ئەم باباتە هەڵبگرە
بەرایی
هەرچەندە هەڵبژاردن بەشێکە لە پرۆسەی دیموکراسی بەڵام لێرە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەتوانێت رێگا بۆ گرژی و تەنانەت زیادکردنی ئەگەری پێکدادانیش بکاتەوە. وەک نموونە هێڵێکی باریک هەیە لەنێوان ئەگەری پێکدادان و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە تورکیا، لەگەڵ گرژیی و گرێکوێرەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان. لەوانەیە زیادەڕەوی نەبێت ئەگەر بڵێم ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداری تورکیا سەرباری ئەوەی بووە هۆی لەدەستدانی دەرفەتێکی دیکە بۆ ئەوەی لە کۆتاییەکانی چارەکی یەکەمی سەدەی ٢١ دا، گفتوگۆکردنی پرسی کورد لە وڵاتی تورکیا بکەوێتەوە رۆژەڤ، بەپێچەوانەوە ئەگەری گرژی زیاترکردووە. ئەو قەیرانەش کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردن لە ئارادایە، پەیوەندی بە دووڕییانێکی نوێی ژیانی سیاسی کوردەوە هەیە کە بەهۆی داینامیکی سیاسەتی ناوچەکە، لانیکەم لە ماوەی کورتخایەندا، بە گرژی دەمێنێتەوە ئەگەر چارەسەر نەکرێت.
دیوی دووەمی هەڵبژاردنەکەی تورکیا و پرسی کورد
لەم هەڵبژاردنەدا پارتە نەتەوەگەراکانی تورکیا وەک مەهەپە، ئیی پارتی و پارتی زەفەر پاشەکشەیەکی بەرچاویان کرد کە ئەوەش دەیتوانی دەرفەتێکی زێڕین بێت بۆ پرسی کورد، بەڵام لەوەدەچێ ئەوە لانیکەم لە ماوەی کورتخایەندا هەڵبگیرێ و باسی لێ نەکرێ. ئاکپارتی پێیوایە کە دەم پارتی، بەگوێرەی هەڵبژاردنی ٢٠٢٣، لە هەندێک لە شوێنەکانی وەک ئیستانبوڵ، ئیزمیر، مێرسین، ئادیامان، لە نیوە زیاتری دەنگدەرانی خۆی هانداوە کە دەنگ بە جەهەپە بدەن. وەک نموونە لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣دا، ٨١٧٥٤٧ دەنگی لە ئیستانبوڵ هەبوو بەڵام ئەمجارە، تەنیا ١٨٣٨٠٥ دەنگی بۆ کاندیدەکەی خۆی رۆیشتووە و وادیارە ئەوی دیکەی بۆ جەهەپە چووبێت. بۆیە پێدەچێت ئەو پارتە بە هۆکارێکی سەرکەوتنی پارتی گەلی کۆماری لە هەندێک لەو شوێنانە سەیر بکرێت، هەرچەند کە تاکە هۆکاریش نییە. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە، جەهەپەی کردە جەمسەرێکی بەهێزی سیاسەتی ئەو وڵاتە کە ٣٪ پێش ئاکپارتی کەوتووە، بۆیە هەرجۆرە گۆڕانێکی بنەڕەتی لە دەستوور و پرسی کورد، پێویستی بە رەزامەندی ئەویش دەبێت، کە لە ماوەی کورتخایەندا ئەگەری سازانیان لەگەڵ ئاکپارتی لەسەر پرسی کورد ئەستەم دیارە.
فاکتەرێکی دیکەش ئەوەیە کە دەم پارتی سەرەڕای ئەوەی یەکەم بووە دەنگەکانی کەمی کردووە. دەنگی ئاکپارتیش لە نێو دەنگدەرانی کورد کەمی کردووە و ئەمەش وایکردووە کە لەم هەڵبژاردنەدا ئەکتەری نوێ وەک پارتی رەفای نوێ و هوداپار لەلای دەنگدەرانی کورد دەنگیان زیاتر بێت، بۆیە ئیدی هەرجۆرە باسکردنێکی پرسی کورد پێویستی بە گفتوگۆی لایەنی دیکەش دەبێت.
رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانی کورد لەم هەڵبژاردنەدا بۆ ٧٢٪ دابەزیوە ئەویش لە کاتێکدا کە ساڵی رابردوو ٨٢٪ بوو. بۆیە هەر چەند کە رێژەی دەنگی لایەنەکانیش بەرز دیار بێت، لە راستیدا دەنگەکانیان کەمی کردووە. بۆ نموونە لە شوێنێکی وەکوو دیاربەکر لە ٢٠٢٣دا، رێژەی ٨٢.١٨٪ی خەڵک بەشدارییان کردووە بەڵام ئەمسال بۆ ٦٧.٣٪ دابەزی. لە ٢٠١٩دا، هەدەپە لە دیاربەکر ٤٧٤٦٤٥ دەنگی بردووە کە ٦٢.١٨٪ی دەنگەکانی کردووە، لە ٢٠٢٣دا ٥٦٤٣٣٦ دەنگ(یەسەپە) و لە هەڵبژاردنی ئەمساڵیشدا ٤٤١٣٧٥ (دەم) دەنگی بردوو کە ٦٢.٥٨٪ دەنگەکان دەکات. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر لە ١١٠ هەزار دەنگدەری نوێ هەبووە .ئەمە لە زۆربەی شارە کوردنشینەکانی دیکەش بەوجۆرە بووە. کەمکردنی دەنگەکانی دەم پارتی و ئاکپارتی وایکردووە کە ئەکتەری دیکە لەوێ بەهێزتر ببن.
سەرەڕای ئەوەی کە ئاکپارتی لە ماوەی ١٨ هەڵبژاردنی رابردوودا، بۆ جاری یەکەم، ئەمساڵ پێگەی گەورەترین پارتی سیاسی تورکیا بۆ رکابەرەکەی( پارتی گەلی کۆماری) جێ هێشت، بەڵام لانیکەم نزیکەی ٤ ساڵ و نیوی دیکە، بە بێ هەڵبژاردن سوکانی سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی تورکیای بە دەستەوەیە، و پێدەچێت بەم ئەنجامانەی ئێستاوە خۆی ناچار نەبینێت کە لەوبارەیەوە گۆڕانکارییەکی گەورە بکات. پێدەچێت دانانی قەیوم بۆ شارەوانییەکانی دەم پارتی ئەویش دوای خۆپیشاندانەکەی وان، وەک جاری پێشوو کارێکی ئاسان نەبێت بۆ حکومەت، بەڵام بە ئەگەری زۆر بابەتی شەڕی دژی پەکەکە لە رۆژەڤدا دەهێڵێتەوە وەک ئەوەی کە سەرکۆماری تورکیا لە گوتاری پاش هەڵبژاردندا باسی لێوەکرد. بێجگە لەوە، ئێستا لێک تێگەیشتنێک لەنێوان عێراق و تورکیا هەیە و ئەوەش وەک پاڵنەرێک رۆڵی هەیە لەوەی کە شەڕی پەکەکە لە رۆژەڤی تورکیا بهێڵێتەوە.
مەتەڵی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان
دەمێکە بابەتی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بووەتە گرێکوێرەیەک کە هێشتا دیار نییە چۆن دەکرێتەوە. پێنوێنی دیموکراسی ٢٠٢٣، نمرەی ٢.٥ی لە کۆی ١٠ بە دیموکراسییەکەی عێراق داوە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە لێرە مەیلی ئۆتۆکراسی لە خواستی دیموکراسی زیاترە. بۆیە شیکردنەوەی هەڵوێستی لایەنەکان سەبارەت بە هەڵبژاردن، زیاتر لە چوارچێوەی هاوسەنگییەکانی هێز واتادارتر دەبێت. کاتی خۆی موقتەدا سەدریش بەهۆی نیگەرانییەکانی لە تێکچوونی هاوسەنگی هێزداری رەتیکردەوە کە بەشداری لە هەڵبژادنی ٢٠٢١ بکات هەتا ئەو کاتەی کە گفتێکی لە سەرکردەی لایەنەکان وەرگرت. کارنامەی وەزاری کابینەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش هەڵبژاردنێکی پێشوەختی تێدابوو، بەڵام جارێ دەنگوباسێکی گەرمی نییە. لێرەش سەرەڕای هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گرفتە نێوخۆییەکانی یەکێتی هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ دواکەوتنی هەڵبژاردن. ئێستاش لەوەدەچێ پارتی پێیوابێ کە هەڵبژاردن بەم تەونەی ئێستا، دواهەنگاوی تەواوکردنی پرۆژەی هەژموونی ئێرانی وهەوڵەکانی گۆڕینی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، ئەویش لە دوای بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی لەبارەی نەوت، موچە و هەڵبژاردن کە دەتوانێت نەخشەی سیاسی بگۆڕێت.
بە ئەگەری زۆر، مانەوەی پرسی هەڵبژاردن بە هەڵواسراوی، بەکەڵکی هەندێک لایەنی سیاسی عێراقیش دێت کە کەڵکەڵەی سنووردارکردنی زیاتری هەرێمی کوردستانیان لەسەردایە، ئەمەش بۆ ئەوەی کە پرسی رەوایی حکومەت بە زیندوویی بمێنێتەوە. دادگەی فیدراڵی لە پاش هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، درەنگ بڕیاری لەسەر سکاڵاکەی یەکێتی دا و کاتێکیش بڕیاریدا، بە جۆرێک دەریکرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان پێی رازی نەبێت. هەڵبەت کێشەکە کاتێک قووڵتر بوو کە دەست شکاندەنەوەی بەغدا وهەولێر لەسەر پرسی نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە دەتوانێت فاکتەرێکی گرنگ بێت لەسەر رەفتاری دەنگدەران لە هەڵبژاردنی داهاتوو، گەیشتە ئاستێکی یەکلاکەرەوە و ئەوەش وەرچەرخانێکی لە سیاسەتی پارتی دروست کرد کە تێیدا کارتی بایکۆت و تەنانەت ئەگەری کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی بەغدایشی خستە سەر مێز.
تەوقیتی بڕیارەکەی پارتی لەڕووی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکییەوە لە کاتێکی سەرنجڕاکێش دا بوو. دیمەنی سیاسی ئێستای کوردستان بیرخەرەوەی جۆرێک لە هاوسەنگییەکانی هێزداریی ساڵانی نەوەتەکانە کە تێیدا سیاسەتی کوردی بە ئابووییەکی لاواز و ناکۆکی نێوخۆیی بەسەر دوو جەمسەری ناوچەکەدا دابەش ببوو. جەنگیز چاندار چیرۆکێکی دیداری مام جەلال و هۆشیار زێباری لەگەڵ هەندێک لە کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەویش لە یەکێک لە کافتیریاکانی واشنتن وەک دژوارییەکانی هەوڵێکی تاڵەبانی بۆ بنیاتنانی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا ناودەبات، بەڵام پێدەچێت ئێستا دەرکەوتنی سەرۆکی یەکێتی لە مۆسکۆ و لێدوانەکانی لە بەغدا سەبارەت بەوەی کە هێرشەکانی ئەمریکا لە عێراق دەتوانێت ناسەقامگیری دروست بکات، یەکێک لە نیشانەکانی گۆڕانی کەشوهەوای سیاسی کوردستان بێت. ئەمە هێشتا بە تەواوی نەگۆڕاوە بەڵام لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا، دوور نییە کە بەرەو جەمسەربەندییەکانی نەوەتەکان بڕوات. هەڵبەت جیاوازی ئەمجارە لە ساڵانی نەوەتەکان ئەوەیە کە تورکیا کە جاران رۆڵی لە هاوسەنگیی هێزدا لە هەرێمی کوردستان دەگێڕا وەک جاران نییە و ئەمریکاش کە هێشتا رۆڵی چەترێکی ئەمنی بۆ کوردان دەگێڕێ، لە ژێر گوشارێکدایە بۆ کشانەوە.
پاڵنەرەکانی بڕیارەکەی پارتی
گوتەیەکی باو هەیە کە کورد جگە لە چیاکان دۆستی نییە. ئەمەش گوزارشت لە تەنیایێکی ستراتیژی کوردان دەکات لە خوتوخۆڕاییەوە نەهاتووە و پشت بە دەیان رووداوی جیۆسیاسی کۆن و نوێ دەبەستێ. بە ئەگەری زۆر لەم قۆناخەی ئێستادا پارتی هەست بە مەترسییەکانی تەنیاییەکی دیکەی ستراتیژی دەکات بۆیە دەیەوێ تا دەرفەتی هەیە رێ لەوە بگرێت. بەر لەهەموو شتێک، لەوانەیە ئەو بۆچوونە راست بێت کە دابەشبوونی کوردان بەسەر جەمسەرەکانی هێز لەم ناوچەیە، هەر لە کاتی سەفەوی و عوسمانییەکانەوە تا ئەمڕۆ، هەرچەند رێی لە بە دەوڵەتبوونی کوردستان گرتووە بەڵام، بەشێوەیەکی سەرنجراکێش دەوری لە مانەوەی کورد لەم ناوچەیەشدا گێڕاوە. لە کاتێکدا کە لە کۆتاییەکانی چارەکی یەکەمی سەدەی ٢١ نزیک دەبینەوە، سیاسەتی ئەنکەرە زیاتر بە ئاراستەیەک دەڕوات کە هاوسەنگییەک لەگەڵ تاران و بەغدا رابگرێت. ئابووری تورکیا لە دۆخێکی خراپ دایە و نێوانیشی لەگەڵ هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانیشی لە ناتۆ وەک جاران توندوتۆڵ نییە. ئا لەبەر ئەوە گۆشەی چاوێکی لەوەیە کە لانیکەم جارێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دووانە تێک نەدات. ئەمەش بۆ ئێران وەک دوو شەش وایە کە حکومەتی ئێستای عێراقیش بە نزیک لە خۆی دەزانێت. لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی عێراقیش کە خەریکە بەهێز دەبێتەوە، بەمدوواییانە دوو بابەتی گرنگی خستۆتە سەر مێزی دانوستاندنی خۆی لەگەڵ ئەنکەرە؛ ئاسایش و ئابووری، کە دیارە بە بێ چرای سەوزی ئێران چانسی سەرکەوتنی نییە. بەغدا زۆر بە گەرمییەوە دەیەوێ تورکیا لە پرۆژەی ریگەی گەشەپێدان بەشداربێت کە سەرمایەکەی ١٧ ملیار دۆلارە و بەپێی هەندێک سەرچاوەی نافەرمیش، بەشداری چاوەڕوانکراوی تورکیا لەو پرۆژەیە نزیکەی ٤٠٪ دەبێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە دوای چەندین سەردانی دوو لایەنە، لە نێویشیاندا فالح فەییاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، گوتارەکانی ئەنکەرە بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی پەکەکە لە هاوینی ئەمساڵ زیادیان کردووە. هەتا سەدام مابوو، عێراق نزیکەی ٢٠ جار یارمەتی تورکیای لەشەڕی دژی پەکەکە دابوو، بۆیە بە ئەگەری زۆر پێشنیارەکانی ئێستای بەغدا هەمان ئەو یادەورییانە لە زەینی دەوڵەتمەدارانی تورکیا زیندوو دەکاتەوە.
هەرچەند جارێ ئەستەم دیارە کە تورکیا بە ئاسانی دەستبەرداری پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر بێت بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا دواجار ئەنکەرە بەلای بەغدا دەیشکێنێتەوە یان نا؟ سەرەڕای پەیوەندی باشی نێوان ئەنکەرە و هەرێمی کوردستان، تورکیا لە کاتی هێرشی موشەکە بالیستیکییەکانی ئێران بۆ هەولێر و گوشارەکانی بەغدا، زیاتر بێدەنگی هەڵبژاردووە. هێشتاش دیار نییە کە لە کاتی هاتنەکەیدا بۆ عێراق، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی هەولێریش دەکات یان نا؟ ئەمانەش نموونەی ئەوەن کە چۆنچۆنی پێداویستییەکانی ئەنکەرە لەڕووی ئاسایش و ئابووری، دواجار وادەکەن کە لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ هەولێر، رەچاوی بەرژەوەندییەکانی تاران و بەغداش بکات. هەڵبەت دەبێ چاوەڕێ بین بزانین کە ئایا پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا بەرەو کوێ دەڕۆن، چونکە ئەو فاکتەرە دەتوانێت دۆخەکە بگۆڕێت. سەرنجڕاکێشە کە دوای زیادبوونی باسەکانی سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق، هەواڵی سەردانی ئەردۆغان بۆ ئەمریکاش بڵاوکرایەوە کە چاوەڕێ دەکرێت عێراقیش یەکێک لە مژارەکانی گفتوگۆکانی بێت.
خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی کە تائێستا ئەمریکا بە کشانەوە لە عێراق رازی نەبووە، بەڵام ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە سوودانی دەکات کە چەندین جار داوای کشانەوەیانی کردووە. لەوانەیە ئەمەش ئاماژەیەکی رازی بوونی ئەمریکا بێت بە کشانەوە لە ماوەی سەرۆکایەتی سوودانی.
بۆیە بە ئەگەری زۆر بڕیارەکەی پارتی تەنیا پەیوەست نییە بە هەڵبژاردن. پارتی لە کاتێکدا ئەم بڕیارەی دا کە هەم حکومەتی سوودانی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هەمیش ئەمریکا دەیانەوێت بەر لە دیدارەکەی سوودانی-بایدن دیمەنی دۆخێکی سەقامگیر و بێ کێشە لە عێراق پێشان بدەن. هەروەها بڕیارەکە بەر لە هاتنی سەرۆککۆماری تورکیایە بۆ عێراق کە هەم بەغدا هەمیش ئەنکەرە پێویستیان بە جۆرێک سەقامگیری هەیە. ئەمە بێجگە لەوەی کە لە کاتێکدا ئەگەری فراوانبوونی شەڕی غەززە لە ئارادایە، لەوانەیە رێ خۆشکردن بۆ گرژییەکی زیاتری نێوان هەولێر و بەغدا بە کەڵکی زۆر لایەن نەیەت. خاڵێكی دیکەش ئەوەیە کە بۆ زۆرێک لە وڵاتان هەبوونی کورد لە بەغدا وەک فاکتەرێکی هاوسەنگیی سەیر دەکرێت کە لەوانەیە بە کشانەوەی گریمانەیی پارتی تێکبچێت. بە ئەگەری زۆر بەغدا پاشەکشەیەکی فەرمی لە بڕیارەکانی دادگە ناکات وەک ئەوەی کە پارتی ئاماژەی بۆ دەکات بەڵام لەوانەیە لە پرسی موچە و رێکارەکانی هەڵبژاردندا بە دەم بەشێک لە داواکانی پارتییەوە بڕاوت. خۆ ئەگەر ئەوەش روونەدات ئەگەری گرژیی زیاتر لە ئارادا دەبێت.
کۆتایی
بانگەوازەکانی لەیلا زانا، ئەحمەد تورک، تەنانەت سەلاحەدین دەمیرتاش لە پێش هەڵبژاردن و گوتارەکەی ئەردۆغان لە دیاربەکر، هیوایەکی دروست کردبوو کە تەنانەت ئەگەر تورکیا لە مانگەکانی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی فراوانیش لە دژی پەکەکە بکات، لەوانەیە دوای ئەوە، گەڕێکی دیکەی دانوستاندنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هاوشێوەی قۆناخی ئاشتی دەستی پێبکردایە. بەڵام لەوانەیە ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئەوەی پێچەوانە کردبێتەوە. فەکتەرەکانی وەک نزیکی دەمپارتی- جەهەپە لە دژی ئاکپارتی و نەبوونی هەڵبژاردن تا چەند ساڵێکی دیکە چانسی گفتوگۆیەکی سیاسی کەمتر دەکاتەوە. لە ئاستی دەرەوەشدا، لەوانەیە لێکتێگەیشتنی ئەنکەرە – بەغدا رێگای گەڕێکی دیکە پێکدادانەکانی لەگەڵ پەکەکە خۆش بکات.
لە هەرێمی کوردستانیش هەموو لایەک بە ئاگایە لەوەی کە بە بێ پارتی هەڵبژاردن ناکرێت وەک چۆن بەبێ یەکێتیش ئەوە سەرناگرێت، جگە لەوە، بەشداری نەکردنی پارتی لە هەڵبژاردن، دەتوانێت رێ بۆ زنجیرەیەک گۆڕانکاریی بکاتەوە کە دەتوانێت ئاسایشی رێگەی گەشەپێدان و عێراقیش پەیوەندیدار بکات. بۆیە باسەکانی هەڵبژاردن لە تورکیا و هەرێمی کوردستانیش زۆر ئاڵۆزترن لەوەی کە تەنیا بە پرۆسەکانی دەنگدانەوە شیبکرێنەوە.