شرۆڤە

چۆن پەتاگشتگیرەکان مێژوو دەگۆڕن؟

30-03-2020


 

 

RRC |

ئیسحاق چۆتینەر

و:عەلی كوردستانی|

فرانک سنۆدن مامۆستای مێژوو و مێژووی پزیشکی لە زانکۆی یەڵی ئەمریکی لە کتێبە تازەکەیدا ” پەتاگشتگیرەکان و کۆمەڵگا: لە مەرگی رەشەوە بۆ ئێستا” ئەوە شیدەکاتەوە کە چۆن بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، سیاسەتی داڕشتۆتەوەو شۆڕشەکانی تێکشکاندووە و جیاکاری رەگەزی وئابووریی لێکەوتۆتەوە. هەروەها، پەتا گشتگیرەکان بوونەتە هۆی گۆڕینی کۆمەڵگاکان، کاریگەریان کردۆتە سەر پێوەندیە کەسیەکان، کاری هونەرمەندان ورۆشنبیران، ژینگەی دەستکردو سروشتیش. لە چوارچێوەیەكی گەورەدا ئەم پەتایانە بۆ سەدەکان وکیشوەرەکان درێژدەبنەوە. سنۆدن هەروەها هەوڵی روونکردنەوەی ئەوە دەدات کە چۆن پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان وایانکردووە نەخۆشیەکان تەشەنەبکەن.” پەتا گشتگیرەکان رووداوی هەڕەمەكی نین کە بەشێوەی یەک لەدوای یەک و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت تووشی کۆمەڵگاکان ببن.” ئەو دەڵێت ” بەپێچەوانەوە هەموو کۆمەڵگایەک خاڵی لاوازی خۆی درووستدەكات. بۆ توێژینەوە لەسەریان دەبێت لە پێکهاتەی کۆمەڵگا، ستانداردی ژیان و ئەولەویەتە سیاسیەکانیان تێبگەین.”

هەینی رابردوو بە تەلەفۆن لەگەڵ سنۆدن قسەم کرد، ئەوەش لە کاتێکدایە کە راپۆرتەکان لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جیهانیان پرکردووە و حکومەتەکانیش لەئاستی جیاجیادا تەنانەت بۆ خراپترین حاڵەت کەبێتە پێشەوە ئامادەکاری دەکەن. لەکاتی قسەکانماندا کە بەشێوەی روون و درێژ نووسراوەتەوە باسمان لە سیاسەتی سنوردانان بۆ گەشتکردن لەکاتی پەتای گشتگیركرد، هەروەها باسمان لەوەكرد كە چۆن وەڵامی نامرۆڤانە بۆ نە خۆشییەکە کاریگەری کردۆتە سەر حکومەتەکان. هەروەها دەربارەی ئەو شێوازانە کە هونەرمەندان مامەڵەیان لەگەڵ مەرگی بەکۆمەڵدا کردووە قسەمان کرد.

-دەمەوێت بە پرسیارێکی گەورە دەستپێبکەم: بەشێوەیەکی گشتی ئەو رێگە سەرەکیانە کامانەن کە پەتا گشتگیرەکان جیهانی نوێیان پێداڕشتۆتەوە؟

پەتا گشتگیرەکان بەشێکی نەخۆشیەکانن کە وەکوو ئاوێنەی مرۆڤ دەردەکەون. لە راستیدا ئەوەمان پیشاندەدەن كە ئێمە کێین. ئەمەش بەواتای ئەوەی کە هەموو شتێکی پێوەندیداریان لەگەڵ ئێمە، لەگەڵ رێژەی مەرگ، لەگەڵ مردنمان، لەگەڵ ژیانمان هەیە. ئەوان رەنگدانەوەی پێوەندیەکانمانن لەگەڵ ژینگەدا، ژینگەی دەستکرد کە ئێمە درووستیدەکەین و ژینگەی سروشتیش کە وەڵامدەداتەوە. پێوەندی ئەخلاقی ئێمە وەکو خەڵك بەرامبەر یەکتر پیشاندەدەن، کە ئەمڕۆ ئەوە دەبینین.

یەکێک لەو پەیامە مەزنانەی کە رێکخراوی تەندرووستی جیهانی باسی دەکات ئەوەیە کە بەشێکی سەرەکی ئەو ئامادەکارییانەی پێویستە بکرێن بۆ رووبەڕوبونەوەی ئەم رووداوانە، ئەوەیە کە دەبێت ئێمەی مرۆڤ لەوەتێبگەین کە هەموومان لەمەدا بەیەکەوەین. ئەوەی کاریگەری دەکاتە سەرکەسێک کاریگەری دەکاتە سەرهەمووان لەهەر شوێنێک. بۆیە ئێمە بەشێکین لە جیناتەکان. دەبێت وابیربکەینەوە نەک لەسەر بنەمای دابەشکارییەکانی رەگەز و نەتەوە، باری ئابووری و …تاد بیربكەینەوە.

هەندێک خوێندنەوەی سەرەتاییم کردووە و پێموابوو کە ئەم مەسەلەیە پرسیاری قووڵی فەلسەفی، ئاینیی و ئەخلاقی بەرزدەکاتەوە. من پێموایە کە پەتا گشتگیرەکان مێژوویان بەشێوەیەکی جوزئی داڕشتۆتەوە، چونکە وایان لە مرۆڤ کردووە کە بیر لە پرسیارە گەورەکان بکاتەوە. بۆ نموونە بڵاوبوونەوەی تاعوون پرسیاری پێوەندی مرۆڤ و خودای بەرزکردەوە. چۆن دەکرێت رووداوێکی لەوجۆرە بە حەکیمانەو ئولوهیانەو زانستی تەواوەوە رووبدات؟ کێ رێگەدەدات منداڵان بە ژمارەیەکی زۆر بە ئازارەوە ئەشکەنجە بدرێن ؟ تاعوونەکە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابووری هەبوو. تاعوونی بوبۆنیک نیوەی دانیشتوانی هەموو کیشوەرەکانی کوشت، بۆیە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هاتنی شۆڕشی پیشەسازی و کۆیلایەتی وفیوداڵیزم هەبوو.

هەروەکو ئێستا دەیبینین، پەتا گشتگیرەکان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئیستیقراری کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە. ئەوان بڕیاریان لەسەر ئەنجامی جەنگەکان داوە و لەوانەشە هەندێکجار ببنە بەشێک لە دەستپێکردنی جەنگەکان. بۆیە دەکرێت بڵێین هیچ بەشێکی گەورەی ژیانی گەورەی مرۆڤ نەماوە کە پەتا گشتگیرەکان بەقووڵی دەستیان لێنەدابێ.

-هەوڵت داوە خاڵێک بڵێی لەسەر ئەوەی چۆن وەڵامی ئەم شتانە دەدەینەوە کە زۆرجار وابووە وەڵامەکان لە روانگەی رەگەز ونەتەوە یا خود ئایینی بوون وەک لەوەی لە روانگە گشتیە مرۆییەکەمان بێت، ئەم جۆرە وەڵامە بە هەندێک شێوە عەیبی مرۆڤەکانی دەرخستووە؟ یان خاڵێکی جیاوازیان درووستکردوە؟

هەوڵمداوە دووخاڵ دەستنیشان بکەم. پێموایە کە زنجیرەی هۆکاریی بە هەردوو ئاراستەکە کاردەکات. نەخۆشیەکان بەشیوەیەکی هەڕەمەكی و ئاڵۆز تووشی کۆمەڵگاکان نابن. بەڵکو رووداوی رێکخراون. چونکە میکرۆبەکان بەشیوەیەکی دیاریکراو فراوان دەبن و بڵاودەبنەوە بۆ دەرخستنی ئەو كەلێنانەی کە مرۆڤ درووستی کردوون. ئەم كەلێنانە تاڕادەیەکی زۆر دەریدەخەن کە ئێمە کێین. بۆ نموونە ئەوەندە گرنگیمان بە شۆڕشی پیشەسازیدا تا دەركەوت کە کرێکارەکان و خەڵکی هەژار چییان بەسەرهات ودۆخی ئەوانەش چۆنە کە بەژیانێکی ناخۆش و مەترسیداردا تێدەپەڕین.

کۆلێراو سیل لە جیهانی ئەمڕۆدا لەگەڵ ‌هێڵی چارەنووسسازدا دەجوڵێنەوە کە بەهۆی نایەکسانی وهەژارییەوە درووستبوون پێدەچێت ئێمە وەکو خەڵك ئامادەبین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی راست و گونجاو قبوڵی بکەین، یاخود لانیکەم ناتوانین لێی دەربازبین. بەڵام ئەوەش راستە كە وەڵامی ئێمە بۆ ئەو پەتایانە کەوتۆتە سەر بەهاکانمان. پێوەندی بە پابەندی وهەستکردنمانەوە هەیە بەوەی کە بەشێکین لە رەگەزی مرۆڤ و یەکەی بچووکتر نین.

کاتێک بروس ئەیلوارد سەرۆکایەتی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی دەکرد، جارێك لە چین گەڕایەوە ژنێڤ و پرسیارێکی کرد کە هاوشێوەی پرسیارەکەی تۆیە. وتی ئەگەر ئێمە ئامادە بین بۆ ئێستا و داهاتوو، دەبێت گۆڕانکاری ریشەیی لە بیرکردنەوەماندا درووست ببێت. پێویستە وا بیربکەینەوە کە وەکو توخمی مرۆیی دەبێت بەیەکەوە کاربکەیەن بۆئەوەی رێکخراوبین لە یارمەتیدانی یەکتریدا. دەبێت لەوە تێبگەین ئەوانەی لەناوماندا تەندرووستیان لاوازە، فاکتەری دیاریکردنی تەندرووستی هەموومانن. ئەگەربۆ ئەمەش ئامادە نەبین، ئەوا هەرگیز بۆ رووبەرووبونەوەی تەگەرە وێرانکەرەکان بۆ سەر مرۆڤایەتیمان ئامادە نابین.

-ئەمە بیرکردنەوەیەکی بەدیهێنەر نیە، چونکە پێموایە کە لەوەناچێت ئەو گۆڕانکارییە لە بیرکردنەوەماندا رووبدات.

نامەوێت وا دەرکەوم کە من زۆر لەسەر ئەم بابەتە گەشبینم، بەڵام پێموایە دەبێ ئەمە رووبدات. دیوێکی تاریکی مرۆڤایەتێش هەیە کە بەشێکە لە بەرژەوەندی. چ بژاردەیەک دیاریبکەین؟ چۆن رووبەڕوی ئەمە دەبینەوە؟ پێموانیە پێشوەخت دیاریکرابێت. درامای ئەخلاقی گەورەی مرۆڤ لە بەردەمماندا نمایشدەکرێت..

-ئایا هەندێک پەتای گشتگیر هەیە کە چۆنیەتی کاردانەوە وەڵامدانەوەكانیان بەجۆرێک ئیلهامبەخش بووبێت بۆ مرۆڤایەتی؟

بەدڵنیاییەوە. کاتێک وتم پەتا گشتگیرەکان وەکو ئاوێنە وان بۆمان، تەنها لایەنی تاریکی مرۆڤایەتی دەرناخەن. بەڵکو لایەنی پاڵەوانیشی دەردەخەن. نموونەی باشیش رێکخراوی پزیشکانی بێسنوورە لە قەیرانی ئیبۆلادا. بەجۆرێک کە تیمی رێکخراوەکە ژیان و داهاتووی خۆیان بە شێوەیەکی راستەوخۆ خستە سەر هێڵ بە بێ هیچ بەرژەوەندی کەسی و پاداشتێک. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان پابەندن بە بەرگریکردن لە ژیان و تەندرووستی لاوازترین خەڵک لە جیهاندا، بەشێوەیەکی پاک كاری خۆیان كرد. پزیشکانی بێسنوور رۆژانە ئەم كارە لە چەندین بەشی جیهاندا دەکەن و لەئێستاشدا لە چین رووبەڕووی ئەمە بوونەتەوە.

پێموایە ئەمە شتێکە کە بەرزترین کوالیتی درووستدەكات، لە راستیدا چەندین رۆمان لەسەر ئەو رووداوە گەورانە نووسراون کە کاریگەری لەسەر ئەدەب و کولتوورمان دادەنێن. من بیر لە رۆمانی تاعونی گەورە دەکەمەوە کە لەلایەن رۆماننووسی ئیتاڵی، ئەلیساندرۆ مەنزۆنی نووسراوە. قسە لەسەر سەرۆکی کەنیسەکانی میلان، کاردیناڵ بۆریمۆ دەکات کە چووەتە شوێنی چارەسەرکردنی تووشبووان و ویستویەتی ژیانی خۆی بۆ ئاگابوون لە هەژارترین و نەخۆشترین خەڵک لە گرووپەکەی تەرخان بکات.

-ئەی سەبارەت بەوەڵامی پۆزەتیڤی سەرکردەکانی جیهان یان رژێمەکان، یان گۆڕانکاری پۆزەتیڤی سیاسی کە لەدوای پەتا گشتگیرەکان سەرهەڵدەدەن؟

بەڵنیاییەوە. من بیر لە کۆتایی هاتنی کۆیلایەتی چاتل لە جیهانی تازە دەکەمەوە. ئەوە و سەرکەوتنی شۆڕشی هایتیەکان و توسانت لوڤەرچە بەهۆی پەتای زەردەوە بوو. کاتێک ناپلیۆن کەشتی گەورەی نارد بۆ درووستکردنەوەی کۆیلایەتی لە هایتی، راپەڕینی کۆیلەکان سەرکەوتوو بوو چونکە، کۆیلەکانی ئەفریقا بەرگریی لەشیان هەبوو بەڵام، ئەوروپیە سپیەکانی ناوهێزەکەی ناپلیۆن نەیانبوو. ئەمە بووە هۆی سەربەخۆیی هایتی. هەروەها ئەگەر لەروانگەی ئەمریکیەوە بیربکەینەوە، ئەمە وایکرد ناپلیۆن دەستبەرداری هێزی فەرەنسی بێت لە جیهانی تازە. بۆیە لەگەڵ تۆماس جێفرسۆن لە ساڵی ١٨٠٣ رێككەوت بۆئەوەی لویزیانا بفرۆشێت بە ئەمریکا، ئەمەش وایكرد کە قەبارەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ دوو هێندە زیاتربێت.

-ئەمجارە پرسیارەکە بەدیوێکیتردا بکەین، تا چەند بوونی ئەم پەتایانە هاوکات بووە لەگەڵ سەرکووتی سیاسی یان وەکو بیانوویەک بۆ ئەوە بەکارهاتووە؟

پێموایە هەمیشە وەکو بەشێک لەسەرکوتی سیاسی سەیرکراوە. قەناعەتم وایە کە سەدەی نۆزدە خراپ بووە، نەک تەنها لەبەر شۆڕش بەڵکو، بەهۆی سەرکوتی سیاسیشەوە وابووە. بۆ نموونە قەتڵ وعامی خەڵک لە دوای شۆڕشی فەرەنسی لە ١٨٤٨ لە فەرەنسا بەتایبەتی لە پاریس یان دوای کۆمیونی پاریس. بەشێکی هۆکاری ئەوەی كە زۆر تووندوتیژوخوێناوی بوو، ئەوەبوو کە بەرپرسان لەرووی سیاسیەوە بەشتێكی مەترسیدار سەیری چینی کاریان دەکرد و لەرووی تەندرووستیەوە بەهەمان شێوە زۆر مەترسیدار بوون. هەموو توانایەکیان هەبوو بۆبەسەرهێنانی کارەساتەکان بەسەر هەموو کۆمەڵگادا. پێموایە ئەمە بەشێکی میتافۆری چینە مەترسیدارەکان بوون، بۆیە دەکرێت بڵێین ئەمە بووە هۆی قەتڵ وعامی نامرۆڤانە لە ساڵی ١٨٧١ دوای لادانی کۆمیونی پاریس.

-چۆن سەیری وەڵامی چین دەکەیت بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا؟

ئەمە پرسیارێکی سەرنجڕاکێشە و یەکێکە لەوانەی کە پێویستە بەشێوەیەکی قورس ودرێژ بیری لێبکەینەوە، چونکە چەندین رەهەندی هەیە کە لەراستیدا ئاڵۆزن. یەکەم شت ئەو میتۆدە بەهێزەبوو کە چین لە ٢٣ کانوونی دووەمی ئەمساڵ (٢٠٢٠) خستیەڕوو کاتێک لە رێگەی سەربازو پۆلیسەوە، قەدەغەی جموجۆڵ و هاتووچۆیان و کەرەنتینەکردنی هەموو ناوچە جوگرافیەکان و خەڵکیان سەپاند. لەم حاڵەتەدا ووهان کە نزیکەی یانزە میلۆنە و ناوچەی هوبی کە نزیکەی شەش میلۆن کەس دەبێت قەدەخەكران و بەتەواوی داخران.

ئەمە دەمانگێڕیتەوە بۆ پێوەرەکان بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی تاعوون کە چەندینجاری دیكەش وەك لە نموونەی پەتای ئیبۆلادا دووبارە کراونەتەوە. بەڵام ئەم قەدەخەیەی ئێستا بەکاردێت قەناعەتپێکەر نیە و رووخێنەرە. درەنگ ئەگات و دەبێتە هۆی تێکشکاندنی رەگەزی سەرەکی تەندرووستی گشتی کە زانیارییە. ئەمە بەهۆی قەدەخەی جوڵە وهاتووچۆوە وادەکات خەڵک لەگەڵ دەسەڵاتدا هاوکارنەبێت. دەسەڵات چیدی ئاگای لەوەنیە چیدەگوزەرێت و خەڵکیش سەفەردەکات کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتاکە.

لەسەرەتادا تووشی پەشۆكان بووم بەوەڵامی حکومەتی چین کە جیاوازە لە رێسا گشتیەکانی تەندرووستی کە لە ساڵانی پەتادا گەشەیان پێدراوە. حكومەت دەستیکرد بەگەڕانی کەیسی تاکەکەسەکان و دواتریش كەناری خستن.

من زۆر ترسام و پێشبینی خراپترم دەکرد. بەڵام رژێم لە چین هێواش هێواش ئاراستەكەی گۆڕی. کە سەیری دەکەیت بە تێپەڕبوونی کات، چینیەکان سووربون لەسەر ئەوەی کە تۆمارەکان کۆبکەنەوە و هەوڵیاندەدا کە دانیشتوان هاوکارییان بکەن. ئەمەش بەوواتایە بوو زیانەكانی رۆژانی سەرەتا چاکدەکەنەوە. پێموایە ئەمە چیرۆکی زیاد لە وەڵامێکە. هەمووی خراپ نەبوو، هەمووشی باش نەبوو.

من تەواو لەگەڵ وەڵامی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی نیم. کە ئەوەی وەکو وەكوو هەنگاوی تەندرووستی گشتی زۆرباش وەسفکرد. ئەمە دەمترسێنێت بەوەی کە ئایا رژێم و وڵاتانی دیكە کە خاوەنی پیاوی بەهێزن ئەم قەدەغەیە دەسەپێنن وەکو ئەوەی لەگەڵ تەشەنەكردنی ئیبۆلادا لە خۆرئاوای ئەفریقا هەوڵیان بۆدا و سەرکەوتوو نەبوو؟ ئەمە دەمترسێنێت. پێموانیە ئەمە پەند بێت. پێموایە ئەمە رێگەیەکە زیاتر دیقەتی تیایە کە رەنگە زۆر بەباشی لە چین ئیشی نەکردبێت. لە راستیشدا شی جینپینگ بە پێچەوانەی تەندرووستی جیهانیەوە ئامادە بوو ئەوەبڵێت کە چەندین هەڵە کراوە ودواتر ئاڕاستەکەیان گۆڕیووە، بۆیە پێویستە لەوهەڵانەوە فێربن و چینیش توانی ئەمە بکات.

-ئەمە جێگەی سەرنجە، چونکە پێشتر دەتووت کە رێکخراوی تەندرووستی جیهانی یان لانیکەم هەندێک لەئەندامەکانی داوایان لە خەڵک دەکرد کە هاوبەشی مرۆییان بدۆزنەوە، بەڵام لەهەمانکاتدا دەڵێیت ئامادەن ستایشی کاردانەوەیەک بکەن کەلانیکەم لەسەرەتادا نامرۆڤانە بووە.

بەڵێ من بیانوو بۆ ئەمە ناهێنمەوە، بەڵام دەتوانم بڵێم کە لێی تێدەگەم. چونکە شتێکی خراپە ئەگەر گەورەترین ئەندامی تەندرووستی جیهانی و وڵاتێک پەراوێز بخەیت کە لە قەیرانێکی بێوێنەدایە. تێدەگەم کە بۆچی روویداوە. لە هەمانکاتیشدا بە راستگۆیی تەواوەوە فشار کراوە وهەوڵدراوە بۆ بەرهەمهێنانی بەڵگە، پێوەندی و رێگەی زانستی لەسەر بنەمای زانیاری بۆ تەندرووستی گشتی. بەڵام لەقۆناغی سەرەتادا چین ئەمەی نەكرد. دواتر کاریان لەسەر کرد.

-ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە دواوە، ئایا بابەتی فراوان هەیە لەسەر ئەوەی کە چۆن هونەرمەندان وەڵامی پەتا گشتگیرەکانیان داوەتەوە؟  

یەکێک لەوشتانەی کە لە پەتا گشتگیرەکانەوە فێری بووم، ئەوەیە هەر نەخۆشییەک وەکوو کەسێک وایە. هەرکەسەو جیاوازە لەکەسێکیتر. تەنها هۆکاری گۆڕینەوەی مەرگ نین. دەکەوێتە سەر سروشتی کەسەكان و دەكەوێتە سەرئەوەی چۆن کۆمەڵگاکان و هونەرمەندان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. گەلێك هۆكار هەن كاریگەری لەسەر دادەنین وەك چەند خەڵک دەکوژێت، ئەگەر خەڵک بەشێوەیەکی ئازاراوی بکوژێت، ئەگەر منداڵ وگەنجان بکوژێت، یان ببێتە هۆی هەتیوکردنی خەڵک، یان ئەگەر هەمان نەخۆشیە باوەکان بن یان ئەگەر لەدەرەوە هاتبن.

لەمەسەلەی تاعووندا کەزیاتر کێشەی مەرگ و مردنی خێرا درووستدەكات، هونەرمەندان بەتایبەتی لەم کیشوەردا وەڵامیان بۆ ئەمە هەبووە. لە وڵاتە کاسۆلیکەکان پاڵنەرو هۆکاری سەرەکی ئەمە بۆ ئەوە بووە کە وەبیرهێنەرەوەیەک بووە کە ژیان کاتی و سنووردارە.

ئەوەی گرنگی زۆر بە بابەتەکانی مردنی لەناکاو دەدات سەمای مەرگە ، کە تیایدا هەموو کەسێک رادەماڵرێت. بەدڵنیاییەوە بەکارهێنانی سیمبولەکانی سەعاتی لمی، ئێسقانەکان وکەلەسەر زۆرە. وەکو خۆت دەزانی ئامۆژگاریکارێک دەڵێت ” لەخۆباییبوونی لە خۆباییبووەکان، هەمووی لەخۆبایبوونە.” هەستێکی باڵا بۆ ئەمە هەیە ،هەروەها هەستی پەرستن بۆ قەدیسەکانی تاعوون هەیە کە بەشێوەیەکی فراوان وێنەیان نەخشێنراوە.عیبادەت و دینداری، بابەتەکانی مردنی لەناکاو، تۆبەکردن، رێکخستنی کاروباری رۆحی بەرلەوەی مردنی لەناکاو بتبات لە ناو ئەوروپادا باون. ئەمە کاریگەرییەکی وەرچەرخێنەری لەسەر ئایکۆنی هونەری ئەوروپی دانا.

ئەمە تەنانەت لە سەدەی بیستیشدا دەبینرێت لە فیلمە جوانەکەی ئینگمار بێرگمان “خەتمی حەوتەم” کە تیایدا تاعوون میتافۆرە بۆئەوەی کە بێرگمان لە ساڵی ١٩٥٧ لێی دەترسا ئەویش جەنگی ئەتۆمی بوو. هەرکەسێک بیبینێت هەموو ئەو شتانە لە خۆدەگرێت کە من قسەیان لەبارەوە دەکەم کە پێوەندی بە تاعوونەوە هەیە، لە ناویاندا سەمای مەرگ کە فیلمەکە بەوەکۆتایی دێت. لەوحەکانی گریم ریپەر دەبینی کە لە راستیدا نموونەی وەڵامی هونەریە بۆ مەرگ.

هەندێک لە نەخۆشیەکانیتر دەبنە هۆی درووستبوونی وەڵامی جیاواز. یەکێک دەتوانێت باس لە سیل بکات کە چۆن لە سەردەمی رۆمانسیدا لە سەدەی نۆزدەدا جیاواز بووە.لەراستیدا ئەمە سەیرە چونکە بۆ من، سیل یەکێکە لە رێگە ترسناک و بەئازارەکان بۆمردن کە لە دواجاردا دەخنکێیت. لەگەڵ ئەوەشدا لەلایەکی دیكەوە سیل دەبێتە ئۆپرای پاڵەوانێتی لەسەر شانۆ کە وەکو جوان تەماشا دەکرێت. یان ”کوخەکەی خاڵە تۆم” کە تەنها دەربارەی کۆیلایەتی نیە و دەربارەی سیلیشە.

بۆچی سیل جوانکرا؟

دەمەوێت هەندێک شت بڵێم کە هیوادارم تووشی زەردەخەنەت کا، بەڵام حەزدەکەم بتوانم وەڵامێکی تەواوەتیت بدەمەوە. مرۆڤەکان بوونەوەری هەزەلین، وانیە؟ هەموو ئەو شتانەی کراون ئاسان نین بۆ تێگەیشتن، بەڵام سەبارەت بەتاعوون دەتوانم بڵێم نەخۆشییەک بوو کە کاریگەری لەسەر هەمووان دانا. ئەمە گرنگە. لەگەڵ سیلدا کۆتایی جیهان بوو، دوا حساب بوو، جیهانی کۆتایی بوو. لەلایەکی ترەوە خەڵک پێیوابوو هەندێک شت راست نەبوو. بیروباوەڕە پزیشکیەکانی سەدەی نۆزدە فێریکردن کە ئەمە نەخۆشی نوخبەیە هی هونەرمەندە هی جوانیە هی رەنگکراوەکانە و ئەمە خەڵکی زۆر جوانتر کرد. بۆیە ئەوانەی کاری مۆدێلیان دەکرد هەوڵیاندا بۆئەوەی ژنان بکەن بە درووستکراوی سیل. کاتێک سەیری لەوحەی تولۆس لاوتریس دەکەیت کە وێنەی ژنێکە تووشی لەدەست دانی شەهیە بووە و پاودەری برنجی لەسەر دەمووچاوە کە وادەکات لەوانە بچێت کەتووشی سیل بوون، بەڕوونی دیارە. رافایلیتەکان زەواجیان لەگەڵ مۆدێلەکانی خۆیان دەکرد کە ئەوانە بوون دووچاری نەخۆشی سیل ببوون. هاوڕێکانی ڤیکتۆرهۆگۆ پێیان گوت تۆ وەکو نووسەر هەڵەیەکی گەورەت هەیە کە سیلت نیە، بۆیە ناتوانیت ببیتە نوسەرێکی وا گەورە.

بیرمەندو نووسەرێکی ئەمریکی هەبوو کە دەربارەی کولتوور قسەی دەکرد. پێیوابوو کە ئەمریکا لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا ئەوکاتەی کە سیل لەپاشەکشەدابوو رووبەڕووی قەیرانی هونەرو زانست و کولتوور دەبێتەوە، چونکە چیتر خەڵکی وا زیرەک درووست نابێت وەک لەوەی لە سەردەمی سیلدا هەبوو.

من یەکێک لە لودیتەکان نیم لەمەسەلەی زانستدا بەڵام، زانستەکان هەندێکجار گرنگن و ئەمەش یەکێکە لە گرنگیەکانی تیۆرەی جێرمی بۆ نەخۆشی. ئەم تیۆرەیە یارمەتیدەربوو بۆ بە براندکردنی هەژاران.ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەی کە سیل بەو دەرەجەیە نەخۆشی چینە جوانەکان نیە بەڵکو هی چینە ناشرینەکانە ئەوانەی کە هەژار و پیس بوون. لەوێدا هەموو تەئویلەکان گۆڕان. کاتێک سەیری ”ئیممۆرالیست” (دژە رەوشت) ی ئەندرێ گیدس دەکەیت لە سەرەتای سەدەی بیستدا، دیاردەبێت كە ئەو کەیسی سیلی وا سەیردەکات کە ناشرینترین و شەرمەزارترین شتە کە رووبدات. بیرۆکەی نەخۆشی جوان بۆ دواجار وون بوو و سیلیش نەگەڕایەوە.

بالێرەدا کۆتایی پێبێنین: لەوانەیە کاردانەوەیەک بۆ پەتاکە ببینین کە هەم تراژیدی و هەم هەزەلی بێت، وەکو دوو رۆژ لەمەوبەر بینیمان هەندێک بەرپرسانی تەندرووستی هەستانە سەرپێ لەکۆشکی سپی و بڕیاریاندا ستایشی ترەمپ بکەن و قسە لەسەر ئەوەبکەن کە روودەدات. هیچ چیرۆکێکی خۆشت لایە لە مێژوودا کە چۆن پاشا و حاکمە شێتەکان بە شێوەیەکی هەژارانە یا خود تراژیدیانە مامەڵەیان لەگەڵ پەتا گشتگیرەکاندا کردبێت؟

دڵنیانیم لەوەی کە لەراستیدا پێکەنیناوی بێت، بەڵام پێموایە کاردانەوەی ناپلیۆن بۆ نەخۆشیەکان کە حوکمەکەی رووخاند تراژیدی وسەیر بوو. ئەو بەشێوەیەکی ناشرین بەهای بۆ ژیانی سەربازەکانی دانەدەنا. بۆیە ناپلیۆن هاتنی پەتای زەردی لە خۆرئاوای هیندەوە وەکو سوکایەتیپێکردنی شەخسی سەیرکرد.

پێموایە ئەمە شتێکە دەکرێت جارێکی دیكە بیبینینەوە. شتێکە دەکرێت پێی پێبکەنیت. لەوانەیە مێژوو ببێتە باشترین کۆمیدیا، بەڵام پێموانیە ئەوەی کە خەریکە لە ساڵی داهاتوو دەربارەی ئەم پەتایە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رووبدات شتێکی خۆشبێت. چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپیت هەیە دەڵێن” ئەمە جگە لە هەڵامەت هیچی تر نیە، لە ژێر کۆنترۆڵماندایە،” لە کاتێکدا تا ئەوکاتەی ئاگاداربم هیچیان لەژێر کۆنترۆڵدا نیە و خەڵکی واشیان بەبەرپرس داناوە کە تەنانەت باوەڕی بە زانست نیە.

پەتا گشتگیرەکان وخۆپەرستی دووشتن کە سرووشتی مرۆڤ ناتوانێت بەسەریاندا سەرکەوێت.

هاوڕاتم.

Share this Post

شرۆڤە