RRC |
د.هەڵمەت غەریب-
راوێژكار لە ناوەندی لێكۆلینەوەی رووداو|
پێشه‌كی
لە ۆرژانی رابردوودا كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند كە ئەوان دەتوانن هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەببەن، هەلومەرجەكەی بۆ بڕەخسێندرێت. یەكێك لەوانەش یاسای دادگای باڵای فیدراڵییە وەك مەرجەعی پەسەندكردنی یان رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.
ده‌ستوری ساڵی 2005عێراق له ماده‌ی (92)دا باسی دادگای باڵای فیدراڵی كردووە وله‌ماده‌ی (93)شدا تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی روونكردۆتەوه. ئه‌ركی داوە بە سه‌ر ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كە یاسای بۆ ده‌ربكات تا چۆنیه‌تی دروستكردن و پێكهاته و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بە تەواوی روون بێتەوە. به‌ڵام ئەنجومەنی نوێنەران تا ئێستا خۆی له‌قه‌ره‌ی ئه‌م بابه‌ته نه‌داوه. ئه‌م دادگای باڵای فیدراڵییەی كە ئێستا هەیە به فه‌رمانێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له قۆناغی گواستنه‌وه، له‌سالی 2004 دروست بووه. واته ساڵێك پێش نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق دامەزاروە، بۆیه ده‌توانین بڵێین ئه‌م دادگایه به پشت به‌ستن به‌ده‌ستوور دروستنه‌كراوه به‌ڵكو له‌ژێر رۆشنایی ماده‌ی (44)ی یاسای به‌ڕێوه‌بردنی عێراق بۆ قۆناغی گواستنه‌وه دروست بووه كه خودی یاساكه‌ش له‌پاش ده‌رچونی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه. گرفته‌كانی ئه‌م دادگایه زۆرن بەڵام، ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه جێی بایه‌خی ئه‌م قۆناخه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی عێراقه، ئەوەیە كە هەم لە غیابی دادگای باڵای فیدراڵیداین و هەمیش له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌ختی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانداین؟ بۆیه لێره‌دا پرسیار ئەوەیە كە ئایا پێویستە بەرلە هەڵبژاردن یاسای دادگای فیدراڵی پێشتر یه‌كلا بكرێته‌وه؟ ئایا به‌بێ بوونی دادگای باڵای فیدراڵی دەكرێ هه‌ڵبژاردن بكرێت؟
كێشه بنیاتیه‌كانی دادگاكه چین؟
وه‌ك له ماده‌ی (92-93) ی ده‌ستوری هه‌میشەیی عێراقدا ئاماژه‌ی پێكراوە، پێویستە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به رێژه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ربكرێت و دوباره دروستبكرێته‌وه. به‌ڵام تائێستا ئه‌و یاسایه ده‌رنه‌كراوه. ناكۆكیی له‌نێوان لایه‌نه سیاسیه‌كان له‌سه‌ر ده‌ركرنی یاساكه هەیە و گه‌وره‌ترین گرفتی دادگاكه‌ش بریتیه له‌و گرفته بنیاتیه‌ی كه‌وا دادگاكه به‌پێی بنه‌ماكانی ده‌ستوری عێراق دروست نه‌بووه. ئه‌مه‌ش وایكردوه ره‌چاوی ئه‌و مه‌رجانه نه‌كرێ كه ده‌ستور بۆ دروستكردن و دیاریكردنی ئه‌ندامه‌كانی دیاریكردوه كه پێویسته له ژماریه‌ك دادوه‌ر و فقهای یاسا و فقهای شه‌ریعه‌ی ئیسلامی پێك بێن. بۆیه ئه‌م دادگایه تائێستا وه‌ك ئامڕازێكی سیاسی وابووه به‌ده‌ست هێزی باڵاده‌ستی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراقدا. بۆئه‌وه‌ی خۆمان له‌و گرفته قوڵه رزگار بكه‌ین، پێویستە به‌رله‌هەر شتێك یاسایەك بۆ دادگاكه دەربكرێت و سه‌رله‌نوێ بنایت بنرێته‌وه. له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه به‌بێ بونی دادگای فیدراڵی ئه‌سته‌مه هه‌لبژاردن به‌ڕێوه بچێت.
دادگای باڵای فیدراڵی تاكه لایه‌نه كه چاودێره به‌سه‌ر هه‌موو یاسا ورێسا فیدراڵیه‌كانه‌وه كه‌وا له عێراق ده‌رده‌چن. ئەمە په‌سه‌ند كردنی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش دەگرێتەوە. هەڵبەت ئێستا لەبەرخانه‌نشین بوونی یه‌كێك له‌ئه‌ندامه‌كانی كه 9كه‌سن، دادگاكه ناتوانێت هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌ك بكات و په‌كی كه‌وتووه. چونكه كۆبونه‌وه‌كان و بریاره‌كانی دادگاكه به ئاماده‌بونی هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی ده‌بێت و له‌ئەگەری ئاماده‌نه‌بوون یان خانه‌نشین بوون یان مردنی یەكێكیان، دادگا په‌كی ده‌كه‌وێت وناتوانێت كۆبێته‌وه. ئێستا عێراق له‌به‌رده‌م هەڵبژاردنێكی پێشوه‌خته‌دایه كه گرفتی زۆر هه‌یه. له‌سه‌ر كاتی ئه‌نجامدانه‌كه‌ی هیچ كۆده‌نگیه‌ك دروست نه‌بووه. پرۆسه‌ی سیاسی و په‌رله‌مانی له‌عێراق تاڕاده‌یه‌ك به‌هۆی راگه‌یاندنی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌وه په‌كی كه‌وتووه.بۆیە له‌به‌رده‌م دوو گرفتی گه‌وره‌داین. یه‌كه‌میان نه‌بوونی كۆده‌نگیه‌كی سیاسی و بوونی گرفت و ململانێ له‌نیوان سه‌رۆكوه‌زیران و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانە به‌هۆی دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردن و ئەوی دیكەشیان په‌ككه‌وتنی دادگای باڵای فیدراڵییە. ئه‌م دوو گرفته ده‌مانگه‌یه‌نێت به‌و راستیه‌ی كه به‌م دۆخەوە زه‌حمه‌ته هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد بكرێت.
ئەنجام
رێگاچاره‌ی ده‌رچوونی عێراق له‌م قه‌یرانه یاساییه بریتییه لە هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ژماری (30)ی سالی (2004 )ی دادگای باڵای فیدراڵی یان ده‌ركردنی یاسایه‌كی نوێ بۆ دادگاكه له ژێر رۆشنایی ماده‌ی (61) ده‌ستوردا كه ده‌سه‌ڵاتی ده‌ركردنی یاساكه‌ی به ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران داوە. له‌ئێستادا دوو پرۆژه یاسا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته یاساییە له په‌رله‌مانی عێراقدا هه‌یه كه پێویسته به‌رله (6) مانگ له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان كێشه‌ی دادگای فیدراڵی یه‌كلایی بكاته‌وه یان به ده‌ركرنی یاسایه‌كی نوێ كه پرۆژه‌كه‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی كۆماره‌وه ئاماده كراوه و نێردراوه بۆ په‌رله‌مان، یان بەهه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسا كۆنه‌كه كه ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه پرۆژه‌یەكی هه‌مواركردن ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كراوه كه پێویسته په‌رله‌مان له‌م وه‌رزه‌ی یاسادانانی خۆیدا ئه‌م بابه‌ته یه‌كلایی بكاته‌وه. چونكه ئه‌سته‌مه به‌بێ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی دۆسییه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی هه‌ڵبژاردن بكرێت.