شرۆڤە

چوار هەڵبژاردنی کاریگەر لەسەر کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

03-12-2023


 لە ماوەی چوار مانگی داهاتوودا چوار هەڵبژاردن دەکرێن کە بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کورد دادەنێین. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق، ماتەوزەی دەرخستنی گەڕێکی دیکەی ناکۆکیی نێوخۆیی شیعی و دەرکەوتنی قەیرانی سیاسی لە ئەنبار و کەرکوکی تێدایە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەڕووی رەوایی دامەزرواەکان و داهاتووی نەخشەی سیاسییەوە پڕبایەخە. پرسی بەشداریکردن و بەشدارینەکردنی خەڵك لەگەڵ گفتوگۆکانی پەیوەیست بە رکابەریی نێوخۆیی لەسەر میکانیزمەکانی دیاریکردنی رابەری داهاتوو، مۆری خۆیان لە بابەتەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی ئێران داوە. وادیارە رکابەریی سەرەکیی لە هەڵبژاردنەکەی ئاداری ساڵی داهاتووی تورکیاش لەسەر شارەوانیی باژێرە گەورەکان دەبێت و ئەمەش دەتوانێت دۆخی سیاسی نێوخۆی ئەو وڵاتە بگۆڕێت.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق

ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت عێراق بەرەو قۆناخێکی تازە بەرێت و سێ  ناوچەی باشووری عێراق، ئەنبار و کەرکووک بکاتە چەقی سەرهەڵدانەوەی ملمڵانێیەکی سەخت و دژوار.

بەر لە هەموو شتێک ئەمە دەتوانێت جارێکی دیکە ناکۆکی نێوخۆیی شیعە زەق بکاتەوە. کشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی و هەروەها بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردن دەرفەتێکی بۆ لیستی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی و عەسائیبی ئەهلی هەق( لیستی سەفوە + خەدەمات) دروست کردووە تا لە دوای حکومەت لە ئیدارەی پارێزگاکانیشدا بەتایبەتی لە پارێزگاکانی باشووری عێراق جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست کە پێناچێت سەدرییەکان هەروا بە ئاسانی پێی رازی ببن. بە پێی ماددەی ١٢٢ی دەستوور و یاسای پارێزگا رێکنەخراوەکان لە هەرێمێکدا، ئەنجومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتێکی زۆری هەیە و، ملکەچی هیچ وەزارەتێک نییە و سەربەخۆیی دارایی خۆی هەیە. پارێزگاریش دەستنیشان دەکات کە یەکەم بەرپرسی جێبەجێکار لە ئاستی محەلی دەبێت. ئەگەر هەڵبژاردنی 2021 وەک پێوەرێک سەیر بکەین لیستی دەوڵەتی یاسا لە زۆرێک لەو 7 پارێزگایەدا کە سەدرییەکان زۆرترین دەنگیان تێدا هێنابوو، پلەی دووەمی هەیە. لە پارێزگای موسەنناش بۆ خۆی براوەی یەکەم بووە. بەمەش چانسی زۆری دەبێت بۆ ئەوەی کە لە دیاریکردنی پارێزگارەکانی باشووری عێراقدا رۆڵێکی کلیلی بگێڕێت. بێشک ئەمەش دەتوانێت بزمارێکی دیکە بیت بۆ لە قاڵبدانی زیاتری سەدرییەکان. نەک تەنیا لیستی دەوڵەتی یاسا بەڵکو عەسایبی ئەهلی هەقیش کە لە زۆرێک لە پارێزگاکاندا بە لیستی جیاوازی دیکە بەشداری کردووە، بە تەمایە وەک جەمسەرێکی دیکەی سیاسەتی شیعی پێگەی خۆی بەهێزتر بکات.

 کاریگەری هەڵبژاردن لە ئەنبار بەجۆرێکی دیکەیە. ئەگەر حزبەکەی حەلبووسی بتوانێت هاوشێوەی ساڵی 2021 زۆرینەی دەنگەکانی ئەنبار ببات، ئەوسا وەک لە ماددەی 119ی دەستووردا هاتووە چانسی ئەوەی دەبێت کە لەڕێی ئەنجومەنی پارێزگاوە داوای بە هەرێم کردنی ئەنبار بکات. بە هۆی لەسەرکار لادانی لە سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەمە وەک بژارەیەکی  لۆژیکی دێتە پێشچاو بۆ سیاسییەکی وەک حەلبووسی کە خواستێکی زۆری هەیە و لە هەڕەتی گەنجێتی خۆیدایە. بێجگە لەوە، ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگاریش دەتوانن کاریگەرییان لەسەر دۆسییە ئەمنی و ئابورییەکانی ئەنبار هەبێت کە هەندێک لە گرووپە چەکارییەکانی شیعەش چاویان لێیە و تەنانەت لیستی خۆیشیان بۆ دروستکردووە.

بەو پیێەی کە ئەنبار سنووری لەگەڵ چەندین وڵاتی دیکە هەیە و بنکەیەیەکی سەربازی ئەمریکایشی لێیە، هەڵبژاردن لەوێ تەنیا پرسی هەڵبژاردن نییە و، دەتوانێت رەهەندی سیاسەتی دەرەکی و جیۆپۆلیتیکی بەهێزیشی هەبێت.

یەکێکی دیکە لە شوێنانەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە دوای هەڵبژاردنەکە گرژی تێدا دروست بێت کەرکووکە کە دوای ساڵانێکی دوورودرێژ هەڵبژادنی تێدا دەکرێت. ناکۆکییەکی چەند لایەنەی نێوخۆیی پێکهاتەکان لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ یەکتر، هەرێمی کوردستان و بەغدا، هەروەها هاوسەنگی جیۆپۆلەتیکی وادەکەن کە هەم ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، هەمیش پرسی دیاریکردنی پارێزگاری نوێ بۆ کەرکووک پرسێکی ئاڵۆز و پڕ کێشە بێت.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

دوای ناڕوونییەکی زۆر، پێدەچێت دواجار ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە مانگی شوباتی 2024 لە هەرێمی کوردستان زیاتر بووبێت. هەرێمی کوردستان بەهۆی  بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵییەوە سەبارەت بە پەرلەمان هەروەها تاوتوێکردنی داوای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی لەدۆخێکی ئاڵۆزدایە و پرسی رەوایی ئیدارە و دامەزراوەکانی زیاتر دەکەوێتە بەر باس، ئەگەر بێت و لەوە زیاتر دوابکەوێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە بەهۆی تەنگ و چەڵەمەکانی رەوانەکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و پرسە نێوخۆییەکانی دیکەوە، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز دەبێت. خاڵی زەقی ئەم جارە ئەوەیە لەوانەیە هەندێک لە هێزە سیاسییەکان لە بەغدا لەڕێی دروستکردنی گرفت بۆ پرسەکانی بودجەو بەکارهێنانی هەندێک لە دامەزراوەکانی دیکەوە، مەیلی ئەوەیان هەبێت کە کاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکە دابنێن. بۆیە بە ئەگەری زۆر، گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر بودجە لانیکەم هەتا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبن. ئەمە بێجگە لەوەی کە رووداوە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەش بە لەونێک کاریگەرییان لەسەر ئەوە دەبێت.

هەڵبژاردنەکانی ئێران

لە مانگی سێی ساڵی داهاتوودا لە ئێران هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت و هەر لە ئێستاوە رێژەی بەشداریکردنی گریمانەیی خەڵک لە هەڵبژاردن، وەک مژارێکی گرنگ دەرکەوتووەتە پێش. بەپێی ئاماری رەسمی وەزارەتی نێوخۆی ئێران لە دوایین هەڵبژاردنی پەلەماندا 42.57٪ی خەڵک بەشدارییان کردووە کە سەرەڕای ئەوەی رەخنەی لێگیراوە، کەمترین رێژەی بەشداری خەڵک بووە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا لە ئێران. رێگری لە بەشداری بەشێکی زۆر لەو کەسانە کرا کە دەیانویست خۆیان بەربژێر بکەن و، جۆرێک لە یەکدەستکردنی پەرلەمان و حکومت لە لایەن موحافزەکارەکانەوە روویدا. رێگری لە زیاتر لە نیوەی ئەوانە کرا کە دەیانویست کاندید ببن کە لە سەرووی 15 هەزار کەسەوە دەبوون. لە ئەنجامدا پەرلەمانێکی یەکدەست دروست بوو. لە پاش ئەویش لە 2021دا ئیراهیم رەئیسی  بووە سەرۆککۆمار. بەڵام زۆری پێنەچوو کە خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری ئەو وڵاتەی گرتەوە کە پێدەچێت یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوە، سیاسەتی یەکدەست کردنی دەسەڵات لەو وڵاتە بووبێت.

هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی ئێران هاوکاتە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شاراەزایانی رابەری ئێران. کاندیدبوونی حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران بۆ ئەو ئەنجومەنە کە ئێستا ئیبراهیم رەیسی لەوێ جێگرە، مشتومڕەکانی سەبارەت بە رکابەری نێوخۆیی لەسەر کۆنترۆڵکردنی ئەو دامەزراوەیەی کە پەیوەندی بەدیاریکردنی رابەری داهاتووی ئێرانەوە هەیە زیاتر کردووە.

بۆیە بەئەگەری زۆر هەڵبژاردنی دهاتووی ئێران دیمەنی رکابەرییەکی نێوخۆیی نوخبەی دەسەڵاتدار دەبێت کە ئەوەش ئەنجامەکەی هەرچۆنێک بێت، کاریکەری لەسەر سیاسەتی نێوخۆیی و دەرکی ئەو وڵاتە دەبێت.

هەڵبژاردنی تورکیا

دوای ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیدا هاوپەیمانییەکەی ئەردۆغان بردییەوە، ئێستا چاوی سەرۆککۆماری تورکیا لەوەیە کە شارەوانی شارە گەورەکانی وەک ئەنکەرە و ئیستانبووڵ وەربگرێتەوە کە پێشتر دۆڕاندبووی. سەرۆککۆماری تورکیا هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵی بە پشتبەستن بە گوتارێکی ناسیونالیستی- ئیسلامی و بە هاوکاریی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست بردبووەوە بەڵام، پێدەچێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا گوتارێکی نەرمتر پێڕەو بکات. هۆکارێکی ئەمەش ئەوەیە کە رێگە بە هاوکارییەکی تۆکمەی لایەنەکانی نەیاری خۆی نەدات. بۆ نموونە لە شوێنێکی وەک ئیستانبووڵ، دەنگی هەدەپ سەرەڕای ئەوەی کە کەمیشی کردووە، 19.8٪ی دەنگەکانە. لە شوێنێکی وەک ئیزمیریش 54.7٪ی دەنگەکانی هەیە و ئەمەش وەک فاکتەرێکی گرنگ کاریگەری لەسەر رکابەرییەکانی حزبەکەی ئەردۆغان لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری هەیە کە بە تازەیی سەرۆکەکەی گۆڕدرا. مەرج نییە ئەوە بە رێککەوتنێکی ئاکپارتی و هەدەپ کۆتایی بێت بەڵام، لەو هەڵبژاردنەدا جیاواز لە هەڵبژاردنە گشتییەکە، دەنگی دەنگدەری کورد بۆ ئەردۆغان بایەخێکی زیاتری دەبێت.

Share this Post

شرۆڤە