شرۆڤە

جیهاد دژی جیهاد لە ئەفغانستان

28-09-2021


RRC |

یاسین تەها|

كوشتنی ئەمیری پێشووی داعشی خۆراسان لەلایەن تالیبانەوە، هەروەها خۆبەخاوەنكردنی داعش لە چوار تەقینەوەی دژی تالیبان لە جەلالئابادی ئەفغانستان، كە هاوكاتن لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پەیوەندی تالیبان و قاعیدە، پێشهاتی نوێ و جێگە سەرنجن لە پەیوەندی ئەو بزوتنەوە ئیسلامییە چەكدارانەی كە هەڵگری دروشمی حاكمیەتن بۆ ئیسلام لە ئەفغان و كیشوەری ئاسیا. پاش دەرپەڕاندنی قاعیدەلە سودان، مەلا محەمەد عومەری رێبەری پێشووتری تالیبان ئەو دەمەی نازناوی “أمیر المؤمنین” ی لە ئەفغانستان هەڵگرت (1996_2001) داڵدەی ئەو رێكخراوەی دا. نەك هەرئەوە بەڵكو ئەزموونی حوكمڕانی بزوتنەوەكەشی لەسەر ئوسامە بن لادن دانا و نەیهێشت بكەوێتە دەست ئەمریكا، چونكە پێیوابوو شەریعەت رێگە نادات كەسێكی موسوڵمان رادەستی “بێباوەڕان” بكات، بەڵام لە وەرزی نوێی گەڕانەوەی تالیباندا بۆ سەر تەختی حوكمڕانیی كابول (15ی ئابی 2021) رێبەرەكانی ئێستای بزوتنەوەكە دەڵێن چیتر نە قاعیدە و نە داعش لە وڵات پێویست نین، نەك هەر ئەوە بەڵكو گفتی ئەوەشیان داوە بە ئەمریكا و قەتەر كە رێگە نەدەن وڵاتەكەیان ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی جیهان كە روونە مەبەست ئەو بزوتنەوە جیهادییانەیە كە بڕوایان بە سنوور نییە و ئەمەریكا دوژمنی سەرەكییانە لەپێش هەموویانەوە قاعیدەیە كە رێكخراوی دایكی داعشە.

پێشتر رێكخراوی قاعیدە بەیعەتیان بە ئیمارەتی تالیبان داوە وەك خانەخوێی ئەفغانستان. لە ئابی 2015 شدا تالیبان بەگرنگییەوە نوێكردنەوەی بەیعەتی ئەیمەن زەواهیری بە مەلا ئەختەری جێگرەوەی مەلا محەمەد عومەر راگەیاند، ئەمەش لەپێناو دەرخستنی شەرعیەتی جیهادی كە چۆن جێگای متمانەی رێكخراوێكی وەك قاعیدەیە و ئەوەتا بەیعەتی پابەندبوونیشی پێ دەدات، بەڵام ئێستا كە بزوتنەوەكە پاش 20 ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ حوكمڕانی ئەفغانستان، تاوێك بەفەرامۆشكردنی قاعیدە و خۆلادان لە ناوبردنی و تاوێكیتر بەجوابكردنی ئاشكرا مامەڵەی لەگەڵدا دەكات.

هێشتا زۆر روون نییە لە ئایندە قاعیدە چۆن مامەڵە لەگەڵ تالیبان دەكات و تا ئێستا بێدەنگی ئاشكرای هەڵبژاردووە، بەڵام ئەگەر وەك داعش بكەوێتە سەنگەری دژایەتیكردنی ئەم بزوتنەوەیەوە، ئەوە دوو لێكەوتەی سەرەكی لێ دەكەوێتەوە؛ لەلایەك ئەمەریكا و وڵاتانی ناتۆ ناچار دەكات پشتیوانی تالیبان و حوكمڕانییەكەی بن وەك قەڵغانی دژ بە مەترسییەكانی سەریان، ئەمەش لە قازانجی تالیبانە كە پێویستی زۆری بەهاوكارییە، لە لاكەیتر دەیخاتە بەردەم كێشەو قەیرانێكی دیكە گەورە كە “جیهاد دژی دژی جیهاد” ە، ئەم ئەگەرە ڕێتێچووەش سەردەكێشێت بۆ مەترسییەكی گەورەتر كە ئەگەری كۆچكردنی ناواخنە ئاینی و هەرە پابەند و ئسوڵییەكەی تالیبانە بەرەو قاعیدە و داعش كە ئێستا تالیبانی ئەفغانستانیان پێ لادەرە لە بنەما بنچینەییەكان، بەوپێیەی دەستی لەناو دەستی ئەمەریكا دانا لە قەتەر و خەریكبوو دۆناڵد ترەمپ قایلیان بكات بچن بۆ كامپ دیڤید بۆ راگەیاندنی رێكەوتنە دوو قۆڵییەكەیان.

لقە خۆراسانییەكەی داعش بە دوو هەزار كەسێك مەزەندە دەكرێت، ئەمەش زۆر نییە لەچاو 100 هەزار چەكداری تالیبان كە پڕچەكن بە نوێترین تەكنەلۆژیای ئەمەریكا و ئەوروپا كە لە هەرەسی حكومەتی ئەفغان دەستیان بەسەردا گرت، بەڵام لەبەر ئەوەی داعش هەمان ئەو تەكتیكانە بەكاردەهێنن كە تالیبان خۆی بەكاریدەهێنا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریكا، لە بۆمبی موگناتیسی و شەڕی پارتیزانی و تەقینەوەی خۆكوژی، دەتوانن سەرئێشەیەكی گەورە بۆ تالیبان دروست بكەن كە ئێستا كات و دەرفەتی ئەوەی نییە زیاتر لە بەرەیەكی شەڕ بكاتەوە، ئەویش پاش بەشەڕهاتنی لەگەڵ چەكدارەكانی پەنجشیر كە بەخۆیان دەڵێن “موجاهیدین” و بەسەرۆكایەتی ئەحمەد مەسعود بوونەتە مەكۆی كۆكردنەوەی چەكدار و پێكهاتە نەیارەكانی تالیبان.

بەشێكی سەرەكیی پێكهێنەری تالیبان تۆڕی حەقانییە كە دەستە خوشكی قاعیدە و داعشن، ئەم خێزانە و شوێنكەوتەكانیان كە لە سیمبولە ئیسلامییەكانی سەردەمی شەڕی سۆڤییەتن لە هەشتاكان، وەك بەشەكەی دیكەی تالیبان لۆكاڵی و وابەستەی حوجرە تەقلیدییەكانی قوتابخانە دیوبەندییەكان نین، هەروەها كەیفیشیان بەو جوانكارییانە نایەت كە مەلا برادەر و مەكتەب سیاسییەكەی دەوحەی تالیبان لە پاش 2013بەسەر كاروانی بزوتنەوەكەیان هێناوە. پیشیانوایە ئەو سەركەوتنەی لە ئەفغانستان دەست تالیبان كەوتووە بەرهەمی”جیهادە” نەك سیاسەت و دانوستاندن. هەر لەم سۆنگەیەشەوە هەندێك لە وەزیرەكانی حەقانی ( چوار لەیەك كابینە) بە مشتەكۆڵە هەوڵیانداوە لە مەلا برادەری سەرۆكی مەكتەب سیاسی تالیبان و یەكێك لە جێگرانی مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوند زادەی ڕابەری تالیبان بدەن كاتێك پێداگریی لەسەر حكومەتی بنكە فراوان و كرانەوەی زیاتر بەڕووی دنیا كردووە. ئەم مشتومڕەش بۆمبێكی دیكەی تەوقیتكراوە لەناو تالیبان و هەمووكات ئەگەری هەیە دووچاری ناكۆكی و بەریەككەوتنی ناوخۆییان بكات.

داعش و قاعیدە كە دەچنەوە سەر یەك بەرەباب لەوەدا ناكۆك بوون كە داعش بیرۆكەی ئیمارەتی ئیسلامی و حوكمی خۆجێی جیهادییەكانی لە هەندێ ناوچەی عێراق و سوریا پەرەپێدا بۆ راگەیاندنی خەلافەتێكی گریمانكراو، لەكاتێكدا قاعیدە لە ترسی گەلەكۆمەی دنیا لە بەرانبەریان ئەوەیان نەدەكرد و دژی بوون. لە ئێستاشدا كە ئەم سێ رێكخراوە لە ئەفغانستان یەكانگیر بوون. پابەندیی نێودەوڵەتی سەرشانی تالیبان و بەیعەتی پێشووی قاعیدە بە تالیبان و شەرعیەتی جیهادی داعش وەك فەرزێكی بەردەوام لە بڕوای بزوتنەوە چەكدارەكاندا، تێكەڵ و پێكەڵ بووە. لەم میانەیەشدا تالیبان پێیوایە شەرعیەتی كاركردن و قسەی كۆتایی تەنها بۆ ئەوە وەك خانەخوێی ئەفغانستان و داعش و قاعیدە دەبێت بڕۆن. ئەوانیش هەموو وڵاتان بەسەرزەمینی خودا دەزانن و لەناو تالیبان و لە خاكی ئەفغانستانیشدا گەرا و لایەنگریان هەیە و، ئەو ناكۆكییانەشی لەنێوان ئەم دوو دیدگایەدا هەیە كراوەیە بەڕووی ئەگەری شەڕێكی دیكەی خوێناوی ناوخۆیی ناو “موجاهیدە” ـەكان، هاوشێوەی هەمان ئەو شەڕە خوێناوییەی كە كەوتە نێوان بزوتنەوە ئیسلامییە ئەفغانییەكان پاش ئەوەی لە كۆتایی هەشتاكان كۆتاییان بە پێگەو هەژموونی سۆڤییەت هێنا لە خاكی ئەفغانستان.

 

Share this Post

شرۆڤە