سیاسەتی ئێران لە عێراق
لە دوای 2003، ئێران سیاسەتێكی جێگیری لە عێراقدا پراكتیزە كردووە كە بەشێوەیەكی گشتی ئامانج و مەبەستەكانی خۆی لە كۆمەڵێك خاڵدا دەبێنێتەوە، لەوانە دڵنیا بوون لەوەی كە پێكهاتەی شيعە و بەتایبەت ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیكن دەسەڵاتدار بن و رۆڵی یەكلاكەرەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بگێرن. لێرەدا، ئێران كۆمەلێك هاوپەیمان و هێزی سیاسی و سەربازی پرۆكسی لە عێراق هەیە و بەكاریان دەهێنێت بۆ ئەوەی عێراق وەك دەوڵەت لە چوارچێوەی سیاسەت و ئەجێنداكانی دەرنەچێت. بەتایبەت ئێران كۆمەڵێك بەرژەوەندی و ئامانجی سیاسی، ئابووری، سەربازی و جیۆپۆڵەتیكی لە عێراق هەیە و هەوڵ دەدات لە رێگەی ئامڕازی فرە جۆرەوە دەستەبەریان بكات. لە رووی ئابوورییەوە پەیوەندییەكی زۆر بەهێز لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا هەیە و ئاستی هەناردەكردنی شتومەكی نانەوتی ئێرانی بۆ عێراق لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە سەروی 11 ملیار دۆلار، هەروەها عێراق لە رێزبەندی یەكەم و دووەمی گرنگترین ئەو دەوڵەتانە دێت كە ئێران پەیوەندی بازرگانی لەگەڵدا هەیە.
لە رووی سیاسییەوە ئێران پاڵپشتی هێز و لایەنە سیاسییەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شيعەكان دەكات كە بە پاڵپشتی راستەوخۆی ئێران گەیشتوونەتە دەسەڵات و تاران كاریگەرییەكی زۆر گەورەی لەسەر هەموو ئاراستە و سیاسەتەكانی ئەم هێزانە و حكومەتەكەی سوودانی هەیە. هەروەها، لە دوای رووخانی رژێمی سەدام، بەهۆی توندبوونی ململانیێ ئەمریكا و ئێران، دواتریش دەستپێكردنی شەڕی تایفی و هاتنی داعش بۆ عێراق، ئێران بەسود وەرگرتن لە بارودۆخەكە، ژمارەیەكی زۆر لە هێزی چەكداری پرۆكسی دروست كردووە كە راستەوخۆ فەرمان لە تاران وەردەگرن و بە شێوەیەك بەكاریان دەهێنێت بۆ كاریگەری دانان لە سەر هاوكێشە سیاسی و سەربازییەكان و بەكارهێنانیان لە دژی نەیارەكانی لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەكە. بێگومان ئەم هێزە پرۆكسییانە بە پلەی یەكەم بەرنامە و ئەجێنداكانی ئێران جێبەجی دەكەن.
لەلایەكی دیکەشەوە، عێراق لە رووی جیۆپۆڵیتیكی گرنگی یەكجار زۆری بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەیە. دەسەڵاتدارانی ئێران، عێراق بە قوڵایی ستراتیژی خۆیان دەزانن بۆ سیاسەتە فراوانخوازییەكانی لە ناوچەكەدا و دروست كردنی ئەوەی پێیدەگوترێت هیلالی شیعی. هەروەها، ئێستا عێراق وەك كۆریدۆرێكی وشکانی بەكاردەهێنرێت لە لایەن ئێرانەوە بۆ ئەوەی چەك و تەقەمەنی و هێزی چەكدار رەوانەی سوریا و لوبنان بكات و گوشار لەسەر ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی دروست بكات.
ئێران بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نییە عێراق ببێتە دەوڵەتێكی دیموكراسی و خاوەن سەروەری یاخود هێزێكی سەربازی تۆکمەی هەبێت، چونكە لەڕوانگەی ئێرانەوە هەبوونی دەوڵەتێكی دیموكراسی بەهێز دەبێتە گەورەترین هەڕەشە لە سەر سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی لە عێراق. لەلایەكی دیکەشەوە، ئێران پێیوایە ئەگەر عێراق هێزێكی نیشتیمانی تۆکمەی هەبێت، لە دواڕۆژدا دەبێتە رێگر لە دەستێوەردانەكانی لەو وڵاتە. لەبەر ئەمەش، ئێران هەوڵەكانی زیاتر بەو ئاراستەیەیە كە حەشدی شەعبی کە پێکهاتەکەی زۆرتر شیعەیە، بكاتە بەدیلی سوپای عێراق. هەروەها ئێران بەردەوام هەوڵ دەدات قەیران و ناكۆكی تائیفی و شیعگەرایی لە عێراقدا بەسەر رەوتی دەوڵەتسازی و ناسیۆنالیستی عەرەبیدا زاڵ بێت بۆ ئەوەی بتوانێت پێگەكەی بەهێز بكات و هەژموونی شیعە بەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەتدا بهێڵێتەوە.
دەكرێت ئاماژە بەو خاڵەش بكەین كەهەوڵەكانی ئێران و هاوپەیمانەكانی بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان بەتایبەت ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا یەكێكی دیکەیە لە خاڵە سەرەكییەكانی سیاسەتەكانی لە عێراقدا. لە روانگەی ئەوەی كە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كێشە بۆ سیاسەتەكانی ئێران دروست دەكات و بەربەستە لە بەردەم بەرنامە و ئەجێنداكانی. لە دوای دەستپێكردنەوەی شەڕی غەززە و گرژبوونەوەی زیاتری پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئێران، گوشارەكان لە رووی سیاسی و سەربازییەوە لەسەر ئەمریكا توندتر بوونە بۆ ئەوەی هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە. لەم رووەوە، هێزە شیعەكان بە حكومەتیشەوە لە ژێر كاریگەری و هاندانەكانی ئێراندا، هەوڵی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا دەدەن و جەخت لە سەر ئەو خاڵە دەكەنەوە كە "چیتر پێویستییان بە هێزی هاوپەیمانان نەماوە" و دەبێت لە عێراق بكشێنەوە. ئەمە لە كاتێكدایە هێشتا باردۆخی عێراق سەقامگیر نییە و لە رووی سەربازییەوە ناتوانێت سەروەری خۆی بپارێزێت و مەترسی راستەقینە هەیە کە بە دەرچوونی ئەمریكا دووبارە داعش سەرهەڵبداتەوە، تەنانەت ئەگەری دووبارە روودانی شەڕی تایفی و نەتەوەیش لە عێراقدا هەیە.
ئێران چی لە هەرێمی کوردستان دەوێت؟
پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران بە چەندین قۆناخی گرنگ و هەستیاردا تێپەڕیوە. لەڕاستیدا سیاسەتی ئێران بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەشێكە لە سیاسەت و بەرنامەکەی بەرامبەر عێراق و ناوچەكە. لەم چوارچێوەیەدا، لە هەندێك قۆناخدا پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە ئاستێكی باشدا بوون، بەتایبەت لە سەرەتای گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە عێراقدا، ئەو كاتە هێزە شيعەكانی هاوپەیمانی ئێران زۆر پێویستییان بە كورد هەبوو، ئێرانیش لەڕێگەی كوردەوە هەوڵیدەدا پێگەی شیعەكان لە عێراقدا بەهێز بكات. بەڵام، لەگەڵ بەهێز بوونی پێگەی شیعەكان لە بەغدا و دروست بوونی ناكۆكی نێوان بەغدا و هەولێر، پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێمی کوردستانیش بەرەو گرژی و ئاڵۆزی زیاتر رۆیشت، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران توانی لەڕێگەی هێزە هاوپەیمانەكانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق تاڕادەیەكی زۆر كۆنترۆڵ بكات. لە دیارترین بەریەككەوتنی ئێران و هەرێمی کوردستان لە دوای ئەنجامدانی گشتپرسی لە ئۆكتۆبەری 2017 بوو کە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سوپای قودس، میلیشیا شیعەكان هێرشیان كردە سەر كورد و دەستیان بە سەر ناوچە جێناكۆكەكاندا گرت و تەنانەت ئەگەر لە توانایاندا بوایە مەبەستیان بوو قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێننەوە.
لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ و زیاد بوونی ناكۆكی وململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران، هەرێمی كوردستان زیاتر كەوتە ژێر هەڕەشە و هێرشەكانی میلیشیا شیعەكان و ئێران، لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا بەردەوام بە موشەك و درۆن پەلاماری كوردستان دەدرێت. بۆ یەكەم جار لە 8 كانوونی دووەمی 2020 ئێران بە موشەكی بالیستی راستەوخۆ هەرێمی كوردستانی(بنكەی سەربازی هەریری) بە ئامانج گرت، ئەم كردەوە سەربازییەی ئێران لە دەرئەنجامی كوشتنی قاسم سولەیمانی بوو وەکو کاردانەوەیەک دژی ئەمریكا لە عێراق. لە 13 ئاداری 2022 بۆ جارێكی دیكە ئێران بە 12 موشەكی بالیستی ماڵی شێخ باز سەرمایەدار و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كار گروپی كردە ئامانج. دیسان،لە 30 دیسەمبەری 2023، میلیشیا شیعەكان بە درۆن هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی هێزی پێشمەرگە لە پیرمام، و هەروەها لە 15 كانوونی دووەمی 2024، بە 11 موشەكی بالیستی هەولێر و ماڵی سەرمایەداری كورد پێشرەو دزەیییان كردە ئامانج. ئەمە بەدەر لەوەی كە ئێران و گرووپە پرۆكسییەكانی بە دەیان جار بنكەكانی پارتە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی رۆژهەڵات و بنكەی سەربازی هەریر و فڕۆكەخانەی هەولێریان بە بیانوی لێدان لە هێزەكانی ئەمریكا بە موشەك و درۆن بە ئامانج گرتووە.
لەڕاستیدا، زیاد بوون و توندبوونەوەی هێرشی درۆنی میلیشیا شیعەكان و هەروەها هێرشە راستەوخۆكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان زۆر هۆكار و فاكتەری لە پشتەوەیە كە گرنگترینەکانیان ئەمانەن:
یەكەم، ئێران، هەرێمی كوردستان بە تایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان بە یەكێك لە مەترسییەكان دەبینێت لە سەر بەرنامەو ئەجێنداكانی لە عێراقدا، کە لە ئێستادا ئێران تاڕادەیەكی زۆر توانیویەتی هەژمونی خۆی بە سەر لایەنە شيعەكاندا بسەپێنێت. بەتایبەت دوای دەرپەڕاندنی سەدر لە پرۆسەی سیاسی، تەنانەت ئێران تاڕادەیەك توانیویەتی لە ڕێگەی هێزە چەكدارە پرۆكسییەكانی دەست بە سەر ناوچە سوننەنشینەكانیشدا بگرێت. تاكە ناوچە كە بە تەواوەتی لە ژێر كۆنترۆلی ئێراندا نییە هەرێمی كوردستانە و بەتایبەتیش ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی، بۆیە ئێران بە هەموو شێوەیەك هەوڵدەدات دەسەڵاتی خۆی بە سەر ئەو ناوچەیەشدا بسەپێنێت. ئەویش هەم لەڕێگەی لاواز كردنی پارتی و هەم دروست كردنی بەدیلێك لە هەرێمی كوردستان كە سەربە تاران بێت. لەم رووەوە، ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە هێزێكی پرۆكسی لە رووی سیاسی و سەربازییەوە هاوشێوەی هێزە شيعەكانی لە كوردستان هەبێت بۆ ئەوەی بەرنامە و ئەجێنداكانی ئێران لە عێراق و ناوچەكەدا پراكتیزە بكات.
لە ڕاستیدا، ئێران بەوە رازی نییە هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی ناوچەكە سیاسەتێكی هاوسەنگ لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە پراكتیزە بكات و تاران نایەوێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بكات. ئەگینا لە زۆر رووەوە، هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە سیاسەتێكی هاوسەنگ لەگەڵ ئێران و هاوپەیمانەكانی پراكتیزە بكات، بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنەكانی 2021 وێڕای ئەوەی هاوپەیمانەكانی ئێران توشی شكستی گەورە بوون، بەڵام كورد و سوننەكان لەگەڵ هێزە شیعەكانی سەر بە ئێران هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتیان پێکهێنا و حكومەتی سوودانیش كە ئێستا هاوپەیمانەكانی ئێران بەسەریدا زاڵن لەسەر بنەمای ئەو هاوپەیمانەتییە دروست بووە. هەروەها، لەسەر داواكاری بەڕپرسانی ئێران، هەرێمی کوردستان و بەغدا رێككەوتنێكی ئەمنییان لەگەڵ تاران واژۆ كرد بۆ زیاتر سەقامگیركردنی ئاسایشی سنوور و چەكکردن و دوورخستنەوەی گرووپە چەكدارە كوردییەكان ئۆپۆزسیونی ئیران لە دەڤەرە سنوورییەكان. بە هەمان ئاراستەش، لەرووی ئابوورییەوە، هەرێمی کوردستان دەرگاكانی بەسەر ئێراندا واڵا كردووە و بە سەدان كۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان كاردەكەن و ئاستی ئاڵۆگۆری بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە و دەگاتە نزیكەی 28% لە كۆی ئاڵوگۆری بازرگانی ئێران و عێراق.
بەڵام، وێڕای هەموو ئەمانە، ئێران بەردەوامە لە دژایەتی كردن و گوشار خستنە سەر هەرێمی كوردستان چ بە شێوەی راستەوخۆ بێت یان لە رێگەی هاوپەیمانەكانییەوە بێت، بێگومان ئەمەش ئەو خاڵە دەسەلمێنێت كە ئێران ئاستی داواكاری و خواستەكانی زیاترە لەوەی لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بكات. بەڵكو ئەوەی تاران مەبەستیەتی ئەوەیە كە دەیەوێت هەرێمی کوردستان بكاتە هێزێكی پرۆكسی لە ناوچەكەدا، هاوشێوەی ئەو هێزانەی كە لە عێراق ،سوریا، یەمەن و لوبنان دروستی کردوون. هۆشیار زێباری لە 19 شوباتی 2024 لە چاوپێكەوتنێكدا لە گەل رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت باسی ئەوە دەكات كە سەركردەكانی ئێران داوایان لە بەڕپرسانی هەرێمی کوردستان كردووە ببنە بەشێك لە بەرەی موقاوەمە دژی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی. تەنانەت ئەوەی جێگەی سەرنجە بەم دواییانە سەرچاوەكانی سوپای قودس بە ئاشكرا رایانگەیاند كە بە تەمای دروستكردنی هێزێكی پرۆكسی سەربازی كوردین بەناوی حزبوڵلا لە كوردستان. بێگومان ئەگەر ئەم هەوڵە بخرێتە بواری جێبەجێکردن، ئێران لە ژێر ناوی ئەم هێزە نوێیەدا هێرش دەكاتە سەر هەرێمی کوردستان و پێگەكانی ئەمریكا، نەك بەناوی میلیشیا شیعەكان.
دووەم، ئێران بەردەوام ترسی لەوە هەیە هەرێمی كوردستان ببێتە ناوەندێك بۆ تێكچوون یان لێدان لە بەرنامە و سیاسەتەكانی لە عێراقدا، ترسی لە دروستبوونی هاوپەیمانی پارتی لەگەڵ هێزە سوننەكان و هێزە شيعەكاندا هەیە بەتایبەت ئەوانەی لە ئێران دوورن. لە دوای هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری 2021 و دروست كردنی هاوپەیمانی سێقۆڵی نێوان پارتی، سەدر و سوننەكان، ئێران بە تەواوەتی گوشارەكانی لەسەر پارتی توند كردووە و ئەم هەنگاوەی پارتی بە لێدانی راستەوخۆ لە پێگە و بەرژەوەندییەكانی لێكداوەتەوە. بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هاوپەیمانییەکی هاوشێوە، سیاسەت و بەرنامەی ئێران ئەوەیە هەم لە ناو سوننەكان و هەم لە ناو كوردەكاندا زیاتر پاڵپشتی هاوپەیمانەكانی بكات و لە پێگەی نەیارەكانی بدات. ئێستا لەناو سووننەكان ئێران زۆر بە چڕی كار بۆ لێدان لە پێگەی حەلبوسی و پارتەكەی دەکات. لادانی حەلبوسیش لە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەشێک بوو لەم گەمە سیاسییە. بەهەمان شێوەش، لە هەرێمی کوردستان، ئێران زۆر بە چڕی كاردەكات تاکو ئەو هێزە كوردییانەی كە لە ئێران نزیكن ببنە دەسەڵاتدار.
سێیەم، ئێران نەك هەر لەگەڵ ئەوە نییە هەرێمی کوردستان تاڕادەیەك سەربەخۆ بێت یان سیاسەتێكی هاوسەنگ لە سەر ئاستی ناوچەكە پراكتیزە بكات، بەڵكو دەیەوێت هەرێمی کوردستان بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان لە توركیا، دەوڵەتە عەرەبییەكان و ئەمریكا دوور بخاتەوە، بەو واتایەی ئێران لەو پەیوەندییەی كە حكومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ توركیا و دەوڵەتانی عەرەبی و ئەمریكا هەیەتی زۆر نیگەرانەو دەیەوێت عێراق و لە نێویشیدا هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی ئێراندا هەڵسوكەت بكات. ئێران توانیویەتی لەسەر ئاستی عێراق ئەم ئامانجە بپێکێت، لە ژێر كارێگەری ئێراندا، عێراق تائێستا نەیتوانیوە سیاسەتێكی هاوسەنگ لەگەڵ توركیا و دەوڵەتانی عەرەبی پراكتیزە بكات و پەیوەندییەكانی بەرەوە پێشەوە ببات.
ئەگەرچی ئەمریكا زۆر هەوڵیداوە كە عێراق لە رووی ئابووری و سیاسییەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی بەهێز بكات. بەڵام لە ژێر كاریگەری و گوشارەكانی ئێراندا، عێراق هیچ هەنگاوێكی گرنگی بەو ئاراستەیە نەهاویشتووە. ئێران هەمان داواكاری لەب هەرێمی کوردستانیش هەیە و دەیەوێت هەرێمی کوردستان خۆی لە دەوڵەتانی عەرەبی و توركیا دوور بخاتەوە و هەروەها نیگەرانە لەوەی هەرێمی کوردستان پەیوەندی توند و تۆڵی لەگەڵ ئەمریكا هەیە و ناچێتە ژێر باری داواكارییەكانی ئێران و هێزە شیعەكان بۆ دەركردنی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق. ئەمە بەدەر لەوەی ئێران بانگەشەی ئەوە دەكات گوایە هەرێمی کوردستان پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و هەر بەو بیانوەش چەندین جار موشەك بارانی كردووە.
چوارەم، لێدان لە پێگەی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش سێكتەری نەوت و گاز هۆكارێكی دیكەی گوشارەكانی ئێرانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان. ئێران نەك هەر لەگەڵ ئەوەدا نییە هەرێمی كوردستان هەرێمێكی سەقامگیر و بەهێز بێت، بەڵكو بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات لە پێگەی هەرێمی کوردستان بدات بەتایبەت لە رووی ئابوورییەوە ، ئێران نیگەرانە لە هەوڵەكانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە ئەكتەرێكی گرنگ لە سەر ئاستی ناوچەكە بە تایبەت لە رووی وزەوە. بەتایبەت کە ماوەیەكە هەرێمی کوردستان هەوڵەكانی چڕ كردوەتەوە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی و پەرە بە كەرتی وزە بە تایبەتیش گاز بدات، بۆ ئەوەی بتوانێت لە داهاتوویەکی نزیكدا گاز هەناردەی دەرەوە بكات، كە ئەمەش دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی داهات بۆ هەرێمی کوردستان. لەم رووەوە، هێرشەكانی ئێران بۆ لێدان لە ماڵی سەرمایەداری کورد شێخ باز یەكێك لە پەیامەكانی ئەوە بوو كە ئێران رێگە نادات هەرێمی کوردستان ببێتە ئالتەرناتیڤی گازە سروشتییەكەی لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەكە. بە هەمان ئاراستەش ئێران كاریگەری زۆری هەبووە لە سەر بڕیاری دادگەی فيدڕاڵی بۆ هەڵوەشاندنی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان.
پێنجەم، ئێران لەڕێگەی گوشار دروستكردن، ھەوڵ دەدات ھەرێم لە پرس و مەلەفی ھێزەكانی كوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی زیاتر سازش بۆ ئێران بكات هەم بە چەككردنیان و هەم دوورخستنەوەیان لە سنورەكان یان لە هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی هێزەكانی موجاهیدین لە عێراق کە لە ساڵی 2016 وەدەرنران. هەر بۆ ئەم مەبەستە ئێران لە لە مانگی ئاداری 2023 رێككەوتنێكی ئەمنی سێقۆڵی لەگەڵ هەولێر و بەغدا واژوو كرد بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان و دوورخستنەوەی هێزە كوردییەكان لە سنوورەكان، بەڵام دیارە ئێران لەوەش زیاتر داوای رادەستكردنی سەركردەكانیان و دەركردنیان بە تەواوەتی لە كوردستان دەکات. هەروەها خاڵێكی دیكەش كە بۆ ئێران زۆر گرنگە ئەوەیە هەرێمی كوردستان نەبێتە ناوەندێك بۆ وروژاندنی كوردەكانی ئێران بۆ ئەوەی داوای مافەكانی خۆیان بكەن، بەتایبەت، دوای كوشتنی ژینا ئەمینی، و بەرێوەچوونی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران و لە ناوچە كوردییەكان، ئێران هەرێمی کوردستان و گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنی كوردی تۆمەتبار كرد بەوەی دەستیان لە خۆپیشاندانەكان هەیە هەر بەو بیانوەش بەموشەك بارەگاكانی كوردەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی بۆردوومان كرد.
ئامرازەكانی بەردەستی ئێران بۆ گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان
ئێران رێگای جۆراوجۆر دەگرێتەبەر بۆ گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان. یەكێك لە ئامرازەكان بریتییە لە وەشاندنی گورزی سەربازی بە شێوەیێكی راستەوخۆ لەڕێگەی سوپای پاسدارانەوە. هەرچەندە ئێران ئەم ئامرازە کەم بەكار دەهێنێت، بەڵام لە هەندێك كاتدا ئەگەر بەپێویستی زانیبێت، دوودڵ نەبووە لە هێرشی سەربازی بۆ ئەوەی پەیامێك بداتە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان یان هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا. ئێران زیاتر لە 3 جار بەشێوەیەكی راستەوخۆ هەولێری بە ئامانج گرتووە. هەرچەندە هێرشەكان زیاتر رەمزی بوونە، بەڵام هەڵگری پەیامێكی هەڕەشە ئامێزن بەوەی ئێران هەموو كاتێك دەتوانێت ئەگەر مەبەستی بێت لە هەرێمی کوردستان بدات، ئەوەشی زیاتر رێگە خۆشکەرە ئەوەیە بەغدا كاردانەوەیەكی کاریگەری نییە بەرامبەر هێرشەكانی ئێران و تەنانەت سەرەڕای گوشارەكانی هەرێمی کوردستان، بەغدا ئامادە نەبووە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە ئەنجوومەنی ئاسایش سكاڵا لە دژی ئێران تۆمار بكات.
حكومەتی بەغدا كە شیعە و هاوپەیمانەكانی بە سەریدا زاڵن، یەكێكی دیکە لەو ئامرازانەیە كە ئێران دژی هەرێمی کوردستان بەكاری دەهێنێت. دیارە، ئێران كاریگەری راستەوخۆی لە سەر بەغدا هەیە و دۆسیە گرنگەكانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، ئێران بڕیاری یەکلاییکەرەوەی لەسەر دەدات. هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئێران رۆلێكی زۆر خراپی هەبووە لە گرژبوونەوەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و چارەسەر نەبوونی كێشەكانی نێوانیان. لە سەردەمی حكومەتی سوودانی رێككەوتنی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا كران، بەڵام لە ژێر گوشاری هاوپەیمانەكانی ئێراندا، هیچ هەنگاوێكی پراكتیكی نە هاوێژرا، بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان لەوانەش پرسی بودجە، دووبارە هەناردە كردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پەسەند كردنی یاسای نەوت و گاز، جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال و زۆر پرسی دیکە.
پەرلەمانی عێراق یەکێکی دیکەیە لە ئامرازە کاریگەرەکان، ئێستا هاوپەیمانەكانی ئێران لە پەرلەمانیش باڵادەستن، بۆیە وەک چەکێکی كاریگەر بەكار دێت بۆ دژایەتی كردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی کوردستان. بەتایبەت لەكاتی پەسەند كردنی بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا، زۆربەی بەندەكانی بودجە كە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حكومەتی سوودانی رێككەوتنی لەسەر كرابوو، گۆڕانكارییان تێدا كرا و كێشەی زۆر بۆ ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان دروستکرا. تەنانەت ئێستا هاوپەیمانەكانی ئێران باسی ئەوە دەكەن كە ئەگەر هەرێم بەئاشكرا پاڵپشتییان نەكات لە دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا، رێگە نادەن هەمواری بودجە بكرێت بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
لەلایەكی دیکەشەوە،دادگەی دەستووری بە شێوەیەكی زۆر كاریگەرانە بەكار هاتووە بۆ لێدان لەنەیارەكانی ئێران لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، بووەتە ئامرازێك بۆ دژایەتی كردنی هەموو ئەو كەس و لایەنانە كە لەگەڵ سیاسەت و بەرنامەكانی ئێران نین. ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دادگەی دەستووری لە مانگی شوباتی 2022 لە بریارێكی بەپەلەدا یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە. هەروەها، لە بڕیاریكی دیكەدا لە 25 كانوونی دووەمی 2023 ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن سوودانیەوە بە نایاسایی لە قەڵەمدا، دیسان دادگەی فیدڕڵی لە نیسانی 2023 پەلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە . بە هەمان ئاراستەش، لە 21 شوباتی 2024 دادگەی فیدڕاڵی دوو بڕیاری توندی دژی هەرێمی كوردستان دەركرد، یەكێكیان پەیوەندی بە یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێمەو هەیە و بڕیاری دووەمیش پەیوەست بووە بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. لەڕاستیدا لە هەر دوو بڕیارەكەدا لە زۆر خاڵدا لە پێگە و دەسەلاتەكانی هەرێمی کوردستانی دراوە .
لە كوتاییدا دەبێت ئاماژە بەو خالەش بكەین كە گرووپە میلیشیاكان یەكێكی دیکەن لەو ئامرازانەی كە رۆڵێكی گرنگ دەگێرن لە گوشار دروست كردن لە سەر نەیارەكانی ئێران لەوانەش هەرێمی کوردستان. بەتایبەت دوای دەستپێكردنەوەی شەری غەززە و زیاد بوونی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران، گروپە چەكدارەكان بەردەوام هەرێمی كوردستانیان لەڕێگەی درۆن و موشەكەوە بۆردومان کردووە. لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە ئێران تەنانەت هەندێك هێز و لایەنی كوردیش بەكار دەهێنێت بۆ سەپاندنی سیاسەت و هەژموونی خۆی بەسەر هەرێمی کوردستان.