شرۆڤە

هەرێمی کوردستان لەبەردەم قەیرانی کەڵەکەبوونی قەرزەکاندا

01-06-2020


 

RRC |

عومەر ئەحمەد|

ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزدارە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە کە دوای وتارەکەی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لە رۆژی 22 مانگی 5ی ئەمساڵ، مشتومڕی زۆری دروستکرد، بە سادەیی ” بەڵێ” یە. حکومەتی هەرێمی کوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزدارەو ئەو بڕە زۆرەش بۆ بەرزبوونەوەی کورتهێنانەکانی بودجەی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە کە لە دوای بڕینی پشکی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی 2014 وە روویدا.

هەرچەندە لە دوای 2014 ،هەرێمی کوردستان پرۆژە یاسای بودجەی نەبووەو بەدروستی دەستنیشان نەکراوە کە کورتهێنانەکانی بودجە لەو ساڵانەدا چەندبووە، بەڵام  ئەو قەرزە زۆرە، کۆی ئەو جیاوازییەیە کە لە داهاتەکانی حکومەت و خەرجییەکان یان پابەندییە داراییەکانی درووستبووە.

بەپیی نەخشەڕێگەی چاکسازی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن بانکی جیهانی و وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2016 بڵاوکرایەوە، لە ساڵی 2012 و 2013 قەرزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ١ ملیار دۆلار و 2 ملیار دۆلار بووە، کەچی قەرزەکان لە 2014دا لەبەر ئەو هۆکارانەی کە ئاماژەمان پێکرد لە ناکاوە بەرزبوونەوە بۆ سەرووی 9 ملیار دۆلار و لە ساڵی 2015 شدا زیاتر بۆ 17 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە ، ئێستاش بەپێی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 27 ملیار دۆلارە.

قەرزەکانی سەر شانی حکومەت کە بە قەرزی گشتیش پێناسە دەکرێن، بریتین لە قەرز یان پابەندییە داراییە نێوخۆییەکان لەگەڵ قەرزە دەرەکییەکان، کە کەڵەکەبوونی هەردوو جۆرەکە مەترسی جددی لەسەر گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان دروستدەکات.

قەرزە دەرەکییەکان کە لە کەیسی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمترە لە قەرزە نێوخۆییەکان، سوودی دەڕواتە سەر و پابەندبوونێکی دارایی دەرەکییە کە حکومەت لەسەریەتی بیداتەوە، ئەوەش مەترسی درووستدەکات، چوونكە حکومەت ناچار دەبێت بەشێکی بەرچاو لەو داهاتانەی کە پێویستە بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان خەرجی بکات، بەناچاری  دەبێت بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە تەرخانی بکات. مەترسی دیکەی قەرزە دەرەکییەکان ئەوەیە کە ئەو سامانەی کە وڵات هەیەتی و پێویستە لەنێوخۆ بۆ پێشخستنی ئابووری تەرخان بکرێت، بەناچاری بۆ دانەوەی قەرزەکان هەناردەی دەرەوە دەکرێت و خودی ئەو وڵاتە کەمتر کەڵکی لێوەردەگریت.

قەرز و پابەندبوونە نێوخۆییەکانیش گەورەترین مەترسییەکەی ئەوەیە کە پارە و سەرمایە لە دەستی کەرتی تایبەت دەردەهێنێت و دەیگوازێتەوە بۆ کەرتی گشتی و بەم چەشنەش سەرمایەی کەرتی تایبەت ناهێڵێت. ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی وەبەرهێنانی نێوخۆیی و ئیفلیجکردنی کەرتی تایبەت کە بنەمای ئابوورییەکی تەندروستە.

ئەوەی کە نیگەرانی درووستکردووە، ئاگادارنەکردنەوەی رای گشتی هەرێمی کوردستانە لە مەترسی کەڵەکەبوونی ئەم قەرزانە لە ساڵانی رابردوودا تا ئەوکاتەی هەفتەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی لەو بارەیەوە دەڕبڕی.

لەوەش خراپتر ئەوەیە لە چەند ساڵی رابردوودا و لە دوای کەڵەبوونی ئەم قەرزانە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان نەیانتوانیوە ئەم بابەتە گرنگە تاوتوێ بکەن و میکانیزمێک بۆ رێکخستنەوەی بدۆزنەوە. هەروەك ئاشکرایە ئەم کارە بەبێ ئامادەکردنی بودجەی ساڵانەی هەرێمی کوردستان ناکرێت. مەترسییەکە ئەوەیە کە لەبەر داڕمانی ئەم جارەی نرخی نەوت، قەبارەی قەرزەکانی حکومەت بەخێرایی بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر دەڕوات. ئەگەر نرخەکانی نەوت تەنانەت لەم ساڵدا لە ئاستی 35 دۆلار بمێننەوە، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان لانیکەم مانگانە نیو ملیار دۆلار کورتدەهێنێت و لەبەر ئەوەش لە 2020دا لە باشترین حاڵەتدا 6 ملیار دۆلاری دیکە بە قەرزەکانی زیاد دەبێت. ئەمە جگە لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمجارە بژاردەکانی ئاسان نین بۆ دۆزینەوەی سەرچاوی دارایی یان میکانیزمێکی نوی بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونە داراییەکانی.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی بانکی جیهانی هەرکات قەرزی گشتی وڵاتێک زیاتر بێت لە 77٪ ی کۆی بەرهەمی ناوخۆ (GDP) ی ئەو وڵاتە، ئەوا قەبارەی قەرزەکان بە مەترسیدار دەستنیشاندەکرێت و لەو رێژەیە زیاتر، لەگەڵ زیادبوونی 1٪ ی قەرزە گشتییەکان، گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە بەرێژەی 1.7٪ پاشەکشە دەکات. بۆ نمونە لە لوبنان رێژەی قەرزی گشتی گەیشتووەتە 160٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆ و قەیرانی کەڵەکەبوونی قەرزەکان، ئابووری ئەو وڵاتەی رووبەرووی مەترسی جددی کردووەتەوە.

کۆی بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لە دوای 2016 وە،  لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان وهیچ ناوەندێکی نێودەوڵەتی خەمڵاندنی بۆ نەکراوە، بەڵام ئەگەر داتاکانی 2015 لەبەرچاوبگرین کە کۆی بەرهەمی نێوخۆی هەریمی کوردستان لە نێوان 25 تاوەکو 27 ملیار دۆلار دەستنیشانکراوە، ئەوا قەرزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان 100٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆی تێپەراندووە کە بەهەرشێوازێک لێی بڕوانین، ئاستێکی مەترسیدارە.

ئەم مەترسییە لە کاتێکدایە کە نەخشەڕێگای چاکسازی کە مەبەست لێی هەمەڕەنگ کردنی ئابووری و دوورکەوتنەوە بوو لە داهاتی نەوت، پەراوێزخراوەو لە ئاستێکی نیشتمانیدا گرنگی پێنادرێت و دامودەزگاکانی حکومەت و پەرلەمانی کوردستانیش ئەوەندە بایەخ بە بابەتی دیکە دەدەن، ئەوەندە خەمی چاککردنی بنەمای ئابووری و دارایی هەرێمی کوردستان ناخۆن. بە واتایەکی دیکە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بە رێگەیەک دەڕۆن کە زۆر پەرت و ناواقعییە.

لە 15 ساڵی رابردوودا تاوەکو ساڵی 2014 پارەیەکی زۆری لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان دەهات، حكومەت خەڵکی زۆری دامەزراندوە و با وای دابنێین كە لەو رێگەیەوە ئەو پارەیەی بەسەرخەڵکدا دابەشکردووە و ژیانی هاونیشتمانیانی خۆش کردووە. هەروەها لەو ماوەیەدا بە دەستی کراوە یارمەتی دارایی و قەرز و ئاسانکاریشی بۆ کۆمپانیاکان و وەبەهێنەران کردووە. بەڵام لەبەر ئەوەی کولتووری پاشەکەوت لە هەرێمی کوردستان لاوازە، ئەو پارەیە لەلایەن هاونیشتمانیان و بەکارهێنەرانەوە لە بازاڕەکاندا خەرجکراوەو چووەتە گیرفانی وڵاتانی دراوسێ. حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 700 ملیۆن دۆلار بەسەر مووچەخۆراندا دابەشدەکات و ئەوانیش زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلاری ئەو پارەیە لەرێگەی بەکارهێنانی کاڵا و خوراک و بەرهەم و خزمەتگوزاری بیانی دەخە گیرفانی وڵاتانی دراوسێ. بەردەوامیی ئەم ئاراستەیە هیچ لۆژیکی تێدا نیە و دەبوایە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان زووتر خەمیان بخواردایەوە چاکسازییەکانیش ئێستا جێبەجێکرابایەن و بەرهەمیان هەبووایە.

لە 27 ملیار دۆلار قەرزەكەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 4 ملیار دۆلاری، واتا 15٪ ی قەرزی دەرەکییە و 85٪ی قەرزی نێوخۆیین، ئەمەش چانسێک دەداتە بەرپرسانی حکومەت بۆ ئەوەی ئاسانتر لەگەڵ ئەو قەرزانە مامەلەبکەن. قەرزی بیانیش کە قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانە، دەکرێت وەک ساڵانی رابردوو لە پێناو پێدانی نەوت لە داهاتوودا رێکبخرێتەوە.

تاقە رێگەی سووککردنی قەرزەکان لەلایەن حکومەتەکانەوە یان ئەوەیە باج لەسەر هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان بەرزبکرێتەوە یان خەرجییەکانی حکومەت کەمبکرێتەوە. لە کاتی قەیرانی دارایی پێشووی هەرێمی کوردستان لە دوای 2014 ،هەردوو لەم سیاسەتە پەیڕەوکران، هەرچەندە پشکی کەمکردنەوەی خەرجییەکان زۆر زیاتربوو. لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جددیتر لە جاران سەرقاڵبوو بە کۆکردنەوەی باج و هەروەها سەپاندنی باج یان تەعریفەی گومرکی، هاوکات هەنگاوێکی زۆر توندی بە ئاراستەی کەمکردنەویە خەرجییەکان نا، کە ئەوەیش پاشەکەوتکردنی مووچەبوو. بە وتەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، خەرجییەکانی حکومەتیان لە 700 ملیۆن دۆلارەوە بۆ مووچە بۆ 450 ملیۆن دۆلار کەمکردەوە.

پێناچێت ئەمجارە هاونیشتمانیان و مووچەخۆران تاقەتی ئەوەیان بێت کە نیومووچە وەربگرنەوە، کەواتا باشترە حکومەت دووبارە دەست بە گۆڕینی بنەڕەتی سیستەمی مووچەو خانەنشینی بکاتەوە بە چەشنێک کە دادوەرانەتر بێت و بۆ خەڵکی کەمداهات و چینی مامناوەند قابلی قبووڵ بێت. بژاردەی بەرزکردنەوەی جۆرەکانی باج، لە نێویشیاندا باجی سەر مووچە و باجی سەر کڕین و باجی سەر داهاتی کۆمپانیاکان و چەندین جۆرە باجی دیکە کە لە وڵاتانی دیكە باون ، بە ئەگەری زۆر بژاردەیەکی باشترە كە لە درێژخایەندا خزمەت بە جێگیربوون و سەقامگیرکردنی ئابووری و دارایی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام بە مەرجێک حکومەت لە پیدانی مووچەی دادوەرانە بە مووچەخۆران بەردەوام بێت.

قەیرانی کۆرۆنا، حکومەتەکانی ناچارکرد دەستێوەردانی زیاتر لە ئابووری و بازاڕەکانیان بکەن و سیستەمی ئابووری جیهانی بەرەو سیستەمێکی ناوەندگەرای حکومی هاندا.حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەم قەیرانە لە کۆتاییدا لە قازانجی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببات و دەستێوەردانی زیاتری لە بازاڕ و ئابووری خۆیدا هەبێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەشداربێت لە بەڕێوەبردنی ئەو کۆمپانیانەی کە خزمەتگوزاری گشتی وەک کارەبا، دابینکردنی سووتەمەنی و گەیاندن و گواستنەوە پێشکەش دەکەن، هەروەها دەتوانێت داوای پشک و داهات لە کۆمپانیا و کارگەکان و پیشەسازییەکانی دیکەش بکات و لەبەرامبەردا بازاڕی نێوخۆ و بازاڕی هەناردەکارییان بۆ گەرەنتی بکات.

لەلایەکی دیکەوە، هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا زۆر گەشبینە بە دانووستاندنەکانی لەگەڵ بەغدا، بەڵام پێدەچێت تا ئەو کاتەی نرخەکانی نەوت لەم ئاستە نزمانەدا بن، حکومەتی بەغدا پێشنیازێکی دادوەرانە بۆ رێککەوتن بە هەرێمی کوردستان نەدات. باشترە هەرێمی کوردستان ئەمجارە بیرێکی جددی بکاتەوە بە ئاراستەی ئابووری سەربەخۆ کە چەند ساڵ لەمەوبەر بە پشتیوانی هەناردەکردنی نەوت ئەو بیرۆکەیە ورووژێنرا. ئەمجارە ئابووری سەربەخۆی هەرێمی کوردستان تەنیا لەرێگەی دیسپلینی زیاتری ئابووری و دارایی و هەمەڕەنگ کردنی سەرچاوەکانی داهات بەدەست دێت، نەک بە پشتیوانی داهاتی نەوت.

 

Share this Post

شرۆڤە