شرۆڤە

ئەودیوی مشتومڕی سەر گوتەکانی قاسم شەشۆ

14-08-2024


چەند رۆژێک بەسەر ئەو مشتومڕەدا تێپەڕدەبێت کە سەبارەت بە گوتەکانی قاسم شەشۆ وەک یەکێک لە سەرکردە سەربازییەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی لەبارەی ئایینی ئیسلام دروستبووە. سەرەڕای ئەوەی کە ئێستا گرژییەکان کەمیان کردووە، دەکرێ بێژین ئەوە تەنیا پرسی ناکۆکییەکی ئایینی - کۆمەڵایەتی نییە و رەهەندێکی قووڵتری هەیە کە دەشێ پەیوەندی بە شەقبردنی زیاتری هێڵەکانی ململانێ لە جیۆپۆلەتیکی نێوخۆیی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەبێت.  

داعش لە ئابی 2014 دا شنگالی گرت و شەشۆ یەکێک لەو فەرماندانەی پێشمەرگە بوو کە تا ساتی رزگارکردنی ئەوێ لە 13ـی نۆڤێمبەری 2015، لە چیای شنگال مابوونەوە و شەڕیان کردبوو. نیسانی 2017 بۆ لێکۆڵینەوەیەک چووبوومە شنگال و لە مەزارگەی شەرفەدین "شەشۆ"م بینیبوو. لەو کاتانەدا شانازیی پێشمەرگەیەکی ئازات لە رووخساری دەخوێندەوە کە دەیویست بڵێ من بەرگریم کردووە و لە کاتی داعشیش لێرە ماومەتەوە. ئێستاش وەک کەسێکی دژە ئیسلام وێنا کراوە کە هەستی زۆرێک لە باوەڕدارانی کوردی موسڵمانی بریندار کردووە. لە راستیدا لەو کاتانەدا کە من بینیبووم وەک بڵێی وشەکانی خۆی بژمێرێ قسەی دەکرد، بۆ ئەوەی کە روانگەی دژە داعشی ئەو وەک شتێکی دژە ئیسلامی وێنا نەکرێت. سەیری ئەو ڤیدیۆیەشم کرد کە هەراکەی لێکەوتووەتەوە و لە 3ی 8ـی ئەم ساڵدا لە یادی کارەساتی شنگالدا تۆمارکراوە. بە گشتی باس لە مەترسیی ئازادکردنی ئەندامانی داعش لەسەر ئێزدییەکان دەکات و داوا دەکات کە خەڵک چەکی قورس بۆ خۆیان بکڕن، چونکە بە گوتەی خۆی، هێشتا ئەگەری "فەرمان" و کارەساتی دیکە هەیە. ئەگەر هەموو قسەکانی پێکەوە سەیر بکرێت و ئەوەش بزاندرێت کە زمانی کوردی لە شنگال هەروا بە شێوەیەکی سەرەتایی ماوەتەوە و وەکو کوردی لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان گەشەی نەکردووە کە شێوازی گوزارشتکردنەکانی روونتر بێت، ئەوسا رەنگە کاردانەوەکان بەو جۆرە نەبوایەن کە روویاندا. هەڵبەت داڕشتنی نابەرپرسیارانەی بەشێک لە میدیاش رۆڵی گرنگی لەمەدا گێڕا.  

ئێزدییەکان دەمێکی درێژە هەست بە مەترسیی مانەوە دەکەن و ئەوەش ریشەی لە رووداوە ئەمڕۆییەکان و رووداوە مێژووییەکانیشدا هەیە. تەنیا لە ئەم ساڵدا بەغدا نزیکەی 9535 کەسی لە کەسوکاری داعشە عێراقییەکانی کەمپی هۆل گەڕاندۆتەوە کە سەرەتا دەبردرێنە کەمپێکی گواستنەوە لە گوندی جەدعەی گەیارە. هەرچەندە ئەم شوێنە زیاتر لە 140 کیلۆمەترێک لە شنگالەوە دوورە، بەڵام ئەم پرۆسەی گەڕاندنەوەیە کە لەوانەیە بۆ نزیکەی 18000 عێراقی دیکەی ناو کەمپی هۆلیش بەردەوام بێت، ترسێکی لای ئێزدییەکان دروست کردووە. یاسای لێبوردنی گشتی کە داواکاری سوننەکانە لەگەڵ بەردانی نزیکەی 200 شەڕکەری داعش لە سووریاش لەو دواییانەدا ئەو ترسەی بۆ ئەوان زیاتر کردووە. ترسی لەناوچوون بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی  پاشخانێکی مێژوویی درێژیشی هەیە. بەشێكی زۆر لە فەرمانەكانی سەر ئێزدییەكان بەدەستی عەرەب، تورك و کوردە سوننییەكان کراوە. وەک لازارێف باسی دەکات تەنیا لە سەردەمی عوسمانیدا نزیکەی 20 لەشکرکێشی بۆ شنگال کراوە. ئەم دۆخە لە یادگەی بەكۆمەڵی ئێزدییەكاندا هەر ماوە و لەگەڵ رووداوەکاندا بەرهەمدەهێنرێتەوە. لەبەرئەوە، وشەی كورد لەلای بەشێک لە ئێزدییەكان پانتایی پێناسەكردنی ناسنامەی بەکۆمەڵیان لەگەڵ هاونەژادە موسڵمانەکانیان ناگرێتەوە كە بەیەك زمان قسەدەكەن و لەیەك تێدەگەن. ئەوان پێیان وایە هاوزمانە موسڵمانەكانیان، ئەوانەن کە لە بەشێكی زۆر لە فەرمانەكاندا دەستیان هەبووە و تەنانەت هاوكاری تورك و عەرەبە سوننەكانیان كردووە و کوشتاری ئێزدییەکان! ئەمەش قەڵشێكی گەورەی لە ناسنامەی ئایینی و ئەتنی ئەواندا دروستکردووە كە لەڕێی جەختکردنەوەیان لە ناسنامەی ئایینی خۆیان روونتر دەردەکەوێت. زۆرجار گوێت لەوە دەبێت کە هەندێکیان دەڵێن ئێمە نە عەرەبین نە کورد بەڵکو ئێزدین و ئەمەش لەو پاشخانەوە سەرچاوەی گرتووە. 

بێشک هەڵتەکاندنی ناسنامەی ئەتنی ئێزدییەکان و تۆخکردنەوەی ناسنامە ئاینییەکەیان تەنیا پەیوەندی بە ترسی مانەوەی ئەوانەوە نییە، بەڵکو بابەتێکە کە بە کەڵكی ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆی کوردستان و عێراقیش هاتووە. لە ئاستی ناوخۆیی کوردیدا بە شێوەی سەرەکی هێڵی پەکەکە و پارتی و تا ئەندازەیەکی کەمتریش یەکێتی لەبارەی ناسنامەی ئێزدییەکانەوە بەریەک دەکەون. پارتی لەڕێی زەقکردنەوەی رەچەڵەکی ئەتنی ئێزدییەکانەوە دەیەوێ کاریگەرییەکانی خۆی لە شنگال بپارێزێ. بۆ هەرێمی کوردستان شنگال سووچی سەرووی كەوانەیەكی جوگرافییە کە دەتوانێ لە ملی باكووری رۆژئاواوە لە بەرامبەر هەر جۆرە شەپۆلێكی فراوانخوازی دژە کوردی بەکەڵک بێت. لەلایەکی دیکەوە پەکەکەش لە ئاراستەیەکی پێچەوانەدا زیاتر حەز بە وێناکردنی ئێزدییەکانە وەک کەمینەیەکی ئایینی جیاواز دەکات، چونکە پێویستی بەوەیە کە گوتارەکەی لە دژی گوتاری پارتی بێت بۆ ئەوەی دەرفەتی شوێنکردنەوەی خۆی لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدییەکان بەدەستبهێنێت. لەڕووی جیۆستراتیژییەوە شنگال بۆ پەکەکە رێڕەوی گەیشتنە بە رۆژئاوا، لەبەرامبەریشدا تورکیا زیاتر لە دەرچەیەکی ئاسایشییەوە وەک هەڕەشەی "قەندیلی دووەم" تەماشای دەکات. 

بۆ عێراق قەڵایەکی سەربازییە بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی سنووری نێوان خۆی و سووریا، داعش و ئاسایشی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان. شنگال دەكەوێتە بەشی باكووری رۆژئاوای هەرێمی كوردستان و ناوچەیەكی گرنگی جوگرافییە لەنێوان هەردوو رووباری دیجلە و فورات. لە ملی باكوورەوە پارێزگای موسڵ و حەسەکە پێكەوە دەلكێنێ و لە باشووری رۆژئاواوە بە ناوچەی سوننەنشینی عێراق و لە باشووری رۆژهەڵاتیشەوە دەگاتەوە تەلەعفەر. نزیكەی 120 كیلۆمەتر لە موسڵ دوورە و دەشتی پڕ بەرەكەتی بۆ كشتوكاڵ و بەخێوكردنی مەڕوماڵات لە نزیك ئاوی دیجلە هەیە. زەقکردنەوەی ناسنامەی ئایینی ئێزدی لە جیاتی لە رەگەزە ئەتنییەکەیان دەرفەتێکی بێ وێنە بە بەغدا دەدات کە لە ماوەی درێژخایەندا قەڵایەکی گرنگ لە ناوچەکی پڕ لە سوننە و هەرێمێکی جیۆستراتیژی وڵاتدا دروست بکات. ناوچەکانی بەری باكووری چیای شنگال(شیمال) واتە ناحیەی سنوونێ و كۆمەڵگە و گوندەكانی دەورووبەری لەگەڵ ناوچەكانی بەری باشوور (قبلەتێ) كە شنگال و كۆمەڵگە و گوندەكانی دەوروبەری لەگەڵ ناحیەی گرعزێر (قەحتانییە) لە بەعاج بە زۆری كوردی ئێزدین. هەبوونی نفوسێکی جیاوازی وەک کوردی ئێزدی لە پارێزگای موسڵ بۆ بەغدا بایەخێکی لە رادەبەدەری هەیە و لەوانەیە یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی ئەو بایەخپێدانەی ئێستای حکومەتیش بە پرسی ئێزدییەکان ئەوە بێت.

 بۆ گرووپەکانی "میحوەری موقاوەمە"ش چیای شنگال بنکەیەکی سەربازی گرنگە بۆ کۆنترۆڵی رێڕەوەکان، درۆن و شەڕە گریمانییەکانی داهاتوو. دەشتەكانی بەری باشووری شنگال(قبلەتێ)، تاوەكو چاوبڕ بكات درێژ دەبنەوە و چیای شنگالیش بە بەرزاییەك لە دەوری 1400مەتر، دیمەنی تۆپۆگرافیی ئەم ناوچەیەی لە دەوروبەرەكەی جیاكردووەتەوە و بەسەر بیابانەكانی عێراق و سووریادا زاڵە. ئەم چیایە بە درێژایی 75 كیلۆمەتر بەرەو سووریا و رۆژئاوا هەڵدەكشێت و لە قوڵاییەكانیدا جێگەی خۆی دەكاتەوە. پانیی سەر چیا لە هەندێك شوێندا دەگاتە نزیكەی 17 كیلۆمەتر و بەوەش ناوچەیەكی تەخت لەسەر چیا پێكدەهێنێت كە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە خۆیان بە "سەردەشت" ناوی دەبەن. ئەو تایبەتمەندییانەش لەڕووی سەربازییەوە بۆ هەڵدانی و کۆنترۆڵی درۆن، تەقاندنی مووشەک بایەخی زۆری بۆ ئەکتەرە جیاوازەکان لەڕووی ستراتیژی بەرگری و هێرشەوە هەیە. بۆ نموونە ئەگەر مووشەک یان درۆن لە شوێنێکی وەک شنگالەوە بگیردرێتە ئیسرائیل، تەقریبەن بە دووریی 700 - 800 کیلۆمەترەوە بە نیوەی ئەو کاتە دەگات کە لە شوێنیکی وەک ئێران یان لە یەمەنەوە بتەقێندرێت. ئا لەبەر ئەوەیە کە چارەنووسی شنگال نەک تەنیا بۆ ئەکتەرە ناوخۆییەکان بەڵکو بۆ گەلێک ئەکتەری ناوچەیی و نێودەوڵەتیش گرنگە. هەر ئەوەش وایکرد کە رێککەوتنی ساڵی 2020ی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ ئیدارەی ئەو ناوچەیە هێشتا لەسەر کاخەز بمێنێتەوە و جێبەجێ نەکرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە باسکرا، دەردەکەوێت کە چۆنچۆنی زیادبوونی ناکۆکییەکانی نێوان کوردانی موسڵمان و کوردانی ئێزدی دەتوانێت بە کەڵكی ناکۆکی و ململانێیەکی گەورەتری جیۆسیاسی بێت لەم ناوچەیە.

Share this Post

شرۆڤە