شرۆڤە

دنیا لە پەنجەرەی رووسیاوە؛ سەرما و سیاسەت لە مۆسکۆ

04-03-2024


بەشی یەکەم 

هەوای سارد و شەڕی سارد لەگەڵ ئەمریکا دیمەنێکی دیاری ئەم رۆژانەی مۆسکۆیە. بەهۆی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکەوە، بۆ یەکەم جار رێم کەوتە ئەو شارە کە پێشتر باسی جوانییەکەیم بیستبوو. راستییەکەی دیمەنە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی ئەم شارە دەتوانێت جاربەجار کزەی ساردی هەوای زستانەت لە بیربباتەوە، بەڵام هەندێکجار سەرماکەی، جوانی و شت ناناسێ و دەستی مرۆڤ دەتەزێنێ. سێرگەی کە بە تەکسییەکەی دەیبردم بۆ هۆتێل، بۆ خۆی دەرمانسازە، بەڵام بەهۆی خراپیی بارودۆخی ئابوورییەوە ئەم کارەش دەکات، دەیگوت من منداڵی مۆسکۆم، 54 ساڵە لێرە دەژیم، ئەم شارە کاتێ پاک دەبێتەوە و بەفری لێ نامێنێ، زۆر جوان دەبێت، بەڵام ئەو جوانییەش کورتخایەنە و هەمووی نزیکەی چوار مانگە لە ساڵێکدا. دەیگوت رووسیا وڵاتێکی ساردە و شتێکی سەیر نییە ئەگەر هەر لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە هەتا مایس بەفری لێ ببینی. پرسیاری دۆخی ئابووریم لێکرد، گوتی بەر لە شەڕی ئوکراینا باش بوو، بەڵام ئێستا خراپە. سێرگەی دەیگوت رەچەڵەکمان دەچێتەوە سەر بنەماڵەی رۆمانۆف کە لە قەیسەرەکانی رووسیا بوون، بۆیە منیش ویستم پرسیاری سیاسەتی لێبکەم، بەڵام گوتی هەقم بەوەیانەوە نییە، حەزی لێناکەم. ئیدی هەتا گەیاندمییە هۆتێلەکە باسی دەستەواژە رووسییەکانی تایبەت بە سەرما و چۆنییەتیی خواردنەوەی ڤۆدکای بۆ کردم کە وەک خواردنەوەی نەتەوەیی وڵاتەکەی ناوی دەبرد. گاڵتەی بە بیرە و شەراب دەکرد و دەیگوت ئەوانە بەرگەی سەرما ناگرن.  

راستییەکەی سەرمای سەخت کە بە رووسییەکەی مۆرۆزی پێ دەڵێن، پێگەیەکی تایبەتی لە کولتووری رووسیا هەیە و ئەمەش لە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە بگرە تاوەکو سیاسەت، دەقی بە هەموو شتێک داوە. رووسەکان دەڵێن هیچ وەرزێک خراپ نییە ئەگەر بزانی خۆتی بۆ داپۆشی. لەوانەیە ئەم قسەیە بۆ لای خۆمان کە هەندێک جار گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاوین دەگاتە نزیکەی 50 پلە، واتایێکی زۆری نەبێ، بەڵام دەشێ بۆ کولتوور و شارستانییەتی رووسی- ئۆرتۆدۆکسی واتای خۆگونجاندن لەگەڵ زوقم و سەرمای سیبریایی ئەم ناوچەیە بدات. 

کاتی خۆی رۆسۆ گوتبووی لە گەرمەسێر حكومەتی ئیستبدادی، لە ساردەسێر حكومەتی دڕ و لە فێنكەسێریشدا حكومەتی باش دادەمەزرێن. ئیبن خەلدوونیش ریشەی دەوڵەتی بۆ بگرەوبەردەی نێوان سارانشین و یەكجێنشینەكان گەڕاندبووەوە، بەڵام ئەمە باسێکی ئاڵۆزە و منیش نامەوێ بڵێم سیستمە سیاسییەکەی رووسیا رەنگدانەوەیەکی جوگرافیا و کەشوهەواکەیەتی. بەڵکو تەنیا دەمەوێ بێژم کە لە پشت پەنجەرەکانی مۆسکۆوە، سیاسەتیش لە سەرما دەچێ کە پێویستە هەموو کات ئاگات لە ئەگەری دووژمنایەتییەک هەبێت. ئەگەر چرکەیەک لێی خافڵ بیت، وەک سەرما سەرت دەتەزێنێ. ئا لێرەوەیە کە لە دیدگای جیۆپۆلەتیکی زاڵ لە ئێستای رووسیا، دەبێ دەوڵەت وەک بینا گەورەکان قایم بێ و چەک و تفاقی بەهێزی هەبێ و لە روانگەی ئەمنییەوە بەباشی خۆی داپۆشیبێ، تاوەکو دووژمن وەکو سەرما زەفەری پێ نەبات. ساڵی 1939 چەرچڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتبووی، "دڵنیام لە روانگەی رووسەکانەوە هیچ شتێک لە هێزداری گەورەتر نییە و هیچ شتێکیش لە لاوازی بێ نرختر نییە، بەتایبەت لاوازیی سەربازی." 66 ساڵ دواتر، ڤلادیمیر پووتین کە خەیاڵی گەڕاندنەوەی شکۆی رووسیای جارانی لەسەردایە، وەک ئەوەی قسەکەی چەرچڵ پشتڕاست بکاتەوە، رووخانی یەکێتیی سۆڤییەتی بە گەورەترین کارەساتی جیۆپۆلەتیکی سەدە ناوبردبوو.  

رووسیا ئێستا لە شەڕێکی گەرم و سارددایە لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا، زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بێژم بەشێکی ئەوەش پەیوەندی بە سەرما و جوگرافیاوە هەیە. رووسیا جوگرافیایەکی پان و بەرینی هەیە و بە 17 ملیۆن و 125هەزار کیلۆمەتری دووجاوە، گەورەترین وڵاتی دنیایە کە نزیکەی دوو هێندەی ئەمریکا و نزیکەی 40 هێندەی عێراقە. بەپێی هەندێک پێوەر، تەنانەت لە سەدەی 21 یشدا شەش رۆژ پێویستە بۆ ئەوەی ئەمسەر تا ئەوسەری بپێوی. ئەمەش گرفتێکی ئەمنیی بەردەوامی بۆ کرێملن دروستکردووە، چونکە پاراستنی وڵاتێکی فراوان وەک رچەشکێنی بەفری زستانان، کارێکی سەخت و دژوارە، بەڵام ئەمە بۆ ئەو هێزانەش کێشەیە کە دەیانەوێ رووسیا بگرن، چونکە گرتنی وڵاتێکی پان و بەرینی وەها، پێویستی بە هێزێکی گەورەی مرۆیی و توانایەکی لۆجیستیکی گەورە و دەرەقەت هاتنی سەرمای تاقەتپڕووکێنی سیبریایی هەیە بۆ ئەوەی سەربازەکان رەق نەبنەوە.  

ئالن. ف. چیو (Allen F. Chew) لە لێکۆڵینەوەیکدا سەرمای زستان وەکو ژەنراڵێکی سوپای رووسیا ناودەبات کە لە 1708، 1812و 1941دا شکستی بە لەشکرکێشییەکانی کارلی دوانزەیەم پادشای سوێد، ناپلیۆن و هیتلەر هێنا کە زۆرێک لە سەربازەکانیان لە سەرمای رووسیا رەقیان بردبووەوە. هەڵبەت سەرما بۆ جیۆپۆلەتیکی رووسیا تەنیا دۆست نییە بەڵکو دووژمنیشە و دەست و قاچی بەستووەتەوە و ناهێڵێ هێزێکی گەورەی دەریایی پێکەوە بنێ کە وەک زۆرێک لە تیۆریزانەکانی شەڕ باسیان کردووە، مەرجێکی بوون بە هێزی هەژموونداری دنیایە. زۆرێک لە بەندەرەکانی رووسیا یان کێشەی سەهۆڵبەندانیان هەیە یان لە گەروویەکەوە دەگەنە دەریای ئازاد کە لە کۆنترۆڵی وڵاتانی دیکەدایە. بەندەری ڤلادی ڤۆستۆک کە گەورەترین بەندەری رووسیایە، لە رێی دەریای ژاپۆنەوە دەگاتە ئۆقیانووسی ئارام کە ئەویش هاوپەیمانی ئەمریکایە. بێجگە لەوە، ئەو بەندەرە لە ساڵێکدا چوار مانگ دەیبەستێ و بە بێ کەشتی سەهۆڵشکێن کاری رووسیا تەنانەت بۆ بازرگانیش گرفتی تێدەکەوێت. لە ملی رۆژئاواشەوە گەمییە سەربازییەکانی رووسیا لە سانت پیترسبۆرگ دەتوانێت لەڕێی دەریای بالتیکەوە بگەنە ئۆقیانووسی ئەتلانتیک، بەڵام پێویستە بە گەرووی ئۆرسانددا بڕۆن کە لەنێوان سوێد و دانیمارک دایە.

ئەمە بێجگە لەوەی، کە لە دوای ئەندامبوونی سوێد و فینلاند، هەر هەشت وڵاتەکەی دیکەی کەناری دەریای بالتیک ئەندامی ناتۆن کە هەر لە بنەڕەتدا بۆ بەرەنگاریی رووسیا دامەزراوە. لە باشووری رۆژئاواشەوە دەتوانێت بەندەرەکانی خۆی وەک نۆرۆوسیسک و ستواسۆپۆل( لە کریمیا) بۆ کاری سەربازی رێکبخات، بەڵام بۆ گەیشتن بە دەریای مەدیتەرانە پێویستی بە رەزامەندیی تورکیا هەیە کە ئەویش ئەندامی ناتۆیە. رووسیا لە بەشی باکووری سنوررەکانی خۆیەوە دەتوانێت بگاتە ئوقیانووسی ئارکتیک، بەڵام لەوێش دووژمنێکی هەمیشەیی خۆی لێ مەڵاس داوە و لە ساڵێکدا چەندین مانگ بەندەرەکانی وەک مۆرمانسک لە باکوور دەبەستێ و لە کاریان دەخات.  

لە کاتی گەڕانەوەم دا بۆ هۆتێل، شوێنێکی نزیک مۆسکۆ سیتی یان لە نێوەڕاستی شارم بینی کە درۆنی ئۆکرانییەکان لێی دابوو. درۆنیش نەبێت رووسیا جوگرافیایەکی بەرز، رووباری زۆر گەورە و دۆڵی فراوانی نییە کە وەک بەربەستێکی سرووشتی رێ لە پێشڕەویی هێزێکی دەرەکی بگرێت. کاتێک ئەمانە هەموو دەخەیتە پاڵ یەک، ئەوسا تێگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی رووسیا لە ئەوروپای رۆژهەڵات، شەڕەکانی ئۆکراینا، جۆرجیا و سووریا ئاسانتر دەبێت. پێدەچێ یەکەمجار کارتۆنیستێکی بەریتانی ورچی وەک سیمبوولی رووسیا کێشابێ، بەڵام رووسەکانیش ئەمەیان پێ خراپ نییە. وێنەی ورچ لەسەر لۆگۆی پارتەکەی پووتین و لەسەر لۆگۆی لانیکەم سێ شاری ئەو وڵاتە هەیە. ئەوان ورچ بە مێدڤەد واتا «هەنگوین خۆر» ناودەبەن، کە هەم ژیرە هەمیش بەهێز، هەندێک جار دەخەوێ، بەڵام کاتێ تووڕە دەبێت دۆ و دۆشاو تێکەڵ دەکات، ئێستاش یەکێک لەو ساتانەیە کە رووسیا لە رۆژئاوا تووڕەیە.

Share this Post

شرۆڤە