ئەم باباتە هەڵبگرە
ئەگەری هێرشی ئیسرائیل لانیکەم بۆ سەر شەش گرووپی چەکداری عێراقی، ئەویش لەدوای نامەیەکی وەزیری دەرەوی ئەو وڵاتە بۆ بارابارا ڤودوارد سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بووەتە مژارێکی گەرم. پرسیارە ملیۆنییەکەی ئێستا ئەوەیە کە ئایا ئیسرائیل هێرش دەکات یان نا؟ ئێسرائیل گوتوویەتی لەبەر زیادبوون و کاریگەربوونی هێرشەکانی گرووپەکانی" موقاوەمەی ئیسلامەی لە عێراق" مافی بەرپەرچدانەوەی هەیە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوایین شتێک کە ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراق بیەوێت شەڕە، ئەویش لە کاتێکدا کە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا وڵاتەکەی بەرەو هەڵبژاردن دەبات و کەڵکەڵەی پرۆژەی گەورەی ئابووری- سیاسی و مانەوەی لە پۆستەکەی لەسەردایە. هەرچەند فاکتەر و ئەکتەری دیکەش رۆڵیان هەبوو، بەڵام ئەو لە ٢٠٢٤دا سەرکەوتوو بوو لەوەی کە ئاگربەستێکی نافەرمی لە نێوان ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکان رابگەیەنێت و چارەسەرێکی مامناوەندی بۆ پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بدۆزێتەوە. لەسەر کێشەی نێوان ئیسرائیل و گرووپەکانی موقاوەمەی ئیسلامیش، لانیکەم توانیبووی گرووپە بەشدارەکانی نێو حکومەتەکەی لەو پرسە بەدوور بگرێت تەنانەت ئەگەر بە رواڵەتیش بێت. کەوابێ پرسیاری دیکەش ئەوەیە کە بۆچی لەم کاتەدا، ئیسرائیل ئەو سکاڵایەی کرد؟
پاساوی شکاتەکەی ئیسرائیل و کاردانەوەی عێراق
پاساوی سەرەکی ئیسرائیل بۆ ئەو شکاتەی لەعێراقی کردووە، ئەوەیە کە گروپە چەکدارەکان کە بە دیاریکراوی ناوی شەش دانەیانی هێناوە(کەتائیبی حیزبوڵلا، سەیدوشوهەدا، نوجەبا، عەسائیبی ئەهلی هەق، ئەنساروڵڵا ئەلئەوفیا و بەدر) لە سێپتەمبەری ئەمساڵەوە هەم هێرشەکانیان زیادکردووە، هەمیش ئاستی هێرشەکانیان بەرزکردۆتەوە. باسی لەوەش کردووە کە بەپێی ماددەی ٥١ی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی هەیە بەرگری لە خۆی بکات. سەرەڕای ئەو قسەیەئی ئیسرائیل، بابەتی زانراو ئەوەیە کە تەنیا ٣ دانە لەو گرووپانە باسی هێرش کردنە سەر ئیسرائیلیان کردووە، ئەوانی دیکە خۆیان لەوە بەدوور گرتووە لەبەر ئەوەی تێکچوونی دۆخی عێراق لەبەر بەرژەوەندی ئەو حکومەتە نییە کە خۆیان بڕبڕەی پشتەکەیان پێکهێناوە. بەگوێرەی هەندێک لە سەرچاوەکان، موقاوەمەی ئیسلامی عێراق لە ماوەی نێوان ٢٠ی نۆڤەمبەری٢٠٢٣ وە تاوەکوو٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤، بەگشتی ٣١٢ جار باسی هێرشی خۆی بۆسەر ئیسرائیل کردووە کە لانیکەم ٨٩ دانەیان پشتڕاست کراونەتەوە. ئاماری دیکەش باسی زیاد بوونی ژمارەی هێرشەکان بە تایبەتی لە مانگی ئۆکتۆبەردا دەکەن کە بەگوێرەی جاران ٣ قات زیادی کردووە. هەڵبەت ئەمەش واتای ئەوە نادات کە هەموو هێرشەکان لە خاکی عێراقەوە کرابن.
ئیسرائیل گوتوویەتی بە دیاریکراوی بە درۆنی شاهیدی ١٠١، سەییاد و موشەکی کروزی رەعد٣٥١ هێرشمان کراوەتە سەر. درۆنی سەییاد بە مەودای ١٠٠ کم و موشەکی رەعدی ٣٥١یش ٣٥٠ کم دەڕوات، هەرچەند کە دەکرێ درۆنێکی وەک شاهید ١٠١ لە شوێنێکی دوورتریشەوە بهاوێژرێت کە دەوری ٧٠٠ کم بڕ بکات. بەو پێیەی کە لە نزیکترین شوێنەوە، دەوری ٣٠٠- ٣٥٠ کم مەودا لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەریەک لەو چەکانە چەنێ بڕ دەکەن، دەکرێ گومانی ئەوە بکرێت کە زۆربەی ئەو هێرشانە لە شوێنێکی نزیکی سنوور یان لە نێو خاکی سوریاوە کراون. وەزیری دەرەوی ئیسرائیلیش لە نامەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی ماددەی ١٧ی بڕیاری ١٥٤٦ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی دەکات لە ساڵی ٢٠٠٤ ،کە دەشێ وەک بەڵگەی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی نوێ لە دوای ٢٠٠٣ سەیر بکرێت. بە گوێرەی ئەوەش، یەکێکە لەمەرجەکانی دامەزراندنەوەی دەوڵەتی عێراق، رێگرتن لە پەڕینەوەی گرووپی چەکدار بۆ ناوەوەو دەرەوەی عێراق بووە. لەوانەیە هەر ئەوەش هۆکاری ئەوە بێت کە حکومەتی عێراق لەم رۆژانەدا جەختێکی زۆر لە پاراستنی سنوورەکانی دەکاتەوە. لە ١٥ی ئەم مانگەدا وەزیری بەرگری عێراق سەردانی فەرماندەیی نەینەوای کردووە و رۆژی بەرلەوەش سنووری سووریای بەسەرکردبووەوە. رۆژی ٢١ی ئەم مانگەش، خودی سەرۆکوەزیران سەردانی فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی سنووری کرد و باسی لە مەترسییەکانی شەڕی ناوچەکەی لەسەر عێراق کردووە.
لە راستیدا سنووری عێراق و سووریا بایەخێکی جیوسیاسی گرنگی بۆ لایەنە جیاوازەکان هەیە. بۆ ئێران و گرووپەکانی میحوەری موقاوەمە ئەوە کۆردیدۆرێکی وشکانییە کە دەتوانێت لە سێ دەراوزە و رێگەی شنگال- رەبیعە، قائم و ئەلوەلیدەوە بەنێو سورریادا بگاتە سنوورەکانی لوبنان و ئیسرائیل و دەریای مەدیتەرانە. سنووری شنگال- رەبیعە بەهۆی هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کراوە نییە، هەرچەند بە پێی هەندێک زانیاری نافەرمی، لە ساڵانی رابرددودا لایەنی کوردی لە سووریا پێشنیارێکی رەتکردبووەوە بۆ ئەوەی کە بە هاوکاری ئەمریکا و ئۆپۆزیسیۆنی سووری تەواوی سنووری عێراق - سوریا توندوتۆڵ بکات. ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رێگرتن لە بەریەککەوتن لەگەڵ ئێران و هێزەکانی موقاوەمەی ئیسلامی. هەبوونی ئوردون و بەشێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش وایکردووە کە هاتوچۆ ی شەڕکەر و کەرەستەی شەڕ لە سنوورەکانی قائم و ئەلوەلید چەندەی مومکین بێت، ئەوەندەش کاریکی ئاسان و بێ مەترسی نەبێت. ئێستاش کە ترەمپ گەڕاوەتەوە، یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان داهاتووی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە سووریا. ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە، ئەگەری رێککەوتنی لایەنە کوردییەکانی سووریا لەگەڵ ئەسەد زیاتر دەبێ کە ئەوەش دەتوانێت رێگا بۆ کرانەوەی بەشی باکووری ئەو کۆریدۆرە وشکانییە بۆ ئێران و گرووپەکانی میحوەری موقاوەمە بکاتەوە کە گرنگییەکی حەیاتی بۆیان هەیەو هەرئەوەش یەکێک لەوهۆکارانە بوو کە نەیانهێشت رێککەوتنی ٢٠٢٠ی شنگال لە نێوان بەغدا و هەولێر جێبەجێ بکرێت. بۆ ئەمریکا و ئیسرائیلیش ئەو ناوچە سنوورییانە خاڵێکی زۆرگرنگن بۆ رێگرتن لەنفوز و هەژموونی ناوچەیی ئێران. دەشێ بێژین کە لەدوای توانا موشەکییەکەی ئێران، هەروەها لە پاش ئەوەی کە توانای سەربازی هەریەک لە حەماس و حیزبوڵڵا بەهۆی شەڕەکانی ئەمدواییەوە سنووردارکرا، گرووپەکانی موقاوەمەی ئیسلامی ماتەوزەی ئەوەیان هەیە کە گرفتێکی ئەمنی گەورە بۆ ئیسرائیل دروستبکەن. ئەویش بەهۆی هەبوونی توانای موشەکی و درۆن، هەروەها توانای دەستگەیشتنیان بەو کۆردیدۆرە وشکانییەی کە دەتوانێت لە ئوردن و لە سووریاشەوە بگاتە ئیسرائیل.
عێراق چی دەکات؟
ئەمە چەندجارێکە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لەوە دەکات کە نامەکە پاساوێکە بۆ ئەوەی هێرش بکرێتە سەر عێراق و لە دوای ئەوەش یەکسەر کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی وزاری ئەمنی رێکخست. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراقیش گوتوویەتی کە ئیسرائیل بە ڕوونی هەڕەشەی لە حکومەتی عێراق کردووە و سەرکوەزیرانیش خەریکی گرتنەبەری رێکاری کردەنییە بۆ ئەوەی عێراق پەلکێشی ئەم شەڕە نەکرێت. بەڵام ئەو رێکارە کردەنییانە چین؟
یەکەم: سەرۆکوەزیرانی عێراق هەندێک رێوشوێنی سەربازی وەک بە بەرپرسیار دانانی فەرماندەکانی هەر ناوچەیەک کە هەرجۆرە خەرقیکی ئەمنی و هەوڵەکانی توندوتۆڵکردنی سنوور گرتۆتەبەر کە دەشێ واتای خواستی زیاتری حکومەت بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵی گرووپە چەکدارییەکان، هەروەها باسی لەوە کردووە کە ئاسمانی عێراق بپارێزرێت. لە راستیدا سەرەڕای خواستی حکومەت، پاڵپشتی ئایەتوڵڵا سیستانی، سەرکردە بەریتییەکانی شیعە و کورد بۆ دوررگرتنی عێراق لە شەڕ، ئەستەمە حکومەت بتوانێت بەتەواوی ئەو گرووپانە کۆنترۆڵ بکات. بەئەگەری زۆر هاوتەریب لەگەڵ ئەوانە،سەرۆکوەزیران هەوڵدەدات هاوشێوەی ئەوەی لە نێوان ئەمەریکا و گرووپەکانی موقاوەمەی ئیسلامیدا کردی، ئەو گرووپان رازی بکات کە دەست رابگرن. بەڵام رۆژی ١٩ی ئەم مانگە گرووپی ئەولیای دەم وێنەی درۆنێکی لەسەر بەلەمێکی بچووک بڵاوکردۆتەوە کە دیار نییە کوێیە بەڵام، دەشێ وەک پەیامێک بێت بۆ ئەوەی کە تەنانەت ئەگەر بۆ تەنگەتاوکردنی حکومەت رێگەی وشکانی و سنووری عێراق- سورریاش بەکارنەهێنن، ئەوا دەتوانن لە دەریاشەوە هێرشی ئیسرائیل بکەن و ئەمەش دەتوانێت واتای درێژەپێدانی هێرشەکان بێت. چونکە تەنانەت ئەگەر بیانەوێ لە ئاستی گرژییەکانیش کەم بکەنەوە، پێویستە بە جۆرێک بیکەن کە لای لایەنگرەکانیان وا دەرنەکەوێت کەوا لەبەر هەڕەشەی ئیسرائیل ئەو کارەیان کردووە.
دووەم: لە رووی سەربازییەوە توانای بەرگری ئاسمانی عێراق سنووردارە و ئەستەمە بتوانێت بە سیستەمی کۆنی رووسی، یان بە راداری فەرەنسی و سیستەمی بەرگری موشەکی Cheongung-II ی کۆریای باشوور کە دەیەوێ داینبێت، رێ لە هێرشی ئاسمانی عێراق بگرێت. بەڵام ئەوەش راستییە کە هەر هێرشێکی گریمانەیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق فراوان نابێت، چونکە عێراق سنووری وشکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە نییە ئەنجامدانی هێرشی بەردەوامی ئاسمانی ئەویش بە ئاسمانی وڵاتی دیکەدا کارێکی ئاسان نابێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە بەرەیەکی نوێێ شەڕ لە رووی سایسی و سەربازییەوە زیانی بۆ ئەو وڵاتەش هەیە. هەرەوها بە لەبەرچاگرتنی نموونەکانی رابردوو لە ئێران، عێراق، سوریا و لوبنان، رەنگە ئەستەم نەبێت پێشبینی بکەین کە لەوانەیە میتۆدی بەئامانجکردنی کەسەکان پێڕەو بکات.
سێیەم: هەوڵێکی دیپلۆماسی و میدیایی چڕ بۆ رێگرتن لە پەلکێشانی شەڕ بۆ عێراق هەیە. لە راستیدا لەوەشدا کۆمکاری عەرەبی کارێکی گەورەی پێناکرێت وەک چۆن نەیتوانیەوە بۆ غەزە و لوبنان کارێکی ئەوتۆ بکات. ئەوەی دەتوانێت لەوەدا رۆڵ ببینێت ئەمریکایە و ئەویش بەهاتنی ترەمپ بەبێ مەرجی خۆی کارێکی زۆر گەورە ناکات. هەڵبەت ئەوانەش سەرناگرن ئەگەر یەکانگیرییەکی گشتی نێوخۆیی لە عێراق نەبێت. بۆیە بەئەگەری زۆر لایەن شیعییەکان لە ماوەی داهاتوودا هەوڵدەدەن لە ناکۆکییەکانی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کەم بکەنەوە.
لە کۆتاییدا دەشێ بێژین ئەگەری پەلکێشانی شەڕ بۆ عێراق زۆرە ئەگەر گرژییەکانی ناوچەکە بەردەوام بن. عێراق دابڕاو نییە لەوەی لە ئەوروپای رۆژهەڵات، لە غەزوە ولوبنان یان لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دا روودەدات. بۆیە بەشێوەیەکی گشتی، بە لەبەر چاوگرتنی دۆخی ناوچەکە، گەرمبوونەوەی باسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و بەردەوامیی گرژییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی نێوخۆیی عێراق، لەوانەیە بەغدا بتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی هەندێک هەنگاوی کردەیی بۆ دوورکەوتنەوە لەشەڕ بنێت، بەڵام ئەستەم دیارە ئەوە هەتاسەر بێت و دواجار ئەو شەڕە هەر دەگاتە ئێرە، ئەگەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەردەوام بن. چونکە نهێنییە ئاشکراکە ئەوەیە کە بەپێی واقیع، لە بابەتی شەڕ و ئاشتی دا حکومەت تاکە لایەنی بڕیاردەر نییە.