شرۆڤە

هەرێمی كوردستان و ئەگەری دابەشبوونی ئاكپارتی

06-10-2019


 

RRC |

 

زریان رۆژهەڵاتی|

 

بەرایی

عەلی باباجان یەكێك لە روخسارەكانی كابینەكانی پێشووتری حكوومەتی توركیا و لە دامەزراێنەرانی پارتی دادو گەشەپێدان، قۆڵی لێ هەڵماڵیوە تا حیزبێكی تازە درووستبكات. دەمێكە باسی هەبوونی گرووپێكی ناڕازی لەنێو ئەو حیزبەدا دەكرێت كە لە سەرەتای 2000كانەوە تا ئێستا سوكانی دەسەڵاتی توركیای بەدەستەوەیە.عەلی باباجان حیزب دابمەزرێنێت و داینەمەزرێنێت، كێشەی ناوخۆیی حیزبەكان یەكێك لە گرنگترین بابەتەكانی سیاسەتی ناوخۆی توركیایە كە ئەمەش دەتوانێت كاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوە و جۆری پەیوەندییەكانی ئەنكەرە لەگەڵ هەولێریش دابنێت.

 ئەگەری دابەشبوونی ئاكپارتی

نەك تەنیا عەلی باباجان بەڵكوو دەنگۆی ئەوە هەیە كە ئەحمەد داودئوغڵوو سەرۆكوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتەش بیر لە دامەزراندنی حیزبێك بكاتەوە. ناڕەزاییەكان لەنیو ئاكپارتی زیاتر دوای هەوڵەكانی سەرۆكی ئەو حیزبە بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی وڵات و كۆكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە دەستی سەرۆكایەتی كۆماردا زیاتر بوون. ناڕازییەكان پێیانوایە ئاكپارتی لەو پرەنسیپانە لایداوە كە بۆی دامەزراوە و وردە وردە دەسەڵاتگەرایی كەس و بنەماڵەیەكی تێدا زاڵ بووە.

هاوكات لەگەڵ ئەوانەشدا، توركیا بەرەبەرە وازی لە ریفۆرمەكانی تایبەت بە ئەندامبوون لە یەكێتی ئەرووپا هێنا و گەڕانەوەیەكی لە ئیسڵاح و دیموكراسی دەستپێكرد و لە جیاتی ئەوەش، سیاسەتی پشتبەستوو بە ئەمن و ئاسایشی گەشەپێدا كە ئەمەش وایكرد، تا دەماری نەتەوەگەرایی- ئیسلامی لە نێو ئاكپارتی بەهێزتر بێت. كۆنترۆڵەكانی سەر ئازادی دەربڕین زیادیان كرد و لە پرسی كوردیشدا گەڕانەوەیەك بۆ دواوە دەستیپێكرد. لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەشدا ناكۆكییەكان لەگەڵ ئەورووپا و ئەمریكا زیاتربوون و نزیكبوونەوەی زیاتر لە رووسیا و وڵاتانی ناوچەكە كرا.

بێشك، هاوتەریب لەگەڵ ئەمانەشدا، ئابووری توركیاش گەشەكردنەكەی جارانی نەما كە هۆكارێكی سەركەوتنی ئاكپارتی بوو. لەدوای 2015وە تەكانەوەی دامەزرێنەران و كەسانی دیاری ئەو حیزبە زیاتربوو. دوابەدوای ئەوەش رێژەی دەنگەكانی ئاكپارتی لە هەڵبژاردنەكاندا بەرەبەرە كەمیان كرد كە ئێستا وا پێشبینی دەكرێت لە دەوری 34%ی دەنگەكانی توركیا بێت.

دوای كەمكردنی بەرچاوی دەنگەكانی ئاكپارتی لە هەڵبژاردنە محەلییەكانی ئەمساڵدا، دەنگی ناڕەزایی لەنێو ئەو حیزبە زیاتربوو.عەلی باباجانیش وەك دیارترین رووخساری ئەم قۆناخە دەركەوت.  بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراونەتەوە، كۆبوونەوەی ئەردۆغان- باباجان لەسەر ئەگەری گەڕانەوەی باباجان بۆ ناو كابینە سەرینەگرتووە و باباجان چەندجارێك جەختی كردۆتەوە كە ئاكپارتی لەو هێڵانە لایداوە كە 2002 بۆ ئەوانە دامەزرابوو. هەرچەندە هیشتا بەڕەسمی هیچ شتیك لە ئارادا نییە بەڵام، هەندێك لە سەرچاوەكان باس لەوەدەكەن كە بە ئەگەری زۆر، باباجان لە پاییزدا حیزبێكی نوێ درووستدەكات. ئەو بانگەشەی عەدالەت و ئازادی دەكات و كەسانی وەك عەبدوڵا گویل، نیهاد ئەرگوین، حسێن چەلیك و مەحمەت شیمشەك و بەشیر ئاتاڵای لەگەڵدایە. جگە لە خەتی ئاكپارتیی 2002،  كەسانێكی گەنج و بیرۆكرات لە ئەرووپا و ئەمریكا لەگەل بەشێك لە خاوەنكار و بازرگانەكان ،كەسانی لیبراڵ و بەشێك لە موحافزەكارەكانی كوردیش پشتیگریی لە باباجان دەكەن.

ژمارەیەك لە كەسانی نزیك لە ئاكپارتی پێشبینی ئەوە دەكەن كە ئەگەر باباجان حیزبێكی تازە دابمەزرێنێت، 3%-4%ی دەنگەكان ببات. بەڵام، كەسانی نزیك لە باباجان ئەو رێژەیە بە 18% دەزانن. هاوشانی ئەوەش، ئەحمەد داودئوغڵوو، جموجۆڵێكی بۆ كاریكی سیاسی تازە دەستپێكردووە. بەڵام، زۆرلا كۆكن لەسەر ئەوەی كە لایەنگریكی زۆری نییە و ئەگەری رێككەوتنی لەگەڵ یەكێك لە باڵەكانی ئاكپارتی، واتا باباجان یان ئەردۆغان زیاترە.

هەرێمی كوردستان و ئەگەری دابەشبوونی ئاكپارتی

حاڵی حازر، نەك تەنیا ئاكپارتی بەڵكوو گرنگترین ئەحزابی سیاسی لە توركیا كێشەی ناوخۆییان هەیە. دەكرێت باس لە هەبوونی سێ باڵی جیای كەمالیستەكان، نەتەوەگەراكان و چەپەكان لەنێو پارتی گەلی كۆماری بكرێت. مەهەپە دابەشبوونیكی گەورەی لێ درووستبوو كە دواجار ئیی پارتی لێكەوتەوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەم ئیی پارتی، هەم مەهەپەش كیشەی ناوخۆییان هەیە. هەدەپەش كیشەیەكی سەرداپۆشراوی نەتەوەگەراكانی كورد و چەپەكانی تێدایە و پۆتانسیەلی دەرەكەوتنی كێشەی لایەنگرانی ئۆجالان و ئەوانی دیكەشی لە هەناودایە.

 لەماوەی نزیكەی دوو دەیەی رابردوودا، ئاكپارتی سوكانی دەسەڵاتی توركیای بەدەست بووە وئەمەش وایكردووە كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی ئەنكەرە- هەولێر و ئەنكەرە لەگەڵ كوردەكانی باكوور هەبێت. ئەگەری دابەشبوون حیزبەكەی، ئەردۆغان پاڵدەنێت تا زیاتر بەرەوە نەتەوەگەراكان بچێت یان پرۆسەیەكی جیاواز بۆ ئاشتكردنەوەی كورد دەستپێبكات. هەڵبەت تا ئێستا، نیشانەكان زیاتر ئەگەری سەرگرتنی بژارەی یەكەم پیشاندەدەن.عەلی باباجان حیزب درووستبكات سیاسەتی ناوخۆی توركیا دەگۆڕێت و هاوسەنگییەكان سەرلەنوێ تەعریف دەبنەوە. حیزبیش درووستنەكات و رێگەی رێككەوتنەوە لەگەڵ ئەردۆغان هەڵبژێریت، دیسان سیاسەتی ئاكپارتی بەرەو گۆڕان دەچێت.

بۆ هەرێمی كوردستانیش واباشترە كە لە پەیوەندییەكانی خۆیدا لەگەڵ توركیا، ئەگەری ئەو گۆڕانكارییە لە پێشچاو بگرێت. لەگەل ئەوەی كە ئاكپارتی هێشتا بەهێزترین حیزبی توركیا بەڵام ناڕازییەكانی ناوخۆ و حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنیش كەم نین و ئەمە وادەكات كە فراوانكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ لایەنە جیاوازەكانی توركیا بە قازانجی هەرێمی كوردستان بێت. واتا بیرێك لە قۆناخی پۆست ئاكپارتیش بكاتەوە.

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە