شرۆڤە

هەڵبژاردنی پارێزگاكان: یەكڕیزی و لێكترازانی لیستەكانی شیعە

24-09-2023


بڕیارە لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی 18ی كانونی یەكەمی 2023 بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكاندا، 38 هاوپەیمانێتی و 36 حیزب بە 6022 پاڵێوراو  ركابەری لەسەر 275 كورسی پارێزگاكان بكەن. لەناو ئەم ژمارانەشدا، بە فەرمی و ئاشكرا هیچ لیستێكی سەدری نییە و ئەمەش وادەكات كێبڕكێ نێوخۆییەكانی شیعە تەنیا لە نێو لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا بێت و شەڕ لەسەر پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە گەورەیە بێت. بە پێی نوێترین پۆلێنی كۆمیسیۆنیش بێت، هاوپەیمانییە سەرەكییەكانی سەر بە "چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە" بەسەر پێنج جەمسەری سەرەكیدا دابەش بوون كە بریتین لە "دولة القانون" ی مالیكی، "الصفوة"ی قەیس خەزعەلی، "نبني" هادی عامری، "قوی الدولة الوطنیة"ی حەكیم و عەبادی، "تصحیح"ی هومام حەمودی. لەم پێنج هاوپەیمانییەش دووانیان نیمچە بەرەیی و بەرفراوانن کە لە هەوڵی چنینەوەی زۆرترین كورسیدان لە بازنە شیعییەكان. یەكەمیان ئەوەی مالیكییە (دەوڵەتی یاسا) كە 12 حیزب لە خۆدەگرێت و گەورەترینە وەك ژمارە، بەدوای ئەوەیشدا بەرەكەی قەیس خەزعەلی دیت كە گرنگترین گرووپە شیعە چەكدارەكانی لە چەشنی "أنصار الله الأوفياء" و "جند الإمام"ی ئەحمەد ئەسەدی و "كتائب سید الشهداء" و "كتائب حزب الله" لەگەڵ بزووتنەوەی "إرادة"ی حەنان فەتلاوی تێدایە.

ئەوەشی جێگەی سەرنجە، ئەویە کە زۆر لەناوی لیست و هاوپەیمانییە بەشدارەكان لەناو شیعە و لە دەرەوەی ئەوانیش، نوێن و نەبیستراون و لەم هەڵبژاردنەدا دەركەوتوون. ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ راكێشانی دەنگدەر و خۆ قورتاركردن لە لێكەوتەی هەڵەو كەموكوڕییەكانی پێشوو لێکدەدرێتەوە. هەروەها بەگشتی لیست و هاوپەیمانییە شیعەكانی سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە كە ژمارەیان دەورووبەری 11 دانەیە، لە هەندێك پارێزگا بە یەك لیست و لە هەندێك پارێزگای دیکەش بەجیا بەشداری دەكەن و بڕیاریشیان ئەوەیە لە پاش هەڵبژاردن، سەرلەنوێ هاوپەیمانی درووست بكەنەوە.

یەكڕیزی لیستە شیعەكان كە لە پارێزگا تێكەڵەكانە لە پێش هەموویانەوە كەركوك، بۆ رێگرییە لە بەفیڕۆچوونی دەنگ و كورسی  و لەمەش گرنگتر پارێزگارییە لە یەكگرتوویی گوتاری لیستی زۆرینە كە ئێستا جڵەوی حكومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی بە دەستەوەیە. لەو پارێزگایانەشدا کە پەرتەوازەن، كێبڕكێ و ململانێكە لەسەر پۆستی پارێزگارەكان و زۆینەی حكومەتە لۆكاڵییەكانە كە دوا جومگەی خەرجكردنی بودجە و داهاتە بۆ ئەو پرۆژانەی لە پارێزگاكان ئەنجام دەدرێن و بەركەوتەی راستەوخۆیان لەگەڵ جەماوەر و بنكەی دەنگدەرانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان هەیە.

لیستەكەی مالیكی (دەوڵەتی یاسا)، لە پێش هەموویانەوە ماڵی خۆی جیا كردووەتەوە و پێیوایە، پێویستی بە هاوپەیمانی دیکەی شیعی نییە بۆ ئەوەی سەربکەوێت. ئەوەش ناشارێتەوە کە چاوی لە بردنەوەی 40%ی كورسییەكانی پارێزگاكانە لەگەڵ پۆستی پارێزگاری 5 پارێزگا بەبێ ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ كەس بكات،

لە پێش هەمووشیانەوە چاوی لە پارێزگاری بەغدای پایتەخت و بەدوای ئەوەشدا پارێزگاری بەسرەیە كە پایتەختی ئابووری عێراقە و شاری نەوت و بەندەر و شەتولعەرەبە. گرەوی گەورەیشی لەسەر ئامادەنەبوونی سەدرییەكان لە گۆڕەپانەكە دا کردووە.

لە دەرەوەی بازنە شیعییە پەتییەكان، لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا سەرنجی لیست و هێزەكانی چوارچێوەی شیعی چووەتە سەر پارێزگا سوننە نشین و تێكەڵەكان و بەشی زۆریان چاویان لەوەیە لە بازنە شیعییەكانەوە بپەڕنەوە بۆ پارێزگا سوننەكان و كەڵك لە بڵاوبوونەوەی باڵە چەكدارەكانیان لەو ناوچانە وەربگرن، هەر لەو نێوانەشدا لە پارێزگای دیالە كە لەڕووی ئەمنییەوە بڕێك هەستیارە و مۆزایكێكە لە شیعە و سوننەو كورد و توركمان، قەیس خەزعەلی و بزووتنەوەكەی (عەسائیب) لەگەڵ رێكخراوی بەدری هادی عامری و فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ركابەری دەكەن لەكاتێكدا هەردووكیان (هادی عامری و فالح فەیاز) خەڵكی ئەم پارێزگایەن و عەشیرەتەكەیان (بنو عامر) لەوێ بڵاوە، ساڵانێكیشە گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی دیالە لەژێر هەژموون و كۆنترۆڵی بەدر دایە.

لە سەلاحەدین كە مەڵبەندەكەی تكریتە و گوندەكەی سەدام حسێنیش لەخۆ دەگرێت (عۆجە)، لیستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە ركابەریی بەهێز لەگەڵ سێ لیستی گەورەی سوننە دەكات کە (العزم، الحسم، تقدم)ن و باس لەوەش دەكرێت کە گرەو لەسەر بردنەوەی سێ كورسی دەکەن، ئەمەش ئەگەر رووبدات پێشهاتێكی نوێیە لە رەوشی پارێزگاكە و یەكێكە لە لێكەوتەكانی بارودۆخی پاش جەنگی داعش كە تێیدا هێزە چەكدارەكانی شیعە لە حەشد و گرووپەكانی دیکە، بەشدارێكی سەرەكی بوون لە كۆنترۆڵكردنەوەی پارێزگاكەدا.

لە پارێزگای نەینەوا كە پایتەختی پێشووی دەوڵەتەكەی داعشە و شەش ساڵە كۆنترۆڵ كراوەتەوە، ژمارەیەك لیست و كارەكتەری شیعی لەگەڵ هاوتا سوننەكانیاندا ركابەری دەكەن و زۆرێك لەو لیستە شیعانەش لە ژێر چەتری "الحدباء الوطني"دا كۆبوونەتەوە كە بەشێكە لە چوارچێوەی شیعە. لەم پارێزگایە لیستە شیعەكانی دیکەی "الصفوة"ی قەیس خەزعەلی و "بەدری" هادی عامری و "خدمات"ی ئەحمەد ئەسەدی وەزیری كار و فەرماندەی "جند الإمام"، "مدار"ی كەتیبەكانی ئیمام عەلی و "النهج الوطني" حیزبی فەزیلە لەگەڵ لیستەكانی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی هەن و لەهەمووشی سەرنجڕاکێشتر، گەڕانەوەی ناوی مالیكییە بۆ كێبڕكێكانی پارێزگاكە پاش ئەوەی ناوبراو لە پاش 2014 بە سەرەكیترین هۆكاری كەوتنی شارەكە بەدەستی داعش تۆمەتبار كرا و بەر لەوەش، زنجیرەیەك مانگرتن و خۆپیشاندان دژی سیاسەتەكانی ئەو لە شارەكە بەڕێوەچووبوو.

سەرباری ئەوەش كە هەموو ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی كۆتایی 2023 بەڕواڵەت، بەشێوەیێکی ئاسایی و رێكوپێك بەڕێوەدەچن، بەڵام هێشتا گومانی گەورە ئەوەیە کە لە كات و ساتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت، چونكە رەوتی سەدر بەشداری تێدا ناكات و بەبێ ئەم لایەنە شیعە گەورەیەی كە براوەی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی بوو (تشرینی 2021)، هەڵبژاردن لەژێر هەڕەشەی کەمیی رێژەی بەشداربووان و ناهاوسەنگی هێزدا دەبێت لەو بازنە و پارێزگایانەی کە بە زۆینەی رەها هی لیستە شیعەكانن.

Share this Post

شرۆڤە