شرۆڤە

ئەورووپا و سوڵحێکی پایەدار لە فەلەستین و کوردستان

27-05-2024


سێ وڵاتی ئەورووپی بەڵێنیان داوە کە لە ٢٨ی ئەم مانگەدا دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن و ئەگەر ئەوەش رووبدات، ئەوا ژمارەی ئەو دەوڵەتە ئەورووپییانەی کە فەلەستینیان قەبوڵە دەبێتە ١٠. راستییەکەی وڵاتی دیکە زۆرن کە ئەوەیان کردبێ بەڵام ئەمەی ئەورووپاییەکان گرنگە، چونکە بەشێکی زۆری ئەو کێشە ئەتنییانەی کە لە ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە زیندووی ماونەتەوە، جا لە فەلەستین بێ یان لەکوردستان، زادەی دەستوەردانی کۆلۆنیالیستەکانی ئەورووپایە. لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە ئیدی بابەتی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین شتێک نییە کە پشتگوێ بخرێت، چونکە بۆ دنیا دەرکەوت، نە سیاسەتی دابەشکردنی بزاڤی فەلەستینی بۆ ماوەی درێژخایەن سەردەکەوێت، نە بەهێزبوونیش ئیتر بەسە بۆ ئەوەی کە ئیسرائیل پارێزراو بێت، چونکە سەردەمی "بەهێزیی لاوازەکان"یش گەیشتووە! ئەمە بێجگە لەوەی زۆرێک لە زلهێزەکانی دنیاش جەخت لە چارسەری دوو دەوڵەت بۆ ئەو پرسە دەکەنەوە، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەم بابەتە ئەوەیە کە ئەم گۆڕانەی ساسەتی وڵاتانی ئەورووپایی سەبارەت بە دەوڵەتی فەلەستین دەتوانێت چ کاریگەرییەک لە سەر پرسی کورد دابنێت؟

لە ماوەی زیاتر لە ٧ دەیەی رابردوودا، هەمیشە کێشەی فەلەستین  زیاتر لە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رۆژەڤی دنیادا بووە، ئەوەش لە کاتێکدایە پرسی کورد چی لەڕووی ژمارەوە بێت یان لەڕووی کاریگەرییەوە، لەو گەورەتر بووە. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکم لەسەر داتای پێکدادانە سەربازییەکانی(UCDP) لە ماوەی نێوان ١٩٤٦-٢٠٢٢، لەسەر خاکی فەلەستین  ٦٦ پێکدادان دەرکەوتوون واتا ٦٦ ساڵ شەڕ بووە بەڵام هەر لەو ماوەیەدا ژمارەی گرنگترین پێکدادانە سەربازییەکانی پەیوەست بە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ١٠٠ ساڵ بووە، ئەویش بە هۆی زۆربوونی بەشەکانی کوردستانەوە. لەڕووی ئاستی توندوتیژی و قوربانییەکانیشەوە، پرسی کورد خوێناویترین پرسی ئەتنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە. بەپێی پێوەرەکانی وابەستەیی شەڕ، هەر پێکدادانێکی سەربازی کە لەماوەی ساڵێکدا زیاتر لە ١٠٠٠ قوربانی لێ بکەوێتەوە بەشەڕ دادەنرێت و، ئەوەشی کە ژمارەی قوربانییەکانی لە نێوان ٢٥-٩٩٩ کەس بێت لە ساڵێکدا، بە پێکدادانی بچووک هەژمار دەکرێن.  بە گوێرەی ئەوەش لە کۆی ٦٦ پێکدادانەکەی فەلەستین تەنیا ٢ دانەیان بە شەڕ هەژمارکراون، لە کاتێکدا ٢٢ پێکدادانی کوردی بە شەڕ دادەنرێت، ئەوەش بەرزیی ژمارەی قوربانییەکانی کورد دەخاتە پێشچاو.

 هەروەها بە گوێرەی داتای پاڵشتیی پێکدادانەکانیش، لە ماوەی نێوان ١٩٧٥-٢٠١٧دا، ١٠ رێکخراوی فەلەستینی لە ٢٠٣ پێکداداندا، ١٧٨ جار یارمەتیی دەرەکییان وەرگرتووە، لە کاتێکدا هەر لەوماوەیدا رێکخراوە کوردییەکان لە ١٨٨ پێکداداندا ٩٥ جار یارمەتیی دەرەکییان وەرگرتوە. هەڵبەت یارمەتییەکان بۆ لایەنە کوردییەکان زیاتر رێگەدان بەبەکارهێنانی خاک بوو لە کاتێکدا یارمەتی راستەوخۆ، پێدانی چەک و راهێنان بۆ بزاڤەکانی فەلەستین زیاتر بووە. لە ساڵی ١٩٨٨وە  ١٣٩ وڵاتی جیهانیش دانی بە سەربەخۆیی فەلەستیندا ناوەو، لە ساڵی ٢٠١٢دا وەک چاودێر لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگیراوە. دەستەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکرتووەکان لە ٢٠٠٦وە  ٩٥ بڕیارنامەو، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە گشتی ٢٩٦ بڕیار و کۆبوونەوەی گشتی ئەو رێکخراوەش تا ئێستا، ٨٩٩ بڕیارنامەی لەبارەی فەلەستین دەرکردووەو ئەوەش دەریدەخات کە چۆنچۆنی پرسی فەلەستین لە ماوەی ٧ دەیەی رابردوودا بە شێوەیەکی ئەکتیڤ لە رۆژەڤی جیهاندا بووە. لەبەرامبەردا گرنگترین بڕیارێک کە تایبەت بە پرسی کورد درابێت، بڕیاری ٦٨٨ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکرتووەکان بووە. هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ ویاسای نێودەوڵەتی، فەلەستین مافی خۆیەتی ببێتە دەوڵەت و گەلێک کەسیش دان بەوەدا دەنێت بەڵام کاتێک دەگاتە سەر پرسی کورد چیرۆکەکە دەگۆرێت.

هەڵبەت هەندێکجاریش کاریگەری پرسی فەلەستین لەسەر پرسی کورد جیاوازتر بووە، بەتایبەت لە قۆناخی ١٩٦٠کاندا، ئەو کاتەی کە جەمال عەبدولناسر پێشوازی لە بارزانی دەکرد و داوای لەعێراق دەکرد کە مافی ئۆتۆنۆمی بە کورد بدات. ئەو کات عەرەب کێشەی لەگەڵ ئیسرائیل هەبوو بۆیە بەشێکیان پێیانوابوو کە نابێ بە پرسی کوردەوە سەرقاڵ بن.  نازانم ئایا رۆژێک دێت کە زانیارییەکی نهێنیمان پێبگات سەبارەت بەوەی کە ئایا هیچ پەیوەندییەک هەیە لەنێوان بڕیاری٣٢٣٦ن ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەربەخۆیی فەلەستین لە ساڵی ١٩٧٤ و نسکۆی شۆڕشی کورد لە ١٩٧٥ یان نا، بەڵام لە کۆتاییەکانی ١٩٧٤دا بڕیاری سەربەخۆیی فەلستین درا و  تەنیا ٤ مانگ دواتریش ئەمریکا و ئێران پشتیان کردە کورد و شۆڕشەکەی هەرەسی هێنا. ئیدی لەوە بەدواوە، نە فەلەستین بووە دەوڵەت نە شۆڕشی کورد سەرکەوت!

لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، کێشەی فەلەستین جارێکی دیکە بەشێوەی ئەکتیڤ رۆژەڤی دنیای گرتووەتەوە و پرسی کوردیش کە تا چەند ساڵێکی کەم لەوەوەپێش، وەک قارەمانی شەڕی دژی تیرۆر دەردەکەوتن لە پاشەکشەدایە. هەڵبەت دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین رێگە بۆ دەرکەوتنەوەیەکی گەورەتری پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکاتەوە، بۆیە چەندەی ئیسرائیل بەداوی رێکنەکەوتنەوە بێت، ئەوەندەش ولاتێکی دیکەی ناوچەکە هەن کە لە راستیدا نایانەوێت پرسی فەلەستین چارەسەر بێت، ئەویش بە هۆی ئەو کاریگەرییە گریمانەییەی کە دەتوانێت لەسەر پرسی کورد دایبنێت. ئەزموونی شەڕی ئیسرائیل- فەلەستین چەند وانەیەکی بۆ پرسی کورد تێدایە کە دەشێ پەندی لێوەربگیرێت:

 یەکەم: ئەو پرسە چارەسەرێکی سەربازییانەی نییە. لە ماوەی ٧٦ ساڵی رابردوودا فەلەستینییەکان ٦٦ ساڵ شەڕیان کردو بەوەش، نەیانتوانی دەوڵەتێک دامەزرێنن. ئیسرائیلیش نەیتوانیوە بەشەڕ بیباتەوەو مافی فەلەستینییەکان بە تەواوی زەوت بکات. ئەمە بۆ پرسی کوردیش وایە. بە کۆی بزاڤەکانی کوردەوە لەو ماوەیەدا، ١٠٠ ساڵ شەڕ و پێکدادان کراوە و تەنیا لە نموونەی ١٩٧٠دایە کە کورد توانیویەتی بەشەڕ مافێکی سیاسی گەورە بەدەست بێنێت. ئەوەی دیکە پاڵنەری سیاسی و جیۆپۆلەتیکی دیکەی لەگەڵ بووە. هەڵبەت هیچ دەوڵەتێکیش نەیتوانیوە کورد لەناوبەرێت، جا چی لە سەرەتای ٢٠ کانی سەدەی رابردوو بێت کە نفووسی کورد لە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هەموویەوە لە دەوری ٤ ملیۆن کەسێکدا بوە، یان ئێستا کە پێشبینی دەکریت ئەو ژمارەیە لەنێوان ٣٠-٤٥ ملیۆن کەسێکدا بێت.

 دووەم: تەنیا بەهێزبوون و زۆرداری بەس نییە بۆ ئەوەی هیچ دەوڵەتێک پارێزراو بێت. ئیسرائیل بە پاڵپشتی گەورەترین دەوڵەتی دنیا و پێشکەوتووترین چەکەمەنی سەردەمەوە دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت. بێشک ئەو دەتوانێت زۆر شت بکات بەڵام ئەستەمە لە ماوەی درێژخایەندا سەرکەوتوو بێت. تەنانەت ئەگەر حەماسیش لەناوببات وەک ئەوەی کە باسی دەکات، رێ دەکاتەوە بۆ ئەوەی رێکخراوی رادیکاڵتر لە داهاتوودا دەرکەون. ئەمە دەقاودەق بۆ پرسی کوردیش وایە. ئێستا دەوڵەتانی ناوچەکە دەتوانن بە پشتبەستن بە دۆخی ناوخۆیی ئێستای کورد، لەڕێی بەکارهێنانی گوشاری ئابووری، سەربازی و رێککەوتنی دوولایەنە و چەندلایەنەی سیاسی و سەربازی، پرسی کورد کپ بکەنەوە وەک ئەوەی کە ئێستا خەریکن. تەنانەت دەتوانن زۆرێک لەو ئامانجانەش کە دایانناوە  دەستی بخەن، چونکە هاوشێوەی ١٩٢٠، ١٩٧٥، ١٩٩٠ و ٢٠١٧، رۆژائاوا پشتی کوردی بەرداوە یان لانیکەم وەک جاران نییە بۆی، بەڵام هیچ گومانێکی تێدا نییە کە ئەو پرسەگرنگە ناسنامەییەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئێستاش کپ بکرێتەوە، دەکرێ ساڵانی دیکە دەربکەوێتەوە. لە کۆتایی ٣٠کانی سەدەی رابردوو، هەریەک لە عێراق و تورکیا و لە دوای شەڕی جیهانی دووەمیش ئێران، بزاڤە کوردییەکانیان سەرکوت کرد بەڵام لە عێراق لە ٦٠ کانەوە، لە تورکیاش لە کۆتایی حەفتاکان و لە ئێرانیش لە هەشتاکان جارێکی دیکە ئەو پرسە بە توندییەکی زیاتر لە جاران سەری هەڵدایەوە کە تا ئێستاش بەردەوامن.

 سێیەم: سیاسەتی - ئیسرائیل بۆ دابەشکردنی بزاڤە سیاسی سەربازییەکانی فەلەستین لە نێوان فەتح و حەماس سەری نەگرت، وەک چۆن سیاسەتی دابەشکردنی کوردانیش بە تایبەتی لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ هەمیشە سەرکەوتوو نابێت. هەوڵەکانی چارەسەرکردنی پرسی فەلەستینیش سەرەڕای نابەدڵییەکانی ئیسرائیل، دواجار دەتوانێت یارمەتی ئاشتی و سەقامگیری زیاتر بدات وەک چۆن هەوڵەکانی چارەسەرکردنی پرسی کوردیش هەمان کاریگەریی دەبێت. ئەگەر دەوڵەتانی ئەم ناوچەیەش داوای سەقامگیری و ئاشتی دەکەن، هیچ رێگەیەک نییە جگە لە رێککەوتن لەگەڵ کورد و دەکرێ عێراقی فیدراڵی وەک ئەوەی دەستوور باسی کردووە نموونەیەکی باش بێت ئەگەر بەرەو خراپیی نەبەن.

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا کە بڕیارە رۆژی سێشەممە لەگەڵ ئیرلەندا و نەرویجدا دان بە سەربەخۆیی فەلەستیندا بنێت، گوتوویەتی لەبەر ئاشتی، دادپەروەری و سەقامگیری بریارێکی وا دەدن. هێشتا دیار نییە کە دواجار ئەم هەنگاوە رێگا دەکاتەوە بۆ ئەوەی کە ئەورووپا وەک یەکێتییەک کار بۆ سەربەخۆیی فەلەستین بکات یان نا، چونکە هێزە سەرەکییەکانی یەکێتی ئەورووپا واتا ئەڵمانیا و فەرەنسا هەر جەخت لەچارەسەری دوو دەوڵەت بەڕێی دیالۆگ دەکەنەوە کە ئەوەش ناڕاستەوخۆ واتای مەرجی رازیبوونی ئیسرائیل دەدات، بەڵام ئیمانوێل ماکرۆن قسەیەکی تازەی کردووەو گوتوویەتی، لە فەرەنسا قسەکردن لەسەر دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین بە بێ گفتوگۆش ئیدی شتێکی تابۆ نییە. ئەمە گۆڕانکارییەکە بەئاراستەی دروست، ئەویش لە پاش ئەو بەرپرسیارییە مێژووییەی کە هەریەک لە فەرەنسا و بەریتانیا لە بەرامبەر پرسی فەلەستین و کوردستاندا هەیانە کە بێجگە لە دەرئەنجامە سیاسییەکان، دەیان کارەساتی مرۆیی لێکەوتۆتەوەو هەقی ئەوەی هەیە بە رەسمی داوای لێبوردنیان لێ بکرێت. ئەورووپای ئێستا کە خۆی بە سەرقافڵەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەزانێت، لە قازانجیدایە بۆ رێگرتن لە تیرۆر، پەنابەری و ناسەقامگیری کە دووکەڵەکەی دەچێتە چاوی، پشتیوانی لە چارەسەری پرسی کوردو فەلەستینییەکان بکات، ئەمە بێجگە لەوەی کە وەک میراتگری سیاسەتی کۆلۆنیالیستی بەریتانیا- فەرەنسا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لەوڕووەوە بەرپرسیارییەکی سیاسی و ئەخلاقیی لەسەر شانە و، ناتوانێت بە پاساوی حەماس یان گرفتەکانی کەمیی دیموکراسی لە سیاسەتی کوردیدا خۆی لەو بەرپرسیارە بدزێتەوە، چونکە دیارە کە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، چۆن لەگەڵ نادیموکراتیکترین رژێمە سیاسییەکانی جیهاندا هەڵ دەکات.

  هەوڵەکانی پالپشتی ئەورووپا لە دۆزی فەلەستین شتێکی زۆرباشە، بەڵام لە راستیدا ئاشتی، دادپەروەری و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە بێ چارەسەرکردنی پرسی کورد قاچێکی بە شەلی دەمێنێتەوە. دەیڤید فرۆمکین لە سەرەتای کتێبەکەیدا گوتەی ئەفسەرێکی ئینگلیز دێنێتەوە کە دەڵێ، "دوای شەڕێک کە کۆتایی بە هەموو شەڕەکان هێنابوو، سوڵحێکیان کرد کە هەموو ئاشتییەکی لەناوبرد."  زیاتر لە سەت ساڵ بەسەر ئەو سوڵحە ناسوڵحەدا تێپەڕی و کێشەکان هێشتا بەردەوامن، بۆیە ئەمجارەیان سوڵحێک پێویستە کە بەڕاستی سوڵح بێت!

Share this Post

شرۆڤە