شرۆڤە

دۆزینەوەی گازی سرووشتی چ واتایەکی بۆ تورکیا هەیە؟

24-08-2020


 

RRC |

عومەر ئەحمەد|

رۆژی هەینی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دۆزینەوەی 320 ملیار مەتری سێجا گازی سرووشتی لە دەریای رەش راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە لە سالی 2023 دەست بە بەرهەمهێنانی ئەو گازە دەکەن.

سەرەڕای ئەوەی کە سەرۆککۆماری تورکیا دۆزینەوەی گازی سرووشتی لە دەریای رەش وەک مزگێنییەکی گەورە بۆ گەلی تورکیا ناوزەدکرد و هەوڵیدا بەمەبەستی سیاسی ئەو رووداوە زۆر گەورە بکات، بەڵام بۆ زانینی گرنگی و گەورەیی ئەو دەستکەوتە، دەبێت چاو لە کاردانەوەی بازاڕی تورکیا بکەین دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە.

لە راستیدا لە رۆژی هەینی، دوایین رۆژی داخستنی بازاڕ لە هەفتەی رابردودا، بەهای لیرەی تورکیا پێش راگەیاندنی هەواڵی دۆزینەوەی گازی سرووشتی ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوە بوو، بەڵام دوای راگەیاندنی هەواڵەکە، ئاراستەی دابەزینی گرتەبەر و بەرێژەی 0.6٪ دابەزی. بۆرسەی ئێستەنبووڵێش هێندە سوودی لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی دۆزینەوەی گازی سرووشتی لە تورکیا نەبینی.

بەهای پێنوێنی بۆرسەی ئێستەنبوول، رۆژی هەینی بە رێژەی 1.8٪ دابەزی. لەوەش سەرنجڕاکێشتر دابەزینی بەرچاوی بەهای پشکی کۆمپانیاکانی بواری وزەی تورکیا وەک تۆپراش، ئەکاس ئێنێرجی و ئای گاز بوو.

لەڕاستیدا بازاڕەکانی تورکیا چاوەڕوانی دۆزینەوەی قەبارەیەکی زیاتر لە گازی سرووشتی بوون و خۆیان بۆ ئەوە ئامادەکردبوو، بەڵام مزگێنییەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بێهیوای کردن. هەرچەندە دۆزینەوەی گازی سرووشتی بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا کە ساڵانە 45 ملیار پێی سێجا گاز دەسووتێنێت رووداوێکی گەورەیە. تورکیا ساڵانە بەپێی نرخی گازی سرووشتی لە نێوان 35 ملیار تاوەکو 60 ملیار دۆلاری بۆ هاوردەکردنی گازی سرووشتی خەرجکردووە.

دۆزینەوەی هەر بڕێک گازی سرووشتی کە لەرووی ئابوورییەوە شیاوی دەرهێنان بێت، هەواڵێکی خۆشە بۆ تورکیا بەتایبەتی لەبەر ئەوەی کە ئەو وڵاتە رووبەڕووی کورتهێنانێکی گەورەی بازرگانی بووەتەوە کە بەشێکی زۆری بۆ هاوردەکردنی گازی سرووشتی دەگەڕێتەوە.

تورکیا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بە گازی سرووشتی بە توندی پشتی بە هاوردەکردنی گازی سرووشتی لە ئێران، رووسیا و ئازەربایجان و هەروها هاوردەکردنی گازی شلکراو لە هەندێ لە وڵاتانی ئەفریقی و قەتەر بەستووە. بەڵام بەردەوام ئارەزووی دۆزینەوەی گازی سرووشتیی لە کەنارە ئاوییەکانی خۆی لە دەریای رەش و دەریای مەدیتەرانە هەبووە.

لە دوو ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، 3 کەشتی تایبەت بە دۆزینەوەی نەوت و گازی لە ناو دەریاکان ناردووەتە کەنارە ئاوییەکانی و بە هەرچەشنێک بێت دەیەوێت بیسەلمینێت کە خاوەنی یەدەکی نەوت و گازی سرووشتییە.

کەشتی فاتح کە لەساڵی 2018 نێردراوەتە دەریای رەش، دوای هەڵکۆڵینی 4525 مەتر توانی بەسەرکەوتوویی کیڵگەی گازی تونا-١ بدۆزێتەوە کە بەپێی کۆمپانیای نەوتی تورکیا، TPAO، تێکڕا بەبڕی 2 ملیار بەرمیل هاوتای نەوت، یەدەکی گازی سرووشتی لەخۆ دەگرێت.

TPAO دەڵێت دۆزینەوەی تونا-١ئەوە دەسەلمینێت کە کۆمپانیاکە توانای هەیە لە ئاوە قووڵەکاندا بە دوای سەرچاوەکانی وزەدا بگەڕێت. سەرەڕای ئەوەش تورکیا خاوەنی هیچ ئەزمونێکی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی یان نەوتی خاو نیە لەناو دەریادا. هەربۆیە ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی سوود لەو یەدەکی گازی سرووشتییە ببینێت دەبێت داوای یارمەتی لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی ئەو بوارە بکات.

کۆمپانیای TPAO هێشتا راینەگەیاندوو کە لەو یەدەکە دەتوانێت چ بڕێکی بەرهەمبهێنێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە رەنگە خودی ئەو کۆمپانیایە هێشتا نەتوانێت ئەو رێژەیە دیاریبکات کە قابلی بەرهەمهێنانەو دەکرێت بکرێتە سەرمایە.

دۆزینەوەو پەرەپیدانی گازی سرووشتی لە ناو دەریا یەکێکە لە کارە تەکنیکییە ئەستەمەکان. سەرمایە و شارەزاییەکی گەورەی دەوێت کە تەحەددایەکی گەورەیە بۆ تورکیا بتوانێت بەسەریدا زاڵ بیت.

تورکیا یەکەم وڵات نیە کە لە دەریای رەش بە دوای گازی سرووشتی دەگەڕێت. پێشتر کۆمپانیا رووسنەفت لە کەنارە ئاوییەکانی رووسیا لە دەریای رەش بەدوای گازی سرووشتی گەڕاوە و دەستی نەکەوتووە. لە راستیدا ٨ ساڵ لەمەبەر لە کەنارە ئاووییەکانی رۆمانیا کێڵگەی گازی نێپتۆن لەلایەن کۆپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی و پێترۆمی رۆمانیا دۆزرایەوە کە نزیکە لە کێڵگەی تونا-١، بەڵام هێشتا  پەرە بەو کێڵگە گازییە  نەدراوە و نەگەیشتووەتە قۆناخی بەرهەمهێنانی بەرچاو.

لەلایەکی دیکەوە نرخی نەوت و بەتایبەتی گازی سرووشتی لەسەر ئاستی جیهاندا گەیشتوونەتە نزمترین ئاستی خۆی، بۆیە جگە لەڕووی تەکنیکی، لەڕووی داراییشەوە پەرەپیدانی کێڵگەی تونا-١ بۆ تورکیا ئاسان نابێت و ئەستەمە تورکیا بتوانێت لەڕووی دارایی و تەکنیکییەوە هاوبەشێکی گونجاو بۆ ئەو کارە بدۆزێتەوە.

سەرەڕای ئەو ئاستەنگانە، ئەو یەدەکە لە گازی سرووشتی کە لە تورکیا دۆزراوەتەوە بەراورد بە قەبارەی ئەو گازە سرووشتییەی کە لە هەریەکە لە وڵاتانی ئێران و رووسیا و ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان هەیە، یەدەکێکی ئەوەندە بەرچاو نیە. لەبەر ئەوەش پێشبینی ناکرێت دۆزینەوەی کیڵگەی تونا-١ بە کردەیی گۆرانکارییەکی بەرچاو لە تورکیا درووستبکات و تورکیا تەنانەت دوای ساڵی 2023 کە رایگەیاندووە گازەکە بەرهەمدەهێنێت هەر ناچارە وەک سالانی پێشتر لە هاوردەکردنی گازی سرووشتی بەردەوام بێت.

دۆزینەوەی کێڵگەی تونا-١ و ئەو تەگەرانەی کە تورکیا لە پەرپێدانی ئەو کێڵگەیە روبەڕوویان دەبێتەوە، جارێکی دیکە گرنگی کێڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان بەبیردەهێنێتەوە کە لەسەر وشکایین و دەکرێت بە تێچوویەکی زۆر کەمتر پەرەیان پێبدرێت.

بەپێی کۆمپانیا راوێژکارییە سەربەخۆکان، هەرێمی کوردستان خاوەنی 3 تریلیۆن یەدەکی گازی سرووشتییە و قەبارەی ئەو گازەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە هاوتەریبە لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی گەورەی تێدابکرێت و گونجاوە بۆ ئەوەی لەرێگەی بۆرییەوە هەناردەی تورکیا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپی بکرێت.

Share this Post

شرۆڤە