هاوردەکردنی گاز لە تورکمانستانەوە؛ چارەنووسی بەڵینەکەی سوودانی و پرۆژەکانی گازی سرووشتی لە عێراق
19-11-2023
رۆژی 8ی نۆڤەمبەر 2023 لە عیشقئابادی پایتەختی تورکمانستان شاندی عێراقی و شاندی تورکمانستان واژۆیان لەسەر پرۆتۆکۆڵیک کرد کە مەرجە سەرەکییەکانی بازرگانی فرۆشتنی گازی تورکمانستان بە عێراق تێدایە، بەپێی پرۆتۆکۆڵەکە ساڵانە تورکمانستان 9 ملیار مەتر سێجا گاز ئێران بکات و ئێرانیش بەهەمان قەبارە گاز هەناردەی عێراق بکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە محەممەد شیاع سوودانی لە رۆژی4 ئایار 2023 لە بەغدا رایگەیاند[1] " لەماوەی یەک بۆ سێ ساڵی داهاتوودا کۆتایی بە هاوردەکردنی گاز دەهێنین"، کەچی ئەگەر رێککەوتنە نوێیەکە جێبەجێ بکرێت بۆ ماوەی 5 ساڵ عێراق گازی تورکمانستان هاوردە دەکات!
ئەم پێشڤەچوونە خێرایەی نێوان تورکمانستان و عێراق لەبواری گاز دەگەڕیتەوە بۆ مانگی هەشتی 2023، دوای سەردانی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ تورکمانستان و سەردانی مەقسەد بابایێڤ، وەزیری دەوڵەتی تورکمانستان بۆ کاروباری گاز لە 5ی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ بەغدا و سەردانی رۆژانی رابردووی وەزیری کارەبای عێراق بۆ تورکمانستان. لەوانەیە هەموو ئەمەش پەیوەندی بە سزاکانی ئەمریکاوە لەسەر ئێران هەبێت، چونکە هاوینی ئەمساڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای چەندین جار درێژکردنەوە، 120 رۆژی دیکەی بۆ لێخۆشبوون لە هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق دەرکرد. ئێستا ئەم درێژکردنەوەیە بەرەو کۆتایی دەڕوات و وادەردەکەوێت کە ئەمریکا چیدیکە لەم رووەوە نەرمی نەنوینێت.
ئەگەر ئەم رێککەوتنە واژۆی کۆتایی بکرێت، دوو شتی گرنگ هەیە کە پێویستە سەرنجی بخەینەسەر، یەکەمیان رێککەوتنی تۆتاڵ ئینرجی فەرەنسی و وەزارەتی نەوتی عێراقە کە دوای ساڵیک لەدواکەوتن، دواجار لە هاوینی 2023دا رێککەوتنەکە کرا و بەوجۆرەش واژۆی گەورەترین وەبەرهێنانی بیانی لە کەرتی وزەی عێراقدا کرا. بڕیارە کۆمپانیای تۆتاڵ ئینرجی بە بڕی 27 ملیار دۆلار وەبەرهێنان بۆ پەرەپێدانی ئەم کەرتە بکات، بەتایبەتیش بەرهەمهێنانی گاز، لەسەرووی هەموویانەوە کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ!
دووەمیان، پرۆژەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و گرێبەستە نوێیەکان بۆ کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ، کە ئێستا بەپێی داتاکانی بانکی جیهانی لە 2022دا، لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە 198 کێڵگە و بیری بەرهەمهێنانی نەوتدا گازی-هاوەڵ[2] دەسووتێنرێت، کە قەبارەکەی 17.94 ملیار مەتر سێجا کە ئەگەر بفرۆشرێت بەهاکەی سەروو 2.05 ملیار دۆلارە[3].
لێرەدا هەڵوەستەیەک لەسەر چۆنیەتی هاوردەکردنی گاز لە تورکمانستان و بەڵینەکەی سوودانی و چارەنووسی پرۆژە ملیارییەکان بۆ کۆتایهێنان بە سووتانی گازی- هاوەڵ و بڕی سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە و بیرە نەوتی و گازییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین.
گازی تورکمانستان؛ گورزێک لە رێککەوتنەکەی تۆتال لە عێراق
ئەگەر لێکتیگەیشتنامە و پرۆتۆکۆڵە واژۆکراوەکان بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا عێراق ساڵانە 9 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی تورکمانستان هاوردە دەکات. لەکاتێکدا، هاوردەکردنی گازی تورکمانستان بۆ عێراق راستەوخۆ نابێت، بەڵکوو لەڕێگەی ئێرانەوە دەبێت، بەشێوەیەک ئێران ساڵانە 9 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی هەناردەی عێراق بکات، بەهەمان قەبارەش تورکمانستان گازی سرووشتی بۆ باکوور و باکووری-رۆژئاوای ئێران هەناردە بکاتەوە.
ئەم شێوازەی کارکردنە یاخود گۆڕینەوەی گازە پێشتر لەلایەن تورکمانستان و ئێرانەوە کراوە، بۆ نموونە لە 2021دا تورکمانستان گرێبەستێکی بۆ دابینکردنی 1.5 بۆ 2 ملیار مەتر سێجا گاز بۆ ئازەربایجان لەڕێگەی ئێرانەوە کردووە.
لەڕاستیدا، ئەم هەوڵەی تورکمانستان پەیوەستە بە دوو خاڵەوە، یەکەمیان کێشەی پێنەدانی پارەی هەناردەکردنی گازی سرووشتی تورکمانستان بۆ ئێران، وەک ئەوەی لە هاوینی 2017دا روویدا. دووەمیشیان پەیوەستە بە هەوڵی تورکمانستان بۆ هەمەجۆرکردنی رێگاکانی هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ دەرەوە، بەتایبەتیش دوای تێکچوونی رێککەوتنی بازرگانی گاز لەگەڵ رووسیا لە 2009. هەربۆیە، لە 2010دا تورکمانستان بۆرییەکی گازی 182 کیلۆمەتری لە کێڵگەی گازی دۆڤلێت ئابادەوە بۆ کێڵگەی گازی خانگیران لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران راکێشاوە، کە توانای هەناردەکردنی 6 ملیار مەتر سێجای لەساڵێکدا هەبووە و بەمدواییانەش دوای دانانی پەمپی دیکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردن، تواناکەی دوو هێندە بووە. ئەمەش سەرەڕای هەبوونی بۆرییەکی گازی کۆن بەدرێژایی کەناری قەزوین کە لەکێڵگەی کۆرپێدزی تورکمانستان بۆ کوردکوی ئێران، کە لە ساڵی 1997 بنیاتنراوە و ساڵانە توانای گواستنەوەی 8 ملیار مەتر سێجا گازی هەیە.
لەڕووی گازی سرووشتییەوە تورکمانستان لەسەر ئاستی جیهان بۆ گاز پلەی چوارەمینی جیهانی هەیە، کە خاوەنی رێژەی 10% کۆی گازی سرووشتی دۆزراوە یاخود یەدەگە. لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا وەبەرهێنانی گەورەی لە بەرهەمهێنانی گاز و بۆرییەکانی گواستنەوەی گازی سرووشتی بۆ وڵاتان کردووە.
بەشێوەیەکی دیکە دەتوانین ئەم رێککەوتنە بە لەباربردنی رێککەوتنەکەی تۆتاڵ ئینرجی و وەزارەتی نەوتی عێراق دابنێین، کە لە مانگی نۆی 2021 واژۆکرا و دواتر لە 11ی حەوتی 2023دا دووبارە واژۆکرایەوە. هەروەها، بەپێی رێککەوتنەکە پرۆژە سەرەکییەکان بریتییە لە بەرهەمهێنانی گاز لە ویست قۆڕنە-2، مەجنوون و ئەرتاوی، توبا و لوهەیس لە باشووری عێراق، کە توانای بەرهەمهێنانی گازی رۆژانەیان 300 ملیۆن پێی سێجا گاز بێت.
هەموو ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادەکاری بۆ راگەیاندنی گەڕی شەشەمی گرێبەستە گازی و نەوتییەکان لە مانگی یەکی 2024دا دەکات، کە نزیکەی 30 بلۆکی نەوتی و گازییە و لە 14 گرێبەست پێکدێت، کە بەپێی زانیارییەکان 11 گرێبەستی نوێیان بۆ بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکانە لە عێراق و 8 کێڵگەشیان کەوتووەتە پارێزگای ئەنبارەوە.
بەڵینەکەی سوودانی و چارەنووسی پرۆژەکانی گازی سرووشتی و گازی هاوەڵ لە عێراق
بەپێی داتاکانی بی پی BP ،لە 2021دا عێراق 9.4 ملیار مەتر سێجا گازی بەرهەمهێناوە، بەڵام لە بەرامبەردا 17.1 ملیار مەتر سێجا گازی بەکارهێناوە، واتە لەو ساڵەدا 7.7 ملیار مەتر سێجا گازی هاوردەکردووە. هەروەها، لە ساڵی رابردوودا عێراق 9.8 ملیار مەتر سێجا بەرهەمهێناوە، بەڵام بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی، نزیکەی 9 ملیار مەتر سێجای لە ئێرانەوە هاوردە کردووە. هەربۆیەش رۆژی 4ی ئایار 2023، محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند " ئێمە رۆژانە پارە دەسووتێنین، رۆژانە 1.2 ملیار پێی سێجا گاز دەسووتێنین! کەچی گاز هاوردە دەکەین و رۆژانە نزیکەی 1 ملیار پێی سێجا گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکەین! کە تێچووەکەی ساڵانە لە 4 ملیار دۆلار کەمتر نییە!".
بەپێی تراکەری هاوبەشی کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵی جیهانی (GGFR) بانکی جیهانی، عێراق بە پلەی دووەم دێت لەدوای رووسیا، کە بەشێوەیەک لە 2022دا گەیشتووەتە 17.94 ملیار مەتر سێجا، لەکاتێکدا لە 2012دا تەنیا 12.7 ملیار مەتر سێجا بووە، واتە لە دەیەی رابردوودا، 5.24 ملیار مەتر سێجا بەفێرۆدان و سووتاندنی گازی هاوەڵ زیادیکردووە.
گرافیک 1: نیشاندەری سووتانی زۆرترین گازی ساڵانە لە لایەن 10 وڵاتی جیهانەوە لە 2012 بۆ 2022
سەرچاوە: بانکی جیهانی، تراکەری GGFR 12-11-2023
لەڕوویەکی دیکەوە بەپێی هەمان تراکەری بانکی جیهانی ، بیرێکی نەوتی لە کێڵگەی نەوتی ویست قۆڕنە-2 کە لەلایەن لوکئۆیڵ بەڕێوەدەبرێت، لەسەر ئاستی جیهان پلەی یەکەمە لە سووتانی گازی هاوەڵ و ساڵانە بە قەبارەی 1.18 ملیار مەتر سێجا گازی هاوەڵ دەسووتینێت. هەروەها، بە پلەی دووەم بیرێکی نەوتی لە کێڵگەی سانتا باربارای فەنزوێلا دێت، کە ساڵانە 1.07 ملیار مەتر سێجا گازی هاوەڵ دەسووتینێت. لەکاتێکدا لەو 50 کێڵگە و بیرە نەوتییەی لە جیهاندا زۆرترین گازی هاوەڵ دەسوتێنرێت و بەفیڕۆ دەچێت، 13 کێڵگە و بیرە نەوتییان لە عێراقن.
ئەگەر بە جیا لە عێراق سەیری هەرێمی کوردستان بکەین، بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە و بیرە نەوتییەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، ئەوا لە کێڵگە و بیرە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستاندا بڕێکی زۆر کەم گازی هاوەڵ دەسوتێندرێت.
لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی ساڵانە (2022)، زۆرترین گازی بەفیڕۆچوو لە کێڵگەی نەوتی رومەیلەیە کە 2.7 ملیار مەتر سێجایە، بەدوایدا کێڵگەی نەوتی زوبیر کە 2.5 ملیار مەتر سێجایە، و بەپلەی سێیەمیش کێڵگەی نەوتی وێست قۆڕنە-2 دێت کە ساڵانە 1.5 ملیار مەتر سێجای تێدا دەسوتێندرێت. ئەم سیانە پێکەوە ساڵانە 6.7 ملیار مەتر سێجا گاز بەفێڕۆ دەدەن، کە سەروو نیوەی ئەو بڕەیە کە ساڵانە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت و بڕیارە لە داهاتوودا لە تورکمانستانەوە هاوردە بکرێت.
هەروەها، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەرزترین ئاستی سووتاندنی گازی هاوەڵ لە کێڵگەی نەوتی خۆرمەڵەیە کە ساڵانە دەگاتە 0.655 ملیار مەتر سێجا، نزمترین ئاستیش لە کێلگەی گازی کۆرمۆر تۆمار کراوە کە 0.9 ملیۆن مەتر سێجایە وەکو لە گرافیکی دووەمدا هاتووە.
گرافیک 2: سوتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتی و گازییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە 2022
سەرچاوە: بانکی جیهانی، تراکەری GGFR 12-11-2023
کۆتایی
ئەگەر لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا رێککەوتنی عێراق و تورکمانستان بۆ گازی سرووشتی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا بەڕوونی چەند خاڵیکی سەرنجڕاکیش لەبارەی پرۆژەکانی وەبەرهێنانی گازی سرووشتی لە عێراق و توانای عێراق بۆ پشتبەستن بە بەرهەمهێنانی گاز و کەمکردنەوەی سووتانی گازی-هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دەهینێتە ئاراوە، لەسەروو هەموویانەوە:
- رێککەوتنی تۆتاڵ ئینرجی و وەزارەتی نەوتی عێراقی، چونکە وادەردەکەوێت رێککەوتنەکە تەنیا لەسەر کاخەزە، ئەگینا عێراق رێککەوتنی بەرایی و واژۆی پرۆتۆکۆڵی لەگەڵ تورکمانستان بۆ هاوردەکردنی 9 ملیار مەتر سێجا گازن بۆ ماوەی 5 ساڵ نەدەبردە پێشەوە.
- عێراق جارێکی دیکە ناڕاستەوخۆ پەیوەست دەبێتەوە بە ئێران بۆ هاوردەکردنی گاز، راستە ئەمجارە دۆلارەکەی عێراق دەڕواتە گیرفانی تورکمانستان، بەڵام ئێران پێشتریش گازی لە تورکمانستانەوە هاوردە کردووە و کێشەی پێدانی پارەکەی هەبووە.
- بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکمانستان رێککەوتنەکە بۆ ماوەی 5 ساڵ، ئەوا بەڵینەکەی ئەم کابینەش بۆ کۆتایهێنان بە سووتانی 1.2 ملیار گازی-هاوەڵ و بەتایبەتیش بەڵینەکەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ کۆتایهێنان بە سووتانی پارە جێبەجێ ناکرێت.
- نازانرێت چارەنووسی خوولی شەشەمی گرێبەستە نەوتی و گازییەکان بەکۆی دەگات، لەکاتێکدا زۆربەی کێڵگەی گازییەکان، لە خولی پێنجەمدا بەهۆی هەبوونی مەرجی زۆرەوە سەرنجی وەبەرهێنانی بیانی رانەکێشابوو. هەربۆیەش لە خووڵی شەشەمدا دووبارە دەخرینەڕوو.
لەکۆتاییدا، راستە رێککەوتنی بەرایی، لێکتیگەیشتنامەی هاوبەش و پرۆتۆکۆڵی مەرجە بازرگانییەکان کراوە، بەڵام پرسیارێک لێرە دێتە ئاراوە ئایا رێککەوتنی کۆتایی دەکرێت و دەچیتە بواری جێبەجێکردنەوە؟ وەزارەتی کارەبا یاخود وەزارەتی نەوت لەگەڵ کۆمپانیای تورکمانستان گاز دەیکات؟ چونکە لەوانەیە وەزارەتی نەوت و وەزارەتی کارەبای عێراق ئاگایان لە هەوڵەکانی یەکتری نەبێت، هەربۆیەش وەزارەتی نەوت هەوڵی زیادکردنی بەرهەمی نێوخۆیی گاز و کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ و کڕینی لەنێوخۆ و پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکان دەدات، لە بەرامبەردا وەزارەتی کارەبا هەوڵی زامنکردنی سەرچاوەی گازی بەردەست دەدات بۆ کارەبا!
[1] لە دیداری بەغداد، لە 4ی ئایار 2023، لە ماوەی نێوان 2:04:00 بۆ 2:04:50
[2] گازی –هاوەڵ بەو گازە دەوترێت کە لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوت بەرهەمدەهینرێت
[3] لەڕووی نرخەوە بۆ هەر MMBTU 2.5 دۆلار دانراوە. واتە 1000 پێی سێجا بە 2.5 دۆلار دانراوە، کە ئێستا نرخی یەک MMBTU سەروو 3 دۆلار لە بازاڕ.