 فرۆشرابێت، بەمشێوەیە نزیکەی سەروو 24 ملیۆن دۆلاری دیکە بەهۆی هەرزانتر فرۆشتنی نەوتەوە مانگانە زیان بە هەرێمی كوردستان دەگات، کە  هۆكارەكەی بەغدایە.

لەڕاستیدا، ئەوەی لێرەدا جێگەی تێڕامانە مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان. بەشێوەیەک لە 2022دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی میکانیزمێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیاکان لەڕووی زیانەکانی هەرزانتر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نرخی بازاڕ و برێنت لە جیهاندا. خەرجی گواستنەوەی نەوت (کرێ کۆمپانیای KPC) کە پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئەستووی گرتبوو، لە نیوەی ساڵی رابردووەوە گوڕاوە. کۆمپانیاکان پابەندکراون کە لەوەدا هاوبەشی بکەن، ئەمەش داهاتی گەڕاوە بۆ حکومەت زیاتر دەکات ئەگەر وەبەرهێنان و پەرەپێدان لەم کەرتەدا کەمنەکاتەوە!

ئێستا قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێرهاتبووە ئاراوە، بەڵام بڕیارەکەی رۆژی (25-1-2023) دادگای باڵای فیدڕاڵی جارێکی دیکە رێگاکانی گەیشتن بەرێککەوتنێکی هاوبەشی نەک هەر سەخت کرد بەڵکوو دایخست. ئەمەش لەکاتێکدا تەنیا کەمتر لە 10 رۆژ بەرلە ئیستا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان (17-1-2023) لە داڤۆس لەبارەی پرسی نەوت و گاز لەنێوان هەولێر و بەغدا ئاماژەی بەوەکرد "ئەوەی ئێمە لەسەری رێککەوتووین ئەوەیە کە هەموو ئەو گوشارانەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هەن بۆ ئێستا راوەستێندرێن و چاوەڕێ دەکەین تاوەکو یاسای هایدرۆکاربۆن (نەوت و گاز) دەردەکرێت"، هەروەها لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر ئەو پرسە ئاماژەشی بەوەکرد "ئێمە خشتەیەكی کاتمان بۆ داناوە کە شەش مانگە، نازانم ئایا ئەو کاتە گونجاوە "واقعبینانەیە" یان نا، بەڵام هیوادارم کە بتوانین بەزووترین کات ئەنجامیبدەین".

چاوەڕواندەکرا ئەو گوڕانکارییانە ئاستی گفتوگۆکان بەرەو پێشەوە ببات، بەڵام ئێستا قۆناخێکی دیکەیە لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، چونکە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی تەنیا جێبەجێدەکرێت و ناكرێ تانەی لێبدرێت. بەڵام سەرەڕای ئاڵۆزییەکان، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە كە ئەم گوڕانکارییە ریشەییانە چی لە هەگبەیدایە بۆ پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا بۆ هەر بەرمیلیک نزیکەی 10 دۆلار لە داهاتیان کەمبکات، ئامادە دەبن وەبەرهێنان، پەرەپێدان و بێری نوێ و گەڕان بەدوای دۆزینەوەی نەوتدا لە هەرێمی کوردستان بکەن؟ لە داتا و زانیارییە بەردەستەکانەوە بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەوەین.

 جیاوازی نێوان داهات و خەرجییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان چەندە ؟

بەپێی داتا بەردەستەکان لەماوەی نێوان 2018 بۆ 2022، بەردەوام خەرجییەکانی پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نیوە و، سەروو نیوەی داهاتەکەی بووە، کە ئەمەش پەیوەندی راستەوخۆی بەشێوازی گرێبەستەکان، کرێی گواستنەوە، خەرجی بەرهەمهێنان و پەرەپێدان، ئەو جیاوازییە گەورەیەی فرۆشتنی نەوت بەهۆی حکومەتی عێراقەوە بووە.

بۆ نموونە لە چارەکی یەکەمی 2022دا 3.063 ملیار دۆلار داهاتی گشتی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام لە هەمان ئەو ماوەیەدا، داهاتی  پوختی وەرگیراو لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە 1.343 ملیار دۆلار بووە، کە ئەمەش ناکاتە نیوەی کۆی داهاتە. 

هەروەها، لە 2021دا کۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان 9.125 ملیار دۆلار بووە، بەڵام تەنیا 3.122 ملیار وەک داهاتی پوخت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەرگیراوە. لەو ساڵەدا سەروو 870 ملیۆن دۆلار دراوە بە کرێ گواستنەوەی نەوت بە KPC (کۆمپانیای بۆری کوردستان)، 3.14 ملیار دۆلار بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت وهتد.

لێرەو و بەپێی گرافیکی یەکەم، یەکێک لە هۆکارەکانی کەمی داهات و زۆریی خەرجی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی کوردستان، پەیوەندی بە دوو پرسەوە هەبووە: کەمتر فرۆشتنی لە نرخی برێنت و  کرێی گواستنەوە.

لەم دوو رووەشەوە لە سەرەتای ساڵی 2022وە گوڕانکاری کراوە و بەشێکی کۆمپانیاکان پابەندکراون بە پێدانی کرێی گواستنەوەی نەوت و، جیاوازی نرخی برێنت و نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان، کوالیتی نەوتی تێکەڵکراو لە بەندەری جەیهان، کە پێشتر تێچووی هەموو ئەم جیاوازییانە بەتەنیا لەسەر هەرێمی کوردستان بووە.

ئەم گوڕانکارییانە جگە لە گەڕانەوەی بەشیکی دیکەی داهات بۆ هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا نەوتییەکان پابەند دەکات بە گرنگیدان بە هەموو پرۆسەکانی دیکەی پیشەسازی نەوت، نەوەکو تەنیا پرۆسەی بەرهەمهێنان. 

گرافیک 1: نیشاندەری داهاتی گشتی و داهاتی گەڕاوەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان

سەرچاوە: وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان[1]

*کۆی بەهای نەوتی خاو و كۆندێنسەیتی فرۆشراو )هەناردەکراو لەڕێی بۆری و فرۆشتنی ناوخۆ  (دۆلار).

**سافى داهاتی وەرگیراو لەلیەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەى فرۆشتنى نەوت و چالكییە پەیوەندیدارەكاندا (دۆلار).

هەرێمی كوردستان چەنێك هەرزانتر لە نرخی برێنت نەوتەكەی دەفرۆشیت؟

نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەرزانتر لە نەوتی برێنت دەفرۆشرێت و جیاوازییەکەش تەنیا 2 بۆ 3 دۆلارێک نییە بەڵکوو بەتێکڕا لەماوەی رابردوودا بەگشتی 12 دۆلار بووە. لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زۆرترین جیاوازی لە چارەکی یەکەمی 2020دا بووە، کە گەیشتووەتە 18.9 دۆلار، واتە تێکڕای نرخی برێنت 50.5 دۆلار بووە، بەڵام نرخی نەوتی هەرێمی کوردستان بە 31.5 دۆلار بووە. هەروەها، کەمترین جیاوازی  نێوان نرخی برێنت و نرخی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی چوارەمی 2018دا بووە، کە تەنیا 4.26 دۆلار بووە وەکو لە گرافیکی دووەمدا هاتووە.

خشتەی 1: تێکڕای نرخی برێنت، نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان بە بۆری و بە ناوخۆ 2018-2022

سەرچاوە: وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بانکی جیهانی نرخی کاڵاکان.

لەڕاستیدا، جیاوازی نرخی برێنت و نەوتی هەرێمی کوردستان جگە لە بابەتی کوالیتی نەوتەکەی کە دەبوایە چەند دۆلارێک کەمتر لە برێنت بوایە، دەبوو هاوشێوە بوایە، بەڵام فشارەکانی بەغدا و بڕیارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و سۆمۆ بۆ کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستان وایکردووە کە جیاوازییەکە ئەوەندە زۆر بێت، کە ئێستاش بەهۆی سزاکانی سەر رووسیا و زۆربوونی نەوتی قاچاخ لە بازاڕە جیهانییەکانیدا، بەتێکڕا باس لە دابەزین بەتێکڕا بۆ 14 دۆلار و زیاتر دەکرێت لە نرخی برێنت بۆ نیوەی دووەمی 2022 (کە هێشتا داتاکانی بڵاونەکراوەتەوە). ئەمەش واتە ئەگەر 2 دۆلاری دیکە بەتێکڕا دابەزێت، ئەوا لەمانگێکدا زیانەکانی دەگاتە سەرووی 24 ملیۆن دۆلار و لەساڵیکدا دەگاتە سەرووی 288ملیۆن دۆلار.

بەپێی داتا بەردەستەکان، ئەم جیاوازییەی نێوان نرخی نەوتی برێنت و نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان پێشتر لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەژماردەکرا و بەتەنیا لە ئەوستۆی دەگرت، بەڵام ئێستا میکانیزمێک دانراوە بۆ نرخەکان کە نزیکەی 10 دۆلار دەگەڕێندرێتەوە بۆ جیاوازی نرخەکە و کرێی گواستنەوە و جیاوازی کوالیتی نەوت. بەشێوەیەک " نرخی فرۆشراو لە مانگێکدا یەکسانە بە تێکڕای نرخی بازاڕکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهان دەفرۆشرێت". ئەمەش پێشڤەچوونێکی گەورەیە و بڕێکی دیکە لە جیاوازی نرخ و خەرجییەکانی گواستنەوە دەگەڕێنێتەوە کە پێشتر لەسەر حکومەت بوو. ئەمە لە نیوەی دووەمی 2022وە کەوتووەتە سەر کۆمپانیاکان و لە راپۆرتی دارایی و چالاكییەكانی چارەکی سێیەمی کۆمپانیای فۆرزەدا لە لاپەڕە 3دا هاتووە.

لەڕوویەکی دیکەوە ئەوەی جێگەی سەرنجە فرۆشتنی نەوتە بە نێوخۆ و پاڵاوگە نێوخۆییەکان کە لەگەڵ نرخی برێنت جیاوازییەکی گەورەی لەو نرخەش هەیە كە لەرێگەی فرۆشتن بە بۆرییەوە  دەكرێت. بۆ نموونە لە چارەکی دووەمی 2022دا جیاوازییەکە دەگاتە 58.66 دۆلار!، لەکاتێکدا نزمترین لە چارەکی یەکەمی 2022دا بووە کە بە 0.62 دۆلار زیاتر لە نرخی برێنت بە نێوخۆ فرۆشراوە وەکو لە گرافیکی خوارەوەدا هاتووە.

گرافیک 2: دەرخەری جیاوازی نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان بە برێنت لەرێگەی بۆری و بە ناوخۆ

سەرچاوە: وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بانکی جیهانی نرخی کاڵاکان.

کۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان چەند کەمیکردووە؟

بەپێی داتا فەرمییەکان لەماوەی سێ مانگدا ولەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا هەرێمی کوردستان نزیکەی 40 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە. بۆ نموونە لە چارەکی دووەمی 2022دا 40.32 ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێناوە و هەناردەی دەرەوە و بازاڕەکانی نیوخۆ کراوە، واتە مانگانە بە نزیکەیی 13.44 ملیۆن بەرمیل بووە و بە رۆژانەش دەگاتە نزیکەی 420 هەزار بەرمیل نەوت. لەکاتێکدا لە چارەکی یەکەمی 2021دا 41.26 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، واتە مانگانە بەنزیکەیی 13.7 ملیۆن بەرمیل نەوت و، رۆژانە نزیکەی 458 هەزار بەرمیل نەوت. ئالێرەوە دەردەکەوێت کەوا بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کەمیکردووە و بەو جیاوازییەش بێت، رۆژانە نزیکەی 38 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمهێنان کەمیکردووە، کە ئەمەش بە واتای کەمکردنی هەناردەکردن دێت وەکو لە گرافیکی خوارەوەدا کۆی هەناردەکردن بۆ پێنج ساڵ خراوەتەڕوو

گرافیک 3: نیشاندەری کۆی هەناردەکردن و بەکاربردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەپێی چارەکی ساڵ لە 2018-2022

سەرچاوە: وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بانکی جیهانی نرخی کاڵاکان

کۆتایی

سەرەڕای ئاڵینگارییە بەردەوامەکانی حکومەتی ناوەندی و بەتایبەتیش بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ پیشەسازی هەرێمی کوردستان لە شوباتی 2022دا و بەردەوامی مووشەکی میلیشیا و گرووپە نێوخۆییەکان لە عێراق و موشەک و درۆنی ئێرانیش بۆ سەر پیشەسازی نەوت و گاز، لەسەروو هەمووشیانەوە ناكۆكییەكانی نێوان دوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی كوردستان، لەساڵی رابردوودا دوو هەنگاوی گەورە بە ئاراستەی گەڕانەوەی داهاتێکی زیاتر بۆ حکومەت نراوە کە ئەوانیش خستنە ئەستۆی تێچووی هەرزانتر فرۆشتنی نەوت و کرێی گواستنەوەی بۆ هەناردەکردن بۆ سەر کۆمپانیاکان بوون، بەڵام ئەم هەنگاوانە ئەگەر بەرژەوەندی کۆمپانیاکان و سیاسەتی چۆنیەتی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و گەڕان و پشکنین بۆ کێڵگەی نەوتی نوێ و هەڵکۆڵینی بیری نەوتی نوێ لەگەڵدا نەبێت، ئەوا ئاڕاستەیەکی خراپ وەردەگرێت و بڕی بەرهەمهێنان کەمدەکاتەوە و کۆمپانیاکان دەخاتە بەر مەترسی کشانەوە، چونکە گەورە کۆمپانیاکان بەدوای قازانجەوەن و دەچنە ئەو شوێنەی قازانجێکی زۆر و سەر ئیشەیەکی کەمیان بۆ درووستدەکات.

 هەڵبەت بە گشتی دانانی ئەو میکانیزمە نوێیانە و بڕیارەکانی حکومەت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان چ لەڕووی خستنەئەستۆی بەشیک لە خەرجییەکان بۆ سەر کۆمپانیاکان و بڕیاری پابەندکردنیان بە نەسووتاندنی گاز و بەرهەمهێنانی، وایکردووە هەنگاوەکان روو لە بوژاندنەوە بێت.

ئەو جیاوازییەی لە نرخی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ برێنت هەیە، بەشێکی گەورەی پەیوەندی بە ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر ئەم پرسەوە هەیە، کە ئێستا هیوایەک هەیە بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و چاوەڕواندەکرێت ئەگەر بگەنە رێککەوتن، ئەم جیاوازی نرخەش کەمبێتەوە، چونکە کوالیتی نەوتی هەرێمی کوردستان لەچاو برێنت و بگرە نەوتی خاوی بەسرە زۆرە، بەتایبەتیش لەڕووی چڕی (API) و پێکهاتەی ماددەی سولفەرەوە.

هەروەها، لە داتاکانی نەوتەوە کە جێگەی سەرنجڕاکیشانە فرۆشتنی نەوت بە نێوخۆ کە جیاوازییەکی سەرنجڕاکێشە بەتایبەتیش لە چارەکی دووەمی 2022دا، کە جیاوازییەکە لەگەڵ برێنت دەگاتە 58 دۆلار، بەڵام لە  چارەکی یەکەمی 2020دا، بەنرخێکی سەروو برێنت فرۆشراوە!

لە کۆتاییدا، ئەم گوڕانکارییە ریشەییانەی سێکتەری نەوت و پاڵپشتی و داواکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیاکان بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکان و هەڵکۆڵینی بیری نوێ وادەکات کارکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان قورستر بکات، بەڵام کاریگەری گەورەی لەسەر دانوستاندنەکان لەگەڵ بەغدا دەبێت، دیارە ئەگەر بەغداش مەبەستی بێت  هەوڵەكانی چارەسەرکردنی ئەم پرسە بباتە قۆناخێکی نوێوە.

سەرچاوە

کوردستان, حکومەتی هەرێمی. داتای کراوە/راپۆرتەکانی دیلۆیت. 2022. https://gov.krd/information-and-services/open-data/deloitte-reports/deloitte-report-2022/ (accessed 1 19, 2022).


[1] https://gov.krd/information-and-services/open-data/

Share this Post

شرۆڤە