شرۆڤە

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان و عێراق؛ دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن و کوالیتی هەوا

11-09-2023


بەرایی

دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن[1]کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئاڕاستەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هەیە، بەتایبەتیش گەرمبوونی زەوی، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کوالیتی هەوا لەجیهان دا. ساڵانە نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی 7ی ئەیلوول وەک رۆژی هەوای پاک و ئاسمانی شین ناساندووە، بەڵام بەپێی دوایین بڵاوکراوەی سکرتیری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان 99٪ی خەڵکی جیهان هەوای پیس هەڵدەمژن و بەپێی پێوەرەکانیش بێ، عێراق لە وڵاتانەیە کە پیسترین هەوای لە جیهان هەیە، کە ئەمەش بۆ ئاسایشی مرۆیی لەم وڵاتە هەواڵێکی دڵخۆشکەر نییە!

لەساڵی 2021دا دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە عێراق 177.8 ملیۆن تۆن بووە، لەکاتێکدا لە پێنج دەیەی پێشتردا تەنیا 27.1 ملیۆن تۆن بووە، واتە نزیکەی حەوت هێندە زیادیکردووە و ئێستاش ساڵانە، بەڕێژەی 4.85% دەردانی ئەم گازە زیان بەخشە زیاتر دەبێت.

روویەکی دیکەی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن پەیوەندی بە کوالێتی پاکبوون یاخود پیسبوونی هەواوە هەیە، کە بەپێی دوایین راپۆرتی ساڵانەی کوالێتی هەوای جیهان WAQ عێراق دووەم پیسترین هەوای لەنێو 131 وڵاتی جیهان هەیە، هەروەها لەڕووی کوالیتی هەواوە، لەنێو 7 هەزار و 323 شاردا، بەغدا بە پلەی 13وە لە ریزی پیسترین شارەکانی جیهانە و  هەولێریش رێزبەندی 336مینی وەرگرتووە.

سەرچاوەی سەرەکی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە سووتانی سوتەمەنییەوە دێت، بەڵام لە عێراق، سووتانی گازی هاوەڵ لە بەرهەمهێنانی نەوتەوە، سەرچاوەیەکی دیکەی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆنە، بەشێوەیەک کە بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە IEA عێراق لەساڵێکدا 17 ملیار مەتر گازی هاوەڵ دەسووتێنێت، کە سەرچاوەیەکی پیسبوونی هەوا لەو شارانەی نەوتی لێوەبەرهەمدێت، هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی ویندۆی کەنەدی، بەتەنیا بە گۆڕینی سیستەمەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سوتەمەنی (بەنزین، گاز و نەوت ) بۆ گازی سرووشتی، دەتوانرێت 50 ملیۆن تۆن دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن کەمبکرێتەوە. 

دوو گەورەترین سەرچاوەی سەرەکی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە عێراق بریتین لە کەرتی بەرهەمهێنانی کارەبا و کەرتی گواستنەوە، بەشێوەیەک لەماوەی نێوان 1990دا بۆ 2021 لە عێراق بەڕێژەی 371% بۆ کارەبا و 34% بۆ گواستنەوە زیادیکردووە، لەکاتێکدا لە وڵاتانی ئەورووپا دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەڕێژەی 31% کەمیکردووە و بۆ کەرتی گواستنەوە بەڕێژەی 16% زیادیکردووە.

هەروەها، لەڕووی تەندرووستییەوە لێکەوتەکانی پیسبوونی هەوا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە، کە بەشێوەیەک ساڵ بە ساڵ ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە زیادی کردووە. لە پارێزگایەکی وەک بەسرە لەماوەی سێ ساڵدا بەڕێژەی 20% زیادیکردووە، لە هەرێمی کوردستانیشدا لەماوەی 2020 بۆ 2021 تووشبووانی شێرپەنجە دوو هێندە زیادی کردووە. 

دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە سووتانی سوتەمەنییەوە لەسەر ئاستی عێراق و بەپێی تاک

لەماوەی پێنج دەیەی رابردوودا گۆڕانکاری گەورە و زیادبوونێکی بێ وێنە لە دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن بەسەر عێراقدا هاتووە. بەتایبەتیش لەم ساڵانەی دواییدا، بەشێوەیەک لەساڵی 2000 دا  88.6 ملیۆن تۆن، بەڵام  لە 2021دا گەیشتووەتە 177.8 ملیۆن تۆن، واتە بەڕێژەی 100% زیادیکردووە، لەکاتێکدا لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بەڕێژەی 22% کەمیکردووە. هەڵبەت بە گشتی لە جیهان بەڕێژەی 46.5% زیادیکردووە.

گرافیک 1: نیشاندەری دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە سووتانی سووتەمەنییەوە لە 1970 -2021 /ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا

هەروەها، لەڕووی تاکەوە بۆ دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە سووتانی سووتەمەنییەکانەوە لە عێراق گۆڕانکاری یاخود زیادبوونێکی بەرچاو رووینەداوە، بەشێوەیەک بۆ تاکێک لە عێراق کە لە 2000دا گەیشتووەتە 3.7 تۆن، بەڵام لە 2021دا واتە دوای دوو دەیە بەرزبووەتەوە بۆ 4.1 تۆن، واتە بەتەنیا بەڕێژەی 10% زیادیکردووە، بڕوانە گرافیکی دووەم.

گرافیک 2: نیشاندەری دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە سووتانی سووتەمەنییەوە بۆ هەر تاکێک لە 1970 -2021 /ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا

دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە کەرتە جیاوازەکانەوە لە عێراق

عێراق بە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی جیهان و وڵاتانی ئەورووپا گۆڕانکارییەک یاخود زیادبوونێکی تەواو جیاوازی لە دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە سووتانی سووتەمەنییەکانەوە (نەوت، گاز و بەرهەمەکانی دیکەی کاربۆن) بۆ دەستکەوتنی وزە هەیە، لەکاتێکدا لە وڵاتانی ئەورووپا پشتبەستن بە بەرهەمە سووتەمەنییەکان کەمیکردووە، لە سێ دەیەی رابردوودا دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆنیش بەڕێژەی تاوەکو 40% کەمیکردووە. کەچی لە عێراق بۆ هەموو کەرتەکان بەرز بووەتەوە. ئەمەش دوو نیشاندەری سەرەکی زیادبوونی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن دەردەخات، یەکەمیان پشتبەستن بە سەرچاوە کاربۆنییەکان و وزە باوەکان بۆ کۆی کەرتە جیاوازەکان. دووەمیان نەبوونی سەرچاوەی گۆڕینەوەی دووانەئۆکسیدی کاربۆن بۆ ئۆکسجین، واتە کەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی و زیادبوونی بە بیابانبوون، لەکاتێکدا سەرەڕای گوتەکانی سەرۆکوەزیران لە کۆنفرانسی کەشوهەوا لە بەسرە کە پلانی چاندنی 5 ملیۆن دار راگەیاند، بەڵام بەپێی خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکو کۆتایی مانگی شەش هیچ بڕە پارەیەکی بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە وەزارەتی ژینگە خەرجنەکردووە.

دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لەو سووتەمەنییەی کە بۆ فینککەرەوە یاخود گەرمبوونی باڵەخانە و خانووەکان  لە عێراق بەرهەمدێت گەیشتووەتە ئاستێک لە 2.17 ملیۆن تۆن لەساڵیکدا، واتە لەماوەی سێ دەیەی رابردوو بەڕێژەی 136% زیادیکردووە، لەکاتێکدا لە یەکێتی ئەورووپا بەڕێژەی 41% کەمیکردووە و لە جیهان بەڕێژەی 65% زیادیکردووە. بە هۆی لاوازی گواستنەوەی گشتی لە عێراق، دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لەو سووتەمەنییەی کە بۆ گواستنەوەی گشتی بەکاردەهێنرێت، لە 2021دا گەیشتووەتە 34.55 ملیۆن تۆن لەساڵێکدا. بەگشتی لەماوەی سێ دەیەی رابردووشدا بەڕێژەی 157% زیادیکردووە، لەکاتێکدا لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بەڕێژەی 32% کەمیکردووە و لە هەموو جیهان بەڕێژەی 2% زیادیکردووە، بروانە خشتەی 1 بۆ کۆی جیاوازییەکان.

خشتەی 1:  نیشاندەری رێژەی گۆڕانکارییەکان بۆ دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە سووتاندنی کەرتە جیاوازەکان لەنێوان عێراق، ئەورووپا و جیهان 2021 -1990

هەروەها، وەکو لە خشتەی یەکەمدا هاتووە، ئەو بەرزبوونەوەیە لە کەرتی پیشەسازی بووە، بەهۆی بەرهەمهێنانی نەوت و سووتانی گازی هاوەڵ لە عێراق.

هەروەها، سەرچاوەی سەرەکیی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن و پیسبوونی هەوا لە عێراق لە دوو کەرتی سەرەکییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەوانیش کەرتی پێشەسازی بەرهەمهێنانی کارەبا و گواستنەوەن. بەشێوەیەک کەرتی بەرهەمهێنانی کارەبا لەساڵی 2000دا 25.086 ملیۆن تۆن بووە، بەڵام لە 2021دا گەیشتووەتە 65.057 ملیۆن تۆن،  ئەوە بۆ کەرتی گواستنەوەش لە 2000دا 26.3 ملیۆن تۆن بووە، بەڵام لە 2021دا بەڕێژەی 34.59 ملیۆن تۆن بووە.

گرافیک 3: دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە سووتانی سووتەمەنییەکانەوە بۆ کەرتە جیاوازەکان لە 1970-2021

سەرچاوەکان و بڕی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگە هەوا زەوی

پەیوەست بە سەرچاوەکانی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن، بەپێی IPCC زیاتر لە 7 هەزار و 500 سەرچاوەی گەورەی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە جیهاندا هەیە، کە لەساڵیکدا لە سەروو 0.1 ملیۆن تۆن دەردەدەن. ئەم سەرچاوانەش لەڕووی جۆگرافییەوە جیاوازن و پێشبینییەکان جەخت لە زیاتر بوونی سەرچاوەکانی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن دەکەنەوە تاوەکو ساڵی 2050، بەتایبەتیش لە هەردوو کەرتی پیشەسازی و  وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباوە.

بەپێی ناسا دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگە هەوای زەویدا دەبێتەهۆی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا. هەروەها، چالاکییەکانی مرۆڤ لەماوەی 200 ساڵی رابردوودا دووانەئۆکسیدی کاربۆنیان لە بەرگە هەوای زەویدا بەڕێژەی 50% بەرزکردووەتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە بڕی دووانەئۆکسیدی کاربۆن ئێستا رێژەی 150%ی ئەو بڕەیە کەلەساڵی 1750 هەبووە. هەروەها، ئەم بەرزبوونەوەیە بەهۆی مرۆڤەوە زۆر گەورەترە لەو زیادبوونە سرووشتییەی کە لەکۆتایی دوایین سەردەمی سەهۆڵبەندی 20 هەزار ساڵ پێش ئێستا روویداوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە ئێستا دەتوانرێت گۆڕانکارییەکان لە هەبوونی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگە هەوای زەویدا بەتێپەڕبوونی کات ببینرێت کە چۆن رەنگەکان دەگوڕێن، بۆ نموونەش لە 2002دا لە یەک ملیۆن بەشی هەوا تەنیا 365 بەشی دووانەئۆکسیدی کاربۆن بووە، بەڵام لە 2022 دا گەیشتووەتە 435 بەشی دووانەئۆکسیدی کاربۆن، گرنگیشە لەوە تێبگەین کە "پارچەکان لە ملیۆنێک" ئاماژە بەژمارەی گەردی دووانەئۆکسیدی کاربۆن دەکات بۆ هەر ملیۆنێک گەردی هەوای وشک. ئەم پێوانەیە لەناوەڕاستی ترۆپۆسفێرەوەیە، چینێکی بەرگەهەوای زەوییە کە 8-12 کیلۆمەتر (نزیکەی 5-7 مایڵ) لەسەرووی زەوییەوەیە. کە لەم داتایانەوە بەرزبوونەوەی بەرچاوی چڕی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگە هەوادا دەردەکەوێت و کاریگەری چالاکییەکانی مرۆڤ لەسەر کەشوهەوای زەوی دەردەخات.

کوالێتی هەوا لە عێراق؛ دووەم پیسترین لەسەر ئاستی جیهان

مانگی ئاداری 2023، کۆمپانیای تەکنەلۆژیای کوالیتی هەوا، راپۆرتی ساڵانەی بەناونیشانی "راپۆرتی کوالیتی هەوای جیهان 2022" بڵاوکردەوە، کە راپۆرتەکە ئەنجامی هەڵسەنگاندنە بۆ چۆنییەتی هەوای 131 وڵات و 7323 شاری جیهان کە لەڕێگەی 30 هەزار وێستگەی چاودێریی هەوا و هەستەوەری کوالیتی هەوا، بە هاوکاری حکومەت، دامەزراوە ناحکومییەکان و سەنتەرەکانی تویژینەوە و هتد کراوە. لە راپۆرتەکەدا پشت بە بنەمای داتای چۆنییەتی هەوای PM2.5 دەبەسترێت کە داتاێیکی پەیوەندیدارە بە ماددەی تەنولکە کە تیرەکەی 2.5 مایکرۆن یان کەمترە لە هەوا و بە پیسکارێکی مەترسیدارن هەوا دادەنرێت.

بەپێی بڵاوکراوەکانی IQAir کە لە عێراق رۆژانە داتای هەردوو پایتەخت (بەغدا و هەولێر) کۆدەکاتەوە، لەماوەی ساڵی 2022دا عێراق هەوایەکی ناتەندرووستی هەبووە و لەو ساڵەدا تێکڕای چڕی PM2.5 لە عێراق 16 ئەوەندە زیاتر بووە لەو ستانداردەی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی بۆ جۆرایەتی هەوا دایناوە. هەروەها، عێراق لە رێزبەندی دووەم پیسترین وڵاتی جیهانە لەرووی کوالیتی هەوا لەدوای وڵاتی چادەوە. هەروەها،  ساڵ بەساڵ رێژەی پیسبوونی هەوا لە عێراق زیادیکردووە و لە 2022دا گەیشتووەتە 80.1، کە بەمەش ئەو ریزبەندییەی تێپەڕاندووە کە لەلایەن رێکخراوی تەندرووستی جیهانی بۆ ستانداری کوالیتی هەوا دانراوە.

خشتەی 2: دە پیسترین و پاکترین وڵاتی جیهان لەڕووی کوالیتی هەوا لە 2022دا

کوالیتی هەوای بەغدا و هەولێر لەنێو زیاتر لە 7 هەزار شاری جیهان

بەپێی راپۆرتی کوالیتی هەوای جیهان لەنیو 7 هەزار 323 شار لە جیهان، پیسترین شاری جیهان لابور لە پاکستان بۆ ساڵی 2022 و پاکترین شاریش ئارک لەیپ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.  بەپێی راپۆرتەکە لەنیو ئەو حەوت هەزار شارەدا لەڕووی پیسبوونی هەوا بەغدا لە پلەی سێزدەمین و هەولێر لە پلەی 336مین دێت. هەروەها، هەوای بەغدا زیاتر لە 10 هیندە و هەولێر پێنج بۆ حەوت هێندە کوالیتییەکەی خراپترە لەوەی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی دایناوە.

پێوانەکردن یاخود دەستنیشانکردنی کوالیتی هەوای شارەکان PM2.5 بەشێوەیەک یاخود لەسەر بنەمای تێکڕای چری ساڵانەی PM2.5 بۆ هەر میلیگرام/سێجا پێوانەکراوە. لەهەمان کاتدا، بەگوێرەی رێنمایی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی WHO، کوالیتی هەوا پێویستە لەنێوان 0-5 PM2.5 دا بێت، ئەگەر لەنێوان 5.1-10 دا بێت ئەوا کوالیتی هەوا یەک بۆ دوو جار لە رێنمایی یاخود ستانداردی رێکخراوەکە زیاترە. 

خشتەی 3: کوالیتی هەوای جیهان لەنیو زیاتر لە 7 هەزار شار.

سەرچاوە: کوالیتی هەوای جیها IQAir، 5ی ئەیلوول 2023

کۆتایی

بەپێی راپۆرتێکی بانکی جیهانی، مەزەندەی تێچووە ئابوورییەکان و زیانە تەندرووستییەکانی پەیوەست بە بەرکەوتن بە پیسبوونی هەوا کە بەهۆی دووانەئۆکسیدی کاربۆن روویداوە ساڵانە زیاد دەکات. ئەمەش لەڕووی ئابوورییەوە گەیشتووەتە 8.1 تریلۆن دۆلار، کە یەکسانە بە 6.1% گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی جیهان.

 هەروەها، بەپێی لێکۆڵینەوەی باری نەخۆشییەکان، پیسبوونی هەوا لە 2019دا بووەتەهۆی مردنی پێشوەختەی 6.4 ملیۆن کەس لە جیهان و لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا ژمارەی مردن بە پیسبوونی هەوا، هەڵکشاوە. کاریگەرییە گرنگەکانی پیسبوونی هەوا لەسەر تەندرووستی، کۆمەڵایەتی و ئابووری، بانکی جیهانی ناچار کردووە پشتیوانی وڵاتانی جیهان بکات لەچارەسەرکردنی پیسبوونی هەوا دا.

پەیوەست بە عێراقەوە، دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن و پیسبوونی هەوا لە شارەکانی عێراق لێکەوتەی راستەوخۆی تەندرووستی هەبووە، بەشێوەیەک  لە شارێکی وەک بەسرە، بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی تەندرووستی عێراق لەماوەی 2015-2018دا، نەخۆشیی شێرپەنجە بەهۆی پیسبوونی هەواوە بەڕێژەی 20% بەرزبووەتەوە و بەپێی ئاماری دیکەش، ژمارەی نەخۆشەکان سێ هێندەی ئەوەیە کە بڵاودەکرێتەوە. لە هەرێمی کوردستانیش، بەتەنیا لەماوەی 6 مانگدا      3 هەزار تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراوە.

لە کۆتاییدا، زیادبوونی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە عێراق و پئیسبوونی هەوا بەوشێوەیەی ئێستا بەدڵنیاییەوە دانیشتوانەکەی دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورە کە پێویستە مشووری بخورێت.  

ئەم گوتارە بەشی سێیەمە لە شەش بەشی هەڵسەنگاندنێک لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا کە لە ماوەکانی داهاتوودا لە بەشی بیروڕای پۆرتاڵی رووداو بڵاودەبنەوە؛ نووسەر تێیاندا هەڵوەستە لەسەر گۆڕانکارییەکان دەکات و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای عێراق و هەرێمی کوردستان بە داتا دەخاتەڕوو. 

بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم کلیک لێرە بکەن، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان و عێراق؛ لەنیوچوونی دار و کەوتنەوەی ئاگر و سووتانی پووش و پاوان

سەرچاوەکان

Annex I: Properties of CO and carbon-based Fuels Annex I - IPCC. Available at: https://www.ipcc.ch/site/assets/uploads/2018/03/srccs_annex1-1.pdf (Accessed: 20 August 2023).

Sources of CO2 - IPCC. Available at: https://www.ipcc.ch/site/assets/uploads/2018/03/srccs_chapter2-1.pdf (Accessed: 20 August 2023).

Carbon dioxide concentration (2023) NASA. Available at: https://climate.nasa.gov/vital-signs/carbon-dioxide/ (Accessed: 23 August 2023).

“World Bank. 2020. The Global Health Cost of Ambient PM2.5 Air Pollution. © World Bank, Washington, DC. http://hdl.handle.net/10986/35721 License: CC BY 3.0 IGO.”

H Al-Fehdly, W ElMaraghy, S Wilkinson,Carbon Footprint Estimation for Oil Production: Iraq Case Study for The Utilization of Waste Gas in Generating Electricity, Procedia CIRP, Volume 80,2009, Pages 389-392, ISSN 2212-8271, https://doi.org/10.1016/j.procir.2019.01.029


[1]  دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن ئەو دەردانەیە کە لە سووتانی سوتەمەنی وەک خەڵۆز، نەوت و گازی سرووشتی و بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ، سوتانی دار و پرۆسەی سرووشتی تەقینەوەی گڕکانەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

Share this Post

شرۆڤە