ئەم باباتە هەڵبگرە
بەرایی
بە ئەگەری زۆر" گەمە گەورە"کەی وڵاتان لەسەر شامی ئێستا کاریگەرییەکی بەرچاو لە سەر داڕشتنەوەی هاوسەنگییە هێزدارییەکانی رۆژئاوای ئاسیا دادەنێت. سووریای سەردەمی جۆلانی شوێنی بەریککەوتنی سێ پرۆژەی جیۆپۆڵەتیکی گەورەی ناوچەییە: خەیاڵی تورکیای گەورە کە ساڵانێکە ئەردۆغان باسی دەکات، میحوەری موەقاوەمەی ئێرانی - شیعی و پرۆژەی ئیسرائیلی! ئەمە لەگەڵ گەمە گەورە هێزدارییەکەی جیهانیش هاوتەریبە کە ئێستا باڵی بەسەر ئاسیا- پاسیفیک، جەمسەری باکوور، ئەورووپا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقاشدا کێشاوە. هاوشێوەی ساڵانی دوای شەڕی جیهانی یەکەم، هەموو لایەک لە دەردی ئەوەدایە کە لە گەمە گەورەکاندا شوێنی خۆی بکاتەوە. سەبارەت بە کورد، پێچەوانەی جاران لە دەرەوەی یارییەکان هێڵدرایەوە، ئێستا دەرفەتێکی زۆرتر لە جاران بۆ کورد لە بەردەستدایە و، لەوانەیە خەزانی ئەسەد دەرگای بەهارێکی کوردی بکاتەوە، هەرچەندەی کە مەترسییەکانی دووبارە بوونەوەی مێژووش کەم نین.
سووریای جۆلانی و پرسی کورد
بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، جۆلانی ئێستا چاوەڕێی وەڵامێکی مەزڵوم کۆبانییە بۆ ئەو داواکارییانەی لە دیدارەکەیاندا باسی کردبوون کە پێدەچێ هێڵە ئەستوورەکانی ئەمانە بن: یەکپارچەیی سووریا، مافی کولتوری و هاوڵاتیبوونی یەکسان و تێکەڵاوبوونی هەسەدە بە سوپای نوێ بە جۆرێک کە وەک پێکهاتەیەکی جیاواز نەمێنێتەوە. بێجگە لەوەش دەرچوونی شەڕڤانە بیانییەکان! زنجیرەیەک داواکاری کە پێدەچێ شتێکی ئەوتۆی بۆ کورد وەک پێکهاتەیەکی ئەتنی تێدا نەبێت. بەڵام ئەگەر ئەو داواکارییانە جێبەجێ نەکرێن چی روودەدات؟ ئایا جۆلانی بە پشتیوانی تورکیا سەرەتا هەوڵ بۆ دابڕاندنی ناوچە عەرەبنشینەکانی وەک تەبقە و رەققە دەدات و دواتر شەڕی هەسەدە دەکات؟ ئەمە ئەگەرێکە بەڵام جارێ وادیارە جۆلانی ئەوەندەی تورکیا پەلەی نییە بۆ ئەوەی کە ئەو پرسانە یەکلا بکاتەوە چونکە:
لەوانەیە تورکیا پاڵپشتی بێت و سەرکەوتووش بێت لەوەی کە هەندیک لە خێڵەکانی هاوپەیمانی هەسەدە بەرەولای خۆی رابکێشێت، بەڵام ئەمە دەتوانێت لەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە بێبەشی بکات کە زۆر پێویستی پێیەتی. جۆلانی لە لایەک لە دەردی ئەوەدایە کە مۆری رابردووەکەی لەنێوچاوانی خۆی و هەتەشە بسڕێتەوەو لەلایەکی دیکەش پێویستی بە پارەیەکی زۆرە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتێک کە کە زیاتر لە ١٣ ساڵە لە شەڕی نێوخۆییدایە و کەلاوەی ئابووریییەکی وێرانی بۆ ماوەتەوە. وا مەزەندە دەکریت لانیکەم ٢٥٠ ملیار دۆلاو و لانی زۆریش ١ تریلیۆن دۆلار پێویست بێت بۆ بنیاتنانەوەی سووریایەک کە بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەسی دانیشتوانەکەی ئاسایشی خۆراکیان نییە و لەوانەش زیاتر لە ٣ ملیۆن کەسیان لە قات و قڕی دا دەژین. ئەمە بێجگە لەوەی کە نادڵنایییەکی سیاسی هەیە و کۆنترۆڵکردنی دەیان گرووپی چەکداری جیا جیا کارێکی هەروا ئاسان نابێت. بێجگە لەوە پاڵپشتی وڵاتانی رۆژئاوایی و هەوڵەکانی ئەمدواییەی یەکخستنی لایەنە کوردییەکان بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و هەرێمی کوردستان پێگەی ئیدارەی خۆسەری لە رۆژانی دوای کەوتنی ئەسەد بەهێزتر کردووە. کۆبانیش پەلەی نییە ئەم بابەتە یەکلا بکاتەوە چونکە دەزانێ کێشمەکێشکی گەورەتر لە ئارادایە و بێجگە لەوەش، چاوێکی لەگفتوگۆکانی ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیایە تا بەشکەم بەهۆی "کرانەوەیەکی گریمانەیی" لەوێ، گوشارەکانی ئەنکەرەی لەسەر کەمتر بێتەوە.
لە راستیدا حیسابەکانی جۆلانی – کۆبانی هەرچۆنێک بن، گەمەیەکی گەورەتر لەسەر شام هەیە کە بە ئەگەری هەر ئەوەش چارەنووسی وڵاتەکە یەکلا دەکاتەوە.
ستراتیژی ئیسرائیل بۆ سووریای داهاتوو
کەوتنی ئەسەد وەک شمشێرێکی دووەسەرە بۆ ئیسرائیل؛ لەلایەک مەترسی ئێرانی بۆ کەم کردووە، بەڵام لە لاکەیتر دەسەڵاتێکی سوننەی کردۆتە دراوسێی و، مەترسی تورکیاشی بۆ زیاد کردووە. بۆ تورکیاش کەوتنی ئەسەد و هاتنی جۆلانی وەک دوو شەشێک وایە بۆ فراوانکردنی نفوزی ناوچەیی لەڕێی بزاڤە ئیسلامییەکان و، بەڵام لەو شوێنەی کە پەیوەستە بە پرسی کوردەوە کە مەتەڵێکی بۆ دروستکردووە. ئێران و عێراق زیانباری کەوتنی ئەسەدن بەڵام پێیانوایە یارییەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و دەشێ خۆیان بۆ دەرفەتیکی دیکە مەڵاس دابێت.
ئیسرائیل دەرفەتێکی کەم وێنەی دەستکەوتووە بەڵام نادڵنیاییەکانی لە توانای ئێران بۆ بنیاتنانەوەی رێگاکانی قاچاخ و گەیاندنی چەکەمەنی بە حیزبوڵلا و حەماس لە ماوەی درێژخایەن، هەروەها نادڵنیاییەکانی لە رژێمی داهاتووی سیاسی لە دیمەشق و فراوانبوونی رۆڵی ناوچەیی تورکیا، نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە. هەرچەندەی پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل بۆ ناوچە قەدەخەکراوە سەربازییەکانی خۆی لەگەڵ سووریا، بەس نییە بۆ داخستنی ئەو کوریدۆر وشکانییەی کە ئێران جاران لەوێوە چەکی دەگەیاندە حیزبوڵلا، بەڵام دەتوانێت بۆ دانانی سیستەمی رادار و چاودێری هێرشی موشەکی و درۆن، هەروەها بۆ پتەوکردنی سیستەمی هەواڵگری بەکەڵک بێت. لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا ئیسرائیل راگەیاندبوو کە تونێلێکی بە درێژایی ٣.٥کم لە نزیک دەروازەی سنووری ئەلمەسنا لە سنوری دیمەشق تێکداوە کە لەوێوە چەکەمەنی دەگەیشتە حیزبوڵڵا. ئەوەش لانیکەم ٣٠ کم لە بەرزاییەکانی چیای حەرموونەوە دوورە لە ئێستا ئیسرائیل گرتوویەتی. ئیسرائیل لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵی رابردوودا 14,638 جار هێرشی کردۆتە سەر حیزبوڵلا و بەوەش تاڕادەیەکی زۆر توانستە سەربازییەکانی تێکداوە، لە دوای ئاگربەستەکشیان لە ٢٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٤ بەملاوە زیاتر لە ١٨٠ هێرشی دیکەی کردووە کە دەتوانێت نیشانەیەک بێت لەوەی کە پرسی بەهێزبوونەوەی حیزبوڵڵا نیگەرانییەکی ستراتیژییە بۆ ئیسرائیل و لەوبابەتەشدا، سنووری سوریا و لوبنان بایەخێکی ئێکجار گرنگی بۆ هەردوولا هەیە. سنوورەکە ٣٩٤ کم درێژە، بەڵام فاکتەری یەکلاکەرەوە لە گرتنی سنوورەکە بەڕووی ئێران و میحوەری موقاوەمە، نەک تەنیا ئیسرائیل بەڵکو هەڵوێستی سووریای پاش ئەسەدیشە کە لانیکەم جارێ وا دیارە کە ئەو کۆریدۆرەی داخستبێت. ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا توانای سەربازی حەماسیشی تێکداوە بەڵام کەرتی رۆژئاوا شوێنێکی ستراتیژی گرنگە کە ئەگەر لە ماوەی درێژخایانەدا حەماس دەست بە چیاکانی ئەوی بگات کە بەسەر شارە کەناراوییەکانی ئیسرائیلدا دەڕوانن، ئەوسا مەترسییەکی گەورەتر بۆ ئیسرائیل دروستدەکات. ئەم بابەتەش پەیوەندییەکی راستەوانەی لەگەڵ لە سنووری ئوردن و سووریا هەیە؛ ئەگەری کردنەوەی رێگایەکە لە سنووری ئوردنەوە بۆ گەیاندنی چەکەمەنی بۆ کەرتی رۆژئاوا لە رێگەی قاچاخەوە. بۆیە ئیسرائیل هاوشانی پێشڕەی بەرەو باکوور و سنورەکانی دیمەشق، بەرەو سوەیدا و سنوورەکان سووریا و ئوردنیش هاتووە.
لە روانگەی ئیسرائیلەوە رژێمێکی ناوەندی- ئایدۆلۆژی( سوننەی رادیکاڵ) ئەمڕۆش نەبێت، سبەی هەر مەترسیی سەربازی بۆ دروستدەکات، بۆیە لە ماوەی ٤٨ کاژێری دوای کەوتنی ئەسەددا، نزیکەی ٨٠٪ی توانست و ژێرخانە سەربازییەکانی تەفروتونا کرد و دەیەوێ حکومەتێکی لاواز و سیستەمیکی ناناوەندی لەسەر کار بێت. ئالێرەشدا لەگەڵ تورکیا هاوتەریبە کە سووریای داهاتوو بەهێز نەبێت بەڵام لەوەدا جیاوازن کە جۆری رژیمە سیاسییەکەی چۆن بێت.وەزیری دەرەی ئیسرائیل جەندجارێکە باسی پەیوەندی خۆیان لەگەڵ کورد و کەمینەکانی سووریا دەکات. ئەمەش رێک ئەو خاڵەیە کە تورکیا لێی نیگەرانە.
تورکیا و سووریای جۆلانی
بۆ تورکیا کەوتنی ئەسەد بژارەی یەکەم نەبوو بەڵام کە رۆیشت، دەرفەتێکی گەورەی بۆ دروست کرد تا بە یارمەتی بزاڤە ئیسلامییەکان جۆرێک لە کاریگەرییە ناوچەییەکەی زیاتر بکات؛ ئەمەش بابەتێک بوو کە هەر لەکاتی بەهاری عەرەبی و هاتنە سەرکاری ئیخوانەکاندا بە تایبەتی لە میسر، وەک هەنگاوێک بۆ گەیشتن بە "تورکیای گەورە- سەردەمێکی نوێ عوسمانی " سەیردەکرا، بەڵام ئەو کات سەری نەگرت. خەیاڵی تورکیای گەورە لە ئایدیای جیۆپۆڵەتیکی تورکیدا وڵاتێک وێنا دەکات کە لە جوگرافیایەکی پان و بەریندا لە ئاسیای ناوەڕاستەوە بگرە هەتا ئازەربیجان و باشووری قەفقاسیاو ولەوێشەوە بە کۆریدۆری زەنگەزۆرەوە کاریگەری هەبێت. لە ملی باشوورەوە بەڕووی وڵاتانی عەرەب و خەلیجدا بکرێتەوە و لە ئەفریقاشدا نفوزی هەبێت و کاریگەرییەکانی لە سنوورە ئاوییەکانی دەریای مەدیتەرانەوە هەتا لیبیا بڕوات. لە نێوان جەمسەرە گەورەکانی هیزداریدا لە دنیا قسەی خۆی هەبێت و ئابوورییەکەی بەهیز بێت و سەرکردایەتی دنیای ئیسلامی- سوننی بکات.
بە هاتنی جۆلانی وەک دەسەڵاتدارە دیفاکتۆکەی سووریا، تورکیا دەرگایەکی راستەوخۆی بۆ پەیوەندی بە دنیای عەرەبی بۆ کرایەوە و هیواکانی بۆ فراوانکردنی نفوزە ناوچەییەکەی زیاتر بوون. بەڵام بەربەستە سەرەکییەکەی تورکیا لێرەدا ئەوەیە کە ئایدیای"خەیاڵی تورکیای گەورە" لە گەلێک شوێنیدا لەگەل پرۆژە ئێرانییەکەی میحوەری موقاوەمەدا بەریەک دەکەون وەک چۆن لە بابەتی سووریا و کۆریدۆری زەنگەزۆر لە باشوری قەفقاسیا لە دژی یەکن و لەوانیە لە عێراقی داهاتووشدا رووبەڕووی یەک ببنەوە. رابەری ئێران لە دوای کەوتنی ئەسەدەوە زیاتر لە ٣ جار تورکیای بە هاوکاری ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار کردووە و گوتویەتی شۆڕشێکی لاوانی سووری دۆخەکەیان بەسەردا قڵپ دەکاتەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری دەرکەوتنی شەڕێکی نێوخۆیی لە سووریا. نووری مالکی سەرۆکوەزیرانی پیشووی عێراقیش لە دوایین دیمانەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە دوای سووریا، ترسیان لە فراوانخوازییەکی گریمانەیی تورکیا لە عێراقیش هەیە. میسر، ئوردن و بەشێک لە وڵاتانی خەلیجیش نیگەرانن لەوەی کە نەکا بەهێزبوونی تورکیا شەپۆلێکی دیکەی بەهێزبوونی ئیخوانەکانی لێبکەوێتەوە. هەرچی ئیسرائیلە، نایەوێ ئێرانێکی دووەمی تووش بێت، بۆیە فراوانبوونی نفوزی تورکی بە مەترسییەک بۆ خۆی دەزانێت. بە کورتی دۆستەکانی تورکیا نایانەوێ هاوپەیمانەکەیان ئەوەندە گەورە بێت کە لە کۆنترۆڵیان دەربچێ و نەیارەکانیشی ئەوەیان ناوێت.
خاڵێکی دیکەی جێگەی پرسیار ئەوەیە کە ئایا جۆلانی تاسەر بە نزیکی لەگەڵ تورکیا دەمێنێتەوە یان نا؟ بێگومان دۆخی ئێستای جۆلانی جیاوازە لەو سەردەمانەی کە لە ئیدلب بوو. ئێستا دەسەڵات و دەرفەتی زیاتری لەبەردەستدایە و بە لەبەر چاوگرتنی ئەزمونی تاڵیبان و پاکستان کە چۆن دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات گرژی کەوتە بەینیان، هیچ گەرەنتییەک نییە کە دۆخی سووریا بۆ تورکیا تاسەر وەک ئێستا بمێنێتەوە. لەوانەیە هەر لەبەر ئەوەش بێت کە هێشتا گڵۆپێکی سەوزی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەکدارانە دانەگیرساندووە کە بۆ خۆی راستەوخۆ پشتیوانییان دەکات.
تورکیا دەتوانێت لە بنیاتنانەوەی ژێرخانی سووریادا دەوری هەبێت کە دەشێ وەک دەرمانێک بێت بۆ ئابووریی ئێستای تورکیا. هەروەها دەتوانێت بەشێک لەو ٣١١٢٦٨٣ پەنابەرە سورییانە بگەڕێنێتەوە کە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا یەکێک لە هۆکارەکانی کەمکردنی دەنگەکانی ئاکپارتی بوون. ئەمەش دەرفەتە بۆی، بەڵام خاڵی هەر گرنگ لە رووداوەکانی سووریا بۆ ئەنقەرە گۆڕینی رژێمی سیاسی بوو کە لە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیەی پێش ٢٠٢٤دا، بێجگە لە ساڵانی ١٩٩٩-٢٠٠٣، بە بێ دابڕان پشتیوانیی لە پەکەکە کردبوو. لەداوی ١٩٨٤وە تاوەکوو ٢٠١٧، لە کۆی ٥٤ جار یارمەتی دەرەکی کاریگەر بۆ پەکەکە لە شەڕەکانیدا لەگەڵ تورکیا، سووریای ئەسەدی باوک و کوڕ، بە ١٥ جارەوە لە پێش هەموو ئەو لایانانەوە بوو کە پشتی پەکەکەیان گرتبوو. ئیسرائیلیش ئەوکات پاڵپشتییەکی بەهێزی لە تورکیا کردبوو.
ئێستا کە ئەسەد نەما و تورکیا دەیەوێت بە کەڵک وەرگرتن لە تێکەڵاوکردنی ئەزمونی ئیسرائیل لە شەڕی حەماس و حیزبوڵڵا، هەروەها ئەزمونی ئێرانی بۆ دوورخستنەوەی موجاهیدنی خەڵق و حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات لە سنوورەکانی خۆی، لەڕێی گوشارێکی سەربازی و دانوستاندنێکی هاوتەریب پرسی پەکەکە- یەپەگە چارەسەربکات.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتوویەتی ئیدی وەک جاران هیچ وڵاتێک پشتیوانی لە پەکەکە ناکات و هەندێک بە دەردی خۆیانەوە هەڵەوگیر بوون و هەندێکی دیکەش بە راستی نایانەوێ ئەو کارە بکەن. دەشێ ئەمە ئاماژەیەک بێت بۆ ئێران و عێراق، ئەمریکا-ئەورووپا و ئیسرائیل!
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی پەیوەندیی تەلەفۆنی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و ئیلهام ئەحمەد لە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا گوتبووی ئێمە ئاگامان لە هەموو شت هەیە بەڵام ئەو هێشتا قسەیە نەبووەتە هەڕەشەیەکی کرداری لەسەر تورکیا. بە ئەگەری زۆر دواجار تورکیا چاوی لەوەیە بە هاتنی ترەمپ نێوانی لەگەڵ ئیسرائیل باش بێتەوە، بە تایبەتی کە ئێستاش ئاگربەستیش لە غەزە راگەیێندراوە. ترەمپ لە ماوەی رابردوودا باسی لە فراوانکردنی رێککەوتنی ئابراهام کردبوو کە دەشێ مەبەستەکەی ئاشتکردنەوەی تورکیاو ئیسرائیل بووبێت. پێدەچێ گوشارەکانی ئەمریکا بۆ لەبەرچاوگرتنی داواکارییەکانی تورکیا لەبارەی "شەڕڤانە بیانییەکان"ی ناو هەسەدە و جەختکردنەوەی لەوەی کە تەنیا بۆ شەڕی داعش لەوێیە هۆکارێک بێت بۆ ئەو قسەیەی ئەردۆغان کە ئیدی وڵاتان وەک جاران پشتی پەکەکە ناگرن. وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئوردنییەکەی لەبارەی عێراقەوە قسەیەکی کرد کە میدیا زۆر بەرجەستەی نەکردەوە. فیدان رۆژی ٦ی مانگ گوتبووی ئێمە تێناگەین کە بۆچی دۆستەکانمان لە عێراق چاوپۆشی لە هەبوونی پەکەکە لە شەنگال دەکەن. ٨ رۆژ دوای ئەوەش وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتی کە ئێمە هەندێک لە هێزەکانی سووریای دیموکراتمان دەرکردووە کە بە هەڵە لە خاکی عێراق جێگیر ببوون. رەنگە مەبەستێکی دیکەی قسەکانی ئەردۆغان ئێران بێت کاتێ کە دەڵێ" ئێستا کەوتوونەتە دەردی خۆیان" ئێران لە ماوەی زیاتر لە ٣ دەیەی رابردوودا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی لە پەکەکە کردووە بەڵام وادیارە کە تورکیا پێیوایە کە نابێ ئەوە بەردەوام بێت. هاکان فیدان لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دیداری قائانی- کۆبانی، گوتی ئێمە پێمانوایە ئێران واز لەو سیاسەتە دەهێنێت وئێمەش پشتگیریمان لە دژبەرانی ئەوان نەکردووە. گوتەیەک کە هەم هیوای تێدایە، هەمیش هەڕەشە!
بە کورتی دەتوانین بێژین کە بە ئەگەری زۆر جارێ دەوڵەتێکی وا پەیدا نابیت کە لەبەر پەکەکە سڕی تورکیا بکات و بە ئاشکرا پشتی بگرێت بەڵام وا چاوەڕاندەکرێت کە ژێربەژێر ئەو کارە بکەن. هەر لەبنەڕەتدا یەکێک لە هۆکارەکانی دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ ئۆجەلان، نیگەرانیی تورکیایە ریگرتن لە گەیشتنی یارمەتی دەرەکی زیاتر بۆ پەکەکە.
ئێران و سووریای دوای ئەسەد
لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا پاشەکشەیەک لە دەسەڵاتدارییەکانی شیعەی ناوچەکەدا بەدی دەکرێت: لە لوبنان دوای دوو ساڵ قەیران سەرککۆماریکی دوور لە حیزبوڵڵا هەڵبژێردرا و توانستی سەربازی حیزبوڵلا زیانی زۆری پێگەیشت و گرووپەکانی میحوەری موقاوەمە لە سووریا کشانەوە. بەهێزبوونەوەیەکی سیاسەتی سوونی و کوردی لە عێراق بە دی دەکرێت و بەشێک لە سیاسەتمەدارانی شیعە لەبەغدا هەم ترسی ترەمپ دایگرتوون هەمیش ئەگەری بەهێزبوونی رۆڵی تورکیا لە عێراق و تەنانەت هاتنی بۆ سەرچاوەکانی نەوتی کەرکوک. لە ئێران نێگەرانییەک لە ئەگەری هێرشێکی گریمانەیی ئەمریکا- ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ئەگەری ناڕەزایی ناوخۆیی و هەستانەوەی داعش لە سنوورەکانی دیالە- کرماشان لە ئارادایە.
لە گوتەکانی عەلی خامنەیی رابەری ئێرانەوە دیارە کە خواستی زیندووکردنەوەی میحوەرەی موقاوەمە هێشتا لە خەیاڵی جیۆپۆڵەتیکی شیعی دایە. بەڵام بە ئەگەری زۆر لانیکەم لە ماوەی کورتخایەندا جارێ هەوڵی ئەوە نادات و زیاتر وەک هەڕەشەیەک ئەوە بەکاردەهێنێت بۆ بەهێزبوونی کارتەکانی دەستی لەسەر مێزی دانوستاندن. بە ئەگەری زۆر دزەپێکردنی تۆمارێکی دەنگی یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە سووریاش کە باسی توانستی ئێران بۆ چالاککردنی تۆڕی موقاوەمە لە سووریا دەکات، زیاتر بەو مەبەستە بووە.
ئێران لەماوەی رابردوودا جەندین مانۆری سەربازی کردووە جۆری نوێی چەکەمەنی نمایش کردووە بۆ ئەوەی کە توانای جڵەودارییە سەربازییەکەی خۆی نیشانبدات و لەعێراقیشەوە هەواڵی جیاجیا لەبارەی تێکەڵاوکردنی گرووپە چەکدارەکان بە سوپای عێراق بڵاودەبێتەو کە دەشی وەک ئامادەکارییەک بێ بۆ هاتنی کە بەهەندێک سەرچاوەی ناڕەسمی نەک تەنیا لەبارەی گرووپە چەکدارەکان بەڵکو لەبارەی ناردنی نەوت بۆ ئێران و گەری سزادانی سۆمۆش هۆشداری بە بەغدا داوە. ترسێکی دیکەی هاوبەشی ئێران و عێراق ئەگەری زیندووبوونەوەی داعشە. عێراق دەستیکردووە بە دانانی دیوار لە سنورەکانیدا لەگەڵ سووریا و ١٩١ بنەماڵەی داعشی لە کەمپی ئەلهۆل گەڕاندۆتەوە وەک نیگەرانییەک لە ئەگەری تێکچوونی دۆخی ئەوێ بۆ ئەوەی کە هیچ نەبێ لە کۆنترۆڵی خۆیدا بێت. چەند رۆژ بەر لە ئێستا سوپای عێراق لە حەمرین ئۆپەراسیۆنی لە دژی داعش کرد و ئێرانێس لەودیوی سنوورەکانی دیالەوە لە پارێزگای کرماشان مانۆرێکی سەربازی کرد.
رێبازی هاوتەریب لە نێوان ئێران و عێراق لە پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانیشیدا دەردەکەوێت. لە کاتێکدا سودانی سەردانی بەریتانیای کرد، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی دانوستاندنی کرد، کە ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی تاران بۆ هەڵوێستێکی بەرگریکارانەی ئێران زیاتر لەوەی کە وەک جاران لە پێگەی باڵادەستی و هێرش دا بوو.
رەنگە پێچەوانەی تورکیا و هاوشێوەی ئیسرائیل، ئێران و عێراق سووریایەکی فیدراڵ یان نا-ناوەندی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە باشتر دەزانن. بەڵام پێدەچی دەنگۆی پێدانی درۆنی ئێرانی بە هەسەدەش زیاتر وەک کەرەستەیەکی گوشار بمێنێتەوە بۆ رێگرتن لە فراوانخوازییەکی گریمانەیی تورکیا لە عێراق و کۆریدۆری زەنگەزۆر. بە ئەگەری زۆر هەم ئێران هەم عێراق چەندەی بەهێزبوونی تورکیایان بەدڵ نەبێ و پێشڕەوی ئیسرائیل لە سووریا بە مەترسی بزانن جارێ خۆیان لە رووبەڕبوونەوەی ئاشکرا دەپارێزن.
کۆتایی
ژمارەی پێچەوانە بۆ دەستبەکاربوونی ترەمپ دەستی پێکردووە کە هەریەک لە ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی چاویان لە دەمی دەبێت سەبارەت بە سووریا، بەڵام ئەمریکاش ئەو هێزە بێ سنوورەی نییە کە هەموو شت یکەلا بکاتەوە. چارەنووسی سووریا بە داینامیکی نێوخۆیی جۆری پەیوەندییەکانی گرووپە چەکدارییە جیاوازەکان، هەروەها خواستی خەلیج، تورکیا و ئەورووپاش شێوە دەگرێت. سەرەڕای گوتاری وەزیری دەرەوی تورکیا لەبارەی عەرەبی بوونی کۆماری سووریا، بە ئەگەری زۆر پێگەی کورد لە سووریای دوای ئەسەد بەهێزتر دەبێت لە جاران. ئەویش دوای ئەوەی کە ئێستا هەوڵێکی جیدیتر بۆ یەکخستنی گوتاری کوردی لە سووریا هەیە. دۆخی سووریاش زۆر فراوانتر لە سنوورەکانی خۆی کاریگەری لە سەر پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنێت. لە عێراق، هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی دیکەی بەهێزبوونەوەی بۆ پەیدابووە. لە تورکیاش سەرەڕای ناڕوونییەکانی "دیالۆگی ئۆجەلان" کە داخۆ پرسی چەکدانان و چارەسەرێکی سنوورداری پرسی کورد چۆن بەیەک دەگەیەندرێت، هەبوونی دیالۆگ پێگەی کورد لە سیاسەتی ئەو وڵاتە بەهێزتر دەکات. دواجار هەموو ئەوانە ئێرانیش ناچار دەکات کە لەبارەی پرسی کوردەوە هەنگاوێک بنێت وەک ئەوەی کە تەنانەت سێرگی لاڤرۆڤ لە رووسیای نزیک لە تارانیش باسی لێ کردووە.
لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم هەموو نفوسی کورد لە رۆژهەلاتی نێوەڕاست لە دەوری ٤ ملیۆنێک بوو، ئەمە بێجگە لەوەی کە رێکخراوێکی سیاسی بەهێزیش نەبوو کە داواکارییەکانی فورمولە بکات، ئێستا ئەو نفوسە دەیان ملیۆنە و دەیان رێکخراوی سیاسیش لە مەیدانی سیاسەتی کوردیدا رکابەری یەکتر دەکەن. بۆیە ناکرێ وەک جاران لە دەرەوەی گەمە گەورەکان بهێڵدرێنەوە!