بەرایی
رۆژانی رابردوو وەزارەتی دارایی عێراق ژمێرەی "حسابات"ی کۆتایی داهات و خەرجییەکانی ساڵی رابردووی بڵاوکردەوە، لەکاتێکدا بەهۆی درەنگ پەسەندکردنی بودجەی ساڵەوە چاوەڕواندەکرا سەررێژی زیادەی داهات بەسەر خەرجییەکانەوە بێت، بەڵام خەرجییەکانی دوایین مانگی ساڵ وایکردووە 6.7 تریلیۆن دینار کورتهێنان هەبێت، کە ئەمەش 10 هێندەی ئەو بڕەی لە بودجەدا هاتبوو کەمترە، بەپێی راپۆرتەکە کۆی گشتی خەرجییەکان 142 تریلیۆن دینارە، بەڵام کۆی گشتی داهاتی نەوتی و نانەوتی 135 تریلیۆن دینار بووە.
تێبینی و سەرنجەکان لەسەر ژمارەی نێو راپۆرتەکان، بەتایبەتیش راپۆرتە داراییەکان لە عێراق زۆر زۆرن، چونکە یەک داهات و دوو ژمارەیە، یەک یاسا و سێ ژمارەیە، ئەمە سەرەڕای هەڵەی ئەو ژمارانەی کە لەنێو راپۆرتەکان دا دێت. بۆ نموونە لە یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق، لە کۆکردنەوەی ژمارەی خەرجییەکان 1.3 تریلیۆن دینار هەڵەکراوە، خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنانی پارێزگای ئەنبار 466 ملیار دینار دانراوە، بەڵام کاتێ کۆکراوەتەوە 436 ملیار دیناری بۆ نوسراوە، ئێستاش لە راپۆرتی کۆتایی وەزارەتی دارایی 850 ملیار دیناری بۆ خەرجکراوە.
سەرەڕای هەڵوەستەکردن و وردبوونەوە لە جیاوازی و هەڵەی ژمارەکان، پێویستە گرنگی بە زیادبوونی خەرجییەکان لە یەک مانگ و بەتایبەتیش کۆتایی ساڵ بدەین، چونکە بەپێی راپۆرتەکان کۆی خەرجییەکان تاوەکو مانگی تشرینی دووەم 109 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە رۆژی 31ی 12ی 2023دا دەگاتە 142.4 تریلیۆن دینار. واتە لە یەک مانگ 32 تریلیۆن دینار خەرجکراوە کە سێ هێندەی مانگەکانی سەرەتا و دوو هێندەی مانگی پێش خۆیەتی.
راستە ساڵی رابردوو بودجە درەنگ و لەنیوەی ساڵدا پەسەندکرا، بەڵام ئایا ژمارەی داهات و خەرجییەکان وەک ئەوەی بودجەکەیە؟ بۆچی لەکۆتایی ساڵ خەرجی دەبێتە سێ هێندەی مانگەکانی پێش خۆی؟ خەرجی چ دامەزراوەیەک وەک بودجەیە، هی کام دامەزراوە دوو هێندە کەمتر یاخود زیاترە؟ ئەی داهاتی نەوتی و نانەوتی لە بودجە و ژمێرەی کۆتایی چەندی جیاوازە؟
جیاوازی بودجەکەی پەرلەمان و داهات و خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق
لەنێوەڕاستی ساڵی رابردوودا پەرلەمانی عێراق بودجەیەکی سێ ساڵی سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان پەسەندکرد، بەڵام بۆ ئەمساڵ پێویستی بە هەموارکردنەوەیە و دوو مانگ تێپەڕیوە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە نەگەیشتووەتە پەرلەمان.
بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و راپۆرتی بودجەی ساڵانە، ئەو ژمارانەی لەنێو یاسای بودجە دا دەنوسرێت هەر لە یاساکەدا و بۆ بڵاوکردنەوەیە لە رۆژنامەی فەرمی عێراق، چونکە بەدەگمەنیش ژمارەی تەرخانکراو بۆ وەزارەت و دامەزراوەکان چ خەرجی بەکارخستن یان وەبەرهێنان بێت لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی دارایی کە وەک خەرجی و داهات کردوویەتی بۆ ساڵی رابردوو یەکناگرێتەوە.
لەڕووی داهاتەوە، بەپێی بودجەکە لە 2023دا کۆی داهاتی عێراق دەبوایە 134.5 تریلیۆن دینار بێت، کە 117.2 تریلیۆن دیناری داهاتی نەوت و 17.3 تریلیۆن داهاتی نانەوتی دەبوو، بەڵام بەپێی راپۆرتی کۆتایی ساڵی وەزارەتی دارایی، لەو ساڵەدا عێراق کۆی گشتی داهاتی نەوتی و نانەوتی 135.6 تریلیۆن دینار بووە، کە 125.8 تریلیۆن دینار داهاتی نەوتی و 9.7 تریلیۆن دیناری داهاتی نانەوتی بووە، واتە جیاوازی ئەوەی پەرلەمان وەک یاسای بودجە دەریکرد و ئەوەی بەڕاستی وەزارەتی دارایی وەک داهات بۆی هاتووە 1.1 تریلیۆن دینارە، ئەمەش بەهۆی بەرزی نرخی نەوتەوە ئەگینا جیاوازییەکە بۆ داهاتی نانەوتی 7.6 تریلیۆن دینارە.
لەڕووی خەرجییەوە، لە یاسای بودجەدا وادانرابوو عێراق 198 تریلیۆن دینار خەرجبکات، کەچی لەو ساڵەدا 142 تریلیۆن دیناری خەرجکردووە، لەوەش زیاتر، مانگی کانوونی یەکەم 2023 خەرجییەکان دەبێتە 32 تریلیۆن دینار! هەروەها، لەبودجە وادانرابوو کە پێویستە 64 تریلیۆن دینار قەرزی نێوخۆی و دەرەکی بکرێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان، بەڵام ئێستا 6.7 تریلیۆن دینار کورتهێنان هەبووە، کە ئەگەر مانگی دوانزەش خەرجییەکان بەوشێوەیە نەبوایە ئەمەش نەدەبوو.
لەڕاستیدا، ئەگەر خەرجییەکان تۆزێک ورد بکەینەوە ئەوا بەرزی و نزمییەکی زۆر سەیر لە خەرجییەکانی دامەزراوەکان دەبینین، وەک ئەوەی لە بودجەی 2023 و ئەوەی لە راپۆرتی ژمێرەی کۆتایی ساڵی وەزارەتی دارایی عێراق هاتووە، بۆ نموونە ئەگەر سەیری پەرلەمانی عێراق بکەین، لە بودجەکەدا 418 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، بەڵام 582 ملیار دیناری بۆ خەرجکراوە، کە 581 ملیار دیناری بۆ بەکارخستن بووە، لەنێو بەکارخستنیش 474 ملیار دینار بۆ مووچەی پەرلەمانتار و فەرمانبەرانی دامەزراوەکە بووە. لە بەرامبەردا لە بودجەکەدا بۆ سەرۆکایەتی کۆمار 94 ملیار دینار دانراوە، کەچی 71 ملیار بۆ خەرجکراوە، کە ئەمیش 43 ملیار دیناری بۆ مووچە بووە.
جیاواز لەهەموو وەزارەت و پارێزگاکان ئەو جیاوازییەی نێوان بودجەی تەرخانکراو و پارەی خەرجکراوە بۆ وەزارەتی نەوت لە عێراق، بەپێی بودجەی 2023 کۆی خەرجییەکانی وەزارەتی نەوت (بەکارخستن و وەبەرهێنان) 23.2 تریلیۆن دینار بووە، کە 7.4 تریلیۆن دیناری بەکارخستن و 15.8 تریلیۆن دیناری وەبەرهێنان بێت، بەڵام دوای ئەوەی لە مانگی 12دا 10 تریلیۆن بۆ وەبەرهێنان بەخێرایی خەرجدەکرێت، کەچی هێشتا کۆی گشتی خەرجییەکانی نەگەیشتووەتە 12.9 تریلیۆن دینار!
بەپێی ژمارەکانی نێو بودجەی 2023 و لە خاڵی 40دا دەبوایە 16.4 تریلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکرابا، بەڵام لە راپۆرتی کۆتایی ساڵی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ 2023 "یەک دینار" ی وەک خەرجی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان نەکردووە.
لێکەوتەکانی خەرجییەکی دەیان تریلیۆن دینار بەخێرایی ؟
بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی تاوەکو کۆتایی مانگی 11ی ساڵی رابردوو، کۆی گشتی خەرجی 109 تریلیۆن دینار بووە، کە 97 بەکارخستن و 12.3 تریلیۆن دیناری وەبەرهێنان، بەڵام لە 31 رۆژی دواتردا و لە راپۆرتی کۆتایی ساڵ کۆی گشتی خەرجی دەبێتە 142 تریلیۆن دینار، کە 118 بەکارخستن و 24 تریلیۆن دینار بۆ وەبەرهێنانە، واتە دوو هێندەبوونی وەبەرهێنان نەک بۆ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، کشتووکاڵ، بازرگانی، پەروەردە بەڵکو بۆ وەزارەتی نەوت.
ئەوەش راستە لەم وڵاتە رۆژانە و بگرە لە کاژێرەکانیشدا واژۆکردنی رێککەوتن و پرۆژەکان رادەگەیەنرێت، بەڵام خێرایی واژۆکردنی رێککەوتنی پرۆژەکان و دانانی بەردی بناخە و کۆبوونەوە و سەردان و لێکتیگەیشتننامەکان بەمانای بوژاندنەوە نەهاتووە، بگرە جێبەجێکردنیان زۆر دوادەکەوێت و لەوانەش دوای چەندین ساڵ کۆمپانیای جێبەجێکار نەک ئامادە نییە لە رێککەوتنەکەش بمێنێتەوە، بەڵکو دەکشێتەوە لە پرۆژەکە، کە دوایین نموونەی دیار کشانەوەی کۆمپانیای شێڵی هۆڵەندی بوو لە بونیاتنانی شاری پیترۆکیمیاوی بەسرە کە بە پرۆژەی نیبراس ناسراوبوو و گرێبەستەکەی لە 2015دا واژۆکرابوو.
خاڵیکی دیکەی گرنگ کۆبوونەوەی خەرجییەکان لەمانگی کۆتایی ساڵ، راستی دواکەوتوویی سیستمی خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنان لە عێراق و میکانیزمەکانی بەستنەوەی سیستەمی دارایی بەیەکەوە و نەبوونی ئابوورییەکی دیجیتاڵی توکمە و مامەڵکردن بە کاش دەردەخات، هەربۆیەش بۆئەوەی پارەکە نەگەڕێتەوە ئەو کارەی بە سێ مانگ نەکراوە و ئەو واژۆیەی هەر دوادەکەوت و ئەو رەزامەندییەی هەر نەدەهاتەوە، بە سێ رۆژ پێکەوە هەموویان تەواو دەبێت، کۆبوونەوەکان تەواو دەبن، رەزامەندی دەدرێت و واژۆ و مۆرەکان خێرا دەبن، کە بە دڵنیاییەوە خێرابوونیشی پێویستی خۆی هەیە، بەتایبەتیش پێویستی "دارایی".
بە دیوێکی دیکەدا ئەم خێرابوونە و خەرجکردنی تریلیۆن دینارانە لە چەند رۆژێکدا لێکەوتەی گەورەی لەسەر پرۆژەکان دەبێت، چونکە پلان، تەندەر و دیزانێکی خێرا بەدڵنیاییەوە ئەنجامێکی باشی نابێت، هەربۆیەش لە عێراق پرۆژەکان تەواو نابن و دوادەکەون و هەر لەکاتی کردنەوەدا پێویستی بە چاککردنەوە(صیانەکردن) دەبێت. بەپێی وەزارەتی پلاندانانی عێراق (2022)، 1452" پرۆژە لە عێراق راگیراون و تەواونەبوون، کە تێچووەکەیان 24 تریلیۆن دینار بووە".
کۆتایی
جیاوازی خەرجییەکان بۆ دامەزراوەکان، زیاد و کەمی وەک لەوەی لە بودجەی 2023 دا هەیە و ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق کردوویەتی تریلیۆن و ملیاران دینارە، کە بەدڵنیاییەوە دووبارە دەمانخاتەوە بەردەم ئەو پرسیارەی ئایا لە عێراق کار بە بودجەی ساڵانە دەکرێت؟ ئەگەر کاری پێدەکرێت، بۆچی ئەو جیاوازییانە هەیە و بۆچی لەکاتی هاتنی بودجەی ساڵی دواتردا کەمناکرێتەوە و ریكناخرێتەوە، یان تەنیا گفتوگۆیەکی پەرلەمانە بۆ سەر کاخەز! ساڵانە ئەگەر تەنیا خەمڵاندنە وەک دەڵێن، ئەی ئەو هەرایەی لەنێو پەرلەمان دەکرێت بۆ چییە؟
جگە لەوەش، پەرلەمان و لیژنەی دارایی چ پلانێکیان هەیە بۆ چارەسەرکرنی ئەو جیاوازییەی کە لە راپۆرتی دارایی و ئەو بودجەیەی ئەو دایناوە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە؟ دەزانێت ئەو چەندی بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان داناوە و چەندی بۆ خەرجکراوە؟ چەندی بۆ مووچە داناوە و چەند زیاتر خەرجکراوە؟ چەندی بۆ وەزارەت و دامەزراوەکان داناوە و چەندیان بۆ خەرجکراوە؟
دوو دەیە زیاترە بەردەوام ئەوەی وەک داهاتی نەوت بۆ عێراق لە بودجە دادەنرێت و ئەوەی لەکۆتایی ساڵ دەبینرێت نەک نزیک نییە بەڵکو 180 پلە پێچەوانەیە، ئەی بۆچی ناتوانرێت پێداچوونەوە بە میکانیزمەکەدا بکرێت خۆ سەتان داهاتی جیاواز و هەمەچەشن نییە، تەنیا بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و وەرگرتنەوەی پارەکەیەتی.
رەنگە ئێستا کێشە نەبێت، چونکە ئەوەی دادەنرێت چەند هەڵەش بێت بەدیار ناکەوێت، لەبەر ئەوەی نرخی نەوت بەرزە، بەڵام ئەو رۆژەی نرخی نەوت لە خوار 50 دۆلارەوە دەبێت، ئەوکات باجی دانانی نرخی نەوت و ژمارەی بەرمیلی هەناردەکراو بەهەڵە دەزانرێت.
لەکۆتاییدا، لەڕووی رێژەییشەوە، بەپێی پرۆژە بودجەی 2023 بڕیاربوو عێراق رێژەی 12.9% داهاتی نانەوتی و 87.1% داهاتی نەوتی هەبوایە، بەڵام بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2023 داهاتی نەوتی رێژەی 93% و داهاتی نانەوتی رێژەی 7% کۆی گشتی داهاتی دەوڵەتی فیدڕاڵییان پێکهێناوە.
سەرچاوەکان
mof.gov.iq. (n.d.). وزارة المالية, جمهورية العراق. [online] Available at: https://mof.gov.iq/Pages/MainMof.aspx [Accessed 25 Feb. 2024].
moj.gov.iq. (n.d.). وزارة العدل - جمهورية العراق. [online] Available at: https://moj.gov.iq/view.7273/ [Accessed 25 Feb. 2024].