شرۆڤە

گەڕانەوەی عەممار حەكیم بەرەو ئاراستە سیاسییە باوەكەی شیعە

08-03-2022


 

RRC |

یاسین تەها|

 

پێنج مانگ پاش هەڵبژاردنی تشرینی 2021 و دابەزینی كورسییەكانی، رەوتی حیكمە لە 19 كورسییەوە بۆ تەنیا دوان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی “قوى الدولة”، ئەم رەوتە شیعە عێراقییە كۆنگرەی گشتی خۆی گرێدا. كۆنگرەی نوێ كە 5 ئادار دەستیپێكرد لە كۆی 24 ئەندامی مەكتەبی سیاسی، شەشی كرد بە ژن كە چارەکی ئەندامان دەكات، عەممار حەكیمیشی كردەوە بەكەسی یەكەمی رەوتەكە، ئەمەش هەرچەندە لە عێراق و رۆژهەڵاتدا نەرێتە، بەڵام لەناو هێزە شیعەكاندا بڕێك زەقترە كە زیاتر خێزانە ئاینییەكان بەسەریاندا زاڵن.

بەر لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، عەممار حەكیم و رەوتەكەی لەسەر هێزە میانڕەوەكانی شیعە هەژماردەكران و وەك بەرگریكاری سەنگ و پێگەی دەوڵەت بەرامبەر دیاردەی “لا دولة” دەردەكەوتن. ئەوكاتەشی خۆپیشاندان و راپەڕینەكانی تشرین سەریانهەڵدا (2019) جیاواز لە هێزە شیعە رادیكاڵەكان، حەكیم لەگەڵ عەبادی لەهەوڵی ئەوەدابوون نەچنە بەرەی گرووپە چەكدارەكان و خۆیان جیاكردەوە لە هێزە شیعانەی خۆپیشاندانەكانیان دەگێڕایەوە بۆ دەستی دەرەكی و تێكدەر و خواستی خراپەكاری لە عێراق، بەر لەوەش حەكیم ناوبەناو قسەی لە مەدەنییەت دەكرد و گەنجان و ژنانی هێنایە پێشەوە و بەڕووی وڵاتانی كەنداویشدا كرایەوە، بەڵام لەپاش هەڵبژاردن ئەم هاوكێشەیە وردە وردە خەریكە سەرەولێژ دەبێتەوە و پێگەی نوێی حەكیم زیاتر گەڕانەوەیە بۆ چوارچێوە مەزهەبی و شیعییە نەریتییەكە.

رەوتی حیكمە لە پێگە نوێیەكەی و بەرگە نوێیەكەیدا رووی لە فەزای شیعی پەتییە، لەم میانەیەشدا داكۆكی لە بەركەوتەی شیعە دەكات و نەیاری باڵادەستی زۆرینەكەی سەدر و پارتی و سیادەی سوننەیە بەسەر قۆناغی داهاتوو، لەگەڵ ئەوەشی پێداگرە لەسەر بەشدارینەكردن لە حكومەتی داهاتوو ، كەچی یەكێكە لە راگرە سیاسییەكانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” و سەرۆكەكەشی كە سەید عەممارە، ریشی درێژتر كردووە لە جاران و لەبری رێبەرێكی گەنج زیاتر وەك پیاوێكی ئاینی دەردەكەوێت.

بازنەی نزیكی حەكیم باس لەوە دەكەن پێداگری لە مافی شیعە و رەچاوكردنی بەرژەوەندی عێراق ئەوانی خزاندووەتە بەرەی “چوارچێوەی هەماهەنگی”، بەڵام ئاماژە و پێدراوەكان ئەوە دەردەخەن دوو هۆكاری سەرەكی لەم گۆڕانكارییەدا رۆڵیان هەیە كە یەكەمیان كێبڕكێی دێرینی ماڵی سەدر و ماڵی حەكیمە وەك دوو جەمسەری كاریگەری كۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسی شیعە، دووەمیشیان پەیامی دەنگدەرانی هەڵبژاردنە كە لە ئاستە عێراقییەكەیدا هیچ لەو هێزانەیان پەسەند نەكرد كە لە ناوەڕاستی تێزە سیاسییە فكرییەكاندا وەستابوون و لە ناوچەی خۆڵەمێشیدا یارییان دەكرد.

لەم پێگە نوێیەدا كە گەڕانەوەیە بۆ گوتاری شیعەی باو، حەكیم پاشخان و ژێرخانێكی یارمەتیدەری ئامادەی هەیە. لەلایەك كوڕی عەبدولعەزیز حەكیمی سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و كوڕەزای مەرجەعی باڵای كۆچكردووی شیعە؛ سەیید موحسین ئەلحەكیمە، منداڵی نەجەفە و دایكیشی لە بنەماڵەی سەدرە كە لە لوبنانەوە تا قوم ناو و ناوبانگیان هەیە، قۆناخی مناڵیشی لە خوێندنگاكانی تاران بەسەربردووە و بە باشی ئاشنای كیمیای عەقڵی ئێرانییەكانە.

رەوتەكەی سەید عەممار “حیكمە” لە هەناوی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی هاتووەتە دەرەوە، باوكی (عەبدولعەزیز) و مامیشی (محەمەد باقر) كە رێبەرایەتییان كردووە، لە ساڵانی هەشتاكان لە نزیكترین هاوپەیمانەكانی ئێران بوون و سەردەمانێكیش تەواوكەری پڕۆژەی “كۆماری ئیسلامی” بوون، بەڵام ساڵێك پاش جیابوونەوەی لە ئەنجومەنی باڵا (2017) كەوتە رەخنەگرتن لە كابینەكەی عەبدولمەهدی كە جێگەی رەزامەندیی ئێرانییەكان بوو، لەسەر ئەمەش رەخنە و توانجی زۆری لەلایەن شیعە راستڕەوەكانەوە هاتەسەر و كاتێك قەیرانی خۆپیشاندانەكان ئاڵۆزبوو، وەك نێوانگر سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی عێراقی كۆكردەوە بۆ قورتاركردنی عەبدولمەهدی !

لە هەڵبژاردنی پێشوودا رەوتی حیكمە بە 19 كورسی بەری ئەو ریسكەی چنیبووەوە كە بە هاتنە دەرەوەی لە “ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی” كردی، هەروەها وەك هێزێكی میانڕەوی شیعەش خۆی دەخستەڕوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر نەبووە یەكێك لە هێزە بنەڕەتییەكان لە چەشنی رەوتی سەدر لە كاتێكدا پاشخانێكی ئاینی و هێزێكی بزێوی گەنجانەشی هەبوو، لەم قۆناغەدا رەوتی حیكمە زیاتر وەك هێلكەی قەپانەكە لە هاوكێشە شیعییەكاندا دەردەكەوت بۆ زۆركردنی ژمارەی لایەك بەسەر لاكەی دیکەدا رۆڵی هەبوو، لە هەڵبژاردنی 2021 یشدا ئەو ژمارە كورسییەشی هەیبوو بەیەكجاری هاتە خوارەوە.

گەڕانەوەی ئێستای عەممار حەكیم بەرەو ئاراستەی هێزە رادیكاڵەكانی شیعە لە كاتێكدایە كە سەدر قۆرخی پۆپۆلیزمی شەقام و گوتاری نوێنەرایەتیكردنی مەزهەبیشی كردووە، ئەم لاكردنەوەیە بەلای رابردوو، جارێكی دیکە پشتیوانی ئێرانییەكان بۆ حیكمە مسۆگەر دەكاتەوە، جگە لەوەش  لە هەڵمەت و هێرشی شەقامی شیعەی راستڕەو دەیپارێزێت كە هەمیشە عەممار حەكیمیان وەها وێنا دەكرد كە لە هیڵی سیاسی و ئاینی بنەماڵەكەی لایداوە و سەر بە وڵاتانی كەنداوە، ئەم پێشهاتە چاوەڕوانكراوەش بە ئاشكرا لەو شەپۆلە بروسكە پیرۆزباییانەدا دەركەوت كە گروپە وەلائییەكان بۆ دوا كۆنگرەی حیكمە و هەڵبژاردنەوەی سەید عەممار بڵاویان كردەوە.

لە دەرەوەی فەزای شیعەش، پێگە نوێیەكەی حەكیم كاریگەریی و لێكەوتەی بەرچاویشی لەسەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ كورد و شیعەشدا دەبێت، لەم بوارەشدا ئەوە بەسە ئاماژەی پێ بكرێت كە لەپاش 2005 ماڵی حەكیم بانگخوازی بە فیدراڵیكردنی عێراق و دروستكردنی هەرێمی ناوەڕاست و باشووربوون، كەچی ئێستا عەممار بەلای حكومەتی فیدراڵیدا لاسەنگە و زیاتر وەك پارێزەری حكومەتی بەغدا لە ناكۆكییەكانی لەگەڵ هەولێردا دەردەكەوێت و دەستبەرداری پرۆژە كۆنەكەش بووە، گوتاری ئێستای حەكیم كە بەرگریكردنە لە پارێزگاریكردن لە زۆرایەتی شیعە و پاراستنی پرەنسیپی سازان، ئەمەش جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ گوتاری پێش هەڵبژاردن كە هاوپەیمانێتی بەرینی نیشتمانی و بڕینی سنوری تایفەكان بوو بۆ دروستكردنی تیمێكی بەهێزی پێكەوە گونجاو بە گوێرەی ئەدەبیاتی سیاسی ئەوكاتی رەوتی حیكمە، لەژێر ئەم دروشمەشدا ئەنبار و هەرێمی كوردستانی بەسەركردبووەوە.

Share this Post

شرۆڤە