شرۆڤە

هەڵبژاردن و نادڵنیاییە ستراتیژییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان

12-10-2025


بەرایی  

لەم رۆژانەدا دەستەواژەی جیاجیا لەبارەی هەڵبژاردن دەگوترێت. نوری مالکی گوتویەتی بەشداری نەکردن لە واتای تەسلیم بوونە بە شەیتان، هادی عامریش وەک شەڕی مانەوە ناوی بردووە. قەیس خەزعەلی باسی لەهەبوونی "پرۆژەی مەترسیدار بۆ عێراق" کردووە و گوتوویەتی دەشێ خەڵک بەشداری بکەن، رێک پێچەوانەی ئەو داوایەی موقتەدا سەدر کە بۆ بایکۆت کردبووی. لەبەرەی سوودانی هەوایەکیتر هەیە و، ئەو داوا لە دەنگدەران دەکات کە رێگەی بدەن "کارە نێوەچڵەکانی" تەواو بکات. دواجار ئامانجی دروشمەکان راکێشانی خەڵکە بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان کە لەوانەیە یەکێک لە گەورەترین تەگەرەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارە بێت بەڵام تەنیا ئەوە نیە! و پرسە سەرەکییەکە ئەوەیە کە عێراق لە دۆخی نادڵنیاییەکی ستراتیژیدا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات. 

 لەماوەی کورتخایەندا، لانیکەم ماوەی یەک ساڵی داهاتوو  یەکلاکەرەوە دەبێت سەبارەت بەوەی کە دۆخەکەی باشتر دەبێت یان بەرەو ناسەقامگیرییەکی نوێ مل دەنێت. ئەمە تاقیکردنەوەیەکی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی کە ئایا دوای هەڵبژاردن بەهۆی دۆخی نێوخۆیی، پاشلەرزەکانی گرژی - پێکدادانە ناوچەییەکانەوە بەرەو ئاڵۆزییەکی زیاتر دەڕوات یان بە پارێزراوی ئەم قۆناخە تێپەڕ دەکات.

ئایدیای"یەکەمجار عێراق" لە گرژییەکاندا دەیخوات؟

 لەوانەیە دروشمی "یەکەمجار عێراق" کە پێدەچێ سوودانی بە قەرز لە ترەمپی وەرگرتبێ، لە هەڵبژاردندا بە کەڵک بێت بەڵام ئەستەمە لە گرژییە گریمانەییەکانی داهاتوودا بیخوات. ئەم دروشمە هەڵگری ئایدیایەکە سەبارەت بەوەی کە بەغدا دەتوانێت لە گرژییەکانی ناوچەکەدا سەرەتا لە بیری خۆیدا بێت وەک ئاماژەیەک بۆ بێلایەنبوون. محمەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پیشتر گوتبووی لە شەڕی ١٢رۆژەی ئێران و ئیسرائیل دا  ٢٩ جار رێگەی لە هێرشی درۆن و موشەکی گرووپە چەکدارییەکانی عێراق بۆ سەر ئیسرائیل گرتووە بۆ ئەوەی شەڕەکە داوێنی بەغدا نەگرێت. هەرچەند دەکرێ سەرۆکوەزیران لەم بابەتەدا، هاوشێوەی بابەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەحمەد شەرع، لەگەڵ گرووپە چەکدارییەکان و هەندێک لە سەرکردەکانی دیکەی شیعە وەک نوری مالکی و قەیس خەزعەلی جیاوازی هەبێت، بەڵام بەئەگەری زۆر دوورهێشتنەوەی عێراق لەشەڕی ١٢ رۆژە، بەرهەمێکی ئەمریکی- ئێرانی بوو نەک تەنیا خواستێکی عێڕاقی. هەر لە بنەڕەتدا لایەنە سەرەکییەکان بڕیاریکیان نەبوو کە شەڕ بخەنە سەر خاکی عێراق و هەردوولا بۆ ئاسمانەکەی پێ گیرابوون. ئیسرائیل بۆ فڕۆکە دەیویست و ئێرانیش بۆ تاقاندنی موشەک. بەڵام وادیارە ئێستا لە سێبەری باسەکانی ئەگەری و شەڕ و ناشەڕدا، بایەخی خاکی عێراق لە ستراتیژی لایەنە جیاوازەکاندا زیاتر بووبێ و ئەوەش کاری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو قورستر دەکات.

٦ سزای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران گەڕایەوە و ئەمەش لە سادەترین واتای خۆیدا- ئەگەر بە توندی جێبەجێ بکرێن - واتای دۆخێکی ئابووری قورس، دروستبوونی تەگەرە بۆ فرۆشتنی نەوت و دەستکەوتنی دۆلار و  کڕینی چەکەمەنی دێت. بە هۆی هەبوونی تالیبان لە رۆژهەڵات و ئازەربایجانی هاوپەیمانی ئیسرائیل لە ملی باکوورەوە، عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت بایەخێکی ئێکجار گەورەتری بۆ تاران پەیدا کردووە، بەڵام عێراقیش لە ژێر زەڕەبینی ئەمریکادایە؛ چەند رۆژ بەرلە ئێستا واشنتن کۆمپانیای موهەندیس و چەندین بەڕێوەربەری دیکەی بانکە عێراقیەکانی بە پاساوی یارمەتیدانی دارایی ئێران خستە ژێر گەمارۆوە. پێشتریش هەر بەو پاساوە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەیست بە ڤیزاکارت و ماستەرکارت لەلایەن بەشێک لەبانکە عێراقییەکانەوە سنووردارکردبوو. باسی ئەوەشی کردبوو کە لێناگەڕێت ئێران لە ڕێی عێراقەوە بە قاچاخ نەوت بفرۆشێت. هەڵبەت سەرەڕای هەموو ئەوانەش عێراق یەکێک لە دوایین دەرفەتەکانی ئێرانە و پێناچێت سەرەرای گوشاری ئەمریکا هەروا بە ئاسانی کۆڵی لێ بدات. بەدەر لە گرنگە ئابوررییەکەی لە دۆخی گەمارۆکاندا، بایەخی گوزەرگایی عێراق لە ستراتیژی نوێی ئێراندا زیادی کردووە. 

بەگشتی پێدەچێ هێڵە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئێران لە دوای شەڕی ١٢ رۆژە، درێژەپێدان بە هاوکاری لەگەڵ چین و روسیا، توندکردنی تۆڕەکانی پەیوەندی ناوچەیی و دەستگرتن بە عێراق و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ شەڕی موشەکی بێت.

رابەری ئێران گوتویەتی کێشەی ئەوان و ئەمریکا چارەسەرێکی نییە و ئەوانەش کە داوای گفتوگۆ ئەکەن، رووکەشانە سەیری شتەکان دەکەن. پێدەچێ ئەمەش رەتکردنەوەیەکی قسەکانی بەرەی ریفۆرمیستەکان و کەسانی وەک حەسەن رۆحانی سەرۆ ککۆماری پێشووتری ئێران بێت کە گوتبووی کەمکردنەوەی گرژییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا "واجبە". هاوکات لە گەڵ ئەوەدا سەرۆککۆماری ئێران عەلی لاریجانی کرد بە سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کە  بە یەکێک لە ئەندازیارەکانی نیگای ئێران بەرەو رۆژهەڵات سەیر دەکرێت وەک ئەو رۆڵە تایبەتەی لە رێککەوتننامەی ٢٥ ساڵەی چین و ئێراندا هەیبوو،  یان ئەو رێککەتننامە ٢٠ ساڵییەی کە تاران و مۆسکۆ واژۆیان کرد.

لادانی عەلی ئەکبەری ئەحمەدیان و دانانی لاریجانی لە شوێنەکەی، هەروەها دانانی عەلی شەمخانی و سەعیدی جەلیلی لە ئەنجومەنی بەرگری، دەتوانن نیشانەی ئەوە بن کە ئێران لە سیاسەتی ناوخۆدا  لە جیاتی گوێگرتن لە ریفۆرمیستەکان بایەخ بە باڵی ئوڵتراموحافزەکاری سیستەمەکەی دەدات کە دەشێ سەعیدی جەلیلی یەکێک لە نوێنەرەکانی بێت. لە ئاستی ستراتیژی سەربازیشدا، سەرەڕای ئەوەی کە ئێرانییەکان باس لە بەردەوامیدان بە پێتاندنی یۆرانیۆم و بەرزکردنەوەی مەودای موشەکەکانیان دەکەن، لەوانەیە ئەمجارە زیاتر گرنگی بە ستراتیژەکانی وشکانی و دەریایی بدەن، ئەمەش بەدەر لەوەی کە شەڕ رووبدات یان نا. عەلی شەمخانی پێشتر  رابردووی فەرماندەیی هێزی دەریایی ئێرانی هەیە و عەلی لاریجانیش یەکێک لە فەرماندەکانی پێشووی سوپای پاسدارانە کە بۆ خۆی لە نەجەف لە دایک بووە! لاریجانی دوای وەرگرتنی پۆستەکەی یەکەم سەردانی دەرەوەی خۆی بۆ عێراق و لوبنان کرد. محەمەد باقری قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانش کە خۆی کۆنە سوپاییە، گوتوویەتی ئێمە ئەگەر لە گۆلان شەڕی ئیسرائیل نەکەین دەبێ لە جەلەولا شەڕ بکەین.  عەلی لاریجانیش لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوە کردووە کە ئەوان گرووپەکانی موقاوەمە دروستناکەن بەڵام پشتگیرییان لێ دەکەن. لە راستیدا ئەمانەش دەریدەخەن کە بایەخی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ستراتیژی ئێران لە ئاستێکی بەرزدایە. وەک چۆن بنیامین نتانیاهۆش لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە راشکاوی هەڕەشەی لە سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق کرد ئەگەر بێتو بە قسەی خۆی هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.

ترسی عێراق لە سووریا؛ بەهێزبوونی خێڵەکان و ئەگەری خورتبوونەوەی داعش

 وەزارەتی شەڕی ئەمریکا لە کۆتاییەکانی ئەیلوولی ئەمساڵدا دەستی بە جێگۆڕکێی هێزەکانی کرد لە عێراق و بەرەو هەرێمی کوردستان کشایەوە. ئەمە لەلایەک دەستی سوودانی بەهێزکرد بەرامبەر گوتاری گرووپە چەکدارەکان کە دەرچوونی ئەمریکایان لێ کردبوو بە مەرج. لە هەمانکاتیشدا دەتوانێت دەستی گرووپەکانی نزیک لە ئێران ئاوەڵا بکات کە ئازادتر لە جاران بجووڵێنەوە. ئەمریکا گوتوویەتی گواستنەوەیەکی بەرپرسیارانە دەکات لە عێراق وەک ئاماژەیەک بە کشانەوە جەنجاڵییەکەی سوپای وڵاتەکەی لە ئەفغانستان کە زۆرجار ترەمپ رەخنەی لێگرتووە. ئەمە دەتوانێت سەرنج بۆ  ئەگەری  هەستانەوەیەکی دیکەی سووننەش لە عێراق رابکێشێت، ئەویش دوای ئەوەی کە ئێستا دەسەڵاتێکی ئیسلامی –سوننی لەودیوی سنوورەکانی عێراقەوە خەریکە جێ پێی خۆی قایم دەکات. ئەمریکاش وەرگۆڕانێکی گەورەی کردووە بەوەی کە لە شەڕی دژی تیرۆرەوە خەریکی رێگایەک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی کە لەگەڵ ئەوانەی کە جاران بە تیرۆریست ناوی دەبردن هاوکاری بکات. لە ئەفغانستان سەودای بنکەی ئاسمانی "بگرام"ی لەگەڵ تالیبان لەسەردایە و لەگەڵ جۆلانیش بەرنامەی رێگرتن لە نفوزی ناوچەیی ئێرانی هەیە. ئەمەش دڵەڕاوکێیەکی لای بەرپرسانی شیعەی عێراق دروست کردووە.

لەلایەکی دیکەوە هێرشی هەزاران چەکداری خێڵە بەدەوییەکانی سووریا بۆ سوەیدا لە مانگی ٧ی ئەمساڵ چەندەی بابەتێکی ناوخۆیی سووریاش بێت ئەوەندەش پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، چونکە بەشێک لەوانە خزم و کەسوکاریان لە عێراق هەیە. ئەمە بێجگە لەوەی کە دەتوانێت وەک مۆدێلێکی نوێی هەستانەوەی سوونی لە سیاسەت سەیر بکریت. سەرۆککۆماری سووریا بەودواییانە "ئەبو ئەحمەد زکور"ی سەرکردەی پێشووی هەتەشەی وەک راوێژکاری خۆی بۆ کاروباری خێڵەکان داناوە کە پیدەچێ نیشانەیەک بێت بۆ دامەزراوەیی کردنی رۆڵێ خێڵەکان لە سیاسەتی سووریای نوێ. خێڵەکان لە پرسە نێوخۆییەکانی وەک گوشار دانان لە سەر هەسەدە  و دروزییەکان بە کەڵکی شەرع هاتوون، بەڵام ئەمە بۆ عێراق چ واتایێکی دەبێت بە تایبەت ئەگەر رۆژێک بێت و دیمەشق لە سیاسەتی دەرەوەشدا بەکاریان بهێنێت.

 بێجگە لە پرسی خێڵەکان داعشیش هێشتا مەترسییەکی گەورەیە بۆ عێراق. هێشتا نزیکەی ١٥٠٠ چەکداری داعش لە عێراق و سووریا ماون و هەزاران کەسیس لە زیندانەکانی سووریان. دەوری ٣٠٨٠٠ کەس لە زیندانی و بنەماڵەکانی داعش لە هەردوو کەمپی رۆژ و ئەلهۆڵ لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا ماون کە ٨٠٧٢ کەسیان خەڵکی عێراقن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی دیکەش گەڕێندراونەتەوە. عێراق ترسی لە ئێستای سووریا کەمترە بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەم لە داعش هەمیش لە خێڵەکان نیگەرانە بۆیە دەستیکردووە بە دانانی دیوار لە سنوورەکانی خۆی لەگەڵ سووریا و بە پەرۆشەوە چاودێری دۆخەکەی دەکات. لە ماوەی کورتخایەنیشدا چارەنوسی هەسەدەشی بەلاوە گرنگە. پرسیارەکانی وەک ئەوەی کە ئایا هەسەدە بە ناوێکی دیکەوە هەموو یان بەشێک لە سنوورەکانی سووریا دەپارێزێت وەک ئەوە پێشنیارانەی کە ئێستا وەک چارەسەرێکی مامناوەندی لە نێوان هەڵوەشاندنەوە و هێشتنەوەی هەدەسەدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت یان بە جۆرێکی دیکە تێکەڵاوی سوپای سووریا دەبێت، ئایا هێزێکی سوپایی بۆ خێڵە بەدەوییەکان دروست دەکرێت یان نا، لە ریزی ئەو پرسیارانەن کە رەنگە عێراقیش مەراقی وەڵامەکانی بکات.

 کۆتایی

ترس و دڵەڕاوکێ لە کاریگەری رووداوە ناوچەییەکان لەسەر عێراق، دیاردەی سوودانی و بایکۆتەکەی سەدر لە ریزی گرنگترین ئەو بابەتان کە دەشێ ئاراستە بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بدەن کە پێدەچێ بۆ هەریەک لە ئەکتەر ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش جێی سەرنج بێت. لە کۆی ٢٩٤٥٠٠٠٠ دەنگدەر لە عێراق، تەنیا  ٢١٤٠٤٢٩١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی کە کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووە دەوری ١٩ ملیۆن کەسن. واتا هەر لەڕێیەوە ١٠ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار کەس بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەن. ئەمە بێجگە لەوەی کە هێشتا دیار نییە چ رێژەیەکی ئەو ١٩ ملیۆنەی کە ماون بەشداری دەکەن. ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی ملیۆنێک بە هۆی سەدرەوە بەشداری نەکات و رێژەی بەشداریکردنیش تەنانەت لە دەوری ٥٠٪ بێت- کە رەنگە زۆریش بێت- ئەوسا ئەنجامەکان دەتوانن لە سێ کەس تەنیا نوێنەرایەتی کەسێک بکەن، ئەمەش دەتوانێت تەگەرەکەیەکی گەورەبێت بۆ سیستەمی سیاسی. خاڵی دووەم ئەوەیە کە گرووپە نەریتییەکان شیعە چۆن رووبەڕووی سوودانی دەبنەوە کە سەرەتا وەک کەسێک خۆیان هێنایانە سەری کار و ئێستاآ وەک رکابەرێکی گرنگ لییان دەخوێنێ. بەشێک لە گرووپە نەریتیەکانی شیعە لە ٢٠٢١دا لە رکابەریی هەڵبژاردنیدا لەگەڵ سەدر بەرەو نابووتی ملیان نا و پێدەچی ئەمجارەش سوودانی بەشێکی دیکەیان بتوێنێتەوە، بەڵام واتای ئەوە نادات کە بە ئاسانی دەتوانێ ببێتەوە بە سەرۆکوەزیر.

 نەک تەنیا بۆ گرووپە شیعییەکان بەڵکو بۆ کورد و سوننەش لە ناوخۆ، هەروەها بۆ تورکیا، ئێران، ئیسرائیل، ئەمریکا و ئەوروپا و خەلیجیش گرنگە کە کێ دەبێتەوە بە سەرۆکوەزیران. پێدەچێ هەوای ئێستا بە قازانجی سوودانی بێت بەڵام بێشک ئەو رووبەڕووی ڤیتۆی رکابەرە شیعییەکانی خۆی دەبێتەوە هەرچەند کە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا پشتیوانێکی زۆریشی هەبێت. بۆیە دوور نییە پێشبینی دانوستاندنی توند بۆ پۆستی سەرۆکوەزیری داهاتوو بکرێت ئەگەر ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراو لە سندوقەکان دەرنەکەون. هەڵبەت ئەنجامەکانی هەڵبژاردان و دانوستاندنەکانی دوای هەڵبژاردن هەرچۆنێك بن، نادڵنیاییەکی گەورەتر لە پێشەرۆژی عێراقەوە دیارە. 

Share this Post

شرۆڤە