شرۆڤە

چیرۆکی چین؛ قەڵەمبازێک لە جیهانی سێیەمەوە بۆ جیهانی یەکەم

20-08-2024


بەرایی

پلانی پەرەپێدانی چین لەچوار بنەمای سەرەکی پێکهاتووە کە ئەوانیش بریتییە لە پەروەردە، دارستان و سەوزایی، بنیاتنانی رێگاکان (وشکانی، ئاوی و ئاسمانی) لەگەڵ کرانەوە و بەستنەوە لەنیوخۆدا و بە جیهانەوە. ئێستا چین بە کارگەی جیهان دەناسرێت ئەویش بەهۆی گۆڕانکارییەکان لە بنیاتنانی ژێرخانی نیوخۆیی و هاوکارییان بۆ وڵاتانی تازەگەشەکردوو بە قەرز و هەناردەکردنی کاڵاکانیان بۆ هەموو جیهان بەکوالیتی و نرخی جیاوازەوە. ئەم پێشکەوتنەی ئێستا لەژێرخانی خزمەتگوزارییەکان و بینتانانی ژێرخان لە چین دەبینرێت، بە چوار بنەمای سەرەکی کۆنترۆڵکراوە، کە ئەوانیش پاراستنی کلتوور و کەلەپووری چینی، پاراستنی ژینگە و ئیکۆلۆجی، دابینکردنی سیستمی ئاو و ئاوەڕۆ لەگەڵ بنیاتنانی ژێرخانی گشتی وەک خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان وەک دابینکردنی  ئاسایش، تەندرووستی و قوتابخانە و هۆیەکانی گواستنەوە.

ئێستا و بۆ دەیەی داهاتووش ئەگەر باس لە باشی یان خراپی ئابووری جیهان بکرێت ئەوا وڵاتی چین پشکێکی گەورەی بەردەکەوێت، چونکە لە  دەیەی رابردوودا چین بەسوود بینین لە بازرگانی جیهانی وایکردووە ئابووری جیهان و ولاتان بەخۆیەوە گرێبدات. زۆربەی شارەزایانی ئابووری گەشەی ئابوورییەکەی بە "موعجیزە" ناودەنێن و بەرهەمی ئابووری تاک یان داهاتی تاک لە دوو دەیەی رابردوودا بەرێژەی 3000% زیادیکردووە، (کۆڕبەندی ئابووری جیهان ، 1ی تەممووز 2024)[i].

بنیاتنانی ژێرخانێکی لەمشیوەیە و گۆڕینی ئابوورییەکەی لە جیهانی سێیەمەوە بۆ سوپەر پاوەر، نەهێشتنی هەژاری سەخت و دەرکردنی 800 ملیۆن کەس لە هەژاری لەماوەی ژیانی یەک نەوەدا ( بانکی جیهانی، 1ی نیسان 2022)[ii]، وایکردووە ئێستا چین بیەوێت لەم رێگەیەوە هەژموون و ئەزموونی خۆی بۆ وڵاتانی تازەگەشەکردوو بگوازێتەوە.

وڵاتانی تازەگەشەکردوو تینووی ئەو گۆڕانکارییانەن لە ژێرخانی چین بەدی هاتووە، بەڵام هاوکاری چین لەم رووەوە جیاوازە، هەربۆیەش هەروەکو پسپۆڕانی چینی دەیانگوت "ئێمە وەک ئەمریکییەکان نین و ناتوانین بەخۆڕایی و بە دیاری بێت هاوکاریی کەس بکەین، چونکە هێشتا وڵاتەکەمان خۆی لە گەشەکردن دایە، بەڵام بە قەرزی چەندین ساڵە و بەهێزی کاری چینی  دەتوانین یارمەتی بنیاتنیان بدەین" ئالێرەوەیە هاتنی چین بۆ وڵاتانی تازە گەشەکردوو هەم دەرفەتە هەمیش مەترسییەکی گەورەیە.

چین و ژمارەی دانیشتوان؛ شارێک هێندەی وڵاتێک

چین لەزۆر رووی جیاوازەوە وڵاتی ژمارەی ملیۆنی و ملیارییە، بۆ نموونە بەتەنیا لە پێنج شاری سەرەکی ئەو وڵاتە ژمارەی ئەوانەی تیایاندا دەژین لە سەروو 110 ملیۆن کەسەوەن، شاری چۆنگچینگ ژمارەی دانیشتوانەکەی 31.9 ملیۆن کەس، بەدوایدا شەنگەهای دێت کەوا ژمارەی دانیشتوانی 24.8 ملیۆن کەسە و لە پاش ئەویش بەیژینگی پایتەخت دێت کەوا ژمارەی دانیشتوانی 21.8 ملیۆن کەسن و ژمارەی دانیشتوانی چینگدو 21.4 ملیۆن کەس و هی کوانژووش 18.8 ملیۆن کەسن (جیا رووشاک، 2ی ئاب 2022)[iii].

ئێستا چین بە 1.4  ملیار کەسەوە رێژەی 17.39% کۆی دانیشتوانی هەسارەی زەوی پێکدەهێنێت  و بەوەش بەپلەی دووەم لەدوای هیندستانەوە دێت. ژمارەی دانیشتوانی هەندێک لە شار و گوندەکانی زۆر زیاترە لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک هۆڵەندا و دوو هێندەی سوید و وڵاتانی دیکەیە لە جیهان.

لەماوەی 100 ساڵی رابردوو لە چین ژمارەی ئەوانەی لە شارەکان دەژین لە 170 ملیۆن کەسەوە گەیشتووەتە 900 ملیۆن کەس، کە لەڕووی رێژەییەوە شارنشینان لە 17.9%وە زیادیکردووە بۆ 64.7%. هەموو شارە گەورەکان و گوندەکان بەڕێگەی وشکانی و رێگەی خێرای شەمەندەفەر و بەندەری گەورەوە بەنێوخۆ و دەرەوە بەستراونەتەوە، هەربۆیەش گوندنشینان دەتوان بە کەمتر لە 2 کاژێر بەرهەمەکانیان بگەیەننە شارە گەورەکان و بگەڕینەوە بۆ گوندەکانیان، (ساڵنامەی ئاماری چین، 2023)[iv].

بەشاریبوونی دانێشتوانی چین وایکردووە کەوا پێشکەوتنی ئابووری و پەرەپێدانی کەرتە جیاوازەکان رووبدات. ساڵ بە ساڵ رێژەی بەشاریبوون لە زیادبوون دایە بەشێوەیەک لە 2021دا گەیشتووەتە 64.7%، بەمشێوەیەش بۆ هەر 1% زیادبوون لەرێژەی ئەوانەی لە گوندەکانەوە دەچنە سەنتەری شارەکان لە چین 10  ملیۆن کەس لە سەنتەری شارەکان زیاد دەکات، (جیا رووشاک، 2ی ئاب 2022). کە ئەمەش ئێستا ئاڵنگارییەکی گەورەیە لەبەردەم دەوڵەتدا. چونکە بەهۆی زیادبوونی خواست بۆ خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و دابینکردنی هەلی کار و وەبەرهێنانی زیاتر لە سەنتەری شارەکان دا قورساییەکی زیاتر لەسەر دەوڵەت دروستبووە.

بنیاتنانی ژێرخانی گواستنەوەی وشکانی، ئاوی و ئاسمانی

لەڕووی ژێرخانەوە، پێشووتر دەوڵەت هەوڵی بنیاتنان و پێشخستنی رێگاکانی گواستنەوەی بە وشکانی و ئاوی و ئاسمانی داوە، بەڵام نزیکەی چەندین دەیەیە کە چین پەیڕەوەی لەهاوبەشیی نێوان کەرتی تایبەت و گشتی  کردووە و وەبەرهێنەرانی نێوخۆیی و دەرەکی رۆڵی گەورەیان پێدراوە لە بوژاندنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی نێوخۆیی لە هەموو رووەکانەوە.

بۆ نموونە ئەو پێشکەوتنەی ئێستا لە گواستنەوەی ئاوی و بەندەرەکانی چین بۆ هەناردەکردنی کاڵاکان دەبینرێت بە چوار قۆناخ لەماوەی کرانەوەی چین بەرووی دەرەوە و بەستنەوەی ئابوورییەکەی بە جیهانەوە بەدی هاتووە.

هەربۆیەش ئەم پێشکەوتنەی گواستنەوەی ئاوی بۆ کاڵاکان لەنێوخۆ و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە  بەشێوەیەکە کەوا لەساڵانی 1949 بۆ 1979 بە قۆناخی بنیاتنانی سەرەتایی، ساڵانی 1980 بۆ 1999 بە قۆناخی خێرای بنیاتنان و فراوانکردنی کۆریدۆرەکانی ئاوی، ساڵانی 2000 بۆ 2010 بە قۆناخی ئاستی بەرزی بنیاتنان لەڕووی کوالیتی و هەمەجۆری و کەمکردنەوەی کاتەوە و قۆناخی چوارەمیش لەساڵانی 2011 بۆ ئێستا بووە کە بە قۆناخی سەقامگیری و پەرەپێدان لە هەموو رێڕەوە ئاوییەکان و کۆریدۆرەکان دادەنرێت، (لی هۆنگچاک، 10ی ئاب 2024)[v].

 بەندەرە نوێیەکان رۆڵیکی گەورە لە گواستنەوەی ئاوی بۆ کاڵاکان لەنێوخۆ و دەرەوەدا دەبینێت، بەشێوەیەک قەبارەی گواستنەوەی کاڵاکان لە بەندەرەکانەوە لە 2012دا 4.5 ملیار تۆن بووە، بەڵام لە 2021دا گەیشتووەتە 8.2 ملیار تۆن. کارگۆی کاڵا و کەلووپەل لە بەندەرەکانی چینەوە بۆ جیهان لەهەمان ماوەدا لە لە 6.6 ملیار تۆنەوە گەیشتووەتە 9.4 ملیار تۆن، (وانگ دونگمینگ، ئاب 2021)[vi].

رێگاکانی گواستنەوەی وشکانی، بەتایبەتیش رێگەی شەمەندەفەر و شەمەندەفەری خێرا بەردەوام لەزیادبووندا بووە، بەشێوەیەک رێگەی هێڵی شەمەندەفەر کەوا لە 2012دا کاریکردووە 97 هەزار و 60 کیلۆمەتر بووە بەڵام لە 2021 دا گەیشتووەتە 150 هەزار کیلۆمەتر، ئەو هێڵانەشی کە بەهێڵی خێرا high Speed railway ناسراوە لە 2021دا گەیشتووەتە 40 هەزار کیلۆمەتر، واتە رێژەی دوو لەسەر سێی هێڵەکانی شەمەندەفەر لە چین هێڵی خێرایە، (لی هۆنگچاک، 10ی ئاب 2024).

هەروەها، لەڕووی گواستنەوەی کاڵاوە بە شەمەندەفەری خێرا لە 2012دا یەکەم هێڵی خێرای شەمەندەفەری گواستنەوەی کاڵا لە باشووری چینەوە بۆ دۆیستبێرگ لە ئەڵمانیا بووە، بەڵام دوای 10 ساڵ پەیوەندی بازرگانی چین و وڵاتانی ئەورووپا بەشێوەیەک گەشەیکردووە لەساڵی 2021دا ژمارەی هێڵەکانی گواستنەوەی کاڵاکان بە شەمەندەفەر زیادیکردووە بۆ 78 هێڵی گواستنەوە کەوا دەگاتە 185 شار لە 24 وڵاتی ئەورووپا، کە ساڵانە بەهاکەی ئەم کاڵایانە دەگاتە 240 ملیار دۆلار.

رێگای خێرای هاتووچۆی ئۆتۆمبیل کە بە Highway network ناسراوە لە 2012دا تەنیا 4.23 ملیۆن کیلۆمەتر بووە، بەڵام لە ساڵی 2021دا گەیشتووەتە سەروو 5.28 ملیۆن کیلۆمەتر، هەروەها ئیکسپریس هایوەی بۆ دەرەوەی شارەکان لەساڵی 2021دا 170 هەزار کیلۆمەتری تێپەڕاندووە، (لی هۆنگچاک، 10ی ئاب 2024). .

لەڕووی بەکارهێنانی هێڵی ئاسمانی و فڕۆکەخانەکانەوە ,ژمارەی ئەو کەسانەی هێڵی فڕۆکەیان لەماوەی دەیەی رابردوودا  لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە هەڵبژاردووە دوو هێندە بووە، ئەمەش بەواتای کردنەوەی فڕۆکەخانەی نوێ و باشکردنی هێلی ئاسمانی بووە. بەشێوەیەک لە 2012دا ژمارەی ئەو کەسانەی سەفەریان کردووە 319 ملیۆن کەس بووە، بەڵام لە 2021دا گەیشتووەتە 659 ملیۆن کەس، (ساڵنامەی ئاماری چین، 2023).

یەک پشتینە و یەک رێگا؛ زیندووکردنەوەی رێگەی ئاوریشم  و باڵا دەستی چین لە داهاتوودا

رێگای ئاوریشم یان یەک پشتینە و یەک رێگا کەوا لەساڵی 2013وە راگەیەنراوە تاوەکو ئێستا 136 وڵات و 36 دامەزراوە و رێکخراوی نێودەوڵەتی تێدا بەشدارییان کردووە؛ لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە وڵاتانی بەشدار لەم پرۆژەیەدا رێژەی 70% کۆی دانیشتوانی جیهان پێکدەهینێت. لەساڵی 2021دا 20.3 ملیار دۆلار لەلایەن چینەوە بەو وڵاتانە دراوە و بەشدارییان لە رێگەی یەک پشتینە و یەک رێگا کردووە، (پۆرتاڵی یەک پشتینە و یەک رێگا، 16ی ئاب 2024)[vii].

رێگەی ئاوریشم کەوا شەش کۆریدۆر و بەندەری گەورە لەخۆدەگرێت کە چین و ئاسیا بە ئەفریقا، ئەورووپا و جیهانەوە دەبەستێتەوە، چین بەرێگای ئاشتی، پردی شارستانی و دەرکەوتنی چین لەم سەدەیەدا ناویدەهێنێت و دەبێتە هۆی هاوئاهەنگی لەڕووی ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنانەوە.

شارەزایانی چینی رایانوایە کەوا لەم سەردەمەدا جیهان بە گۆڕانکارییەکی جەوهەری و بنەڕەتی تێدەپەرێت لەڕووی پەرەپێدان و گواستنەوە بۆ قۆناخێکی نوێ، هەربۆیەش رێگەی یەک پشتینە و یەک رێگا کە لە رێگەی کۆنی ئاوریشمەوە سەرچاوەی گرتووە دەتوانێت دووبارە ببێتەهۆی بەستنەوەی چین بەجیهانەوە لە داهاتوودا، چونکە چینییەکان پێیانوایە کەوا لەناوچوونی رێگە کۆنەکە بەهۆی شەڕەوە بووە و دەرکەوتنەوەی بەهۆی ئاشتییەوە دێتتەدی، هەربۆیەش ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیرییەکی بەردەوام پێویستە بۆ رێگە نوێیەکە لەنێوان هەموو هاوبەشەکاندا کە لەلایەن چینەوە بنیاتدەنرێت و بۆ هەمووان دەبێت.

بنیاتنانی ئەم رێگەیە وەک پسپۆڕانی چینی ئاماژەیان بۆ کردووە، دوو ئامانجی هەیە کەوا ئاسانکاری نێوخۆیی بۆ گواستنەوە لەنیو وڵاتانی پرۆژەکە و خزمەتکردن بەئامانجی گەورەی چین کەوا بەستنەوەی جیهانە پێکەوە لەژێر هەژموونی چین.

بنیاتنانی ئەم رێگایانە لە وڵاتانی تازەگەشەکردوو دەرفەتێکی گەورەیە بۆ بەستنەوەی پارچەکانی وڵاتەکە بەیەکەوە و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆ و گواستنەوەی کاڵا لەنیوخۆدا بکات، بەڵام بنیاتنانی پرۆژەکە بە قەرز و ئەو فایدەی چین لەدوای تەواوبوونی پرۆژەکە داوای دەکات ئەگەر ریفۆرم و چاکسازی لەم وڵاتانەدا نەکرێت ئەوا زۆربەیان بە دەردی سریلانکا دەچن نەوەکو نەیجیریا لەڕووی هاوکاری چینەوە بۆ بنیاتنانی ژێرخان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، چونکە زۆربەی ئەم وڵاتە تازەگەشەکردووانە بەدەست نەخۆشی تەواونەبوونی پرۆژەکان و گەندەڵییەوە دەناڵینن.

موعجیزەکانی گەشەپێدانی ئابووری چین لە یەک نەوەدا

ئابووری چین یاخود گەشەی بەرهەمی نێوخۆی GDP لەماوەی کەمتر لە یەک دەیەدا دوو هێندەبووە، بەشێوەیەک لەساڵی 2012دا 8.5 تریلیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە 2021دا گەیشتووەتە سەروو 16.8 تریلیۆن دۆلار، کە ئەمەش بەمانای زیادبوونی داهاتی تاک و بوژاندنەوەی وڵات دێت هەربۆیەش  داهاتی تاک   لە 2012دا تەنیا 6 هەزار و 300 دۆلار بووە، بەڵام لە 2021دا گەیشتووتە 12 هەزار و 500 دۆلار، ( بانکی جیهانی، 1ی نیسان 2022)[viii].

ئێستا، چین یەکەم ئابووری جیهانە لەڕووی هێزی کڕین و دووەم گەورە ئابووری جیهانە لەڕووی گەشەی بەرهەمی نێوخۆییەوە و رێژەی سەروو 19% ئابووری جیهان پێکدەهێنێت. هەروەها، ئەم کارگەیەی جیهان لەڕووی هەناردەکردن و بەرهەمهێنانی کاڵا و کەلوپەل و بەرهە خۆراکیەکانەوە بەشێوەیەکە کەوا کۆی هاوردە و هەناردەکردن لەماوەی دەیەیەکدا بەهاکەی لە 3.87 تریلیۆن دۆلار گەیاندووەتەوە 6.05 تریلیۆن دۆلار، کە هەناردەکردنی زیاتر بووە لە هاوردەکردن (2012-2021).  

ئێستا، پلانی چین بۆ بەردەوامیدان بە گەشەکردنی ئابووری تاک و نەهاتنەخوارەوەی گەشەی ئابووری ئەم نەوەیە کەوا بکات نەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە، ئەمەش بەپلانێکی پێنج ساڵە لەڕووی بەستنەوەی ناوچەکان بەیەکەوە و دۆزینەوەی کار بۆ دانیشتوان دابینبکات، بەشێوەیەک لە 2021دا ژمارەی ئەو کەسانەی لەناوچە گوندنشینییەکان بوون کارییان بۆ دۆزراوەتەوە گەیشتووەتە 31.4 ملیۆن کەس.

کەمکردنەوەی هەژاری سەخت لە چین نزیکبووەتەوە لە سفر، واتە ئەوانەی توانای دابینکردنی خۆراکی رۆژانەیان نییە و لەبرسا بمرن، بەگوێرەی داتاکان لەساڵی 2012دا ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەژارییەکی سەختدا بوون  98.9 ملیۆن کەس بووە، بەڵام لە 2020دا ژمارەکە کراوە بە سفر و هەژاری سەختیان تێپەڕاندووە، (بی بی سی، 25ی شوبات 2021)[ix]. لە پێش ساڵی 1978وە ملیۆنان کەس نەیانتوانیوە کەوا ژەمیک خۆراک لەرۆژێکدا دابین بکەن، بەڵام دوای کرانەوە و بەستنەوەی ئابووریەکەی بە جیهانەوەن لە 2021وە هیچ کەسێک لەو ئاستەدا نەماوە و لەو کاتەوە لە چین 800 ملیۆن کەس لە هەژاری رزگارکراون ، کە ئەمەش بەپێی ئاماری بانکی جیهانی رێژەی 70% کۆی ئەو ژمارەیە پێکدەهینێت کەوا لەو ماوەیەدا و لە جیهان لە هەژاری رزگارییان بووە.

رۆڵێکی گەورەی ئەم پێشکەوتنە پەیوەستە بە بەرەو پێشبردنی سیستەمی بانکی، کەوا لەماوەی یەک دەیەدا سەرمایەی بانکەکان سێ هێندە زیاتری کردووە، بەشێوەیەک لە 2012دا کۆی سەرمایەی بانکەکان 134 تریلیۆن یوان بووە، بەڵام لە 2022دا دەگات بە 345 تریلیۆن یوان. هەروەها، ژمارەی بانکە نێودەوڵەتی و جیهانییەکانیش لە چین گەیشتووەتە 946 بانک بە سەرمایەی 378 تریلیۆن یوان، .

بەپێی داتا فەرمییەکان ئێستا لە دە گەنج  هەشتیان کارتی بانکیان هەیە و لەڕووی کۆی دانیشتوانەوە لە 2021دا رێژەی ئەوانەی کارتی بانکیان هەبووە گەیشتووەتە 88.71% لەکاتێکدا یەک دەیە پێشووتر 63.8% بووە.

لەڕووی بازاڕی دڵنیاییەوە، ئێستا چین بە دووەم گەورەترین بازاڕی بازرگانی و پیشەسازی دڵنیایی (تەئمین) لە جیهان دادەنرێت، کەوا سەرمایەی ئەم بازاڕە لە 7.4 تریلیۆن یوانەوە گەیشتووەتە 24.9 تریلیۆن یوان لەساڵی 2021دا.

هەروەها، لەڕووی وەبەرهێنانی دەرەکییەوە FDI لەچین گەشەکردنێکی خێرای بەخۆوە بینیوە، بەشێوەیەک کۆی سەرمایەی وەبەرهێنانی دەرەکی بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە چین لەساڵی 2012دا تەنیا 4.4 تریلیۆن دۆلار ئەمریکی بووە، دوای کەمتر لە دەیەک ئەو بڕە دەگاتە 6.9 تریلیۆن دۆلار لەساڵی 2021دا.

بۆ نموونە ئەو کەسانەی لە گوندەکان ژیاون داهاتیان لەماوەی نێوان 2013 بۆ 2021 لە 8 هەزار و 644 یوان گەیشتووەتە 18 هەزار و 931 یوان لەساڵی 2021دا، بەمەش داهاتەکانیان سەروو دوو هێندە زیادی کردووە، (دامەزراوەی نیشتمانی ئاماری چین، 2024)[x].

بەگشتیش ژمارەی ئەوانەی کەوا کارتی چاودێری سەرەتایی تەندرووستیان هەیە لەناوچەکانی دەرەوەی شارەکان گەیشتووەتە 99.9% کە ژمارەی گوندەکانی چین 12 هەزار و 500 گوندە کەوا  هەموویان ئینتەرنێتیان بۆ دابینکراوە و دەستیان بەئینتەرنێت دەگات بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان و پێداویستییەکانیان.

کەرتی خانووبەرەی چین بەیەکێک لە کەرتە خێرا گەشەکردووەکان لەڕووی بەرزبوونەوەی نرخ و فراوانبوونەوە دادەنرێت، لەماوەکانی رابردوو نرخی خانوو وشوقە بەرزبوونەوەیەکی بێ وێنەی بەخۆوە بینیوە، کە خەونی گەورەی چینییەکان هەبوونی خانوویەکە. فراوانبوونی ئەم کەرتە بەشێوەیەکە بەشداریی لەکۆی گەشەی بەرهەمی نێوخۆی چین GDP دا لەماوەی دوو دەیەدا لە 1.08% گەیشتووەتە رێژەی 2.2% لە 2022دا،( لیو لین، ئاب، 2023). 

هەروەها، بەپێی داتا فەرمییەکان زیادبوونی بەهای خانووبەرە لەچین هاوتا نەبووە لەگەڵ زیادبوونی داهاتی تاک، ئەمەش بەمانای ئەوە دێت نرخی خانووبەرە بەهەمان بڕی زیادبوونی داهاتی تاک نەبووە لەماوەی کرانەوە و بەستنەوە بەجیهانەوە.

 لەماوەکانی رابردوودا وەبەرهێنان لە کەرتی خانووبەرە بێ وێنەبووە و وایکردووە کەوا بەردەوامی بە گەشەکردنێکی زۆر خێرا بدات و نرخەکان بە بەرزی بمێنێتەوە، بەهۆی زیادبوونی دانیشتوانی شارەکان. هەرچەندە  حکومەت هەوڵێ راگرتنی باڵانسێک لەنێوان میکانیزمی بازاڕ و  کۆنترۆڵکردنی نرخەکان بۆ ئەم کەرتەی داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە هاوسەنگییەک دروستبکات تاوەکو کەسانی داهات مامناوەند و چینی خوارەوە کە بە چینی ساندویچ ناسراون بتوانن خانووییەکیان هەبێت، سەرەڕای هاوکاری حکومەت، پێدانی قەرزی بانکی و پاڵپشتی دارایی بۆ ئەم دوو ئاستەی کۆمەڵگە، ( لیو لین، ئاب، 2023)[xi].

لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە، خاڵێکی سەرنجڕاکیش لە ئابووری چین دابەزینی خەرجی تاک بۆ خۆراکی رۆژانە، لەماوەی نێوان سالانی 2010وە بۆ 2021 خەرجییەکانی تاک بۆ خۆراک لەرێژەی 35.7%وە کەمیکردووە بۆ 29.8%، لەهەمان کاتدا خەرجی تاک لەماوەیەدا زیاتریکردووە بۆ کوالیتیکی باشتری ژیان لەرووەکانی فیربوون و وەرزشکردن و رووەکانی دیکەوە.

بوژاندنەوەی کەرتی کشتووکاڵ و دابینکەری رێژەی 20% خۆراکی دانیشتوانی جیهان

ئێستا چین رێژەی 20% کۆی خۆراکی دانێشتوانی جیهان بەتەنیا رێژەی 9% کۆی خاکی چیندراو بە بەرهەمە کشتووکاڵییەکان دابین دەکات، (کای سیو و شارۆن شویمەکار، 20ی شوبات 2024)[xii]. لەڕووی بەرهەمهێنانی دانەوێڵەوە لەماوەی دەیەی رابردوو بڕی بەرهەمهێنراوی دانەویڵە لە 630.4 ملیۆن تۆنەوە لەساڵێکدا گەیشتووەتە 695.4 ملیۆن تۆن لە 2023دا، (دامەزراوەی ئاماری نیشتمانی چین، 2023).

ئێستا بەرهەمهێنانی کشتووکاڵ بەهەموو جۆرەکانەوە پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆوە بینیوە بەشێوەیەک بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و پەرەسەندنەکانی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد و ئامێری نوی بۆ بەرهەمهێنانی دانەویڵە و میوەی جیاواز لەرێژەی 20% لەساڵی 1949وە گەیشتووەتە 60% لە 2021دا لەهەمان رووبەری زەوی چیندراو بەو خۆراک و میوانەدا.

ژمارەی ئەو پلاتفۆڕم یان کۆگایانەی لە ئۆنلاینەوە لەناوچە گوندنشینەکان شت دەفرۆشن بە نێوخۆ و دەرەوە لە 1 ملیۆن و 632 هەزار و 600 دانەوە لەساڵی 2012دا زیادیکردووە بۆ 16 ملیۆن و 325 هەزار کۆگا و پلاتفۆڕم لە 2021دا. هەربۆیەش بەهای فرۆشتنی بەرهەمی جووتیارەکان لەم کۆگا و پلاتفۆڕمانەوە لە 2021دا گەیشتووەتە 294 ملیار دۆلار (پان چانگیۆنگ، 3ی ئاب 2024)[xiii].

خێرا گەشەکردنێکی گەورە لە وەبەرهێنانی وزە نوێبووەکان بۆ نیوخۆ و دەرەوە هەیە بەشێوەیەک لە 2012دا سەرچاوەی وزە نوێبووەکان لەچین تەنیا رێژەی 14.5% کۆی وزەی بەکارهاتوو پێکهێناوە، بەڵام لە 2021دا وزە نوێبووەکان رێژەی 25.5%  کۆی وزەی بەکارهاتوویان پێکهێناوە، (دامەزراوەی ئاماری نیشتمانی چین، 2023). هەروەها، چین ئێستا دابینکەری سۆلەر پاوەر و ئۆتۆمبیلی کارەباییە بۆ جیهان، کەوا رێژەی 60% ئۆتۆمبیلی کارەبایی جیهان پێکدەهێنێت و ساڵانە توانای خستنەڕووی 10 ملیۆن ئۆتۆمبیلی کارەبایی بەنرخی هەرزانتر لە وڵاتانی دیکە هەیە.

ئێستا، بازاڕی ئۆتۆمبیلی کارەبایی لە نێوخۆ و دەرەوەش گەشەکردنێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەشێوەیەک بەرێژەی 12% ژمارەی ئۆتۆمبیلی کارەبایی بچووک و مامناوەند لەنێوخۆدا زیادیکردووە کە ئەمەش بەرێژەی 50% زیاتر دێت لە هەموو جیهان، کە هێ وڵاتانی دیکە لەخوار 7%وەیە. ئێستا چین گەورەترین هەناردەکاری ئۆتۆمبیلی کارەبایی لە جیهان و گەورەترین بەکارهێنەریش لەنێوخۆدا بەتایبەتی لەلایەن نەوەی نوێیەوە.

لەڕووی بەرهەمهێنانی وزە لە هایدرۆپاوەر (بەنداوەکان) و بایۆماسەوە لە جیهاندا پێشەنگ و یەکەمی ریزبەندییەکە. لەساڵی 2021دا چین بازاڕی بازرگانیکردن بۆ دەردانی گازی دووانەئۆکسیدی کاربۆن هێناوەتەوە ئاراوە و بازاڕەکە گەیشتووەتە 4.5 ملیار تۆن، کە ئەمەش بەمانای کەمکردنەوەی دەردانی گازی دووانەئۆکسیدی کاربۆن و زیادکردنی وەرگرتنی وزە لە سەرچاوە پاکەکانەوە دێت.

گۆڕانکارییەکی گەورەی ژینگەیی لە چاندنی دار و سەوزکردن

چین گۆڕانکارییەکی گەورەی لەڕووی ژینگە و پاککردنەوەی هەواوە بەخۆووە بینیوە، بەشێوەیەک وایکردووە لە 2021دا رێژەی هەوایەکی پاک رۆژانە لەساڵیکدا بگاتە 87%، واتە ژمارەی ئەو رۆژانەی لەساڵیکدا کەوا هەوایەکی پاکی بۆ دانیشتوان هەبووە 317 رۆژی تێپەڕاندووە. لەکاتێکدا و لەساڵی 2011 بڕی دەردانی دووکەڵ و پیسبوونی هەوا بە بڕی 1 ملیۆن و 550 هەزار تۆن بووە، بەڵام لە 2020دا کەمیکردووە بۆ 155 هەزار تۆن کە ئەمەش رەنگدانەوەی پلانی 14 ساڵەی چین بۆ رووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پیسبوونی هەوا، (پرۆگرامی ژینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان، UNEP و بلۆمبێرگ 14ی حوزەێران 2022)[xiv]

رێژەی سەوزایی و دارستانەکان لەچین گەیشتووەتە 23.3% لەکۆی رووبەری زەوی چین، کە زۆربەی پێشتر دارستان نەبووە، و ئەم رێژەیەش بەواتای 25% رێژەی دارستانی جیهان دێت. لەڕووی پارکی نیشتمانییەوە هێندەی رووبەری بەریتانیا پارکی نیشتمانی National Park لەچین هەیە.

دیارترین نموونە لە سەوزکردن یاخود باشکردنی کوالیتی هەوا لە چین، بەیژینگی پایتەختە کەوا ساڵ بە ساڵ ژمارەی ئەو رۆژانەی کەوا باشترین کوالیتی هەوای هەیە لەماوەی دەیەی رابردوودا یەک لەسەر سێ زیادیکردووە بەهۆی چاندنی دار و زیادکردنی رووبەڕی سەوزاییەوە، (هو بین، 1ی ئاب 2024)[xv]، لەم شارەدا لەساڵی 1950دا رێژەی سەوزایی 1.3%، لەماوەی ساڵانی 2012 بۆ 2015 پرۆژەی یەک ملیۆن دەشتایی لەسەر رووبەری 666 کیلۆمەتر دووجا جێبەجێکرا کە بووەهۆی چاندنی زیاتر لە 50 ملیۆن نەمام و زیادبوونی رێژەی سەوزایی و دارستانەکان بۆ 34%، لەماوەی کەمتر لە دەیەی رابردوودا و لەساڵی 2019دا ئەم رێژەیەش گەیشتووەتە 44% و بەیەکێک لە شارە سەوزەکان لەجیهان ناودەبرێت، (نا یاو، سێسیل سی کۆنیجندیک و جون یانگ، 18ی کانوونی دووەمی 2019)[xvi].

هەروەها، لەساڵی 2021دا ژمارەی رۆژەکانی ساڵ کەوا باشترین هەوای پاکی هەبووە لەم پایتەختەدا گەیشتووەتە 288 رۆژ، واتە بەڕێژەی 78% بەدرێژایی ساڵ بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان هەواکەی پاک بووە، لەکاتێکدا دەیەک پێشتر و لەساڵی 2013دا تەنیا 174 رۆژ هەوایەکی پاک و کوالیتی باشی هەبووە،

چەند سەرنجێک و کۆتایی

یەکەم: کاڵای چینی کوالیتی خراپ نییە و هەرزانیش نییە، بگرە لە زۆرێک لە براندە جیهانییەکان بۆ جلوبەرگ، کاڵای جوانکاری و پێداویستییەکانی ناوماڵ و ئامیرە کارەبایی و ئەلیکترۆنییەکان تاوەکو ئۆتۆمبیل و هتد گرانترە، ئەی ئەو کاڵایانەی لە نیوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق بە چینی دەفرۆشرین بۆ هەرزانن و کوالیتی خراپە؟  ئایا بازرگانەکانی ئێرەیە لە کارگەکەی جیهانەوە داوای کوالیتی نزم و هەرزانی لەنرخ دەکەن یان سیاسەتی دەوڵەتی چین بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانی بە وڵاتانی جیهانی سێیەم و دواکەوتوو، کە هەرکامیان بێت هەم چین و هەم دانیشتوانی ئەم وڵاتانەش زیاندمەند دەبن، چونکە ماوەی بەکارهێنانی کەمە و بەفیڕۆچوونی سامانە.

دووەم: کرانەوەی ئێستای چین نەک تەنیا بەڕووی دەرەوەدا بەڵکوو لەنیوخۆشدا نوێیە، چونکە هێشتا دانیشتوانەکەی خۆی لەماوەی رابردوو بەهۆی سەختی ئابووری و ئێستا بەهۆی زۆری کاژێرەکانی کارکردنەوە کەوا لە هەفتەیەکدا دەگاتە 60 بۆ 72 کاژێر، واتە شەش رۆژ لە هەفتەیەکدا، کە ئەمەش چەندین کاژێری لەوڵاتانی رۆژئاوا زیاترە، سەرەڕای سەختی دۆزینەوەی کار نەیتوانیوە بەڕووی دەرەوەدا بکرێتەوە. هەروەها، روویەکی دیکەی ئەم کرانەوەی چین بەڕووی جیهان  لەرووخساری دانیشتوانەکەیدا بەڕوونی دەردەکەوێت کاتێک شۆفیرێکی تەکسی بیانییەک دەبینی بەخۆشحاڵییەوە و بەهێما پێشانی دەدات چەند حەز دەکات وێنەیەکی ئەو گەشتیارە بگرێت گواستوویەتییەوە کە چینی و چاو بچووک نییە، ئەمە سەرەڕای ئەو دایک و باوکەی کەوا حەز دەکەن منداڵەکانیان فیری زمانی ئینگلیزی بن و وێنەیەک لەگەڵ ئەو کەسە جیاوازانەدا بگرن هاتوونەتە شارەکەیانەوە، ئەمە ئەگەر بۆ پایتەخت و شارە گەورەکان راست بێت ئەی بۆ شار و گوندە دوورە دەستەکان دەبێت چۆن بێت؟

سێیەم: خاڵیکی دیکەی سەرنجڕاکیش دابڕینی چین لە جیهانی سۆشیالمیدیا و پلاتفۆڕمەکانی رۆژئاوایە، بەجۆرێک کەوا کاژێرەکانی بەکارهێنانی لە وڵاتانی دواکەوتوو یەک لەسەر سێی کاتی رۆژانەیە، ئەگەر لە چین دیوێکی کرانەوە نەبێت بەڕووی جیهان و سیاسەتی دەوڵەت بۆ کۆنترۆڵنەکردنی دانیشتوانەکەی لەلایەن رۆژئاواوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە دیوەکەی دیکەی گرنگیدانە بە نیوەڕۆک  تاوەکوو رووکەش، هەربۆیەش خولێکی گەورە بە بەشداریی نوێنەری 16 دەوڵەت ونەتەوەی جیاواز، و زیاتر لە 40 بەشداربوو  وخەرجییەکی سەروو سەت هەزار دۆلاری لە پرۆگرامەکەدا بە مۆبایلێکی یەکێک لە خۆبەخشەکان چالاکییەکانی رۆژانەی تۆمار نەدەکرا.

چوارەم: لەم قۆناخەدا، چین کار لەسەر تەواوکردنی ژێرخان لەنێوخۆ و بەستنەوەی بە جیهانەوە دەکات، کە ئەمەش دەرخەری شێوازی پەلهاوێشتنی چینە لە جیهان بەتایبەتیش بۆ وڵاتانی دواکەوتوو لە ئاسیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا. هەروەها، پێشکەوتنی چین تەواو جیاوازە لە وڵاتانی رۆژئاوا و پێشکەوتووی دیکەی جیهان، بۆ نموونە بەیژینگ تەنیا لایەکی پێشنەکەوتووە بەڵکوو هەمووی پێکەوەیە و ژێرخانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هەموانە.

لەکۆتاییدا، چین لەبنیاتنانی ژێرخانی نێوخۆیی و گەشەکردنی ئابووری و پەروەردەکردنی کۆمەڵگە و گواستنەوەی بۆ ئابوورییەکی ئەلکترۆنی و دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ دانیشتوانەکەی موعجیزەی خولقاندووە، ئایا دەتوانێت ئەم موعجیزەیە بۆ وڵاتانی سەر رێگەی یەک پشتینە و یەک رێگەش بگوازێتەوە یاخود نا، ئەوا دەببێت چاوەڕوان بین.

سەرچاوەکان


[i] World Economic Forum. (2024, July 1). Where is China’s economy headed? Retrieved from https://www.weforum.org/agenda/2024/06/china-economic-outlook-growth-trade/

[ii]   World Bank Group. (2023, September 25). Lifting 800 million people out of poverty – New report looks at lessons from China’s experience. Retrieved from https://www.worldbank.org/en/news/press-release/2022/04/01/lifting-800-million-people-out-of-poverty-new-report-looks-at-lessons-from-china-s-experience

[iii] Jia, R. (2024, August 2). China’s urbanization strategy and infrastructure construction. Institute of Spatial Planning and Regional Economy, NDRC.

[iv]  National Bureau of Statistics of China. China Statistical Yearbook 2023. Retrieved from https://www.stats.gov.cn/sj/ndsj/2023/indexeh.htm

[v] Li, H. (2024, August 10). The innovation and application of the PPP model in infrastructure financing at home and abroad. School of Economics and Management, Beijing Jiaotong University.

[vi] ·  Dongming, W. (2021, August). The development of ports, shipping industry, and its foreign trade in China. Institute of Comprehensive Transportation, NDRC.

[vii] Belt and Road Portal. (2024, August 16). Belt and Road Initiative official website. Retrieved from https://eng.yidaiyilu.gov.cn/

[viii] GDP per capita (current US$) | World Bank Gender Data Portal.. World Bank Gender Data Portal. https://genderdata.worldbank.org/en/indicator/ny-gdp-pcap-cd?year=2012

[ix] BBC News. (2021, February 25). China’s Xi declares victory in ending extreme poverty. Retrieved from https://www.bbc.com/news/world-asia-china-56194622

[x]   National Bureau of Statistics of China. (2024, August 18). Yearbook. Retrieved from https://www.stats.gov.cn/english/Statisticaldata/yearbook/

[xi] ·  Liu, L. (2023, August 9). Low-cost affordable housing and financing measures. China Academy of Macroeconomic Research.

[xii] ·  Cui, K., & Shoemaker, S. P. (2018). A look at food security in China. npj Science of Food, 2(1). https://doi.org/10.1038/s41538-018-0012-xپا

[xiii] Pan, C. (2024, August 3). Informatization and network communication. National Engineering Lab for DTV, Tsinghua University.

[xiv] UN Environment. Beijing’s battle to clean up its air. Retrieved from https://www.unep.org/interactive/beat-air-pollution/

Bloomberg. (2022, June 14). China’s clean air campaign is bringing down global pollution. Retrieved from https://www.bloomberg.com/news/articles/2022-06-14/china-s-clean-air-campaign-is-bringing-down-global-pollution?embedded-checkout=true

[xv] ·  Hu, B. (2024, August 1). Urban development planning in China: A case study of Beijing. Beijing University of Technology.

[xvi] Yao, N., Van Den Bosch, C. C. K., Yang, J., Devisscher, T., Wirtz, Z., Jia, L., Duan, J., & Ma, L. (2019). Beijing’s 50 million new urban trees: Strategic governance for large-scale urban afforestation. Urban Forestry & Urban Greening, 44, 126392. https://doi.org/10.1016/j.ufug.2019.126392

Share this Post

شرۆڤە