عومەر ئەحمەد|
نزیکەی 10 رۆژ بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی مێژوویی نێوان بەرهەمهێنەرانی نەوت ماوە کە بە ئۆپێک++ ناویان دەرکردووە. ئەوان سەرەتای ئەم مانگە بریاریاندا، رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی کەمتر لە بازاڕدا بخەنەڕوو.
بڕیارە بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە رۆژانە 6 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوتی خۆیان کەمبکەنەوە. هەروەها بڕیارە ئەندامانی ئۆپێک پڵەس کە رووسیا سەرکردایەتییان دەکات و کۆمەڵێک بەرهەمهێنەری نەوتن لە دەرەوەی رێکخراوی ئۆپێک، رۆژانە 3.6 ملیۆن بەرمیل نەوتی کەمتر بخەنە ناو بازاڕەوە. ئەو دوو گرووپە لە بەرهەمهێنەرانی نەوت کە ماوەی 3 ساڵە هاوکاری یەکترن و بۆ سەقامگیرکردنی بازاری نەوت رێککەوتن لە نێوانیاندا هەیە، پێکەوە رێککەوتوون رۆژانە 9.7 ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنانیان کەمبکەنەوە.
بەرهەمهێنەرانی دیکەی جیهان وەک ئەمریکا، کەنەدا، بەڕازیل و نەرویج کە ئێستا بە ئۆپێک++ ناوبانگیان دەرکردووە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە مێژووییەدا کار بۆ کەمکردنەوەی رۆژانە 5.25 ملیۆن بەرمیل دەکەن. هەموو ئەم بەرهەمهێنەرانە کە لەسەرەوە باسمان کرد، پێکەوە رۆژانە نزیکەی 15 ملیۆن بەرمیل کەمدەکەنەوە.
هەروەها چەندین وڵاتی بەکارهێنەری گەورەی نەوت، وەک چین، کۆریای باشوور، هیندستان و ژاپۆن رایانگەیاندووە، کاردەکەن بۆ ئەوەی رۆژانە تاوەکوو 3 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕ بکڕن و کۆگای بکەن، کە وەک ئەوەیە ئەو بڕە لە بازاڕدا نەهێڵن.
سعوودی و کوێت و ئیماراتیش رایانگەیاندووە، سەربەستانە رۆژانە 2 ملیۆن بەرمیل نەوت زیاتر لەو پشکەی کە بۆیان دیاریکراوە کەمدەکەنەوە. بە واتایەکی دیکە، هەموو ئەو وڵاتانەی کە لەسەرەوە ناویان هاتووە، خۆیان پابەندکردووە کە رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕدا کەمبکەنەوە.
لەگەڵ ئەم هەموو کەمکردنەوە گەورەیەدا ، بازاڕی نەوت کاردانەوەیەکی لاوازی پێشانداوەو لەجیاتی ئەوەی نرخی نەوت بەرزبێتەوە، نرخی نەوت زیاتر دابەزیوە. رۆژێک پێش ئەوەی ئەو رێککەوتنە گەورەیە لە 12ی ئەم مانگە رابگەێندرێت، نرخی نەوتی برێنت لەسەرووی 32 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام کۆتاییەکانی هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت بۆ 27 دۆلار دابەزی.
راپۆرتی مانگی چواری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو بڵاوکرایەوە، هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت دوای رێککەوتنە مێژوویێکەی ئۆپێک++ ئاشکرا دەکات.
بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، بە تەنیا لە مانگی چوار، خواست بۆ بەکارهێنان و کڕینی نەوتی خاو بەراورد بە مانگی چواری ساڵی رابردوو، 29 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە. هێشتا قەبارەی خواست و خستنەڕووی نەوت بە بڕی نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل جیاوازی هەیە و ئەوەش بازاڕی نەوتی داتەپاندووە.
ئەوەی لەم نێوەندەدا گرنگە ئەوەیە کە عێراق، دووەم گەورە بەرهەمهێنەری ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک، پابەندبووە بە کەمکردنەوەی 1 ملیۆن تاوەکو 1 ملیۆن 100 هەزار بەرمیل و وەزیری نەوتی عیراقیش داوای کردووە، هەرێمی کوردستان بەشداربێت لەو بڕەی کە لەسەریەتی کەمبکرێتەوە.
ئەم داواکارییەی بەغدا لە کاتێکدایە كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەر بەرهەمهێنەرێکی دیکە زیانی بەردەکەوێت و هاوکات لە ژێر گوشاری دابەزینی نرخی نەوت و هەروەها گوشاری حکومەتی فیدراڵی دایە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو تەوەرە پێبکبهێنێت كە سەردانی بەغدا بکات. وەک چۆن لە هەموو قەیرانێکدا، جگە لە زیان و کارەسات، هەلی نوێ و وانەی نوێ هەیە کە لێی فێربین، ئەمجارەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە بەڕێوەبردنی دانووستاندنێکی پیشەییانە، هەم دڵی بەغدا رازیبکات و بەوپێیەش، داوای بەشە بودجەی خۆی بکات. هەمیش دەتوانێت رێگری بکات لەوەی کە دابەزینی نرخ، پێشەسازی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا پەکبخات و پاشەکشەی پێبکات.
لەدوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2016 و لەدەستدانی رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی کەمدا بۆ 320 هەزار بەرمیل دابەزی. لەبەر ئەوەش، هەرێمی کوردستان ناچاربوو زۆربەی ئەو نەوتەی کە بەرهەمی دەهێنێت هەناردە بکات ونەوتی خاو لە بازاڕی نێوخۆدا نەفرۆشێت. لەلایەکی دیکەشەوە، بە ناچاری لە لادانی پاڵپشتییەکانی سووتەمەنی بەردەوام بوو. بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی نێوخۆیش، دەستی بازرگانانی ئاوەڵاکرد سووتەمەنی لە دەرەوە هاوردەبکەن. سەرەڕای ئەوەی کە لە چەند ساڵی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر کەم لە نێوان 20 هەزار بۆ 50 هەزار بەرمیل نەوتی لەنێوخۆدا دەدایە پاڵاوگەکان، بەڵام ئەوە نەبووە هۆکار تا ئەو پاڵاوگانە بێکاربمێنن. حکومەتی عێراق لەبەرئەوەی توانای پاڵاوتنی نەوتی خاوی کەمبوو، هەروها پێویستی زۆری بە سووتەمەنی و بەرهەمە نەوتییەکان بوو، روویکردە پاڵاوگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان و بە پێدانی نەوتی خاو بەو پاڵاوگانە، پێداویستییەکانی ئەو ناوچانەی کە لە دەستی داعش ئازادکرابوون بە سووتەمەنی دابینکرد و ئەمەش تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
دوو پاڵاوگەی هەرێمی کوردستان، پاڵاوگەی کەلەک بە توانای پاڵاوتنی رۆژانە 160 هەزار بەرمیل و پاڵاوگەی بازیان بە توانای پاڵاوتنی رۆژانە 40 هەزار بەرمیل، دەتوانن رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بپاڵێۆن و بیکەنە سووتەمەنی بۆ دابینکردنی بازاڕی نێوخۆ و تەنانەت هەناردەکردنی بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق.
ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی 10 ی ساڵی 2018 کە بنەمای رێککەوتنی ئۆپێک پلەس بووە بۆ زۆربەی ئەو وڵاتانەی پابەندن بە کەمکردنەوەی نەوتی خۆیان، رۆژانە 417 هەزار بەرمیل بووە و ئێستا بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان 490 هەزار بەرمیلە. ئەگەر هاتوو هەرێمی کوردستان رازی بێت بە کەمکردنەوەی پشکی 23٪ ی خۆی لە کەمکردنەوەکان، ئەوا دەبێت رۆژانە 90 تاوەکو 110 هەزار بەرمیل کەمتر لە بازاڕەکاندا بخاتەڕوو.
یەکێک لەو بژاردانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بیگرێتەبەر ئەوەیە کە، رۆژانە 100 هەزار تاوەکو 150 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە جیاتی ئەوەی لەڕێگەی بۆری کوردستان-جەیهان هەناردە بکات، بداتە پاڵاوگە نێوخۆییەکان. لەجیاتی ئەوەی عێراق نەوتی خاویان پێبدات، هەرێمی کوردستان خۆی دەتوانێت نەوتی خاو بداتە ئەو پاڵاوگانە. ئەوانە ئێستا توانای پاڵاوتنی رۆژانە 200 هەزار بەرمیلیان هەیە بەڵام، رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت دەپالێۆن. حكومەت دەتوانێت بەرهەمەکانیان لێوەرگرێت بۆ بازاڕی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، وەک موسڵ کە لە هەرێمی کوردستانەوە نزیکە.
لە پێناو ئەم سیاسەتەدا، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت باج بخاتەسەر ئەو سووتەمەنییەی کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێت. بەتایبەتی ئەو بەرهەمانەی کە لەنێوخۆوە بەرهەمدێت بۆ ئەوەی، هەم داهاتە نێوخۆییەکانی بەرزبکاتەوەو هەم هانی بەکارهێنانی بەرهەمی سووتەمەنی نێوخۆ بدات.
یەکێک لە لایەنە ئەرێنییەکانی ئەم کارە ئەگەر جێبەجێبکرێت، ئەوەیە کە کەرتی خوارودەستی نەوت واتا داونستریم لە هەرێمی کوردستان بەهێز دەبێت. هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەڕادەیەکی زیاتر پشتیان بە هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بەستووە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی سووتەمەنی نێوخۆ لە بەنزین و گازوایلەوە بگرە تاوەکو نەوتی سپی ماڵان و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە.
پێشبینیدەکرێت تاوەکو چەند ساڵی دیکە پێداویستییەکانی عێراق بە سووتەمەنی زیاتر بێت و هەرێمی کوردستان دەتوانێت جگە لە دابینکردنی پێداویستی نێوخۆ، دابینکارێکی باشی سووتەمەنی بۆ بەشەکانی دیکەی عێراقیش بێت.
پێدانی نەوتی خاو بە پاڵاوگە نێوخۆییەکان دەتوانێت خاوەنی ئەو پاڵاوگانە هانبدات کە پاڵاوگەکان زیاتر پێشبخەن و کاربکەن بۆ بەرزکردنەوەی کواڵیتی بەرهەمەکانیان بکەن. بۆ نموونە بتوانن بەنزین و گازوایلی کواڵیتی بەرز بەرهەمبهێنن و چیدیکە پێویست بە هاوردەکردنی سووتەمەنی لە دەرەوە نەبێت.
هەندێ لە بەرهەمە نەوتییەکانی دیکەی پاڵاوگەکان وەک نەفتا و بەرهەمەکانی دیکە، خۆراکی کۆمەڵێک پیشەسازی گرنگی دیکەن، وەک پیشەسازی پێترۆکیمیایی کە هەرێمی کوردستان و عێراق ئێستا لێی بێبەشن. دەکرێت بەهۆی هەبوونی ماددەی سەرەتایی، پەرە بەو پیشەسازییەش بدرێت کە لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بایەخیان زۆر لەجاران زیاتربووە.
لەلایەکی دیکەوە، هەرێمی کوردستان لەبەر نەبوونی گازوایلی گونجاو وەک خۆراکی سەرەتایی، ناتوانێت کارەبای تەواو بۆ هاونیشتمانیان دابینکات. ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدات دوای پێدانی نەوتی خاو بە پاڵاوگەکان، گازوایل بداتە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەوا ئەو وێستگانە لە توانایاندا دەبێت کە بۆ ماوەی 24 کاژێر لە رۆژێکدا کارەبا بەرهەمبهێنن. وێستگەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئێستا بە گازی سرووشتی کاردەکەن و قەبارەی ئەو گازەش هێندە نیە کە کارەبای 24 کاژێری لە هەموو وەرزەکان دابینبکەن. لەبەر ئەوەیە ئەگەر لەپاڵ گازی سرووشتی، وێستگەکان هەندێ لە یەکەکانیان بە گازوایل کارپێبکەنەوە، ئەوا بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دوو هێندە بەرزدەبێتەوە. چوونکە توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان زۆرە و سووتەمەنی پێویستیان بۆ بەرهەمهێنان لەبەردەست نیە.
لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان رێککەوتووە کە، بۆ ماوەی 9 مانگ پێدانی حەقدەستە دواکەوتووەکانی رابردوویان دوابخات تا ئەوکاتەی نرخی نەوت بۆ نزیکەی 50 دۆلار دەگەڕێتەوە. بەڵام بەڵێنیداوە لە مانگی ٣ ی ئەمساڵەوە مانگانە حەقدەستەکانیان بدات. بەپێی بەیاننامەی یەکێک لە کۆمپانیا نەوتییەکان، ئەوەش جێگەی رەزامەندی کۆمپانیاکان بووە. بەم کارە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت دڵنیایی بدات لەوەی کە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ ئەوەی هەوڵبدەن کە بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لەم ماوە سەختەی دابەزینی نرخەکانی نەوت کەم نەبێتەوە. هەرچەندە دابەزینی نرخی نەوت، کارەکانی پەیوەست بە دۆزینەوەی نەوت و پەرەپێدانی کیڵگە نەوتییەکانی پەکخست، بەڵام گرنگە ئەو کۆمپانیانە لە جێگیرکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەم قۆناخەدا بەردەوام بن.