شرۆڤە

گەڕێكیتری سەمای كازمی لەگەڵ مارەكان

01-01-2021


 

RRC |

یاسین تەها|

لەماوەی شەش مانگدا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، بۆ دووەمجار لەگەڵ میلیشیا چەكدارەكانی شوێنكەوتەی ئێراندا كەوتە كێشمەكێش، بەڵام ئەمجارەیان زیاتر لەكۆتایی حوزەیران، جوڵاندنی هێز و هەڕەشە و گوڕەشەی توندی تێكەوت . تێكچوونی ئەمجارەی نێوانی سەرۆكوەزیران و میلیشیاكان كە پێشتر خۆی بە”سەماكردن لەگەڵ مار ” ناوی نابوو، لەگەڵ بزوتنەوەی عەسایبدا بوو كە دووەم میلیشیای پاڵپشتیكراوە لەئێرانەوە لەدوای كەتیبەكانی حیزبوڵڵا. تۆمەتەكەش تێوەگلانی یەكێك لە كادیرەكانی ئەم بزوتنەوەیە رادیكاڵە شیعیەیە (حسام زریجاوی) لە سەركردایەتیكردنی هاوێشتنی 21 موشەك بەرەو باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەناوچەی سەوز كە رەهەندێكی گەورەتر لەجوگرافیاو رەوشی ناوخۆیی عێراقی هەیە و بەشێكە لە گرژییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەروەها لە كاتێكیشدابوو كە عێراق خۆی بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە ئامادە دەكات (حوزەیرانی 2021)، پەرلەمان و شەقامەكەشی لە مشتومڕی شیكردنەوەی لێكەوتەكانی قەیرانی دارایی و دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دان. كەڵەكەبوونی ئەم هەموو دۆسیە تێكچڕژاوەش زیاتر رەوەشەكە بەرەو ئاڵۆزی و ناڕوونی دەبات.

حكومەت پاڵپشتی سیاسی و پەرلەمانیی بەهێزی نییە، لەژێر گوشار و لەبارودۆخێكی دژواردایە؛ كۆنترۆڵكردنی چەك بەشێكی سەرەكییە لە كارنامەكەی، سەرچاوەی شەرعیەتە سیاسی و ئەخلاقییەكەشی دەرهاویشتەكانی “راپەڕینی تشرینی 2019” یە كە سەرەكیترین دروشمی وەرگرتنەوەی نیشتیمان بوو لە گروپە نادەوڵەتییەكان. جگە لەوەش، گوشاری زۆری دەرەكیی لەسەرە بۆ ئەوەی سنورێك بۆ پاڵەوانبازیی میلیشیاكان دابنێت كە هێرشی سەر باڵیۆزخانەكانیان كردووە بەدەسكەوتی گەورە بۆ خۆیان. كاتێكیش حكومەت رووبەڕووی بزوتنەوەی عەسایب بوویەوە، خەریكبوو بەغدا ببێتە گۆمی خوێن و پێكدادان. بەدوای گرژییە ئەمنییەكانیشدا هەڕەشە “ناباوەكانی” كەتیبەكانی حیزبوڵڵای بەسەرداهات ، لەسایەی ئەم بارودۆخەشدا حكومەت خۆی لە دووڕێیانێكی یەكلاكەرەوەدا بینیوە؛ یان دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ناچاربوون بە ئازادكردنی كادیرەكەی عەسایب و پێنج گیراویتری هاوەڵی لەچەشنی ئازادكردنی 14 لە چەكدارەكانی حیزبوڵڵا لە هاوینی رابردوو كە بە رووداوی (ئەلبوعێسە) ناسراوە ،  یان پێداگریی لەسەر پاراستنی لانیكەمی شكۆی خۆی و دیاریكردنی هیڵی سووری بارودۆخ و كەشی هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكانی حوزەیرانی 2021 كە پێشهاتێكی جومگەییە بۆ هەموولا.

هەندێك لە ئاماژە و دەرەنجامەكان ئەوە دەردەخەن، ئەگەرچی حكومەت بەشێوەیەكی خێرا و بنجبڕ دۆخەكەی پێ کۆنترۆڵنەكرا، بەڵام بەراورد بە گەڕی یەكەم هەندێ بەرەوپێشچوونی بەدەستهێنا، كە دەكرێت بەمجۆرە دیاری بكرێت:
ـ سەرۆكوەزیران خۆ بێدەنگكردنی لەهێرشە موشەكییەكان تێپەڕاند، ئەمەش نەرێتی حكومەتەكانی پێشوو بووە لە سەرجەم هێرشەكانی سەر ناوچەی سەوز ، هەروەها بەشێوەێیكی راستەوخۆش بزوتنەوەی عەسایبی خستە بەر بەرپرسیارێتی تۆمەتی هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا، ئەمەش رەنگە كاریگەریی زۆری هەبووبێت لە گۆڕینی تۆنی لێدوان و گوتاری عەسایب كە ئیدانەی هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكایان كرد و ئەوەشیان راگەیاند “ناكرێت تاسەر بەغدا بەدەستی گروپی چەكدارەوە بێت”، هەروەها خۆیان  لە گروپە چەكدارە رادیكاڵەكانیتری شیعە بێبەری كرد. ئەم نەرێتی بێدەنگی شكاندنە ئەگەرچی لاوازی و پاشەكشەی زۆری دەوڵەت بەرامبەر جووڵە و توانای لۆجستی میلیشیاكان دەردەخات، بەڵام هەنگاوێك پێشترە لە چاوپۆشی، جگە لەمەش هەندێك بۆچوون باس لەوە دەكەن ئەم ئیحراجكردنە لەبەرژەوەندی میلیشیاكان نییە لەكاتێكدا كە بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆن و ناچاری و پێداویستییە ئەمنی و سیاسییەكانی ئێران ناچاری كردوون كاری سەرەڕۆیی و سەركێشانە بكەن .

ـ سەرباری ئەوەی وەها راگەیەنرا كە كادیرە پێشكەوتووەكەی عەسایب رادەستی ئاسایشی حەشدی شەعبی دەكرێت و كۆپی بەڵگەنامەیەكیش لەمبارەیەوە دزەی پێكرا ، بەڵام هەر زوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەبوونی رێككەوتنی لەو چەشنەی رەتكردەوە  ، جگە لەوەش باوەڕی زاڵ ئەوەیە ئەو دەستگیركراوانە هێشتا هەرلای حكومەت بن، وتەو دانپێدانانەكانیشیان بەڵگەیەكی یاسایی بێزاركەر دەبێت بۆ عەسایب لەم قۆناغەی ئێستادا، بەتایبەت كە ئەم بزووتنەوەیە لە ئێستادا جگە لەحكومەت بەرەیەكیتری شەڕی هەیە لەگەڵ شەقامی شیعی بەهۆی ئەوەی لەگەڵ حەشدی عەتەبەكان “حەشدی سیستانی” بەریەككەوت، ئەویش كاتێك قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسایب، حەشدی عەتەبەكانی بە پرۆژەیەكی ئیسرائیلی و ئەمەریكی لەقەڵەمدا ، بەمەش كەوتە شەڕ لەگەڵ یەكێك لە پایە بەهێزەكانی پیرۆزی لە دنیای شیعەدا كە حەشدی نەجەف و كەربەلایە.

ئەو هەواڵانەی لە كۆبوونەوە و دیدارەكانی كازمییەوە دزەیان كردووە باس لە خۆشحاڵی و متمانە بەخۆبوونی ناوبراو دەكەن لەپاش گرژییەكانی بەغدا ، بەڵام دەسكەوتێك ئەگەر بەدەستهاتبێت لەم ڕووبەڕووبوونەوەی دوایی، چەند فاكتەرێكی یارمەتیدەری هەبووە، لەلایەك لە دوا رۆژگارەكانی ویلایەتی ترەمپدا ئێران خوازیاری بەریەككەوتنی گەورە نییە لەگەڵ ئەمەریكا چ لە رێگەی خۆی و چ لە رێگەی باڵە سەربازییەكانییەوە ، جگە لەهەندێ جموجوڵی بەرتەسك بۆ خۆ وێناكردن وەك بەهێز و خاوەن كارتی گوشار، لەلایەكیتر سەدرییەكان دریغیان نەكرد لە پاڵپشتی هەڵوێستی حكومەت بەرامبەر چەكدارەكان تا ئاستی داواكردنی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە بەغدا  ، یان جەختكردنەوە لە دوورخستنەوەی بەغدا دەكات لە مەترسی و گرژی ئەمنی و هێرشی رۆكێت ، لەمەش گرنگتر سەدر هەر بەمدواییانە پەیامێكی بێزاركەری بەزمانەكانی فارسی و ئینگلیزی ئاراستەی تاران و واشنتۆ كرد بۆ دوورخستنەوەی شەڕەكانیان لە بەغدا كە ئەمەش لەپەنا پاڵپشتییە مەدەنی و دەوڵەتی و دەرەكییەكاندا رۆڵی زۆری هەیە لەدابینكردنی پشتیوانی بۆ حكومەت، ئەگەرچی سەدرییەكان لەبەر دەسكەوتی خۆیان و دوژمنایەتی كۆنیان لەگەڵ عەسایبدا كردیان .

 

Share this Post

شرۆڤە