پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، حكومەتی سوودانی خۆی پابەند كردووە بە ئەنجامدانی هەڵبژادنی ئەنجوومەنەكان لە 18ی کانوونی یەکەمی 2023، ئەمەش لەبەر رۆشنایی كارنامەی كابینەكەی كە لە تشرینی یەکەمی 2022 دا لە پەرلەمان پەسەند كرا و، بەپێی راگەیەنراوەكانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تاوەکو ئێستاش 294 حیزب و 31 هاوپەیمانی كە 21 یان یەكەمجارە تۆمار بكرێن، ئامادەیی بەشداریكردنیان دەربڕیوە، هەروەها 65 حیزبی دیکەش لە هەوڵی مۆڵەت وەرگرتندان بۆ بەشداریکردن.
ئەم هەڵبژاردنە درەنگ وەختە كە تەنیا 15 پارێزگای نێوەڕاست و باشوور دەگرێتەوە، یەكێكە لەو وێستگانەی ئێستا گرنگی زۆری هەیە چ بۆ دەرخستنی نەخشەی هێز لە شەقامی سیاسی عێراق و، چ بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی لەپاش خۆپیشاندانەكانی 2019 (تشرین) بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنە نێوخۆییەکان درووست بوو بەهۆی كۆتاییهاتنی وادەی یاسایی و تۆمەتباركردنیان بە گەندەڵی. لە پاش پێكهێنانی حكومەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگیشەوە، ئەم هەڵبژاردنە راپرسییەكی جەماوەری دەبێت لەبارەی پێگەی ئەو بەرە شیعییەی ئێستا بەتەنیا لە حوكمڕانیدایە. لەناو ئەو بەرەیەشدا سەنگ و قەبارەی جەمسەرە ناكۆكەكان دەردەخات لە بەرامبەر یەكتر دا.
بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە ئەوەیە بە لیستی جیاجیا بچنە ناو پرۆسەكە (جگە لە كەركوك)، بەگوێرەی زانیارییە بەردەستەكانی كۆمیسیۆنیش نزیكەی 4 لیستی سەرەكی لە چوارچێوەی شیعییەوە تۆمار كراون كە جەمسەرە سەرەكییەكانیان، لیستی مالیكی و حەكیم و عامری و خەزعەلییە، پاساوەكانی ئەم پەرتەوازەییەش لەسەر ئاستە فەرمییەكە بە رێككاری هونەری دیاریكراوە، گوایە دەبێتە هاندەری بەشداری و كێبەڕكێی زیاتر دروست دەکات و، ئەوانیش دواتر هاوپەیمانێتی رادەگەیەنن، بەڵام ناكرێت ئەوە نادیدە بگیرێت كە ئەم فرە لیستییەی چوارچێوەكە راستییەك دووپات دەكاتەوە كە ئەم بەرەیە ئەگەرچی لە رواڵەتدا یەكگرتووە، بەڵام ناتوانن ئەوە تێپەڕێنن كە ئەوان گردبوونەوەیەكی ناچاری و كاتی بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی هەڵكشانی سەدر، لە ماوەی ئەم ساڵەشدا نەیانتوانی ساز و ئامادەبن بۆ ئەوەی فۆرمە بەرەییەكەیان بگۆڕن بۆ هاوپەیمانییەكی تۆکمەی ئەوتۆ كە فرە ئاوازی و فرە ئاراستەیی پێوە دیار نەبێت.
رەوتەكەی محەمەد شیاع سوودانی (تیار الفراتین) كە دوو كورسی هێنا لە پەرلەمان (2021) خۆی یەكلایی كردووەتەوە كە بەشداری هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی پارێزگاكان ناكات، هەرچەندە سەرۆكوەزیرانەكانی پێشتریش(مستەفا كازمی و عادل عەبدولمەهدی) هەر هەمان شتیان كردووە، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەم دۆخەی سوودانی زیاتر بەلای ئەوەدان کە ئەم خۆ دوورگرتنە لە هەڵبژاردن، لەژێر گوشاری لایەنە شیعەكاندایە چونكە ئەوان ئاسوودە نین بەوەی کە سەرۆكوەزیران كە بودجەی سێ ساڵەی لەبەردەستە (2023، 2024، 2025)، هەروەها چاوی میدیای نێوخۆ و دەرەوەی لەسەرە، ركابەرییان بكات و لیستی تایبەت بەخۆی هەبێت. ئەم هەنگاوەی سوودانی دەكرێت وەهاش بخوێنرێتەوە كە خۆ پارێزییە لە ئەگەری شكست لە هەڵبژاردن یان بەدەستهێنانی ئەنجامێكی لاواز و نا بەدڵ، بەوپێیەی کە رەوتەكەی جەماوەری نییە، بەمەش پارێزگاری لە چانسی خۆ پاڵاوتنەوە دەكات بۆ خوولی داهاتووی سەرۆكایەتی وەزیران.
لە پاش یەكلایی بوونەوەی بڕیاری سوودانی ئێستا گرێی گەورە و پرسیاری سەرەكی هەڵبژاردن، شێوازی بەشداری سەدرییەكانە، پاش ئەوەی لە حوزەیرانی 2022 لە پەرلەمان كشانەوە و گۆڕەپانیان چۆڵكرد بۆ ركابەرەكانیان. لە رووی كرداری و مەیدانییەوە تائێستا هیچ ئامادەكاری و كاردانەوەیەكی سەدری لەگەڵ رێوشوێنەكانی هەڵبژاردن نییە. شتێكی روونیشە کە لەم رەوتە ناوەندگەرایەدا بڕیاری بەشداری و بایكۆتكردن تەنیا و تەنیا لە دەستی موقتەدا سەدری رێبەر و سەرۆكی تەوژمەكەدایە، ئەوەش کە ئەو لەم چەند مانگ و هەفتەی دواییدا، بەلایدا نەچووە و ناچێت، پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنە و تەنانەت بە ئاماژەش بێت باسی لە حكومەت و پەرلەمان و هەڵبژاردن و هەڵوێست لە حكومەت نەكردووە و هەندێك دەنگۆش باس لەوە دەكەن رێگەی بە یاریدەدەرەكانی نەداوە ئەو باسەی لەگەڵدا بكەن.
ئەوانەی هاوپەیمانی پێشووی سەدر بوون (چەپ و مەدەنییەكان) پاش ئەزموونێكی ناسەركەوتوو، دەستیان شۆردووە لەوەی چاوەرێی سەدر بكەن، ئەوانەشی لە هەڵكشانی چوارچێوەی شیعە نیگەرانن، پێیانوایە بەشدارینەكردنی سەدر "هەڵەیەكی گەورە" یە، بەو پێیەی لەلایەك دەبێتەهۆی بەهێزكردن و پاس دانی زیاتر بە ركابەرەكانی پاش ئەوەی لە پەرلەمان ژمارەی کورسییەکانی ئەوانی كردە 130 كورسی. لەلاكەی دیکەش بێهێزبوونی زیاتری رەوتەكەی لێدەکەوێتەوە و بنكە جەماوەرییەكانیشی تامەزرۆی گەڕانەوەن بۆ بەشداری سیاسی. هەروەها باوەڕێكی زاڵ هەیە كە ئەنجومەنی پارێزگاكان سەرباری هەوڵەكانی بچوككردنەوەی رۆل و كاریگەرییان، هێشتا ئەڵقەیەكی گرنگی حوكمڕانین و خەرجكردنی بودجە و ئەنجامدانی پرۆژە و چاودێریكردنی پارێزگارەكانیان لەدەستدایە و فەرامۆشكردن و بایكۆتكردنیان لێكەوتەی خراپی لەسەر سەدر و كۆی پرۆسەی سیاسی و هاوسەنگی لە شەقامی شیعیدا دەبێت.
حكومەت سوورە لەسەر هەڵبژاردن لە كۆتایی ئەمساڵدا، كۆمیسیۆنیش بەردەوامە لە ئامادەكاریی، بەڵام سەرباری ئەمانە، هێشتا گومان هەیە پرۆسەكە لە وادەی دیاریكراودا ئەنجامبدرێت، ئەمەش بەهۆی ناڕوون مانەوەی هەڵوێستی سەدرەوە، چونكە لایەنە شیعەكان ناخوازن سەدر وەك ركابەرێكی سەرەكی لە دەرەوەی پرۆسەكە بمێنێتەوە، هەندێكیشیان بە دەوڵەتی یاسای مالیكیشەوە، پێیانوایە سەرەنجام لەبەر خاتری سەدر هەڵبژاردنەكە دوادەخرێت بۆ بەهاری داهاتوو، بەتایبەت تائێستا هیچ ئاماژەیەك نییە كە سەدر ئامادەی بەشداریكردن بێت. ئەگەر هات و هەڵبژاردنیش بە بێ سەدر بەرێوەچوو ئەوە بێگومان ركابەرە شیعەكانی بەرهەمەكەی دەچننەوە و، كورسی پارێزگا شیعەكان لەنێوان خۆیاندا دابەش دەكەن هاوشێوەی ئەوەی لە پەرلەمان بۆ 73 كورسییەكەی پەرلەمانتارانی ئەم رەوتە كردیان، بەمەش ئەم كابینەیە و ئەم خوولەی پرۆسەی سیاسی عێراق بە تەواوی دەبێتە كابینەیەك بۆ چوارچێوەی شیعی و رەنگە بەریەككەوتن و ركابەریی راستەقینەی هەردوولا دوابكەوێت بۆ هەڵبژاردنی گشتی داهاتوو.
لەو ماوەیەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی دوورە، زیاتر وەك رێبەر و شەرعزانێكی شیعی دەردەكەوێت، ناو بەناو راڤەی قورئان و دەقەكان دەكات و ناوبەناویش داوای هەڵوێست لەسەر پرسە ئاینییەكان دەكات و هەموو چالاكی و دەركەوتن و هەڵوێستەكانی خۆی لە بابەتە ئاینییەكانی پەیوەست بە دژایەتی هاوڕەگەزخوازی و بەرگری لە قورئان و زیندووكردنەوەی سرووتە شیعییەكانی موحەڕەمدا قەتیس كردووە. ئەگەر لەم ماوەیەشی كە تاڕادەیەك لە سیاسەت و حوكمڕانی دوورەپەرێزە چەند هەنگاو بچێتە پێش بۆ گەیشتن بە خەونی وەرگرتنی پلەی "مجتهد" و ببێتە مەرجەع بۆ رەوتەكەی، ئەوە بە ئاسانی دەتوانێت قەرەبووی زیان و لێكەوتە خراپەكانی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی بكاتەوە، چونكە كێشەی گەورە و هەنوكەیی رەوتی سەدر بۆشایی ئایینی و مەزهەبی و نەبوونی مەرجەعی تەقلیدە تا بەشداری لە پرۆسەی سیاسی بکات، بەتایبەت پاش كشانەوەی ئایەتوڵڵا حائیری لە فەتوادان و كاری مەرجەعییەت. ئەگەر سەدرییەكان لەم ماوەیە و لەم چاوەڕوانییەدا ئەو گرێ گەورەیە بكەنەوە، ئەوە هەر سوودمەندن و هەركات بیانەوێت دەتوانن بە قەبارەی خۆیان بگەرێنەوە بۆ پرۆسەی سیاسی و قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی کە لەوانەیە لە بایكۆتی هەڵبژاردن بیكەن.