ئەم باباتە هەڵبگرە
بەرایی
هەڵبژاردنی ئەمجارەی توركیا خالێكی وەرچەرخانە. چونكە ئەوە دیار دەبێت كە ئایا پارتی داد و گەشە پێدان – ئەردۆغان دەچێتە ناو دەیەی سێیەمی حوكمڕانی خۆی و مۆرێك لە ساڵانی سەرەتایی سەت ساڵەی دووەمی كۆماری توركیا دەدات یان نا. ئەمە نەك تەنیا بۆ نێوخۆی توركیا بەڵكوو بۆ دنیای دەرەوەش خاڵیكی وەرچەرخانە و دەتوانێت ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی ئەنكەرە لە گەرمەی ململانێ هێزدارییە گەورەكەی جیهان روونتر بكات. گفتوگۆیەكی گەرمیش لە نێوخۆی كورد هەیە سەبارەت بەوەی كە مانەوەی ئەردۆغان باشە یان هاتنی كڵچدارئوغڵو. راستییەكەی، بە پێی ئەنجامی راپرسییەكان بێت، كورد لە نێوخۆی توركیا رۆڵێكی یەكلاكەرەوە پەیدا دەكات بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بۆ كورد لە ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی، نە ئەوەیە كە بە رۆیشتنی ئەردۆغان و هاتنی كڵچدار ئوغڵوو دنیا بۆ كورد ببێتە شامی شەریف، نە مانەوەی دۆخەكەش وەك خۆی رێگا بۆ سواربوونی داشەكەی خۆش دەكات.
كێ دەیباتەوە؟
بە گوێرەی ئەنجامی 24 راپرسی كە لە ماوەی 3 مانگی رابردوودا كراون، پارتی داد وهێشتا دادوگەشە پێدان بەهێزترین پارتی سیاسی توركیایە بەڵام پێناچێت ئەو هاوپەیمانییەی كە كردوویەتی هەمان بەختی هەبێت. ئەمەش وادەكات لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماردا، لە مارسۆنیكی نەفەس بڕدا بێت لەگەڵ هاوپەیمانییە شەش قۆڵییەكەی ركابەری. پارتی داد و گەشە پێدان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا 42.56%ی دەنگەكانی توركیای بردبوو بەڵام، بەگوێرەی ئەم راپرسییانەی ئێستا بێت لانیكەم 6%ی دەنگەكانی لە كیس دەچێت و وادیارە ئەوەش دەچێتە خانەی پارتەكانی عەلی باباجان و ئەحممەد داودئوغڵو كە هاوشانی پارتی سەعادەت لە لیستەكانی پارتی گەلی كۆمارییەوە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان كردووە.
خاڵێكی جێگەی سەرنج لێرەدا ئەوەیە كە پارتی داد و گەشەپێدان لە ماوەی 21 ساڵی رابردوودا كارنامەیەكی سەرنجڕاكێشی هەڵبژاردنی هەبووە. لە 2002 وە تا 2015 بەردەوام لە هەڵكشان بووە بەڵام لە 2015وە رووی لە داكشان كردووە. لوتكەی دەنگەكانی لە 2011 و دووەمین هەڵبژاردنی 2015دا بووە كە سەرووی 49%ی دەنگەكانی برد بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2018دا بۆ سنوورەكانی 42%دابەزی. پارتە سەرەكییە هاوپەیمانەكەیشی كە مەهەپەیە تووشی دابەشبوونێك بوو. رێژەی دەنگەكانیشی لە سنوورەكانی 16%ی 2015وە بۆ 11.1%ی هەڵبژاردنیی پەرلەمانیی ساڵی 2018دابەزی.
ساڵی 2015 خاڵێكی وەرچەرخان بوو بۆ پارتی دادو گەشە پێدان. پێگە جەماوەرییەكەی لە یەكەم هەڵبژاردنی ساڵی 2015دا كەوتە بەرباس و دەنگەكانی لەسەرووی 49%وە بۆ نزیكەی 41% دابەزی. كودەتاكەی هەمان ساڵیش خاڵێكی دیكەی وەرچەرخان بوو كە وایكرد ئەردۆغان دوو گۆڕانكاری گرنگ بكات. یەكەمیان پەنای بۆ ئیسلامییەكان- تەریقەت و جەماعەتەكان برد بۆ ئەوەی پێگەی بەرامبەر گولەنییەكان بەهێزتر بێت. ئەمەش لە ئەنجامدا ناچاری كرد كە روو لە سیاسەتێكی دەستوەردانی زیاتری ئایدۆلۆژی- دەوڵەت لە ئابووری و دووركەوتنەوە لە بنەماكانی ئابووری نێولیبراڵی بكات. سەرەڕای پێداگری بەشێك لە راوێژكارەكانی نرخی سوودی بانكی دابەزاند و بەوەش رێگای بۆ هەڵاوسانێكی زۆر كردەوە. لە ساڵی 2016وە 5 جار سەرۆكەكانی بانكی ناوەندی گۆڕی لە كاتێكدا زۆربەی سەرۆكەكانی پێشووتر بەڕێژەی 4-5 ساڵ لەو پۆستەدا مابوونەوە. ساڵی 2021 لە ریككەوتننامەی ئیستانبوڵ كشایەوە كە تایبەت بوو بە پاراستنی مافی ژنان و ساڵی 2011 لەگەڵ 44 وڵاتی دیكە ئیمزای كردبوو. مزگەوتی ئایاسۆفیای وەك بڕیارێكی سمبولێك بۆ دڵخۆشكردنی گرووپە ئیسلامییەكان بەڕووی عیبادەتی خەڵكدا كردەوە كە پێشتر كرابووە مۆزەخانەیەك و مێژوویێكی هاوبەشی لای كریستانییەكان و دواتریش عومسانییەكان هەبوو. دووەمیش ئەوە بوو كە لەدوای 2015وە سیاسەتی كرانەوە بەڕووی كوردی راگرت و لەگەڵ نەتەوەگەراكانی توركیا هاوپەیمانییەكی پتەوی بنیاتنا. ئەنجامی ئەمەش، راگیرانی پرۆسەی ئاشتی، ئەنجامدانی زیاتر لە 5 ئۆپەراسیۆنی گەوەری دەرەوەی سنوور و، دژایەتیكردنی گشتپرسی هەرێمی كوردستان بوو.
لە تەنیشت دابەشبوونی نێوخۆیی ئاكپارتی و دووركەوتنەوە لە كورد، فاكتەرێكی دیكەی كاریگەر هەیە لەم هەڵبژاردنەی ئەمجارەدا، ئەویش هاتنی دەنگدەری نوێیە. لە كۆی زیاتر لە 64 ملیۆن دەنگدەر، ئەمجارە نزیكەی 5 ملیۆن دەنگدەر هەن كە یەكەمجارە دەنگ بدەن و ئەمەش جیلی زێدە كە لانیكەم ئەزموونی سیاسەتە ئابووری- كۆمەڵایەتییەكانی نێوان ساڵانی 2002-2015ی ئاكپارتییان نیە و زیاتر دۆخی نالەباری ئابووری و سیاسیی ئێستایان لەپێش چاوە. ئەمجارە بە گشتی نزیكەی 30 ملیۆن دەنگدەری توركیا لە خوار 40 ساڵییەوەن كە ئەمەش پۆتانسییەلێكی گەورەی گۆڕانكارییە.
بە گوێرەی رێژەی هاوبەشی ئەنجامەكانی زیاتر لە 50 راپرسیی جیاواز، هاوپەیمانی جمهور كە پارتی داد و گەشە پێدان سەركردایەتی دەكات 44.6%ی كۆی دەنگەكان دەبات و هاوپەیمانییە شەش قۆڵییەكەی ركابەریشی 39.8%ی هەیە كە بە زیادبوونی دەنگەكانی هەدەپە، چانسی بردنەوەی سەرۆكایەتی كۆماری زیاترە. پارتی گەلی كۆماری لە 22.65%ی ساڵی 2018وە بۆ سەرووی 28% هەڵدەكشێت. راستییەكەی پارتی گەلی كۆماری لە شەش هەڵبژاردنیی پەرلەمانی رابردوودا لێهاتوویێكی وای پیشاننەداوە و رێژەی هاوبەشی دەنگەكانی لەو هەڵبژاردنانەدا 23% بوە كە لە 2011دا گەیشتبووە لوتكە و نزیكەی 26% ی بۆخۆی بردبوو. هەرچەند لە هەڵبژاردنیی شارەوانیی 2019دا دەنگەكانی گەیاندبووە 28.6%. هەڵبەت ئەمجارە كەمال كڵچدارئوغڵوو شتـێكی كرد كە ئەردۆغان نەیتوانی بیكات. ئەویش ئەوە بوو كە توانیی لە رەنگ و دەنگی جیاوازەوە بەرەیێكی سیاسی دژی ركابەرەكەی دروستبكات كە لە ئیسلامییەكانی نەیاری جەهەپەوە بگرە تاوەكو نەتەوەگەرا توندڕەوەكانی نەیاری هەدەپەشی تێدایە و بە بێ هیچ هاوپەیمانیێكی ئاشكرا، دەنگدەرانی هەدەپەشی لە دەوری خۆی گلێر كردەوە. ئێستا پارتێكی وەك "دەوا"ی باباجان كە هاوپەیمانی جەهەپەیە گوتاری سەرنجڕاكیشتری هەیە بۆ كوردەكان. رێك وەك ئەو سەردەمانەی كە ئاكپارتی هەنگاوی بوێرانەی سەبارەت بە پرسی كورد دەنا، باباجان داوای گۆڕینی مادەەكانی 42 لەگەل 66ی دەستوور دەكات كە بناخەی سەرەكیی پرسە ناسنامەییەكانی توركیا پێكدەهێنن. جەهەپە گوتارێكی روونی بۆ پرسی كورد نییە بەڵام بەو سیاسەتی هاوپەیمانییە و بە تاكتیكی نزیكبوونەوە لە بنەماڵە كوردییەكان وایكردووە لە هەندێك ناوچەی وەك دیاربەكر و ئورفا و چەند شوێنێكی دیكە هەست بە زیادبوونی جەماوەرەكەی بكرێت. ئەگەر شتێكی چاوەڕواننەكراو روونەدات ئەنجامی راپرسییەكان راست بێت، بە ئەگەری زۆر سەرۆككۆماری داهاتووی توركیا كەمال كڵچدارئوغڵوو دەبێت.
رۆڵی كورد چی دەبێت؟
هەدەپە لەبەر ئەگەری داخستن، بەناوی پارتی چەپی كەسك و بە هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی بەشداریی كردووەو بە گوێرەی ئەنجامی راپرسییەكان بێت، لەوانەیە لە نێوان 10%- 12%ی دەنگەكان بۆ خۆی ببات و پشتی كەمال كڵچدارئوغڵووش دەگرێت. هوداپار وەك دووەمین پارتی گەوەری كوردی لە هەڵبژاردنی رابردوودا 155539 دەنگ واتا0.31%ی دەنگەكانی بەدەستهێنابوو. بەهۆی زیادبوونی نفووسەوە رەنگە بەشێك لە دەنگەكانی زیادبكات و ئەویش پشتی ئەردۆغان دەگرێت. پارتی هاكپار وەك سێیەمین پارتی گەورەی كوردی، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2015دا بە نزیكەی 105000 دەنگەوە دەوری 0.23%ی دەنگەكانی بردەوە كە ئەویش چاوی لێیە لانیكەم دەنگەكانی زیاد بكات.
رۆڵی كورد بە دیاریكراوی 11%-12%ی هەدەپە لە یەكلاكردنەوەی سەرۆكایەتی كۆماردا گرنگە بەڵام تەنیا ئەوەش نییە. بە پێی ئەنجامی راپرسییەكان بێت و هیچ شتێكی لەناكاو روونەدات، هیچ یەك لە هاوپەیمانییە سەرەكییەكان ناتوانن 301 كورسیی پەرلەمان ببەنەوە. ئەمەش واتای ئەوەیە كە هەرلایەكیان بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی پێویستیان بە دەنگی پارتی چەپی كەسك دەبێت. راستە كە بە گوێرەی سیستەمی سەرۆكایەتی توركیا دەسەڵاتی سەرۆك زیاترە و لە بڕیارنامەكان و لە پێكهێنانی حكومەتیشدا منەتی بە پەرلەمان نییە بەڵام، بۆ بڕیاری گرنگی پەرلەمانی بە تایبەتی ئەگەر بەتەمای گۆڕینی دەستوور و سیستەم بن، دەنگی هەدەپە یەكلاكەرەوە دەبێت. ئا لێرەیە كە دەبێ چاوەڕی بین بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو رۆڵە گریمانەییە دەكات كە لەوانەیە پەیدای بكات و چۆن سیاسەتی پێ دەكات!
هەدەپە چاوی لەوەیە لانیكەم 100 ورسی بباتەوە كە رەنگە دوور لە واقیع بێت بەڵام راستییەكەی ئەم هەڵبژاردنە تاقیكردنەوەیەكە بۆ حیزبەش. هاوپەیمانییە سەرەكییەكەی لەگەڵ چوار پارتی چەپی توركییە كە تەنیا یەكێكیان كە ئەویش پارتی كرێكارانی توركیایە دەنگدەرێكی كەمی هەیە و زۆربەی پەرلەمانتارەكانیان بە دەنگی كورد دەچنە پەرلەمان.
خاڵێكی دیكەش ئەوەیە زیاتر لە نێوەی دەنگدەری تازەی توركیاش لە نێو كوردەكانەوەیە. بە شێوەی رێژەیی 13%ی دەنگدەری كورد لە 25 شاری گەورە دا كە حەوزی دەنگی كوردە، لەو دەنگدەرانەن كە بۆ یەكەمجارە دەنگ دەدەن. رێژەی ئەو جیلە تازەیە لە شوینەكانی وەك هەككاری، شڕناخ، دیاربەكر و ئورفا بەرزە و دەبێ چاوەری بین بزانین رەفتاری دەنگدانی ئەوان چۆن كاریگەری لەسەر دەنگەكانی هەدەپە دادەنێت.
توركیای كڵچدارئوغڵوو
ئەگەر ئەردۆغان بیباتەوە لانیكەم جارێ سیاسەتەكانی توركیا وا دەڕوات كە هەیە، هەرچەند هیوایەكی كەمیش هەیە بەوەی كە لەوانەیە بەرەبەرە دەست بە گۆڕانێك بكات، چونكە یەكگرتوویی ئەمجارەی ئۆپۆزیسیۆن مەترسییەكی راستەقینەی لەسەر دەسەڵاتەكەی درووستكرد. گەلێك كەس باسی ئەوە دەكەن كە ئەگەر ئەردۆغان بیدۆڕێنێت لەوانەیە كورسییەكەی چۆڵ ناكات. راستییەكەی ئەو لە ساڵی 2019 و 2015شدا دۆڕانی تاقیكردۆتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی كە كولتووری پاراستنی دەوڵەت لە توركیا بەهێزە. بۆیە كارێكی ئاسان نییە كە چۆڵی نەكات. ناكۆییەكانی ئەمدواییەی نێوان دەستەی باڵای هەڵبژاردن لەگەڵ پارتی دادو گەشە پێدان، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ نیشانەی ئەوەن كە بیرۆكراسیی توركی دەتوانێت كاری خۆی بكات و رەنگە ئاسان نەبێت كە سوپا بە تەنیا پاڵپشتی لە حیزبێك بكات. ئەگەر رێژەی دەنگەكان زۆر نزیكی یەك بن لەوانەیە گرژیدات بەڵام ئەگەر جیاوازییە زۆر بێت، بە ئەگەری زۆر دەسەڵات رادەست دەكات.
ئەگەر كەمال كڵچدارئوغڵوو بیباتەوە، تاماوەیەك هەر بە سیستەمی سەرۆكایەتی توركیا بەڕێوە دەبات. ئەمەش وەك باسی لێوەكراوە تا دووساڵێك دەخایەنێت، دیارە ئەگەر زۆرتریش نەبات.
رەنگە كەمال كلچدارئوغڵوو لە سیاسەتی دەرەوەدا بەرەو رەوتی نەریتیی سیاسەتی دەرەوەی توركیا بڕوات بەڵام لە بیرمان نەچێت كە دنیا بەرەو گۆڕانێك دەچێت و كاتی خۆی، خودی مستەفا كەمال ئاتاتوركیش سوودی لە ناكۆكیی هێزە گەوەركانی جیهان وەرگرتبوو بۆ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی خۆی. لە ئاستی ناوچەكەشدا زیاتر مەیلی بۆ هاوكاری ناوچەیی چووبوو، بۆیە ریككەوتنەكانی وەك سەعدئاباد و پەیمانی بەغداد هەر لەگەڵ نەریتی سیاسەتی ئاتاتوركیدا گونجاوبوون كە دەزانین چۆن بۆ كورد شكابوونەوە. نزیكەی ساڵێك پێش ئێستا كۆبوونەوەیەكەمان لەگەڵ یاریدەرەێكی كەماڵ كڵچدارئوغڵوو هەبوو. لێم پرسی كە سیاسەتی دەرەوەتان چۆن دەبێ ئەگەر بیبنەوە؟ رێك هەمان میكانیزمی هاوكاریی ناوچەیی بە فۆرمیكی دیكە باسكردەوە. ئەمەش شتیك نییە كە لە ناوەڕۆكدا لەگەڵ سیاسەتی ئێستای ئەردۆغان ناكۆك بێت كە ئەویش لە 2017وە دەستیپێكردووە. بێشك ئەگەر كڵچدارئوغڵوو بە تەما بێت لە ململانێ گەورەكەی جیهانیشدا لە نێوان ئەمریكا و رووسیا و چیندا، زیاتر بەلای رۆژئاوادا بیشكێنێتەوە، ئەوسا بێ مامەڵەیەكی گرنگ كاری وا ناكات! چونكە ئەوەی بە كردەوە بڕیارلەو بابەتانە دەدات تەنیا سەرۆككۆمار نییە و بیرۆكراسیی توركی كاریگەری بەرچاوی هەیە.
پێچەوانەی رووسیا، رۆیشتنی ئەرۆدغان بە قازانجی عێراق، ئێران و سووریا دەبێت. ئێران كە بە رێككەوتن لەگەڵ سعودی بەهێزتر بووەتەوە، بە نەمانی كەسێكی وەك ئەرۆدغان كە خەونی سەركردایەتییەكی گەورەتری هەیە ركابەرێكی گرنگی ناوچەیی لەكۆڵ دەبێتەوە كە ئێستا لە ململانێی ئەرمەنستان- ئازەربایجان، لەعێراق، لە سووریا و لە هاوسەنگییەكانی هێزداری لە ناوچەكەشدا گرفتی بۆ تاران دروستكردووە. بۆ عێراق و سووریا كە كێشەی ئاو، پرسی پەكەكە و بابەتی مانەوی هێزی سوپای توركیا و ئۆپەراسیۆنەكانیان هەیە، لەوانەیە هاتنی سەركردەیەكی دیكە دەرفەتی دیالۆگیان بۆ زیاتر بكات تەنانەت ئەگەر سیاسەتی ئەنكەرەش بە تەواوی نەگۆڕدرێت.
پێدەچێت پارتی گەلی كۆماری حەزبكات لە سیاسەتی نێوخۆ، ئابووری و سیاسەتی دەرەوەدا مۆری خۆی لە ساڵانی داهاتوو بدات بۆیە هەرلە ئێستاوە باسی بردنی ئەو پۆستانە بۆخۆی دەكات، دیارە ئەگەر بتوانێت هاوپەیمانەكانی رازی بكات. كڵچدارئوغڵوو گوتویەتی كە پرسە گرنگەكانی وەك پرسی كوردیش دەباتە پەرلەمان. لەوانەیە بە شێوەی كاتی گۆڕانكارییەكارییەك لە پرسی گیراوانی هەدەپە رووبدات و هەندێك نەرمیی لە سیاسەتە ئەمنییەكان بنوێنێت بەڵام، چارەسەری ریشەیی پرسی كورد كارێكی ئاسان نییە. چونكە وەك تەمەل كەرەمولا ئوغڵوو سەرۆكی پارتی سەعادەت گوتوویەتی بڕیارە سەرۆكی حزبەكانی هاوپەیمانی جەهەپە ببنە یاریدەری سەرۆككۆمار. دیارە بە سەرۆككۆماریكی فرە جێگر و پەرلەمانێكی فرەسەرەوە كە بلۆكێكی ئۆپۆزیسیۆنی بەهێزی تێدا بێت، دروستكردنی گۆڕانكارییی ریشەیی لە سیاسەتی نێوخۆ و، دەرەوەی توركیا كارێكی هەروا ئاسان نییە.