شرۆڤە

هەڵبژاردنی پارێزگاكان: پاڵەپەستۆی لیستە شیعەكان بۆ شارە سوننەنشینەکان

05-10-2023


یاسین تەها

لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی 18ی دیسەمبەری 2023دا، دانیشتوانی پارێزگا سوننە نشینەكان بۆ یەكەمجار لە پاش هەڵبژاردنی 2013 ، دوور لە هەژموونی گرووپە چەكدارە یاخییەكان و تارمایی تیرۆر دەچن بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان. ئەم هەڵبژاردنە شەش ساڵ لە وادەی خۆی دواكەوتووە و لە دۆخێكی سیاسی نوێ دا ئەنجام دەدرێت کە دوو پێشهاتی سەرەكی بۆ پارێزگا سوننەنشینەكان تێدایە، یەکەمیان دەركەوتنی هاوپەیمانێتی نوێیە بە ناواخنی كۆن و، دووەمیان كشانی لیست و هاوپەیمانی شیعەكان لە ئەم ناوچانەیە كە زیاتر لە ئەگەر و لێكدانەوەیەك هەڵدەگرێت.

ركابەرییە نوێیەكانی پارێزگا سوننەنشینەکان

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بۆ یەكەمجار هاوپەیمانییەك بەناوی "الحسم الوطني" كە یەكێك لە گەورەترین بەرە سیاسییەكانی سەر ئاستی عێراقە، ركابەری لەسەر كورسییەكانی پارێزگا سوننە نشینەکان لەگەڵ سێ بەرەی دیکەی هاوتای خۆی دەكات كە سەرەكیترینیان لیستەكەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان "تقدم" ـە. سەرۆكی هاوپەیمانی "الحسم" توركمانێكی سوننەی تەلەعفەرییە كە لە كابینەكەی سوودانی وەزیری بەرگرییە (ثابت العباسي)، لەكاتێكدا لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمان (2021) بزووتنەوەكەی (الحسم الوطني) تەنیا سێ كورسی بەدەستهێنا ئەویش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی "العزم" كە دواتر بۆ موسەننا سامەڕایی یەكلایی بوویەوە و بوونە ركابەری هاوپەیمانییەكەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، و خەمیس خەنجەر سەرۆكی "السیادة".

بەرە نوێیەكەی "الحسم الوطني" بووەتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی زۆربەی هەڵۆكانی سوننە و كەسایەتییە ناسراوەكانی قۆناخەكانی پێشوو لەوانەش؛ ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی پێشووتری پەرلەمان، رافیع عیساوی جێگری پیشووتری سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی، جەمال كەربولی، سەرۆكی حیزبی حەل و خاوەن چاكەی یەكەم لە پێشخستنی حەلبووسی بەر لەوەی ببنە نەیار و ركابەر، لەگەڵ كۆمەڵێك وەزیر و پەرلەمانتاری پێشووی پێكهاتەی سوننە.

ئەم هاوپەیمانییە یەكێكە لە چوار هاوپەیمانی سەرەكی كە لە پارێزگا سوننە نشینەكاندا كێبڕكێی سەرەكی دەكەن و لەهەوڵی ئەوەدان لەڕێی دەنگدەرانەوە ببنە نوێنەری پێكهاتەی سوننە كە ئێستا گیرۆدەی پەرتەوازەیی و لێكترازان و نەبوونی پرۆژەیەكی گشتگیری كۆكەرەوەیە. هاوپەیمانییەكانی دیکەش بریتین لە "تقدم" بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان كە هەموو هەوڵە سیاسی و پەرلەمانییەكان بۆ لادانی لە پۆستەكەی گەیشتوونەتە بنبەست، لەگەڵ "السیادة"ی خەمیس خەنجەر و ركابەری هەردووكیشیان "العزم"ی موسەننا سامەڕاییە كە هاوپەیمان و نزیكی چوارچێوەی شیعییە.

چ هاوپەیمانییە تازەكە و چ ئەوەی "العزم"یش ئامانجی سەرەكییان ركابەریكردنی سەرۆكی پەرلەمانە كە پشت ئەستوور بە پۆستەكەی، لە قۆناخی پێشوودا شەقامی سوننەی كۆنترۆڵ كردووە. بەهیچ جۆرێكیش رازی نییە نەوە سیاسییە پێشووەكەی سوننە بەشدار بكات لە بڕیار و دەسكەوت، بەڵام ئێستا بەهۆی پێگەو توانای دارایی وەزیری بەرگریی سەرۆكی هاوپەیمانییە نوێیەكەوە (ثابت العباسي)، توشی ركابەری دیکە بووە، بەو پێیەی زۆرێك لە دەستەبژێری سوننەكان نایشارنەوە كە مەرجەعی باڵای ئەم پێكهاتەیە دەسەڵاتە، بەو مانایەی کە هەر هێز و كارەكتەرێكی سوننە لە پێگەی باڵادا بێت، چانسی هەیە زۆرترین جەماوەر لەخۆی كۆ بكاتەوە، بەتایبەت ئەگەر رایەڵەی بەهێزی پەیوەندیشی لەگەڵ هێزە شیعەكان و لەهەمان كاتیشدا توركیا هەبێت كە ئەمەش بەشێكە لە هەڵمەتی راگەیاندنی "الحسم" ی وەزیری بەرگری.

سەرباری هەوڵەكانی لاوازكردنیشی، هێشتا بەرەكەی سەرۆكی پەرلەمان بەهێز دەردەكەوێت بەتایبەت لە پێگەی خۆی كە پارێزگای ئەنبارە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمان دا (2021) تەنیا یەك كورسیی لەكۆی 15 كورسی پارێزگاكە لە كیس چوو. هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا هەڵكشا بۆ پارێزگا سوننە نشینەكانی دیکە تا نەینەوا و باڵانسی خۆی بەرز كردەوە بۆ 37 كورسی لەكۆی 71 كورسی پێكهاتەی سوننە بە گشتی. ئیستا بە هاوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ "السیادة"ی خەمیس خەنجەری نزیك لە توركیا و قەتەر، پێگەی خۆی لە پرۆسەی سیاسی عێراق دا هەیە، بەڵام بەهۆی سەختی ململانێكانەوە لەم هەڵبژاردنەدا، جیاواز لە جارانی دیکە زیاتر سەرنجی لەسەر ئەنبار و بەغدای پایتەختە، لە نەینەواش پشتی بە هاوپەیمانی لەگەڵ حەشدی عەشایەری بەستووە.

كشانی هێزە شیعەكان بۆ ناوچەکانی سوننە نشین

جگە لە ركابەرییە نێوخۆییەكانی سوننە پێشهاتێكی نوێی ئەم هەڵبژاردنە كشانی لیست و هاوپەیمانییە شیعەكانە بۆ ئەم پارێزگایانە. بۆ نموونە لە سەلاحەدین و كەركوك چوارچێوەی شیعی بە لیستێكی یەكگرتوو ركابەری سوننەو لیستە كوردییەكان دەكەن، لەكاتێكدا لە پارێزگاكانی دیکە پەرتەوازەن. بەگوێرەی هەندێك لێكدانەوە و پێشبینیش هاوپەیمانییە شیعییەكە چاوی لەسەر سێ كورسدی سەلاحەدینە لە كۆی  15 کورسی.

  لە ئەنباریش (15 كورسی) كە یەكێكە لە ناوچەکانی سوننە، لیستی "العقد الوطني" فالح فەیازی سەرۆكی حەشد و "تحالف الخدمات" ی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری كار و سەرۆكی گرووپی "جند الإمام" كە لەگەڵ "كەتیبەكانی ئیمام عەلی" هاوپەیمانە؛ بەشدارییان كردووە، لەكاتێكدا هێشتا روون نییە شوناسی پاڵێوراوەكانیان چین و گوتاری هەڵبژاردنیان بۆ ئەم ناوچە خێڵەكییە سوننەیە چی دەبێت.

 لە پارێزگای نەینەواش (29 كورسی)، بەشداری لیستە شیعەكان چڕترە و بە نزیكەیی سەرجەم هێزە شیعەكان لەم پارێزگایە لیستیان هەیە كە بریتین لە: "الحدباء"ی مالیكی، "نصحح" ی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، "الصفوة"ی قەیس خەزعەلی، "الحكمة"ی عەمار حەكیم، "الخدمات"ی ئەحمەد ئەسەدی، "العقد الوطني" فالح فەیازی سەرۆكی حەشد.

لە دیالەش (15 كورسی) كە پارێزگایەكی تێكەڵە سێ بەرەی شیعی بەشداری دەكەن كە "دیالتنا الوطنیة" ی دەوڵەتی یاسا و بەدر، عەقدی فالح فەیازە، هاوپەیمانی "الصفوة"ی خەزعەلی لەگەڵ "خدمات"ی ئەحمەد ئەسەدی و رەوتی حیكمەش بە تەنیا بەشدارە.

هەرچەندە هیچ بڕگەیەكی دەستوور و یاسا رێگا بە جیاكاری شوناس نادات لە بەشداری هەڵبژاردن و پێشتریش لیستە شیعەكان لە پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان هەوڵیان داوە چانسی خۆیان تاقی بكەنەوە، بەڵام ئەم كشانەی ئێستایان بۆ پارێزگا سوننەكان جێگەی گومان و لێكدانەوەی جیا جیایە كە یەكێكیان هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ناوچە سوننەكان یان دەرهێنانی بەڕەیە لەژێر پێی لیستە سوننەكان و ئەگەریش ئەوانە نەكرا پەرتەوازەكردنی دەنگدەرەكانیانە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو عورفە سیاسییە باوەیە كە لە پاش 2003 لە وڵاتدا هەیە و حوكمڕانی لەسەر سێكوچكەی نوێنەرایەتی سیاسی شیعە_ سوننە _ كورد، بنەڕەتە هەریەك لە پێگە و ناوچەی خۆیان دا.

یەكێكی دیکە لە مەترسی ئامادەیی بەهێزی لیستە شیعەكان لە پارێزگا سوننە نشینەكان، هەژموونی چەك و نفوزی حەشدی شەعبییە، چونكە بەشێك لەو هێزانە لە پاش شەڕی داعشەوە لەو ناوچانە ماونەتەوە بەتایبەت موسڵ و دیالە و سەلاحەدین و بەوە تۆمەتبارن كە بەشدارن لە دروستكردنی ترس و تۆق و لە چەند ساڵی رابردووشدا پەنجەی تۆمەتیان لەهەندێك گرژی ئەمنیدا بۆ درێژ كرا بەتایبەت لە دیالەو سەلاحەدین.

بەشێوەیەكی گشتی ئەم هەڵبژاردنە ئەگەر لە ناوەندە شیعییەكەیدا بۆ دابەشكردنی پێگەو رۆڵ بێت لەنێوان لایەنەكانی چوارچێوەی شیعی لە ئامادەنەبوونی سەدردا، ئەوا پارێزگا سوننەكان بەجۆرێكی دیکە و دوو جۆر ركابەریی بەهێزی تێدا دەبێت كە ئەوانیش هێزە سوننەكان و شیعەكان لەلایەك و كێبركێ تووندەكانی ناوخۆی سوننەش لە لاكەی دیکەیە.

Share this Post

شرۆڤە