شرۆڤە

گرژییەكانی چوارشەممە خەونی دەوڵەتی لەبەغدا خستە گیانەڵڵا

27-05-2021


 

RRC |

یاسین تەها|

گردبوونەوەی چەند گروپێكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی سەوزی بەغدا و داخستنی دەروازەكانی ئەم ناوچەیە كە گرنگترین بنكە و بارەگا عێراقی و نێودەوڵەتییەكان لەخۆی دەگرێت ( 26 ئایار) وەك هەر كودەتایەكیتری تەقلیدی لە عێراقدا هێزی سەربازی تێدا جوڵێنرا و خەڵكی پایتەختی خستە دڵەخورتێوە. لە زنجیرەی ئەو بەریەككەوتننانەی كە ناوبەناو لەنێوان مستەفا كازمی و گروپە چەكدارەكاندا روودەدەن، ئەمە پێشهاتێكی گرژ و پڕ مەترسیش بوو لە كێشمەكێشی هێزەكانی لایەنگری دەوڵەت و ئەو هێزانەشی پێیان دەوترێت “لا دولة”. بەریەككەوتنی ئەمجارەشیان لە كاتێكدایە كە وڵات خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادە دەكات.

جوڵەی ئەمجارەی چەكدارە وەلائییەكان بۆ نمایشی هێز نەبوو وەك ئەوەی دوو مانگ لەمەوبەر و (25 ئازار) كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراق و رەبعوڵڵا هەر لە بەغدا ئەنجامیان دا. یان وەكوو وەك كاردانەوەو ركابەریكردنی نمایشی پێشووتری “سرایا السلام” ی سەدرییەكان ( 8 شوباتى 2021) نەبوو. بەڵكوو، گردبوونەوەی ئەمجارە بۆ ئازادكردنی یەكێك لەفەرماندە حەشدییە سەر بەگۆبەنەكان بوو كە قاسم موسڵیحی ئامر لیوای “الطفوف” و فەرماندەی میحوەری ئەنباری حەشدی شەعبییە، كە بەفەرمانی كازمی و بەپێی مادەی 4 ی تیرۆر، تەنها چەند كاتژمێرێك لەوەوپێش بەسەرپەرشتی ئەحمەد ئەبو رەغیف بریكاری وەزیری ناوخۆ بۆ كاروباری هەواڵگری دەستگیر كرابوو.

هەرچەند تۆمەتەكانی قاسم موسڵیح، دۆسییەكانی تیرۆرە، بەڵام لە راگەیەنراوە فەرمییەكانیش بەدیاریكراوی ڕوون نەكراوەتەوە كە چی و چین، بەڵام بەپێی دزەپێكردنەكان، هێرشكردنە سەر بنكەی (عین الأسد) ئەمەریكییەكان و تیرۆركردنی چالاكڤانانی خۆپیشاندانی تشرین دەگرێتەخۆ، بە تایبەت ئیهاب وەزنی كە لەكۆتاییەكانی رەمەزانی رابردوو (9 ئایار) لە سەنتەری كەربەلای پیرۆز لای ملیۆنەها شیعە، كرایە دوا تیرۆری چالاكڤانەكانە تشرینییە مەدەنی و راپەڕیوەكان. بەهۆی ئەوەشەوە ئەم هەفتەیە (25 ئایار) خۆپیشاندەرانی باشووری عێراق لە هەموولایەكەوە رژانە گۆڕەپانی تەحریر و گۆڕەپانی نسوری بەغدای پایتەخت و دروشمی “كێ كوشتمی؟”یان گوتەوە و جموجوڵەكەی خۆشیان ناونا “شۆڕشی ئیهاب وەزنی” و دوایان لە حكومەتی كازمی كرد بەرەنگاری میلیشیاكان ببێتەوە و بكوژی چالاكڤانەكانیان ئاشكرا و دادگایی بكات، هەر لەم میانەیەشدا هەندێك لەو هێز و گروپانەی تشرینییەكان، وەك ناڕەزایی و تووڕەیی، بریاری بایكۆتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی چاوەڕوانكراویان دا و بەمەش هیواكانی گۆڕانكاریی لەرێگەی پرۆسەی دیموكراسی و دەنگدانەوە پاشەكشەیەكی گەورەی كرد.

قاسم موسڵیح، كە پێشتر و لەسەردەمی شەڕی داعش فەرماندەی لیوایەكی سەر بەعەتەبەكانی مەرجەعیەتی نەجەف بووە (الطفوف)، بەر لەوەی سەنگەر بگوازێتەوە بۆ بەرەی وەلائییەكانی ئێران، لەگەڵ براكەیدا (عەلی موسڵیح) پێشینەو پەرێزێكی خراپیان هەیە لەناو خەڵك لە دۆسیەكانی سەركوتكردنی ناڕازییەكان و گەندەڵی دارایی و سەرانە وەرگرتن و سپیكردنەوەی پارەو بودجەی هێزەكانی حەشد. هەر لەم میانەیەشدا دایكی ئیهاب وەزنی، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بەدڵنیاییەوە دەڵێت، قاسم موسڵیح هەڕەشەی توندی لە كوڕەكەی كردووە “ئەگەر یەك رۆژیشم مابێت لە ژیاندا هەر دەتكوژم.”

هەندێكیتر پێیانوایە كاری قاسم موسڵیح گەورەترە لە تیرۆر و سەرانە وەرگرتن و ترساندنی خەڵك، چونكە ناوبراو لەسەردەمی ژیان و چالاكی قاسم سولەیمانیدا (كانونی دووەمی 2020 تیرۆر كرا) بووەتە جێگە متمانەی سوپای پاسداران و سەرپەرشتیكردنی دۆسیەی ئەمنی میحوەری ئەنباری پێ سپێردراوە كە شیعەی عێراق و ئێران دەبەستێتەوە بە سوریا و مۆڵگەی پێشووی ڕێكخراوەكانی ئەلقاعیدە و داعشیش بووە، هەر ئەمەش قاسم موسڵیحی كردووەتە یەكێك لە ئایكۆنەكانی حەشدی وەلائی لەسەر ئاستی عێراق و پێگەشی لەناو دەستەی حەشدی شەعبی بەهێز كردووە كە بەفەرمی سەر بەدەوڵەتە و بودجەی ساڵانەی لە دوو ملیار دۆلار زیاترە.

ئەو هێزانەی لەسەر قاسم موسڵیح چوونە سەر ناوچەی سەوز دەموچاویان پێچرابوو، هیچ لۆگۆ و ناونیشانێكیشیان بە ئاشكرا هەڵنەگرتبوو، بەڵام ئەو لایەنانەی زۆر لە رێگەی بەیاننامە و لێدوانی میدیاییەوە پشتیوانییان كردن، زیاتر بریتی بوون لە عەسایب و كەتیبەكانی حیزبوڵڵا و بزوتنەوەی نوجەبا كە بڕبڕەی پشتی پرۆژەی وەلائییەكان لەناو حەشدی شەعبیدا پێكدەهێنن. ئەم هێزانە بە پاڵپشتیكردنی جموجوڵە سەربازییەكە جارێكیتر جاڕی یاخیبوونیان لە فەرمانەكانی سەرۆكوەزیران راگەیاند، هەروەها بەكردەیی كۆتاییان بەو قسەیەش هێنا كە زۆرجار دەگوترێتەوە كە گوایە دەستەی حەشدی شەعبی و چەكدارەكانی سەر بەسەرۆكوەزیرانن و بەشێكن لە پێكهاتە ئەمنییەكانی دەوڵەت و لەژێر ئاراستەكردنی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكاندان.

هەرچی بەسەر قاسم موسڵیح ئیدانە بكرێت یان ئازاد بكرێت (ئەگەری دووەم زاڵترە)، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت كە گرژییەكانی چوارشەممەی بەغدا خەونی دەوڵەتداریی لەعێراقدا لە سایەی چەكی بەرەڵا و فرەیی مەرجەعیەتی ئاراستەكردنی گروپەكان، خستە گیانەڵڵا. لەدوای ئەم رووداوەشەوە جارێكیتر ئەستەمە هیچ كەس باس لە شكۆی دەوڵەت یان قەتیسكردنی چەك لە دەستی دەوڵەتدا بكات، بەتایبەت پاش ئەوەی چەكدارەكان یەكڕاست گەمارۆی سەرۆكایەتی وەزیران و ماڵی پلەدارە باڵاكانی دەوڵەتیان دا و لەهەندێ گرتەی ڤیدیۆییشدا بەلاقرتێوە هەواڵیان دەپرسین كە ئاخۆ چیتر بەتەمای چین و لەكوێن؟

هەڵكشانی پێگەی گروپەكان لەسەر حسابی دەوڵەت، پێش لەسەرهەڵدانی داعش و راگەیەندنی حەشد بەفەرمی (20214) بەردی بناغەی دانراوە، حكومەتەكانی پێشووش (عەبادی و عەبدولمەهدی) لەگەڵیدا ژیاون و بەڕێیان كردووە، بەڵام ناو بەناو كازمی بە دەست بردن بۆ ئەو پرسانە و گوشاری خۆپیشاندەرانی تشرین بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەت و میلیشیاكان، هەمووجارێ قەتماغەی برینەكانی سەر جەستەی عێراق لا دەبەن و هەمووجارێك گروپەكان هەنگاوێك زیاتر دەچنەپێش لە خۆسەپاندن. بەڵام دیارە خۆیان نایانەوێت كۆنتڕۆڵی تەواوەتی دۆخەكە بكەن چونكە كەرەستە و ئامادەیی ئەوەیان نییە دواتر ئیدارەی دۆخی عێراق بدەن، ئەویش لە سایەی ئابوورییەكی داتەپیو و پێویستییەكی زۆری عێراقدا بە كۆمەك و پەیوەندییە دەرەكییەكان بەتایبەت ئەمەریكا و ئەوروپا كە ئێستا لە دەستی كازمیدایە.

سەرەتای بەریەككەوتنی ئاشكرای حكومەتی مستەفا كازمی و گروپە چەكدارە وەلائییەكان دەگەڕێتەوە بۆ هاوینی 2020، كاتێك كازمی 14 كەسی لە كەتیبەكانی حیزبوڵڵا دەستگیركرد كە تۆمەتباربوون بە هاویشتنی موشەك بۆسەر باڵیۆزخانە و بنكەكانی ئەمەریكا. دواتر چەكدارەكانی ئەم گروپە كە دڕترین و ڕێكخراوترین گروپە وەلائییەكانی ئێرانن هەڵیانكوتایە سەر ناوچەی سەوز و بەنێوانگری مالیكی و سەركردەكانیتری شیعە سەرۆكوەزیرانیان ناچاركرد، بەبێ هیچ سزوا ڕێوشوێنێك گیراوەكان ئازاد بكات. ئەمە لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردووش (2020) دووبارەبوویەوە، كاتێك هێزە ئەمنییەكانی عێراق كادرێكی بزوتنەوەی عەسایبیان بەتۆمەتی تێوەگلان لە هاویشتنی رۆكێت بۆ باڵیۆزخانەكان دەستگیركرد (حسام زریجاوي) و دواتر چەكدارەكانی عەسایب رژانە سەر شەقام بۆ ئازاداكردنی و دۆسیەكەش دیزەبەدەرخۆنە كرا. لە دەستگیركردنی قاسم موسڵحیشدا گەڕێكیتری ئەم بەریەككەوتنە دووبارە بوویەوە و لەبەر رۆشنایی ئەو دوو ئەزموونەی پێشووش، باوەڕێكی زاڵ هەیە كە چارەنووسی قاسم موسڵیحیش هەر ئازادكردن و كۆتاییهاتنی دۆسییەكەیەتی، چونكە ناوبراو ئەڵقەیەكە لە زنجیرەیەكی قایمتر كە حەشدی شەعبییە و سەرانی ناهێڵن بۆ پاراستنی سەركردەكانیتریان لە دوورمەودادا هیچ كەلەبەر و درزێكیان تێ بكەوێت.

Share this Post

شرۆڤە